کۆسرەت ڕەسوڵ : لەتێكی جەرگم لە باوەشی نیشتمان .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

باوكی رێباز

كە ئێوە شەهید بوون ، ئاسمان گریا ، زەوی لەرزی ، دایك دای لە قوڵپەی گریان و برینی نوێ بوویەوە ، باوك سەرسام و ناخ پڕ لە گرین بوو ، هاوڕێكانتان تاسان و باوەڕیان بە مەرگتان نەدەكرد .
ئەوسا كە دەستم دایە تفەنگ و رووم لە شاخ كرد ، دەمزانی و بە ئاوات بووم شەهید بم ، شەهید بوونێك لە پێناو خاك ، نەتەوە ، نیشتمان ، رۆژگار هات و چوو ، لە دەیان داستان و نەبەردی و قارەمانێتیدا بەشداربووم و لە پێشەوە بووم ، بریندار بووم ، خوێن لە جەستەم چۆڕا ، هاوسەنگەرانم بەبەرچاومەوە شەهید دەبوون و جێیان دەهێشتم ، جگە لە ئاخ و كەسەر و فرمێسك رشتن و بەڵێنی بەردەوامی چیترم لە دەستم نەدەهات ، هەر ئەوێ رۆژێ و لە شاخ، هەواڵی شەهیدبوونی دوو جگەرگۆشەم بۆ هات ، تاسام ، خەمباربووم ، دانیشتم و لەپاڵ بەردێكدا گوتم ببوورن رۆڵە هاتبووم خۆم شەهید بم و دەترسام ئێوە بێ نازی من سەرگەردان بن ، كەچی ئێوە شەهیدبوون و سەرگەردانتان كردم . هەواڵی شەهیدبوونی ئێوە پێی گوتم ئیتر ئەم دوو فریشتەیە نایەنە سەر سنگت و ناتوانی بۆنیان بكەیتەوە … بۆیە زانیم ئیتر ناتوانم ئاراس و پێشڕەو لە ئامێز بگرم و لەبەرخۆرەتاوی گەرمی هاویندا ببمە سێبەری بەژن و باڵایان .
كات دەروا و ناوەستێ ، بە هیوام و حەسرەتم بگەمەوە شوێنی خۆم و هەر هیچ نەبێ بۆ دواجار بۆنی تەرمی ئێوەی شەهید و جوانەمەرگ لە ئامێز بگرم و بۆ دواجار بۆنتام بكەم ، وامكرد ، بۆنم كردن ، لە ئامێزم گرتن بەو خەیاڵەی بۆ هەتا هەتایە بۆنتان لام بمێنێ و بیری نەكەم ، كەچی هەر دوای چەند خولەكێك غەریبی ئێوە بۆنتان خەمباری كردم ، تاساندمی ، بەهیوابووم هەرگیز دەستبەرداری لاشەكانتان نەبوومایە ، لەوساوە تا ئەمڕۆ بیرتان دەكەم ، حەزدەكەم بۆنتان بكەم ، كەس لە ئێوە ناچێ و ناشتوانێ لە ئێوە بچێ ، تەنها ئەوە نەبێ مەرگی ئێوە پێی گوتم سەرجەم شەهیدان یەك بۆن و بەرامیان هەیە ، ئەویش بۆنی شەهادەت و سەربەرزی نیشتمان .
رێگای خەبات و رێبازی كوردایەتیم بەرنەدا ، هەمیشە دەكرد ئاراس بم و شاڵاو بۆ دوژمنا بەرم ، رێناس بم و پێشڕەوی بكەم و گەلەكەم دەربازی بێ لە چنگی داگیركەران … نەوەستام و بەردەوام بووم ، هەموو ساتێ لەگەڵ مژدەی سەركەوتن و هاتنی هەواڵی شەهیدبوونی هاوسەنگەرانم ئێوەم بیردەكەوتەوەو دەمگوت ئەرێ رۆڵە بۆ جێتان هێشتم و بێ نازتان كردم !!
رۆڵە رێباز … تۆ بۆ ؟ نەتدەزانی برینی شەهیدبوون و جەرگ سووتان هەرگیز تیمار نابێ و قەتماغە ناگرێ ! هەر تۆ نەبووی هەمیشە دڵنەواییت دەكردم و یادگاری ئەوانت بۆ دەگێڕامەوەو باسی ئەو ساتانەت بۆ دەكردم كە من لاتان نەبووم ، دە پێم بڵێ كێ یادگاری تۆم بۆ بگێڕێتەوە … ئەی كێ ئەو نەخشەیە تەواوبكا كە بۆ ئایندەی خۆت كێشابوو ؟ چی بە هاوڕێكانت بڵێم .
رۆڵە ماندووم … هیلاك و شەكەتم … رۆژگار تێپەڕ دەبێ و خەمی مەرگی تۆ و براكانت گەورەتر دەبێ … یادگارییەكانت لە كتێبخانەی بیر و هۆشمدا هەر بە نەمری ماونەتەوەو تا ئێستاش بەوانەوە دەژیم .

رێبازەكەم .
برینی تۆ تا ئێستاش هەر ئەو برینەی یەكەم چركەساتی شەهید بوونتەو ناتوانم لەبیرخۆمی بەرمەوە … دوای 13 ساڵ لە مەرگی ناوادەت تەنها دەتوانم بە یادگارییەكانتانەوە بژیم و غەمی مەرگی تۆ و ئازیزانیش رۆژ لەدوای رۆژ گەورەو گەورەتر دەبن و بۆ هەمیشەش ئارامگاكانتان بۆ من گەورەترین سەبوورین و پێیانەوە دەژیم .
ماوەتەوە بڵێم هەزار سڵاو لەو یادگارییانەت كە ئارامی بە دڵ و دەروونم دەبەخشێ ، سڵاو لە دڵشادی هاوڕێ و هاوسەفەرت … سڵاو لە سەرجەم شەهیدانی رێگای كوردستان .