بەختیار شارەزوریی : کورد لەبەردەم ئەگەری دوبارەبونەوەی ڕێککەوتننامەی جەزائیردا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرچەندە کاتەکانی ئێستا و ڕابردو ناتونرێت وەک یەک وێنا بکرێت ، بەڵام دەتوانرێت لە ڕوی ناونانەوە نزیک بن لەیەکدیەوە  ، ئەوەی لە مێژودا ڕوی داوە سەردەمێکی تر و جۆری پەیوەندییەکان و ململانێکان وهاوپەیمانییەکان جیاوازی زۆرە ، بەڵام دەکرێت هەر ڕوداوەوە بە پێ ی سەردەمی خۆی خوێندنەوەی بۆ بکرێت ، ئەوەی لە ئێسادا ڕو دەدات لە ناو هاوکێشەی جیهانی و هەرێمایەتی و ناوچەییدا دەکرێت لە هەمو ڕوەکانەوە بخوێنرێتەوە و بەپێی بەرژەوەندی وڵاتان و هاوپەیمانییەکان ئاراستەی کارکردنیان دیاری بکرێت .

دوای دەرکەوتنی داعش ، تورکیا لەبەردەم سێ هێزدا بو کە نەیتوانی وەک پێویستی بەرژەوەندی تورکی یاری خۆی بکات ، هەڵکەوتەی جیوپۆلەتیکی تورکیا و جوگرافیای دەرکەوتنی داعش تورکیای خستە بەردەم سێ ڕێیانێکی قورسەوە و کەوتە سەر خاڵی بەریەککەوتنی ئەم سێکوچکەیە ( داعش ، ئێران ، ناتۆ ) ئەگەر چی تورکیا بەشێکی گرنگ بو لە ناتۆ، بەڵام بە هۆی بێدەنگی بەرامبەر داعش کەوتە سەر کەناری کەوتنە خوارەوە لەو هاوپەیمانییەتیەی کە دژی داعش دروست کرابو ، لەم نێوەندەدا ئێران وەک هێزی یەکێک لە قوتبەکانی ئەم ناوچەیە ، توانی سود لەم گۆڕنکارییانە ببینێت و ببێتە هێزێکی کاریگەر و ئەمریکا و ناتۆ ناچار بکات مەمەڵەی لەگەڵ بکەن ، وە بتواێت ئەوەی پێ ی دەوترێت هاوسەنگی نێوان بلۆکی شیعی و سونی بە تەواوەتی لاسەنگ بکات و بەمەشەوە نەوەستێت و بیەوێت فراوانخوازی بە مانای درێژکراوەکانی پەرە پێ بدات ، لەبەرامبەر تورکیا و سعودیە ببێتە خاوەن کارتێکی زۆر ، هەر لە وڵاتانی پاکستان و وڵاتانی دەریایی قەزوینەوە تا دەگاتە لوبنان و یەمەن و سوریا و عێراق ، یەکێک لە ترسە گەورەکانی تورکیا ئەگەری بونی قەوارەیەکی کوردیە ، دوای ئەوەی ئەمریکا و ناتۆ لە دوای دۆسییەی ئەتۆمیەوە کاریان لەسەر باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوایدا کرد ، ئیتر تورکیا وەک میراتگیری عوسمانی لە پاسەکشەدا بو ، هەر چەند هەوڵی زۆر دا ببێتە باوکی سونە ، بەڵام لە دوای مرسییەوە ئەو خەونەش بو بە خەونی چۆلەکە ، دوای ئەوەی سعودیە و وڵاتانی هاریکاری کەنداو سەربازگەی سونەیان پێکهێنا ، ئیتر تورکیا بەتەواوەتی ترسی ئەوەی لێنیشت کە ناتۆ و ئەمریکا یارییەکانیان لەبەرژەوەندی ئامانجەکانی تورکیادا نیە ، ئەو کاتەی کە پەکەکە و پەیەدە و یەپەژە بونە تەواوکەری ستراتیژی سەربازی ناتۆلە ڕوی وشکانییەوە بۆ شەڕی داعش ، ئیتر تورکیا بە تەواوەتی لەوە گەیشت کە خەریکە لەسەر سفرەی دوەلی دەردەکرێت ، دوای ئەوەی کە بەشار ئەسەد نەڕوخا و ڕوسیا وەک ورچێکی پیری بە ئەزمون دێیتە ناو یاریەکەوە ( کە پێشتر ئێران وەکالەتی ڕوسیای دەکرد ) وە لەگەڵ ئەمریکادا ڕێک دەکەوێت ئیتر تورکیا دەکەوێتە ئەوە کۆڵانەی کە دەرناچێت و ناچارە بەگەڕێتەوە ، لەم گەڕانەوەیەدا کار لەسەر باشکردنی پەیوەندییەکانی دەکات لەگەڵ میسر و بەشار و ئیسرائیلدا ، لەم گەڕانەوەیەدا پێ دەچێت بیەوێ لاسای سەدام حسین بکات و بیەوێت بە جۆرێکی تر لە ڕێی سعودیەوە بچیتە ناو سەربازگەی سونە و ئەمە بەکار بهێنێت بۆ ئامانجەکانی ، وە بیەوێت لاسای ڕێککەوتنی جەزائیری ساڵی ١٩٧٥ بکاتەوە ، ئەوەش دەزانێت کە ئەمریکا دەرگایەکی پشتەوەی بۆ هێشتوەتەوە تا بچیتە ناو ئەو سەربازگەیەوە ، ئەمریکا و ناتۆ کار لەسەر هاوسەنگی هێزی سونە و شیعە دەکەن ، بە مۆدێلە سعودیەکەی نەک بە مۆدێلە داعشیەکەی ، چونکە بۆ ئەمریکا و ناتۆ گەر مۆدێلە داعشیەکەی بێت ئەوا شیعە باشترە ، چونکە تا ئێستا شیعە تیرۆری ڕەشی ناو ئەوروپا و ئەمریکا نەکردوە ، بەڵام پێ دەچێت لە داهاتودا ببێتە ترسێکی گەورە ، بۆیە دەیەوێت لە ڕێ ی سەربازگەی سونەوە هاوسەنگی نێوان دو دژەکەی بپارێزێت ، ئێستە تورکیا لە دەرگای پشتەوە دەیەوێت بچێتەوە سەر سفرە ساختەکەی ناتۆ کە بۆ سونەکان ڕاخراوە ، ئەمەش کاتێک دێت کە ئەگەری گرتنەوەی ڕەقە و موسڵ لە ڕوی وشکانیەوە بدرێتە دەست کورد ، دوای ئەوەی ئەمریکا ڕێ ی بە پەیەدە دا لە ئاوەکانی فورات بپەڕێتەوە و بەرەوە دریای سپی بڕوات،ئەمەش دەکاتە ناردنی ئەو نامەیەیە بۆ توکیا کە دەتانێت لە دەرگاکەی پشتەوە بگەڕێتەوە ، هەر لەسەرتای ئەم یوتێرنەی تورکی و ئەم گەڕانەوەیدا ، یەکسەر دۆسیەی دژایەتی کردنی بەشاری داخست ، لەگەڵ سعودیە کەوتنە هاوکاری ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکانی ئێران و دەستیان کرد بە جوڵاندنیان تا وەک کارت بەکریان بهێنن ، دوای داعش ترسی گەورە بۆ تورکیا پەکەکەیە ، وە پەکەکە وەک درێژکراوەی ڕوسی ئێرانی توانی یاری گەورە بکات و ببێتە بەشێک لە سەربازگەی دژی تیرۆر و ئەمریکا هاوکاری بکات .

 ڕێککەوتننامەی جەزائیر ئەگەر کارت بە کارت بوبێت لە نێوان عێراق و ئێراندا ( سەدام و شا ) لە جەزائیر ، ئەوا ئێستە تورکیا دەیەوێت کارت بە کارت بکات لەگەڵ ئێران بە زەمینەی بەرژەوەندی سەربازگەی سونەی سعودیە و هاوسەنگ کردنی ناتۆ بۆ بلۆکی سونی و شیعی ، بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە ئەگەر ئێران خاوەنی کارتێکی زۆر بێت بۆ گۆڕینەوە ، بە تایبەت کارتی پەکەکە و پەیەدە ئەی تورکیا چی کارتێکی پێیە تا بتوانێت لەو ترسانەی وەک خۆی دەڵێت ڕزگاری ببێت ، تورکیا لەگەڵ یۆنان و ڕوسیا و ئەرمینیا و بشار و عێراق و میسر و ئیسرائیل و هەتا ناتۆشدا لە کێشەدایە ، دەیەوێت ئەم پەیوەندیانە باش بکاتەوە ، کێشەکەی تورکیا ئەوەیە ئەوەندەی دەیەوێت لە سەر ئاستی دەرەکی پەیوەندییەکانی باش بکات ، نایەوێت لە ناوخۆ ئەم کارە بکات و لەگەڵ پەکەکە دانوستان بکات ، چونکە پەکەکە بە ئێران و ڕوسیا دەزانێت ، پەنا بردنی بۆ دەروە لە بەرژەوەندی وڵاتانی سونە و ناتۆ دەشکیتەوە نەک خۆی ، ناچاریشە ئەم کارانە بکات ، بەڵام دەبێت چاوەڕێ ی فیکەی ناوبژیوانی یاریەکە بێت کە فاوڵێ گەوە دەکات ، بەوەی ئەگەر ئەمریکا و ناتۆ بیانەوێت هاوسەنگی هێزەکان دروست بکەن ، ئەوا پەکەکە هێزە و کورد بوە بە بەشێک لە پرسی سەرەکی دنیا ، هەر دەبێت بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت ، نەک هەر لە تورکیا بەڵکو لەهەمو پارچەکانی تر (هاتنی ڕۆحیانی بۆ سنە و پەیامەکەی ) خۆ ئەگەر ڕوس و ئێران بیانەوێت کارتی پەکەکە بفرۆشن ، ئەوا نە سعودیە و نە تورکیا و نە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو خاوەنی ئەو کارتە نین کە بەهای کارتی پەکەکەی هەبێت بۆ گۆڕینەوە ، بۆیە میونداریکردنی جەزائیر بۆ تورکیا و ڕێککەوتنێک لەسەر کێشەکانی ئەم ناوچەیە ، بە تەنها لە ڕوی ناونانەوە دەتوانین بڵێین ئەگەری دوبارەبونەوەی ڕێککەوتنی جەزائیر هەیە ، چونکە لە ئێستادا کە دنیا چاوەڕێ ی کەوتنی داعشە ، پشکی شێری دووەم لەسەر لاکی داعش ، بۆ کورد دەبێت بە پێشمەرگە و گەریلاوە (موسڵ و ڕەقە ) … خۆ ئەگەر سایکس بیکۆی تازە بریتی بێت لە دابەشکاری ، ئەو تورکیا وەک ئێران زل هێز نیە لەسەر سفرەی کەوتنی داعش و پشکی پشیلەشی بەرناکەوێت ، بەم پێودانگانە بێت ناتۆ و ڕوسیا ڕو لە ئێران دەکەن و تورکیا هیچی بۆ نامێنێتەوە تەنها دەیەوێت هیچ نەبێت کێشەی ناوخۆی لەکۆڵ بێتەوە ، لە ئیستادا عێراق لەلایەن ئێرانەوە کۆنتڕۆڵی کراوە ، بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکییەوە ، درێژکراوەکانی تورکی لە عێراقدا لە پاشەکەشەدان ، بۆیە ئەوەی دەوترێت دوباربونەی ڕێککەوتننامەی جەزائیر بۆ تورکیا لە خەونی کیسەڵ هیچی تر نیە  ، بەڵکو دەیەوێت خۆی لە کەوتن دوربخاتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت