عیماد عەلی : زۆرینەی کادرانی حزبی زەحمەتکێشان لەگەڵ بەرەی پێشکەتنخوازدان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لێرەدا قسەم تەنها لەسەر حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانە ، نەک حزبی ئایندە کە کاک قادر عزیز سکرتێریەتی . بەو پێیەی بۆ ماوەی زیاتر لە بیست ساڵ لە ریزەکانی ئەو حزبەدا خەباتم کردووە ، بیربۆچونی زۆرینەی کادرانی ئەو حزبە دەزانم . ئەگەر باسی دەستەیەک سەرکردایەتی زۆر بچوکی بەرژەوەندخواز و وابەستە نەکەم ، کە بە کاردانەوەی دوور لە عەقڵ و بە عاتیفە و هەڵخەڵتاندنی لایەنێک لێکترازانیان فەرز کرد و تا ئێستا بەو شێوەیە رەفتار دەکەن و تەنها لە پێناو بەرژەوەندی تەسکی خۆیان و ، تەنانەت دوور لە حزبی زەحمەتکێشان ، چوونە ژێر رکێڤی داخوازیەکانی بەرەی موحافزکارەوە و بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە و ، بە پێی بۆچون و تەنانەت داواکاریەکانی ئەوان جوڵانەوە ، کە ئەمە بە بەڵگەوە بۆ زۆرێک لە خودی کادرانی حزبی زەحمەتکێشان روون بووەوە و ، ئەوانیش مەگەر ناچار بن بۆ مانەوە، ئەگینا پاش روون بونەوەی رەفتارە نهێنیەکانی ئەو چەند سەرکردایەتیەی ئەو حزبە ، بۆ زۆرینەی کادران هەرس نەکرا . ئەگەر راوبۆچون و هەڵوێستی کادرانی ناوەراست و بە توانا و دڵسۆزی ئەو حزبە نەبوایە ، ئێستا بە تەواوەتی خۆیان رادەست و ملکەچی سەرکردایەتیە وابەستەکەیان و بەرەی موحافزکار دەبوون و تەنانەت مێژووەکەشیان بۆ نەمایەوە، بەڵام خۆشبەختانە کادرانی ناوەراستی دڵسۆزی ئەو حزبە تا ئەمرۆ رۆڵی خۆیان دەگێرن لەو مەسەلەیەدا و هەمیشە لە هەوڵی گرتنەبەری رێگەی راستدان ، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە سەرجەم کادرانی ئەو حزبە عەیار بیست و چوار بن .
ئەمرۆش کە بارودۆخ و ئەولەویات گۆراوە و حزبی ئایندە لەگەڵ یەکێتی و بەرەی پێشکەوتنخوازیدا لە گفتوگۆی یەکگرتنەوەدان ، لەولاوە فشارێکی زۆر لەلایەن پارتیەوە دەکرێت ، کە زەحمەتکێشان دوور لە کردەوەیەک یان پرۆسەیەک ناوی بنێن یەکگرتن و، لە روانگەی خۆ بەزلزانی و لەخۆبایی بونی پارتی ، دەیانەوێت زەحمەتکێشان لە هە نگاوێکی سیاسی بەهەر ناوێکەوە بێت ، تەسلیمی ئەوان بێت ، زۆرینەی چاودێران لەو باوەرەدان و ، تەنانەت لە رێگەی پەیوەندی بە کادرانی زەحمەتکێشانەوە ، ئەوە دەردەکەوێت کە ناچنە ژێر ئەو فشارە و خۆیان بەدەستەوە نادەن و ، زۆرینەی کادرانی ئەو حزبەش ( نەک سەرکردایەتیەکەیان ) ئەگەر بیر لە یەکگرتنەوە بکەنەوە ، لە بنەرەتدا لەگەڵ بەرەی پێشکەوتنخوازیدان . بۆیە لەوباوەرەدام کە سەرکردایەتی ئەو حزبە ناتوانێت قەناعەت بە کادیرانی ئەو حزبە بکات بۆ چونە نێو پارتی یانبۆ هەر هەنگاوێکی سیاسی بۆ زیاتر وابەستەبون ، هەروەهاش چاودێران وای دەبینن کە قاعیدەی ئەو حزبە رۆڵی گەورەی خۆی هەبێت لە بریاری راست و دروست و تەسلیم نەبون بە بەرەی موحافزکار ، بە هەر ناونیشانێکەوە بێت . ئەمەش بەو واتایە نیە کە یەکگرتن و یەکگرتنەوە کارێکی باش نەبێت ، بەڵکو ئەگەر شتی روکەش و بەرژەوەندی تەسک زاڵ نەبێت لە بریاری چارەنوسساز و ، یەکگرتنیش لەگەڵ بەرەیەکی راستدا بێت ئەوا لە قازانجی گشتیدا دەکەوێتەوە و ، هاوسەنگی هێز رێک دەکاتەوە . بۆیە لەوباوەرەدام کە کادرانی ناوەراستی بەتوانا و پاک و بێگەردی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و قاعیدەکەیان ، یان وەک خۆیان دەمێننەوە بە هەر شێوەیەک بێت، وەک حزب یان بەرەیەکی راستتر هەڵدەبژێرن ، نەک ملکەچی لەزەت و تەرغیبی دەسەڵات و بەرەی موحافزکاری خودپەرست بن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت