عیماد عەلی : چپەیەک بە گوێی برادەرێکدا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

با شتێکت بۆ بڵێم ؛ تا دوێنی باسی مێژووی خۆت و ئەوانەی نزیکت دەکرد و تەنانەت دەتوت : ئێمە یەکبوین و بەیەکەوە قوربانیمان داوە و بەرپرسیارێتی گەورەی میلەتەکەمان لەسەر شان هەڵگرتووە و ناکۆکیەکانی مێژوو کاریگەری نابێت لەسەرمان سەرەرای تەنگوچەڵەمەو ناکۆکی ، خێرە ئەمرۆ بە کردەیی نەتسەلماند تۆش خۆبەخش و لەخۆبوردوو بیت و تەنها بەخۆفیداکاری رێگەی رزگاری میلەتەکەت ئاوەڵا بکەیت ، ئەی بۆ چی ئەمرۆ ئەو بەڵێنی وەفایەی بەباوباپیرانت دابوو نەسەلماند ، بە هەوڵدان بۆ تموحی شەخسی شتێکی گەورەت لەدەست داو مەجدێکی مێژوییت لەکیس چوو . لەو رۆژەوە تۆ دەناسم و بۆ ماوەیەکی زۆرە باسی بیروباوەر و فکر و فەلسەفەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و کەلتور و دابو نەریتی گەلەکەت دەکەیت و داوای پاراستنی تایبەتمەندی میلەتەکەت دەکەیت ، دەپرسم لەوبارەوە ئیستێک بکە بزانە سیاسەتەکانت راستن ؟
ئا با شتێکی باشت بۆ بڵێم : تۆیەک کە دەتوانی شتی گەورەتر بکەیت نەک لەبەر ژیری و عەقڵمەندیی رەفتار و سیاسەتەکانت بەڵکو لەبەر ئەوەی ئاستی روشنبیری و رای گشتی و بۆچونی رێژەیەکی باشی میلەتەکە لەگەڵ ئەو جۆرە ئیدیعایانەدایە کە تۆ بۆ مەبەستی تەسکتر و بەناوی بەرژەوەندی باڵاوە دەیکەیت ، ئەگەر بە رێگەیەکی راستتردا برۆیت دەتوانی بەو رێز و پێگەی خۆتەوە هەتا هەتایە لە مێژوودا ناوی خۆت تۆمار بکەیت .
تازە زۆر شتت لەدەستی خۆتدا نەهێشتەوە و مللمانێی حزبی زۆر هەڵەی پێ کردیت و خۆت نەگەیاندە پێگەی مەرجەعیەت و گەورەیی نەتەوەیی و نیشتمانی و ، هەلی باشت بۆ خۆت و میلەتەکەت لەدەست چوو . ئێستا دەپرسیت بەبەریەوە ماوە یان نا ؟
با پێت بڵێم : بەڵێ کاکی کاکان ئەگەر نیەتت باش بێت و رێگەت راست کەیتەوە تا ئەمرۆش هەلێکی تێدا ماوە و لە ئاسۆدا شتی باش دەبینرێت . وەرەوە برام بۆ رێگە راستەکە ؛ گۆراِنێکی ریشەیی لەخۆتەوە دەست پێ بکە با لەگەڵ سەردەمەکەدا بگونجێیت ، دڵسافی و دڵپاکی خۆت بسەلمێنە بۆ تەنانەت نەیارانیشت ، شتی لابەلای بچوکی سیاسی بخەرە لاوە و باری ناوخۆ رێک بکەرەوە . ئەگەر دەپرسی بە تۆ دەکرێت یان بە دەستی تۆوە ماوە ، دەڵێم بەرێژەیەکی گەورە لە دەسەڵاتی تۆدایە ، بەڵام بەخۆت گیرۆدەی دەستی دەوروبەرت کردووە و دەتوانیت لێی دەرچیت ، ئەگەر ستراتیجیەتێکی تازە بگریتە بەر .
ئاها وەرە کاکم دەتوانم بڵێم گەورەبە ، بەڵێ بە خۆداچونەوە و گۆڕانی خودی و قازانج بەخش بۆ میلەتەکەت گەوەر دەبیت ، خۆت لە وابەستەیی بێنەدەر و بە جەماوەربون و خۆشەویستی میلەت خۆت لە هەموو کێشە و تەگەرەیەک رزگار دەکەیت و خۆشەویستی میلەت لە بەرەبستەکان رزگارت دەکات ، بەڵێ گەر بتەوێت دەتوانیت بە چەند هەنگاوێک مەجدی هەمیشەیی بۆ خۆت تۆمار بکەیت ، تەنها لە خودویستی و حزبایەتی تەسک و خۆ بەستنەوە بە پێداویستیە حزبیەکان و بەخۆداهەڵدان و خۆ بەحەق زان و مامەڵەی ئاغا و رەعیەت دوور بکەوەروە ، هیچ تری ناوێت، لەوبیرەوە هەنگاوەکانت راست دەبن و بەڵکو هەنگاوە گونجاوە گشتیەکان خۆیان مەیسەر دەبن بۆ جەنابت، کاکی کاکان . ئەگەر دەپرسیت لەم بارودۆخە ئاڵۆز و تێکچرژانەدا ئەمەم پێ دەکرێت ، دەڵێم ؛ بەڵێ زۆر ئاسانیش دەبێت و بە خۆت و میلەتەکەش سودبەخش دەبن و پرسەکەش بەرەو چارەسەری دەچێت و تەنانەت لەو ریگەیەوە مێژوو بۆ خۆت دروست دەکەیت ، دەی بیری لێ بکەرەوە و وا وەرەوە، چاوەروانین .