بورهان شێخ ڕەئوف : کۆمیتەکەى چیڵکۆت .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

سێر (جۆن چیڵکۆت ) ناوێکە تا چەند ڕۆژى پێشوو من ناوەکەیم نە بیستبوو بەڵام دواى بڵابوونەوەى ڕاپۆرتە گرنگەکەى کە حەوت ساڵى خایاند و لە 2،6 ملیۆن و شەش سەد هەزار وشە پێکهاتووە و نزیکەى 13.5 ملیۆن دۆلارى تێچووە و بە بڕیارى سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا ى ئەوسا (2009) دیڤید براون ئەو کۆمیتە پێکهێنرا لە پێنج ئەندام و بەسەرۆکایەتى جۆن چیڵکۆت کە کارمەندێکى حکومەتى بەریتانیا بوو زۆر پۆست و بەرپرسیارێتى گرنگى پێسپێرابوو تا ڕاوێژکارى شاژنە ئەلیزابیتى دووەمى ئەو وڵاتە .
ئەرکى ئەم کۆمیتە چى بوو ؟
ئەرکى ئەم کۆمیتەیە لێکۆڵینەوەبوو لە هەموو لایەنەکانى شەڕى داگیرکردنى عێراق لە لایەن ئەمریکاو بەریتانیەوە و هەر لە چۆنیەتى بەشداریکردنى بەریتانیاى عوزما لەم شەڕەدا و چۆنێتى بڕیاردانى بەشداریکردن لە سەرەتاوەو دواتر ئیستراتیجیەتى دواى داگیرکردنى عێراق و چۆنیەتى کشانەوە ى هێزەکانى بەریتانیا لە عێراق .
هەرچەندە سەرەتا وا بڕیار بوو کارى کۆمیتەکە بە نهێنى بڕوا بەڵام دواترلە ژێر فشار ى ئۆپۆزەسیۆن و بەرپرسە پێشووەکانى حکومەت ئەوە جێهێڵرا بۆ چیڵکۆت کە خۆى بڕیارى لە سەربدات و گلەیى و گازندەى زۆر لە سەر کارى کۆمیتەکە هەبوو کە لە ژێر سوێند خواردندا کارەکانیان ئەنجام نادەن بەڵام دواتر چیڵکۆت ـى سەرۆکى کۆمیتەکە هەموو ئەو نیگەرانیانەى ڕەواندەوەو بەڵێنى ئەوەى دا کە لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا ڕاستیەکان ناشارێتەوەو ڕاستیەکان دەخاتە ڕوو هەروەها هەوڵدەدات زۆربەى لێکۆڵینەوەکان بە ئاشکرا بێت ئەوانەى نەبێت کەوا ئاسایشى وڵات دەخەنە مەترسیەوەو ناهێڵێت لێکۆڵینەوەکان لە ڕێگەى ڕاستى خۆى دەربچێت لە چۆنیەتى پشکدارى وڵاتەکەى لە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بۆ شەڕى داگیرکردنى عێراق لە ساڵى 2003 .
ئەگەر چى یەکەم دانیشتنەکانى کۆمیتەکە لە 24 تشرینى دووەمى 2010 دەستى پێکرد زۆرێک لە سەرکردە سەربازى و سیاسیەکانى وڵات بانگهێشت کران بە هەردوو سەرۆک وەزیران تۆنى بلێرو دیڤید براون زۆرێک لە وەزیرەکان و دیبلۆماتکارەکان لە ساڵى 2015 دا کۆمیتەکە ڕووبەڕووى ڕەخنەو گلەیى و گازندەى زۆر بووەوە لە بەرئەوەى کارەکانى زۆردواکەوتن و ئەنجامەکانى لێکۆڵینەوە ڕانەگەینران بۆ ڕاى گشتى بۆیە بەڵێنى ئەوەیان دا کە لە ناوەڕاستى 2016 ئاکامەکەى ئاشکرا بکرێت ئەوە بوو لە 6 / تەمووزى 2016 ئاکامەکەى ئاشکرا کرا .
بەڵێ دواى حەوت ساڵ لە لێکۆڵینەوەى چڕوپڕ چیڵکۆتى سەرۆکى کۆمیتەکە کورتەیەکى ڕاپۆرتەکەى لە بەردەم ئەنجوومەنى گشتى بەریتانیا خوێندەوە کە تێیدا هاتووە :
1 – بەریتانیا شکستى هێناوە لە بەدیهێنانى ئامانجەکانى لەو شەڕەدا
2 – سەدام حوسین هیچ هەڕەشەیەکى ڕاستەوخۆى نەبوو ە بۆ سەر بەرژەوەندى بەریتانیا .
3 – بژاردە ئاشتیەکانى بۆ چارەسەرى کێشەکە کەڵکى لێوەرنەگیرا .
4 – ئەمریکاو بەریتانیا دەستەڵاتەکانى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێو دەوڵەتیان بەکارهێنا
هەرچەندە بڕیارەکانى کۆمیتەکە هەروەکو لە سەرەتاوە ڕاگەینراوە هیچ لێپیچینەوەیەکى یاسایى بە دواى خۆیدا ناهێنێت بۆ هیچ کەس و بەرپرسێک بەڵکو تەنها ڕۆڵى ڕەخنەگرتن و قامک خستنە سەر هەڵەو کەمو کووڕیەکان سوود وەرگرتن لە هەموو پەندو وانەکانى ئەم شەڕە بۆ ئاییندەى وڵات و بەشداریکردن لە هەر جەنگێکى چاوەڕوان کراودا ، بەڵکو ڕاپۆرتەکە وەکو دادگاییکردنێکى مەعنەوى و میدیایى چاوى لێدەکرێت و هیچ لێپێچینەوەیەکى یاسایى بۆ هیچ کەس و دەزگایەک فەراهەم ناکات .
هەرچەندە ئێستا دواى 13 ساڵ لە و شەڕە و کوژرانى زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لەخەڵکى عێراق و برینداربوونى سەدان هەزارى تر تۆنى بلێر ى سەرۆک وەزیرانى ئەوساى بەریتانیا داواى لێبووردن دەکات بەڵام ناکرێت و نابێت کاریگەرى ئەو جەنگە لە سەر ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە گشتى بەرچاو نەگیرێت هەر لە شەڕى تائیفى و سەرهەڵدانى داعش و هەموو گروهە تیرۆریستیەکانى تر .چونکە ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە دواکەوتنى کوێرانەى تۆنى بلێر بۆ سیاسەتەکانى جۆرج بۆش کوڕ دەکات و باس لەوە دەکات کە بەڵێنى ئەوەى بە بۆش داوە کە پشتگیرى بکات بەهەر شێوەیەک بێت و هەرچیش ڕووبدات .
خاڵێکى تر ى ڕاپۆرتەکە کە زۆر گرنگى پێدراوە نەبوونى ئیستراتیجیەتیەکى ڕوون و دیاریکراوە بۆ پاش داگیرکردنى عێراق و میکانیزمى بەڕێوەبردنیەتى کەهیچ گرنگیەکى پێنەدراوەو پلان وخۆئامادەکردنى گونجاوى بۆ نەکراوە سەرەڕاى ئاگادارکردنەوەى زۆر بایەخدار بۆ ئەو مەسەلە کە دواى سەدام چۆن عێراق بەڕێوەببرێت کە ئەمە بەرپرسیارێتیەکى زۆر مەزنە چۆنیەتى بەدەستەوەدانى بەغدا بۆ تاران وەکو تیکەیەکى زۆر چەورو ئاسان کە ئێرانیەکان خۆیشیان باوەڕburیان نەدەکرد وا بەئاسانى قووت بدرێت !
هەرچەندە ڕاپۆرتەکە 12 مجەلەدى گەورەیە و 2.6 ملیون وشەیە بڕیار وایە هەفتەى داهاتوو دوو ڕۆژى لەسەریەک ئەنجوومەنى نوێنەرانى بەریتانیا گفتوگۆى لەسەربکەن وائاسان نیە بە وتارێکى کورت شیکارى تیرۆتەسەلى بۆ بکرێت .
بەڵام ئەوەى کە سوودمەند بووبێت لە و جەنگە دا وادیارە ئەو کۆمیتە ئاماژەى بۆ نەکردووە گەلى کوردە لە باشوورى کوردستان وپێکهاتەى شیعە مەزهەبى عەرەبى عێراق کە ڕزگاریان بوو لە دکتاتۆریەتى سەدام ولە هەمان کاتدا دەوڵەتى ئیسرائیلیش لە حکومەتێک ڕزگارى بوو کە خاوەنى ڕۆکێتى دوورهاوێژو چەکى کیمیاوى سوپایەکى بە هێز بوو .