بورهان شێخ ڕەئوف : کودەتاى پێنجەم لە تورکیا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە نیو سەدەى ڕابردوودا ئەمە جارى پێنجەمە کودەتاى سەربازى ئەنجام دەدرێت لە لایەن سوپاى تورکیاوە بەو پێیەى سوپاى تورکیا خۆى بە پارێزەرى سیستەمى سکۆلاریزم لە تورکیا دادەنێت .
چونکە مستەفا کەمال پاشا ( ئەتاتورک ) دامەزرێنەرى ڕژێمى کۆمارى و تورکیاى نوێ هەر بە پشتیوانى سوپا توانى کۆتایى بە ڕژێم و خەلافەتى ئیسلامى عوسمانى شەش سەد ساڵە بهێنێت وبێجگەلەو کودەتا سەربازییە شکست خواردووەى شەواى ڕابردوو 16/ 17 تەموزى 2016 کە ( بە داخەوە لەم ناوچەدا مانگى تەموز بە مانگى کودەتاکان ناسراوە لە و سۆنگەیەوە کەلە هەمان مانگدا کودەتاى 14 تەموزى 1958 لە عێراق و 23 تەموزى 1952 لە میسریش هەر لەم مانگەدا ئەنجام دران ) کە چوار کودەتاى تر ئەنجام دروان هەمووى بە بیانوو پاساوى ئەوەى کە سیستەمى سیکۆلارو ئاسایشى وڵات کەوتوونەتە مەترسیەوە .
ئەگەر کودەتاکانى پێشوو تر سەرکەوتنیان بە دەستهێنابیت ئەوا ئەم کودەتایە شکستى هێنا کە هەرچەند ڕوودانى ئەم کودەتا لە تورکیادا بە بڕواى من کارێکى چاوەڕوانکراوبوو چونکە لە سەردەمى حوکمڕانى پارتى دادو گەشە دا سیستەمى سیکۆلار لە زۆر بڕگەو جومگەدا دەستى بۆ برابوو دواترینیان هاوکارى و کۆمەکەکانیان بۆ داعش وگروپە تیرۆریستیەکانى تر لە دواى بەهارى عەرەبى و هەوڵى گۆڕینى سیستەمى حوکمڕانى وڵات لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتى .
هۆکارەکانى شکستى کودەتاکە
هەرچەندە کودەتاى سەربازى لە هەرکوێ بێت و هەرکەس بیکات کارێکى قێزەونەو دژ بە بنەماکانى دیموکراسى و پێکەوە ژیان و دەستاودەستکردنى ئاشتیانەى دەستەڵاتە .
1 – کودەتاى سەربازى شکستى هێنا لە تورکیا چونکە دەرکەوت کە هەرچەندە هێشتا ئەگەر لە ناو سوپادا ئەگەر چەند ئەفسەرو پلەدارێک هەبن بڕوایان بە کودەتاى سەربازى هەبێت بەڵام ئەوە لە لایەن خەڵکى ئەو وڵاتەوە دەرکەوت قابیلى قایل بوون پەسەند کردن نیە و ئەزموونى دیموکراسى لەو وڵاتەدا هەنگاوى گەورەى بڕیووە بۆ پێشەوە وەکو وڵاتانى پێشکەوتووى جیهان هەرچەندە ئەردۆغان و پارتەکەى لە هەوڵى گۆڕینى بنەماکانى سیستمى سیکۆلار ین لەو وڵاتەدا .
2 – هاو پەیمانى ئۆپۆزەسیۆن لە گەل دەستەڵات و هاوپەیمانى سوپا لە کەڵ گەل و هاوپەیمانى نەیارانى ئەردۆگان لە گەڵ یارانى لەبەرامبەر کودەتاچیەکاندا ئەمە هاوسەنگەر یە لە پێناوى دیموکراسیدا نەک پشتیوانى حکومەتەکەى ئاک پارتى ئەمە پەندێکى گەورەیە کە پێویستە ئاک پارتى کەڵکى لێوەربگرێت بۆ بەخۆدا چوونەوەو هەرچۆن ئەمڕۆ بینالى یلدرم ى سەرۆک وەزیران لە گۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەى دا بە ڕوونى و ئاشکرا سوپاس و پێزانینى خۆیانى بۆ هەموو حزبەکانى ئۆپۆزەسیۆن و گەل و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى ڕاگەیاند بەڵام هەرتەنها سوپاس و پێزانین بەس نین لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستە شەرافەتمەندانەدا بەڵکو هەنگاوى ئازایانەو ژیرانەى ترى گەرەگە ئەگینا وڵات ڕووبەڕووى زۆر کێشەو قەیرانى قووڵتر دەبێتەوە .
3 – فاکتەرێکى تر کە زۆر گرنگ و چارەنووسساز بوو بۆ شکستى کودەتاکە تۆڕەکانى ئەنتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانى وەکو فەیسبوک و توێتر و سکایب بوو کە لە کاتێکدا کودەتاچیەکان کەناڵى فەرمى TRT داگیرکرد سەرۆک ئەردۆگان پەناى بۆ کەناڵى CNN تورک تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان برد بۆ بڵاو کردنەوەى پەیامەکەى بۆ جەماوەرو لایەنگرانى کە بڕژێنە سەرشەقامەکان و بەرگرى لە حکومەتەکەى بکەن لە کاتێکدا ئەردۆگان زۆر جار لە ڕابردوودا پەلامارى ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانەى دەداو سزاى دەدان و دایدەخستن کەچى ئەمجارە ئەمان فریادڕەسى بوون .
لە کۆتاییدا ڕەنگە خاڵى تر زۆربێت بۆ شکستى کودەتاکە بەڵام من ئەمانە بە خاڵى سەرەکى دەبینم ولێدوانێکى گرنگى فەرماندەى گشتى سوپا جێگەى سەرنج و تێڕامانە کە وتى سەردەمى کودەتا بەسەرچوو بۆ هەتا هەتایە لە تورکیا و ووتى سوپا بڕبڕەى پشتى ئاسایش و سەقانگیرى وڵاتەو پارێزەرى پرۆسەى سیاسى و دیموکراسیە ئەم هەڵوێستە وا لە سەرۆک ئەردۆگان دەکات کە لە داهاتوودا هەماهەنگى و ڕاوێژى زیاتر لەگەڵ سەرکردەکانى سوپادا بکات لە پرسە چارەنووسازەکاندا .
ماوەتەوە بڵێین : ئەگەرچى هەندێ چاودێرى دۆخى تورکیا لەو بڕوایەدان کە ئەردۆگان لە دواى ئەم کودەتا شکست خواردووە جارێکى تر بەهێزتر دێتەوە گۆڕپان و پاکتاوى سوپا دامو دەزگا کانى وڵات دەکات بەو بیانووەوە ، بەڵام لە ڕاستیدا ئەردۆگان لە ئێستادا لە هەموو کات لاوزترو شکست خواردووترە لە دواى هەستکردنى بە شکستى سیاسەتەکانى لە ڕووى نێودەوڵەتى ناوخۆییشەوە و پاشگەزبوونەوەى لە هەموو کارو کردەوەکانى ڕابردووى لە گەڵ وڵاتانى ڕوسیاو ئیسرائیل و سوریا میسر بۆ دامرکانەوەى ڕق و بێزارى گەل و سوپا ش .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت