Daesh-1

ڕەسوڵ بۆسکێنى : کۆتایى داعش ـ نەخشەى دژەکان و بێ پلانى کورد . 

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کورد نەتەوەیەکى ئاشتیخوازە، ئارەزووى پێشکەوتن و شارەستانیەتى هەیە، لە هەر سەردەمێکى مێژووییدا ئەوەندەى هەلى بۆ هەڵکەوتبێ و دەرفەتى بووبێ بۆ پێشکەوتنى کۆمەڵگاى کوردى هەوڵى داوە، ئەو دەرفەتە کەم و ئاڵۆزەى دواى ڕاپەڕینى بەهارى 1991ى خەڵکى کوردستان هاتە پێشەوە، کورد لەباشوور وەک گەلێکى تینوو بەدیموکراسى و پێکەوە ژیان ، هەنگاوى نا بەرەو چەسپاندنى بنەماکانى دیموکراسى، لەساڵى 1992 لە هەڵبژاردنێکى بەکۆمەڵ دەنگیان بەدیموکراسى داو پەرلەمانى کوردستانیان هەڵبژارد و حکومەتى هەرێمیان پێکهێنا، ڕێز لە کەسایەتى و مافى ژنان و منداڵان گیرا، ڕێژەى بەشدارى ژنان لەکایەى سیاسیدا پەرەى پێدرا، بۆ زیاتر گەشەکردنى وڵات ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى لەهەموو ئاستەکاندا کار و چالاکیەکانیان خستەکار، لەلایەکى تر کورد وەک نەتەوەیەکى خاوەن سۆز و ئاشتیخواز لەناو چوارچێوەى سنوورى هەرێمى کوردستان هەوڵى دا هەموو پێکهاتەکان بەئاسوودەیى پێکەوە بژین، ئەمانە پێویستى بەکادرى چالاک و خەڵکى خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەى زانستى هەبوو، لەبەر ئەوە حکومەتى هەرێم ئاوڕى لەلایەنى پەروەردە و فێرکردن دایەوە لەهەموو لایەکەوە خوێندنگا پەرەى پێدراو لەپانتایى دەسەڵاتى حکومەتى هەرێم زانکۆکان دەرگایان بۆ خوێندکاران و گەشەکردنى پرۆسەى زانستى واڵا کرد، لەم کاروانەدا ئاوەدان کردنەوەى وڵاتیش گرنگى زۆرى بۆ دیارى کرا، شەقام و ڕێگاو بانەکان بەپانتانى باشوورى کوردستان وەک فەڕش ڕاخران و کارگە و تەلار و باڵەخانە و ئاو و کارەبا و لایەنە خزمەتە گوزاریەکان بۆ ئاسوودەیى هاووڵاتیان گرنگى زۆریان پێدرا، هەموو ئەوانە پێویستیان بە ئابووریەکى بەهێز هەبوو، حکومەتى هەرێم ئەو لایەنەشى فەرامۆش نەکردبوو، لە گرنگیدان بە کەرتى کشتوکاڵ و کردنەوەى هەندێ کارگە و دواتریش گرنگیدانى بە کەرتى سەرچاوەکانى وزە و نەوت و لایەنەکانى تر، بۆ باشتر بەڕێوەچوونى هەموو ئەم کارانە سەرەڕاى کۆمپانیاکانى ناوخۆ سەدان کۆمپانیاى گەورە لە وڵاتانى دەر و دراوسێ و جیهان ڕوویان کردە باشوورى کوردستان و لە ئاوەدان کردنەوەى هەرێمى کوردستان ڕۆڵى گرنگ و پڕ بایەخیان گێڕا، کوردانى هەموو پارچەکانى کوردستان چاویان بڕیە باشوورى کوردستان بۆ پشتیوانى و بژێوى ژیان و پاراستنى گیانیان ڕوویان کردە ئەو پەناگەى گەلەکەى خۆیان، لەلایەکى تر قوربانیانى کردەوە تیرۆریستى و تائیقیەکان لەهەموو گۆشەیەکى عیراقەوە پەنایان بۆ کوردستان هێنا، هەموو ئەم کردەوە پڕشنگدارانە سەرنجى دنیایان بۆ لاى خۆى ڕاکێشا، کورد وەک گەلێکى دیموکراسى و ئاشتیخوار سەیر دەکرا و ئازادیخوازانى دنیا بەحەسرەتەوە چاودێرى ڕەوتى کاروانى پێشکەوتنى کوردیان دەکرد، هەرێمى کوردستان وەک گۆڕەپانێکى دیموکراسى لەڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست سەیر دەکرا، لەبەرامبەردا دوژمنانى کورد هەوڵى لەناو بردنى ئەو ئەزموونەى کوردیان دەدا، هەمیشە چاویان لەناکۆکیەکانى نێوان خۆیان دەپۆشى بۆ دژایەتى نەتەوەى کورد لە سەر مێزى گفتوگۆ کۆدەبوونەوە و نەشیان دەشاردەوە ڕایاندەگەیاند کۆبوونەوەمان لەسەر بارودۆخى گەشەکردنى هەرێم بوو، بۆ تێکدانى ئەزموونى باشوورى کوردستان و لەناوبردنى گەلى کورد لە هیچ شتێک سڵیان نەکردۆتەوە، تا دواجار بەهاوکارى دەوڵەتانى ناوچەیى داعشیان وەک بەڵایەک بۆ لەناوبردنى کورد بەتایبەت ئەزموونى باشوورى کوردستان دروست کرد، بەڵام بەهۆى قارەمانیەتى پێشمەرگە و بەشدارى ژن و پیاوى کورد لە بەرەنگاربوونەوەى کارە تیرۆریستیەکانى ئەو ڕێکخراوە دژە مرۆییە هەردوو بەشى باشوور و ڕۆژئاواى کوردستان زیاتر دەرکەوتن، سەرەڕاى ئەوەى ڕۆڵى کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتیش بۆ پشتیوانى براکانیان لە بەشدارى شەڕى داعش زیاتر دەرکەوت، بە پێچەوانەى بیرى ژەنگاوى دژەکان نەبەردى و قارەمانیەتى هێزى پێشمەرگەى کوردستان ئەوەندەى تر سەرنجى جیهانى بەلاى خۆیدا ڕاکێشا، بەجۆرێک سەدان لە ئازادیخواز و کەسایەتى ڕۆشنبیرى جیهان گەواهیان دەدا پێشمەرگەى کوردستان لەجیاتى هەموو جیهان و مرۆڤایەتى شەڕى داعش دەکات، بۆ ڕێزلێنان لەئازایەتى و قارەمانى پێشمەرگە ئەمریکا بڕیارى شەڕى داعشى داو چەندین لە وڵاتانى جیهان بۆ شەڕى داعش هاوکارى کوردیان کرد بۆ سەرکەوتن بەسەر ڕێکخراوى تیرۆرستى داعش دا، کورد لە باشوورى کوردستان ڕوویەکى ئەوەندە گەش و جوانى پیشانى دنیاى دەرەوە دا بووە مایەى شانازى و خۆشحاڵى هەموو کوردێک لەهەر چوار پارچەى کوردستان و هەموو گۆشەیەکى ئەم جیهانە، ئاکارە بەرزەکانى کورد لە بوونى مەیلى دیموکراسى و ئاشتیخوازى کورد و دەرکەوتنى گرنگى کەرتى ئابوورى و چەندین لایەنى ترى پڕشنگدارى کورد لەسەرووى هەمووشیانەوە بەشدارى کارا و قارەمانانەى لەشەڕى داعش و دژ بە تیرۆریستى جیهانى زیاتر کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى بەرەو باشوورى کوردستان بۆلاى خۆى پەلکێش کرد.
بەڵام ئەوەى مایەى نیگەرانیە دوژمنەکانى کورد ڕەگەزێکى بێ ویژدان و دژەمرۆیین، کوردیش نەتەوەیەکى سادەو بێ پلانە، دوژمنەکانى هەوڵى زۆریان دا تەلارى پێشکەوتن و دیموکراسى کورد هەرەس پێ بێنن، هەر لەکێشە و دووبەرەکى نانەوە لەنێوان لایەنە سیاسیەکانى کوردستان تا ڕاکێشانیان بۆ ناو زەلکاوى گەندەڵى و خستنە ژێربارى قەرز و داتەپینى بارى ئابوورى کوردستان، ئەو هۆکارانەش بوونە هۆى ئەوەى لایەنە سیاسیەکان و حکومەتى هەرێم بەدژى ئاراستەى ویست و داخوازیەکانى هاووڵاتیان هەنگاو بنێن، لەمەوە سەرى کێشا بۆ ململانێ و کێبەرکێى لایەنە سیاسیەکان و پەک خستنى پەرلەمان و سەرهەڵدانى تەنگژەى دیموکراسى و هەڵبژاردن و پرۆسە دیموکراسیەکان لەناوبچن، ئەو سەرەتا گرنگەى کەرتى ئابوورى پاشەکشەى دەرکەوت و ئەو ئاشتى و پێکەوە ژیانەى شانازیمان پێوە دەکرد و باشوورى کوردستان وەک نموونە بە شوێنێکى ئارام بۆ هەموو لایەک سەیر دەکرا لە قەراغى لەناوچوون دایە. ئێستا دەبێ دان بەوەدا بنێین بەهۆى ناکۆکیەکانمان هەموو ئەو ڕووە دیار و گەشانەى پشانماندا و جیهانمان پێ پەلکێش کرد بۆ کوردستان هەموویان لە پاشەکشێ دان و هیچ دوور نیە بۆ لەمەودوا بەتایبەتى دواى کۆتایى هاتنى داعش جیهانیش بەو گرنگیەوە لە کوردستان نەڕوانێ.
پێویستە کورد بەبایەخەوە بیرلەوە بکاتەوە ئێستا هەموو لایەنەکانى بەشدار لەشەڕى داعش لە ئامادەکارى دان بۆ ڕزگار کردنى موسڵ و کۆتایى هێنان بەداعش، ململانێ و کێشە ناوخۆییەکانى لایەنە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان مایەى نیگەرانیە، هیچ پێناچێت کورد لەبەر ناکۆکیەکانى خۆى بەرنامە و پڕۆژەیەکى دیارى کراوى بۆ دواى شەڕى داعش هەبێت، مەترسى گەورە ئەوەیە کۆتایى بەداعش بێت و کورد بڕیارێکى ژیرانەى سەبارەت بە ئایندەى خۆى نەدابێت، وەک پێشتر لەوتارێکدا ئاماژەم پێدا ئەو کات کورد وەک هێزێکى شەڕکەر و ئەمریکاش وەک هێزێکى بەکرێگیراو سەیرى کورد بکات، دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگیرێت ئەمریکا دەوڵەتێکى زلهێزى جیهانە بەرژەوەندیەکانى خۆى لەسەرووى هەموو شتێک دەبینێت، نابێ لایەنە سیاسیەکان و هیچ کەس پێى وابێت بێ بەرنامە و پڕۆژەى کورد خۆى ئەمریکا دەیکات بەدەوڵەت، بۆیە پێویستە پێش کۆتایى هاتنى شەڕى داعش لایەنە سیاسیەکانى کورد بەیەکەوە کۆببنەوە و بڕیار لەئایندەى خۆى بدات، چونکە دواى کۆتایى هاتنى داعش پرۆسەکە خێراتر دەبێت و پیلان و سیناریۆکانى ڕابردوو لە دژى کورد چاوەڕوان کراون، دواکەوتن و چاوەڕوانى زیاتر لەو هەلەى بۆ کورد هەڵکەوتووە، بەتایبەت ئێستا ڕۆژ بەڕۆژ بارى ناوخۆى کوردستان و لایەنە سیاسیەکان شیرازەى زیاتر بەرەو شلۆق بوون دەچێت و داگیرکەران زیاتر سوود لەم بارودۆخە وەردەگرن بۆ لەباربردنى چارەنووسى کورد بەهۆى نزیکى و کۆنتڕۆل کردنى هەندێک لە هێزە کوردیەکان بە بەخشینى پاداشتێک کە مەرگى خۆیانى پێوەیە، لەکاتێکدا ئاشتبوونەوەیەکى گشتى لەنێوان دژەکانى کورد لەئارادایە، تورکیا بەئاشکرا نەرمى بۆ ڕووسیا و ئیسرائیل نواند و داواى لە سوریا و عیراقیش کرد پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئاسایى بکەنەوە، پڕۆژەى قەتەر و سعودیە و هەندێک لەوڵاتانى عەرەبیش ئاشکران، پەیوەندیەکانى ئێران و ڕووسیا و تورکیا و وڵاتانى تر و مەرامى کۆبوونەوە نهێنیەکانیان لەبەرچاون، بۆیە پێویستە کورد وریاى نەخشەى دژەکانى بێت و فریوى بەڵێن و پاداشتەکانیان نەخوات، بەدرێژایى مێژوو کێشە سنووریەکانى نێوان تورکیا و ڕووسیا کێشەى خوێناوى و بارودۆخى ئاڵۆزى بۆ ئەو دوو وڵاتە هێناوەتە پێشەوە، کەچى ئەوان بۆ بەرژەوەندى وڵاتەکانیان تەنازول بۆ یەکتر دەکەن و لەسەر مێزى گفتوگۆ و دانوستاندن کۆتایى بەکێشەکانیان دێنن، دژەکان سەرەڕاى کێشە زۆرەکانیان لێک نزیکن، کەچى کوردى یەک نەتەوە و هاوخوێن و بەرژەوەندى ڕۆژ بەڕۆژ شیرازەى نێوانیان زیاتر تێکدەچێ، پێویستە هەموو لایەنەکان و بەتایبەت پارتى بەسود وەرگرتن لە ناکۆکیەکانى وڵاتانى ناوچەیى و جیهانى بۆ پاراستنى سەربەخۆیى بڕیارى سیاسى کوردستان و بەسود وەرگرتن لەم هەلومەرجە لەیەکتر نزیک ببنەوە و نەرمى بۆ یەکترى بنوێنن، پڕۆژەى یەکگرتوویان هەبێت بۆ بڕیاردانى چارەنووسى کورد لەم بارودۆخە هەستیار و ئاڵۆزەدا کە هەر لە بارودۆخى دواى جەنگى یەکەمى جیهانى دەچێت، دەبێ لایەنە سیاسیەکان بتوانن ڕاى یەکتر بخوێننەوە لەیەک تێبگەن و چارەسەرى کێشەکان بکەن، بڕیارێکى ژیرانە و گشتگیر بەیەکەوە بدەن و داهاتوویەکى گەش بۆ کورد مسۆگەر بکەن، ئەگەرنا بێ گومان هەمان ماڵوێرانى سەردەمى جەنگى یەکەمى جیهانى چاوەرێى بەدبەختى نەتەوەى کورد و نەکارایى سەرکردەکانیەتى.