عوسمان عومەر : کورتە باسێکى مێژوویی سەبارەت بەدراوەکان و چۆنیەتى ناو نانیان و لە چیەوە هاتووە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دانیشتوانى جیهان لە کۆن دا دراویان نەزانیوە چیە تا 5000 ساڵ پیش ئیستا , هەرکەسێ شتێکى بویستایە بەگورینەوە ئەنجامى دەدا ، واتە شتێ بەرامبەر شتێ کارێک بەرامبەر کارێک بەلام لە سەردەمى هیلێنى یەکەم بۆ یەکەمجار دراوى ئاسن هێنرایە ئارا کۆمەلێک ئاسن لە کرین و فرۆشتن دا بەکار هێنراوە ئەم کۆمەلە ئاسنە بە گالیسکە دەگوازرایەوە بۆ بازارەکان و خەلکى کەوتە بەکارهێنانى کانزا بەنرخەکانى وەک زیو  لیرەشەوە دراوێک داهێنرا کە کێشى هەبوو . ئەم دراوە زیویانە بەکارهینرا لە رؤژهەلاتى کۆن تا سەدەى حەوتەمى پێش زایین , هەرپارچە دراوێک لەلایەن کریار و فڕۆشیارەوە  دەکێشرا بۆ زانینى راست و دروستى کیشەکەى و پاشماوەى فیرعەونەکانى میسر ئەوەیان دەرخستوە کە وێنەى ئەوکەسانەیان کێشاوە کە خەریکى ئەو کارەن لە بازارەکان .

 هەر لە سەدەى حەوتەمى پێش زایین یەکەم دراو لەشارى لیدیا لەسەردەمى کرۆیسیوس 561 – 546 پ . ز  کە دەکەوێتە نیوان یۆنان و رۆهەلات لە ئاسیاى بچوک , دانیشتوانى لیدیا ئاڵوگۆرى بازرگانى و کرین فرۆشتنیان بەو دراوە دەکرد کە ئارمى ئەو شارەى لەسەرنەخشێنرا بوو , لەهەمان کاتدا دراوى گریکى یۆنانى دەرکەوت کە پێى دەوترا ( درهەم ) لەسەر شێوەى کیسەل بوو هەر دراوێک 6 گرام بوو و بۆ یەکەمجار نوسین لەسەر دراوەکان لەسەردەمى گریکەکان لەسەدەى شەشەمى پێش زایین داهێنرا , فیلیپى مەکدونیش هەلسا بەدروستکردنى دراوى ئاسنى  ئاڵتونى دواتر بە فیلیپى ناسرا ئەسکەندەرى گەورەش دراوی ئاسنى ئالتونى دروستکرد کە هەمویان یەک کێشیان هەبوو بە تیترا دراهما ناونرا واتە 4 درهەم , لەرۆماى کۆنیش دراوى ئاسنى کاری پێدەکرا سەرەتا وێنەى سەرەگایەک یا پێشى پاپۆرێکى لەسەر دەکێشرا , لەناوەراستى سەدەى سێەمى پێش زایین لە رۆما یەکەم دراوى زیوى دروستکرا کە بنچینەکەى دینار بوو ( بەدینارى ) ناسرابوو لەپەرستگاى خواوەند مۆنیتا دروست دەکرا هەر لەوەشەوە ووشەى money  ئینگلیزى داهێنرا کە واتاى پارە یا دراو دەگەیەنێ . بۆ زانیارى خوێنەرانى بەرێز ئەو دراوە ئاڵتونى و زیویانە هەر لەکۆنەوە بەدەست لێدەدران بەلام لە ژاپۆن سالى 1870  زاینى ئامێرێکیان داهێنا ئەو دراوە خرانەى دروست دەکرد و هەر لەوێشەوە تەشنەى وولاتانى جیهانى کرد . کاتێ لە کانزا قورسەکان دروست دەکرا ,دزو جەردەکان پاچەى پچوکیان لێ دەکردەوە بۆ ئەوەى دراوى ترى لێ دروست بکەن بۆیە دەولەتان بیریان لەوە کردەوە کە کاتێ دراوى ئاسن دروست دەکەن لیوارەکانى گرنج گرنج بێ ووشەى رنجیتى مالیزى واتە دروستکردنى دراوى ئاسنى لێوار زبر یا گرنج .

چۆن Banknote دراوى کاغەزى هاتە ئاراوە

وەک لەپێشەوە ئاماژەم پێدا ئەو دراوە ئاسنى و زیوى زێرانە بار قورسى وکێشەى  بۆ خاوەنەکەى چ کریار  یا فرۆشیار بوایە دروست دەکرد دراوى کاغەزى داهێنرا بۆ ئال و گۆرى کەلوپەل بەرامبەر ئەو دراوە کاغەزیە ( زێز یا زیو بەرامبەرەکەى بوو ) وەک دڵنیایەک لەلایەن ئەو لایەنەى دەریکردوە کەى ئارەزوو بکات بیکاتەوە بەکەلوپەل لەوەشەوە حکومەتەکان بوونە خاوەنى و دەریان دەکرد بەشێوەیەکى یاسایی , دواتر ئەو دراوە کاغەزیانە گەشەى بەسەردا هات و نرخەکەى دڵنیایی حکومەتەکەى بوو بەمەش بووە دراوى یاسایی .

لیکۆلینەوە مێژوویەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چین یەکەم وولات بووە کە دراوى کاغەزى چاپکردبێت ئەویش لەسەردەمى بنەمالەى تانغ یا تانگ 618  – 907 بیرۆکەى دراوى کاغەز لەوەوە هاتە ئاراوە ئەو دراوە ئالتونى و زیویانە توشى گومبون یا دزران دەبێ بۆیە لەجیاتى ئەوە سەرەتا بە دیکۆمێنتى دەست نوس نرخ و تواناى کەسەکەى دەردەخست کەتواناى چەندى هەیە کە بیدات بەپێى نوسراوو واژوەکەى دیارى دەکرا  ئەو دیکۆمینتە دەدرا بە بازرگانەکەى شتى لێ دەکردرا ئەویش بە دەورى خۆى دەیگەیاندە ئەوەى شتەکانى لێ کریوە لەوکارەوە دراوى کاغەز سەرچاوەى گرت .

تا سەدەى چواردەهەم دراو نەگەیشتبوە ئەوروپا بەم شێوەیەى ئیستا گەشەى نەکردبوو لە سەدەى حەڤدەهەمى زاینى یەکەم بانکى ئەوروپى کە دراوى کاغەزى دەکرد بانکى ستۆکهۆلم لە سالى 1660 زاینى بوو دواتر لەسالى 1664 شکستى هێنا بەهۆى ئەوەى ئەو بڕە پارەکاغەزیەى دەریکردبوو نەیتوانى بیداتەوە بەرامبەرەکەى کە زێر بوو بۆیە ئیفلاسى کرد , ساڵى  1669 بانکى سکۆتلندا دەستى کرد بەدەرکردنى دراوى کاغەز تا ئیستاش بەردەوامە دواى  300 ساڵ یەکێکە لەو بانکانەى بە درێژایی ئەو ماوەیە بێ وەستان خەریکى دەرکردنى دراوى کاغەزى بووە . هەر لەساڵى 1660 بۆ یەکەمجار لە ئەمریکا دراوى کاغەزى چاپکرا لە کۆلۆنى دەربەندى ماساشوستس یەکیک بوو لەو 13 کۆلۆنیەى ئەمریکاى پێکهێانبوو ئەوکات بەڵام ئەودراوە کاغەزیانەى لە بانکەکانەوە دەردەکرا هەندێ کەس وەریان نەدەگرت چونکە بانکەکان جێی متمانە نەبوون بەنرخى کەمتر لەهەڵگرەکەى وەریان دەگرتەوە تا ساڵى 1776 دواى سەربەخۆیی لەبەریتانیا وەرگرت بانکى ناوەندى هەڵسا بە چاپگەیاندنى دۆلار  بەلام دۆلار پارسەنگى ئالتونى نەبوو وەک دراوە یاساییەکان ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەى خەلک ئاڵوگۆرى پی نەکات بەلام کۆنگریس یاسایەکى دەرکرد بە سزادانى هەرکەسێک کە ئاڵوگۆر بەو پارەیەوە نەکات بە دوژمنى دەولەت لەقەلەم دەدرا , جەنگى سەربەخۆیی واى لەحکومەت کرد دراوێکى زۆر بخاتە بازارەوە بەمەش دۆلار نرخى دابەزى لەساڵى  1789  لەسەردەمى الگسندەر هامیڵتۆن پارسەنگکرا بە زێر و زیوەوە ئەم بارودۆخە تا ساڵى 1860 بەردەوام بوو حکومەت ناچار بوو بە هۆى جەنگى ناوخۆوە بڕێکى زۆر بخاتە بازارەوە بەلام پارسەنگى نە زێر نەزیوى نەبوو ، بۆیە کەمجاریش بوو ئەو رەنگە سەوزەى پێبەخشرا تا ئێستا پێى ناسراوە , ساڵى 1879 حکومەت ناچاربوو جارێکى ترلە وابەستەیی دۆلار بە زێر و زیو لاببرێ  بەڵام ساڵى 1933 لەسەردەمى فرانکلین رۆزفیلت بۆ رزگار بوون لەقەیرانە گەورەکە جارێکى تر دۆلار  وابەستە کرایەوە بە زێر و زیوو بەلام بەگۆرانکارى لەنرخى دۆلار بەمەش رێگەى لەگەلى ئەمەریکى گرت کە دۆلار بگۆرنەوە بە زێرو زیو یا هێشتنەوەى بڕى زۆرى دۆلار لاى خۆیان و تەنها حکومەتەکان مافى ئەوەیان پێ درابوو کە دۆلار بەهەریەکێ لەو کانزا بەنرخانە پارسەنگ بکات . سالى 1971 سەرۆک نیکسۆن جارێکى تر وابەستەیی دۆلارى بە کانزا بەنرخەکان لابردەوە تا ئەمرۆش هەروا ماوەتەوە .

کورد و بەکارهێنانى دراو

بەپێى سەرچاوە مێژوویەکان کوردستان لانکەى شارستانیەت و پێشکەوتنى زانست و هونەر بووە ، بەپێى نوسینێکى ئیبن خەلدون دەلێت : دەولەتى میدیا کورد بون و حەسەن بیرنیاش لە مێژوى ئێران باستان دا دەلێت : میدیاکان ئاریاین و کوردەکانى ئیستا نەوەى ئەوان و زمانى کوردیان بەکار هێناوە کە نزیکە لە زمانى موکریانى , مردۆخیش لە یەکێ نوسینە میژوویەکانى دەلێت : پاشاى یەکەمى میدیەکان ناوى ئارامس بووە لاى یۆنانیەکان و ( بەکەى قوباد ) ناسراوە و دۆمرکانیش دەلێت :  میدیەکان 2000 ساڵ پێش عیسا خاوەنى ئیمپراتۆریەتێکى گەورەبون و هێرۆدۆتیش دەلێت : دامەزرێنەرى ئیمپراتۆریەتى مادەکان یا میدیەکان فرارتس بوە زۆر کەس ( بەدیاکۆ ) ناویان بردوە جگە لەوەى کە ساسانیەکان خاوەنى ئیمپراتۆریەتیکى گەورە بون و دوا پاشایان یەزدى کورد بەعەرەبى کراوە بەیەزدى جورد و پایتەختەکەیان مادایان کە بەعەرەبى کراوە بە مەدائن و یاقوت حەمەوى لە معجم البلدان دا دەلێت : ساسانیەکان ئیمپراتۆریەتیکى گەورە بووە پایتەختەکەیان مەدائن بووە ناوە رەسەنەکەى کورداوا بووە , جگە لەئیمپراتۆریەتى مانى وکاردۆخى و هوریەکان و …. هتد ، دواى ئەوانیش ئیمارتە کوردیەکانى وەک حەسنەوى و دۆستەکى و ئەردەلان و بادینان و بابان و سۆران و …. هتد  ، بەپێى ئەو زانیاریانە سەبارەت ئیمپراتۆریەتە کوردیەکانى سەردەمى کۆن ئەوانیش و ئیمارەتە کوردیەکان  دراویان بەکار هێناوە و لێدراوەکانزانیەکان ( سکە لێدان واتە پارەى ئاسن ) یان هەبووە , کورد پێش هاتنى ئاینى ئیسلام لانکەى  شارستانیەت و زمان و کەلتور و زانست و زانیارى خۆى بووە بەزمانى کوردى نوسراونەتەوە بەلام لەگەل تەشنە کردنى ئاینى ئیسلام بەسەدان هەزار کتێبى دانسقەى میژووی و ئەدەبى و کەلتورى وزانستى و هونەرى کورد لەلایەن هێزە ئیسلامیەکانەوە بەبیانوى کوفرەوە خراونەتە رووبارەکان وەک چۆن هۆلاکۆ کاتى داگیرکردنى بەغدا هەرچى پەیوەندى بەخیلافەت و ئیسلام ئەدەب هونەر و زانست زانیارى هەبوە خستویتە دجلە و فوراتەوە ئاینى ئیسلامیش واى لەکورد کرد لێرەدا تەنها ناوى 7 پارچە دراوى ئاسنى کوردى سەردەمى ئیمارەتى سۆرانم دەستکەوتوە کە زێرو زیو و مس بوون :

A – یوزلى کە یەکسان بووە بە 15 قرۆشى تورکى

B –  ١٥ ریالى

C – ٧ قرۆشى

D – چوار تەناکیر

E –  ٣٤ جلیک

F – خودابەند  14

G – شایی کە نیو قرۆش بووە

بۆ زانیارى خوێنەرانى بەرێز  100 قرۆشى بەرامبەر 100 لیرەى ئالتونى عوسمانى بووە لە دیوێکى نوسراوە میر منسور محمد بەگ لە دیوەکەى تری نوسراوە لە رەواندز لێدراوە . بیگومان ئیمارەتى بابانیش دراوى خۆى هەبووە هەروەها ئیمارەتەکانى تریش بەهەمان شێوە بەلام ئەوەى هەیە هیچ زانیاریەکم سەبارەت بەبەکارهێنانى پارەى کاغەزچ لەسەردەمى ئیمپراتۆریەتە کوردیەکان و چ ئیمارەت و دەسەڵاتە کوردیەکان دەست نەکەوتوە .

 چۆن دراوە کاغەزیەکان بەو ناوانەوە ناسران

پێش ئەوەى بچمە ناوباسەکەمەوە لە هەموو جیهان دا کەسانیک هەن ئارەزوى کۆکردنەوەى پولى بەرید , کۆکردنەوە شتى کەلەپورى کۆن وناوازە کەسانیکیش هەن کە ئارەزوى کۆکردنەوەى دراوى ووڵاتانى جیهان دەکەن , لەسالى ٢٠٠٧ کەسێکى خەلکى هۆنگ کۆنگ 221 جۆر دراوى کاغەزى وولاتانى کۆکردۆتەوە وناوى چوە کتێبى گینسەوە بەڵام  هەر لە 2007 کەسێکى تر دەرکەوت وژمارە پێوانەییەکە ئەوى شکاند بە کۆکردنەوەى 235 دراوى کاغەزى هەمەجۆرى وڵاتان .

هەمومان ئەوە دەزانین کە دراوەکان لە وڵاتێکەوە بۆ بۆ ووڵاتێکى تر چۆن زمان و کەلتور ورۆشنبیرى و میژووى وولاتان جیاوازە , لەم ساڵانەى دواییدا فەرهەنگى (Oxford Words) رەگ وریشەى ناونانى دراوە کاغەزیەکانى دەرخستوە کە لە وولاتانى جیهان دا بەکار دەهێنری گرنگیان هەیە با لە دۆلارەوە دەست پێ بکەین :

دۆلار :

یەکێکە لە بەناوبانگترین دراوى جیهانى زۆرێک لە دەولەتانى وەک ویلایەتە یەکگرتوەکان و ئوسترالیا , کەندا فیجى , نیوزلندا , سەنگافورە بەکارى دەهێنن ناوى دۆلار دەگەرێتەوە سەر ووشەى(Joachim sthal)ى ئەلمانى یا فلامەنگى و ئاماژەیە بۆ دۆڵى یواکیم کە زیوى تێدا دۆزاوەتەوەو دەرهێنراوە دراوى زیوى لێ دروستکراوە ئەو دراوە زیویانە هەڵگرى ناوى ئەو دۆڵە بوو کرتکراوەى ( Thaler ) دواتر گۆردراوە بە دۆلار .

پیسۆ یا پیزۆ

هەشت لەدەولەتە ئەمریکیەکان و فیلیپین بەکارى دەهێنن رەگ ریشەکەى ئیسپانیە مانکەى کێش دێت .

لیرە :

لە ئیتالیا , تورکیا سوریا , لوبنان و هەندێ وولاتى دیکەوە بەرکاردەهێنرێ رەگ ڕیشەى ووشەکە لاتینیە ( Libra ) یە ماناکەى جونیه دەگەیەنێ .

مارک

پێش دروست بونى یەکیتى ئەوروپا مارک دراوى فەرمى ئەلمانیا بوو گەر هەڵە نەبم سویسرا و نەمساش مارک بوو رەگ ڕیشەکە دەگەرێتەوە بۆ یەکەیەکى کێش .

ریاڵ

ئیسپانیا پێش بەکارهێنانى یۆرۆ ریاڵى بەکارهێناوە هەروەها سعودیە ,قەتەر و ئێران و عومان و یەمەن ریاڵ دراوى فەرمیە لەو ووڵاتانە ڕەگ و ڕیشەىکەى لەووشەى (regalis) واتە خاوەنداریەتى (royal) وەرگیراوە .

ڕاند

دراوى فەرمى باشوورى ئەفریقایە رەگ و ڕیشەى ناونانەکەى دەگەرێتەوە بۆ شارێکى هۆلەندىەکان لە باشورى ئەفریقیا بەناوى Witwatersrand کەبەناوبانگە بە زێر .

کرۆن

ووڵاتە ئیسکندنافیەکانى وەک سوید نەرویج دانمارک ئایسلاندا دراوى فەرمى ئەو ووڵاتانەیە ,ڕەگ ڕیشەکەى ووشەیەکى لاتینیە بە واتاى تاج دێ.

دینار :

هەریەک لە عیراق و کوەیت و ئوردن و جەزائرو صربیا و چەند وولاتیکى تر دراوى فەرمیە ڕەگ ڕیشەکەى بۆ ووشەی لاتینى (denarius) دەگەڕیتەوە بە واتاى دراوى زیوى کە لە رۆماى کۆن بەکار هێنراوە .

روپێە :

لە هەر یەک لە ووڵاتانى هیند , پاکستان و ئەندەنوسیاو چەند وولاتێکى تر دراوى فەرمیە رەگ و ڕیشەى ناونانەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ووشەیەکى سانسکریتى بە واتاى زیو دێ .

 پاوەند یا جونیه :

لە هەریەک لە وولاتانى بەریطانیا  میسر و سودان ,باشورى سودان هەندێ ووڵاتانى تر بەکاردەهێنری ڕەگ ڕیشەى ووشەکە لە pounds ى لاتینیەوە هاتووە کە واتاکەى کێشە

زلوتى :

درواى فەرمى وولاتى پۆلەندایە لە ووشەیەکى پۆلەندیەوە رةگ ورێشەى گرتووە بە واتاى رەنگ ئاڵتونى .

فۆرنت :

دراوى فەرمى هەنگاریایە ڕەگ و ڕیشەکەى دەگەڕێتەوە سەر ووشەى fiorino ى ئیتالى .

رۆبلى رووسى :

دراوى فەرمى وولاتى روسیایە رەگ و ڕیشەى ناونانى بە رۆبل دەگەریتەوە بۆ یەکیەکى کیشى زیو .

یەن یا یوان :

دراوى فەرمى هەریەک لە چین و ژاپۆن و وونى کۆرى ڕەگ و ڕیشەکەى دەگەڕێتەوە بۆ یەکێ لە هیما چینیەکان کە ئاماژەیە بۆ الجولە واتە دراوى خڕ .

دواى ئەوەى جرى دراوەکان و ناونانەکانمان زانى دەگەینە ئەوەى کە

مەرجەکانى دراو چییە ؟

تا بتوانرێ هەرشتێ ناوبنرێ بە دراو پیویستە چەند مەرجێکى دیارى کراوى  تێدا بێتە دى لەوانە :

+ تواناى پیوانەیی ئاسان بێ .

+ پەسند کراو بێ بە شێوەیەکى بەر فراوان.

+ تواناى دابەش بونى بۆ چەند بەشەوە هەبێ .

+ ئاسان بێ بۆ هەلگرتن و پاراستن .

+ بە ئاسانى خراپ نەبێ و تێک نەچێت

هیوادارم رۆژێ لە ڕۆژان کوردستانیش ببێتە خاوەن دراوێک و لە دەولەتان دا بناسرێ و مامەڵەى پێوە بکرێ و لە بۆرسە جیهانیەکان دا ناوى هەبێ .

شۆرشى دراوى ئەلیکترۆنى

پێشکەوتنى تەکنۆلۆژىاى بوارى گەیاندن و پێشکەوتنى بانک سازى و پەیدا بونى بازرگانى ئەلیکترۆنى لە ژیانى ئابورى ئەمرۆماندا بووە هۆى دەرکەوتنى جۆرێک لە دراو ئابوریناسان بە دراوى ئەلیکترۆنى یا دراوى ژمارەیی ناوى دەبەن ئەویش بریتیە لە کارتێکى ئەلیکترۆنى کە پارەى تێدایە و بەسیستەمى بانکیەوە بەستراوە و بۆ کرین و فرۆشتن بەکار دەهێنرێ  وەک دراوێکى مامەلە پێکراو لە جیاتى چەکو کارتى دڵنیایی و لە زۆرریک لەدەولەتان و لە رێگاى کۆمپانیاکان و دامەزراوە دڵنیاییە تایبتەکانەوە دەردەکرێ و لە زۆربەى وولاتانى جیهان کارى پێ دەکرێت لە کۆتاییدا دراو بە یەکێ لە دیکومێنتە مێژوییەکان دادەنرێ بەو هۆیەوە مێژوو نوسان ناوى پاشاو حوکمدارو لێکدانەوەى شارستانیەتى گەلان و چالاکیە ئابورى بیروباوەرەکانیان دیاریى بکات و تواناى هاووڵاتیان بزانێ کە چۆن کانزاکانیان دەۆزنەوەو رێگەى توانەوەو تیکەلاوکردن و داهێنانى وەستاکانیان بزانرێ واتە دەتوانین بڵێین دراو وابەستەى مێژووى شارستانیەتى گەلانە .

تێبینى :

  • بۆ میژوى کورد سودم لە لە فەرهەنگى مەهابادى چاپخانەى کوردستان وەرگرتووە .
  • بۆ ئەوانى تریش سودم لە چەند سەرچاوەیەکى ئەنتەرنیت بە عەرەبى و ئینگلیزى وەرگرتوە .

 

 

کلیک بکەرە سەر دراوەکان بۆ گەورەکردنی