عیماد عەلی : دەشێت کودەتا لێکراو رەفتاری کودەتاچی بکات ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەو شیعارە شەخسیە نوێیەی ئەردۆگان ، زۆر شتمان بۆ روون دەبێتەوە ، کە دەڵیت ؛ بەهێز هەمیشە لەسەر حەق نیە ، بەڵکو ئەوەی حەقبەدەستە هەمیشە بەهێزە . خۆی بەحەق لەقەڵەم دەدات و دیارە مەبەستی لە بەهێزەکەش سۆپا و زۆر لایەنی تریشە .
وادیارە رەفتارەکانی ئەردۆگان لە پاش کودەتاکە بە شێوەیەکی هەڵچون و هەرزەکارانەی عاتیفی دوور لە عەقڵمەندی و دووربینی بێت و ، کردەوەکانی بە پێچەوانەی ئەو پێشبینیانەیە ، کە جیهان چاوەرێی دەکرد ، دەکرا بە شێوەیەکی سەردەمانە و بەپەند وەرگرتن لە کودەتاکە ( ئەگەر راستی ئەوە دەرنەکەوێت بە شێوەک لە شێوەکان خۆی خاوەنی کودەتاکە بێت ، یان لە ئاسمانەوە بۆی هاتبێتە خوارەوە ) دەیتوانی لە عەقڵمەندی سیاسی ، نەک تەنها بە سفرکردنی کێشە نێوخۆییەکانی بەم شێوە نەگونجاوە و کودەتا رەفتارە ، بەڵکو بە چاک رەفتارکردنی لە رووی نێوخۆیی و دەرەکیەوە ، قازانجی لێ بکات ، بەڵام پاش ئەو هەموو گرتن و ونکردنەی خەڵکانی نەیار و ، نواندنی هەمان رەفتار و کردەوەکانی لەم کاتەدا ، رەفتاری سەرجەم کودەتاچیە سەرکەوتوەکانی پێشتر دێنێتە بەرچاو جیهان ، کە لە پاش کودەتا سەرکەوتووەکانی پێشودا هەمان رەفتاری ئەردۆگانی ئەمرۆیان دەنواند ، واتە بەم کردەوانە ئەردۆگان خۆی خستە نێو کودەتاچیەکانی مێژووی تورکیاوە ، نەک وەک کودەتالێکراوێکی رزگار بووی سەرکەوتوو تەماشا بکرێت ، کە دەیتوانی بە بیرێکی فراوان و لە خۆبوردویی ، ولاتەکەی بگەیەنێتە قەراغی ئاسایش و سەقامگیری ، کەچی ئەمرۆ کودەتا لێکراو رێگەی کودەتاچی دەگرێتە بەر .
گرتنی جەنەراڵ و پلەو پایە بەرزەکانی سوپا لەسەر بنەمای پاک کردنەوەی لە نەیارانی ، یان ئەوەی بۆنی هەر لایەنێکی تری لێ بێت نەک پەیوەندیان بە کودەتاکەوە هەبێت و ، لەهەمان کاتدا گرتنی نزیکەی سێ هەزار دادوەر کە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیان بە کودەتاوە نەبێت ، بەڵگەی بیری کودەتاچیانەی ئەردۆگانە .
تۆمەتبارکردنی نەیار و وڵاتانی تر و ، سیاسەتی کۆنە قین لەگَەڵ ئۆپۆزسیۆن و بە تایبەتی کورد ، سەرەرای هەڵوێست و سیاسەتی دیموکراتیانە و پێشکەوتنخوازانە و عاقڵانەیان لە مەر کودەتاکە ، چیی لێ دەچنێت ؟
بۆیە ؛ لەم رەفتارانەی ئۆردوگان ئەم دەرئەنجامانە دەخوێنینەوە :
1 – پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بە تایبەتی ئەمریکادا ، شێوەیەکی تر وەردەگرێت و لە هیچ روویەکیەوە قازانجی بۆی نابێت ، هەر بۆیە تەگەرەی گەورە دەکەوێتە پێش ئامانجە نزیک و دوورمەوداکانی و نیشانە شەخسیە تەسکبینیەکانی بە ئاسانی ناپێکێت .
2 –  چوار ئامانجەکەی ئەردوگان ؛

A – پاک کردنەوەی سوپا بە تایبەتی پلە باڵاکان لە نەیارانی

B – نەهێشتنی رەوتی گولەنیەکان ( خزمەت) لە وڵاتەکەی

C – گۆڕینی دەستوری وڵاتەکەی بۆ سیستمی سەرۆکایەتی

D – توندکردنی پێگەی خۆی لە نێو حزبە ئۆپۆزسیۆنەکاندا، بە ئاسانی بۆی ناچێتە سەر ، دوای ئەم رێگە هەڵەیەی لە پاش کودەتاکە گرتیە بەر .
3 – لە پەیوەندیەکانی دەرەوەدا و بە نەخوێندنەوەی سەردەمەکە وەک خۆی و پێویستیەکانی لە بواری دیموکراسی و ئازادیدا ، وا دیارە لە دەرئەنجامدا لاتەریکی زیاتر بۆ خۆی بێنێتە ئاراوە و ئەمەش دەردانی نێوخۆیی گەورەی لێ بکەوێتەوە .
4 – هەر لە ئێستاوە شێوە قەیرانێکی قوڵ لەگەڵ یەکێتی ئۆرپا دەرکەوتووە ، جگە لە ئەمریکا و تۆمەتبارکردنی، شتی گەورەی لێ دەردەکەوێت و ، ناتوانێت روسیا وەک ئەڵتەرناتیڤ بەکاربێنێت ، تا ئەو رۆژەی ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ بێت . ئەگەر باسی قەیرانە ناوچەییەکانی لەگەڵ سوریا و عیراق و ئێران و روسیا و ئەرمینیا نەکەین .
5 – لە دەرئەنجامی دەردان و دەرهاویشتەی زۆری کودەتاکە و ئەوەی لە پێشتر هەبوو، قەیرانی ئابووری توندتر دەبێت و بواری گەشتیاری کە بربرەی پشتی ئابووری وڵاتە کزبونەوەی گەورە بە خۆیەوە دەبینێت و ، بەو پێیەش ئەردوگان توشی قەیرانی گەورەتری نێوخۆیی دەبێتەوە .
بۆیە ، سەرەرای ئەوەی کودەتاکە شکستی هێنا ، بەڵام قەیرانە نێوخۆییەکانی تورکیا روو لە قوڵبونەوەی زیاتر دەبێت .