Stara-arif

ستارە عارف : با كوردستان ڕەنگی حوشتر نەگرێت .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ڕۆژی 3 – 7 – 2016 پارێزگاری كەركوك بە نوسراوێك داوای لەوەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق كرد ، لەماوەی مانگێكدا ئاوارەكانی عێراق بگەڕێننەوە ، كە زۆربەی شوێنەكانیان ڕزگار كراونەتەوە ، بۆ ئەوەی نەبنە بارگرانی زیاتر و گۆڕینی دیمۆگرافیای كەركوك ، بۆیە تا زوتر بگەڕێنرێنەوە باشترە ، داوایشیكردوە ئەگەر بە هۆی نەبونی خزمەتگوزاری و ئاسایشی ناوچەكانیان بیان و بۆ نەگەڕاندنەوەیان دەدۆزرێتەوە ، ئەوا بیانگەڕێننەوە و نزیك شوێنە ڕزگار كراوەكانیان جێگیریان بكەن .

ئەمە داخوازیەكی زۆر ڕەوایە و ئەركی پارێزگارەكانی سلێمانی و هەولێر و هەڵەبجەیشە فشار لەوەزارەتی كۆچبەران و حكومەتی عێراق بكەن ، بە ناو ئاوارەكانیان لەماوەی یەك مانگدا بگەڕێننەوە ، كە هەنوكە بیست شار و شارۆچكە و سەدان گوندیان ڕزگار كراونەتەوە ، ئیتر چی خێرە لەكوردستان داڵدە بدرێن و لەسەر قوت و ژیانی هاوڵاتیانی كورد خزمەت بكرێن؟.
بە پێی ئامارێكی خۆیان حكومەتی هەرێم ، لەمانگێكدا 117ملیۆن دینار بۆ بە ناو ئاوارەی عەرەب و ئەوانیتر لەهەرێمی كوردستان خەرج دەكات ، بۆچی كەس لەم كارەساتە ناپرسێتەوە ؟، خەڵكی كوردستان بە قەیرانی دارایی و ئابوری و برسیكردن خنگێنراوە و پارە بۆ زۆربەی چینەكان كۆدەكرێتەوە و پارێزگاری سلێمانی لەئەنجامی بێ پارەیی خەریكە سلێمانی بە بیانوی بوژانەوەی ئابوریەوە هەراج دەكات و بە عەرەبی دەفرۆشێت ، لەكاتێكدا حكومەتی عێراق خۆی ناكات بە خاوەنی ئاوارەكانی و خزمەت و خەرجیان ناكات ، خێرە بە ناو حكومەتی هەرێم خۆی كردوە بە خەمخۆریان و پارە و بودجەی كوردستانیان بۆ خەرج دەكات و رێگەیش بۆ گەڕاندنەوەیان ناكاتەوە ؟، ئەركی بەرپرسانی هەرێمە شین بۆ نەبونی خزمەتگوزاری و نەبونی ئاسایشی ناوچەكانی عەرەب بكەن و بەو پاساوە نەیانگەڕێننەوە ؟.
ئەمە یان كاڵفامیی بەرپرسانی حكومەتە لەگەمژەییەوە دێت ، یان مەسەلەی ئاوارە خێری مادی و دەنگدانی داهاتو و سواڵ و سەدەقەی وڵاتانی ڕۆژئاوای بۆ ئەوان تێدایە و هەر بۆ ئافەرینەكەی وڵاتانە ؟، ئەگەر نا چی وڵاتێك هێندە كاڵفام و دەبەنگە هاوڵاتیانی خۆی لەبرسیدا بكوژێت و بە بودجە و موچەكەی ئەوانیش بە ناو ئاوارەی عەرەب بژێنێت ؟، بە هەردو دیوەكەیدا ئەمە ستەمە حكومەت و حزبەكان لەخەڵكی كوردی دەكەن و دەبێت لێی بێینە دەنگ .
بە پێی ئامارێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ، هێشتا ملیۆنێك و 332عەرەبی تەعریبچی بە ناوی ئاوارە وە لەهەرێمی كوردستان لەسەر قوتی كورد بەخێو دەكرێن ، كە زیاتر لە كەركوك مەترسیان بۆ گۆڕینی دیموگرافیای شارەكانیتری كوردستان هەیە ، دەبێت بە ناو حكومەت و حزب و لایەنانی پەیوەندیدار ، بێ ڕەچاو كردنی گیرفان و غەریزەی بۆگەن و كەرامەتی شكاو و چەماوەی كۆمەڵێك بەرپرسی حزبی و بازرگان و وەبەرهێنی وڵات فرۆش ، كە قازانجی ماددی و سێكسی لەم تەعریبە دەكەن ، فشاریان لێ بكەن لەماوەی مانگێكدا بیانگەڕێننەوە ، ئەم بار گرانیە لەكۆڵ كورد بكەنەوە و با نەهێڵین كوردستان ڕەنگی حوشتر بگرێت .