عوسمان عومەر : نامەوێ منالەکەم فێرى دزى بکەم ، کە هێشتا لەناو سکى دایکى دایە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بابەتەکەم بە دوو چەمک دەست پێ دەکات …. چیرۆک و رۆمان جۆریکن لەجۆرەکانى ئەدەب و هیچ کامیان وەک شیعر پێوێستى بە قافیە و کێش نییە ، بەلکو پشت بە خەیال و ئاسۆ فراوانى ئەو کەسەوە هەیە کە دەینوسێ . چیرۆک دوو جۆرە کورت و درێژ بەلام رۆمان دوورودریژە ….

چەمکى دووەم پەروەردەیە کە بەراى بەندە دیاردە کۆمەلایەتیەکانى ناو کۆمەلگایە , کە کۆمەڵگا بوونى هەبوو پەروەردەش پێویستە بونى هەبێ ئایا پەروەردە هەر تەنها ئەرک وکارى مامۆستایانە یا خێزانە یا کۆمەڵگایە ؟ دابونەریتە کۆمەلایەتیەکان لەگەڵ گەشەکردنى مرۆڤ فێرى دەبێت , پەروەردە رۆلێکى گرنگ و ترسناکى هەیە لە ژیانى گەلاندا و ئامێرێکە بە دەست کۆمەڵگاوە تا پارێزگارى بنەما سەرەکیەکان و پارێزگارى لە شێوازى ژیانى کۆمەلگا بکات , ئەو ئامێرەشە هاوولاتیانى باش و خراپ دەدۆزێتەوە کەواتە پەروەردە کارێکى مرۆڤانەیە رەگەزەکانیشى هەر خوێندکار نیە ، بەلکو تاکەکانى ناو کۆمەڵگایە بۆ ئەوەى کۆمەڵگایەکى تەندروستمان هەبێ پێویستە پەروەردەیەکى باشمان هەبێ , کۆمەڵگایەک بێ دوور لە درۆ دوور لەدزى و راهینانى لەسەر دلسۆزى بۆ خاک بۆ وولات بۆ کارەکەى یا هەر بوارێکى ترى ژیان .. زۆر کەسیش پەروەردەو فێرکردن تێکەڵ بەیەک دەکەن بەراى بەندە دوو شتى پێکەوە گرێ دراون و دوو شتى لێک جیاوازن بۆیەش ئەوە دەڵیم ، چونکە پەروەردە کردارێکە بۆ تاکە کەسیک نییە بەڵکۆ هەلس و کەوتە لەگەڵ کۆمەڵگا و زانیارى و بەهرەو تواناو بیروباوەرو , هەستکردن بەبەرپرسیاریەتى و زمانى کۆمەلى فێردەکات و لەنەوەیەکەوە دەگوازارێتەوە بۆ نەوەیەکى تر و لە هەر نەوەیەکى نوێش گەشەکردنى بەسەردا دێت و شتى ترى دەچێتە سەر چ لە رووى پەیوەندى کۆمەلایەتى و چەمکە نوێیەکانى پەروەردە و پەروەردەش کردارێکى چالاک و زیندووە و پێویستیەکە لە پێویستیەکانى کۆمەڵگا …. بەهۆى ئەوەى هەر لەسەرەتاوە کۆمەلگاى کوردەوارى بەهۆى لکاندنى کوردستان بە عیراقى عەرەبى خاوەنى پەروەردەیەکى سەربەخۆ نەبوین و تا رادەیەک کاریگەرى هەندێ شت بەسەر کۆمەڵگاکەمانەوە هەبووە رژێمە یەک لەدوا یەکەکانى عیراق ئەوەندە گرنگییان بە بوارى پەروەردە نەداوە ، زیاتر بوارى فێرکردن بووە . زۆرجاریش ئەوکات فێرکردن بەکوتەک و لێدان بووە تاشتێ لەبەر بکات و فێرببێ ، گرنگى نەدراوە بۆ نمونە گرنگى دان بە ژینگەى شار , گەرەک , تەنها گرنگیەکە بە ژینگەى قوتابخانە دراوە .. پابەند بوون بە یاساو رێساکانى هاتوچوو پەرینەوە … پابەند بوون بە دەستگرتن بە ئاو و کارەباوە کە دوو فاکتەرى گرنگى ژیانى رۆژانەى خەڵکە … گرنگى دان بەیاساکان … گرنگى دان بە شیوازى گفتوگۆو چۆنیەتى وەڵامدانەوە .. گیانى لێبوردەیی و ….. هتد ، تا ئەم سالانەى دوایی گرنگى بە هەندێ لەو لایەنانە نەدرا گەر ئەو لایەنە پەروەردەییانە لەسەرەتاوە فێرى مناڵى بکەیت بیگومان کەسێکى تەندروست و راستگۆ و نەترس و بوێر دەردەچێ لە ئیستادا پێویستمان بە ڕینمایی و هەندێ یاسا نەدەبوو چونکە کەسەکان خۆیان هەستى بەر پرسیاریەتیان لا دروست دەبوو ئەو هەموو ڕاوە رێویەم بۆ ئەم چیرۆکە راستەقینەیەى خوارەوە بوو .

شۆفێری ئۆتۆمبێلیکى بارهەڵگر لە یەکێ لەو وولاتانە هاوسەرەکەى سکى پڕە بە بەیەکەم مناڵ و بێزوو دەکاو داواى لێ دەکات قەیسى و هەلوژەى بۆ بهێنێتەوە کە گەرایەوە ماڵەوە , بەڕیکەوت کابراى شۆفێر بەخۆیی و ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەکەى بە شوێنێک دا تێدەپەرێت ناوچە رەزو باخە . ئۆتۆمبیلەکەى ڕادەگرێ و بە قەدەرایی 2 تا 3 کیلۆ لە هەریەکەیان لێ دەکاتەوەئەوەى دڵى هاوسەرەکەى خواستویەتى بێ ئەوەى خاوەن باخەکە لەوێ بێت واتە بێ پرس و بە دزییەوە لێ دەکاتەوە .. لەکاتى ڕۆیشتن دا لەسەر پارچە کاغەزێک بۆ کابراى جوتیار دەنوسێ ( بمبورە بێ ئامادەبونى بەڕێزتان دەستم بۆ میوەى باخەکەت برد و لێم کردنەوە چونکە هاوسەرەکەم حەزى لیکردون و بێزویان پێوە دەکات داواى ئەو دوو جۆر میوەیەى کردووە لە شوێنى تر دەستم نەکەوت .. نرخەکەى بایی 5 دۆلارە وا لەگەل کاغەزەکە بۆم داناویت بم بورە مەبەستم دزى کردن نەبووبەلکو مەبەستم ئەوەبوو هێشتا مناڵەکەم لە سکى دایکى دایە نامەوێ فێرى حەرام خواردن و دزى بکەم ….) رۆژى دواتر باخەوان دێت و سەیرى ئەو کاغەزەو پارەکەو ئەوەى تێیدا نوسراوە دەخوێنێتەوەو دەبینێ سەرى لەوکارە سوڕدەمێنێ .. کابراى شۆفێریش هەر لەهەوڵى ئەوەدا دەبێ خاوەن باخەکە ببێنێ .. یەکتر دەبینن و جارێکى تر داواى لێبوردن لەکابراى باخەوان دەکات .. کابراى باخەوان پێى دەلێت من دەمزانى دزیم لێ دەکرێت لە باخەکەم بەلام هیچ کەسێک وەک تۆ سەرڕاست نەبووە و بۆئەوەى ببتە پاڵەوانى ئەم چیرۆکە نوسینەکەت و پارەکە لە چوارچێوەیەکى جوان دەگرم و بە پیشى باخەکەمەوە هەڵى دەواسم تا ببێتە مێژوویەک … با کابراى باخەوان بانگهێشت بکەینە لاى خۆمان و چاوپێکەوتنى لەگەڵ ساز بدەین و باسى دزى وگەندەڵى ئەم ووڵاتە ئازیزەى خۆمانى بۆ بکەین بزانین بۆ مێژوو چیمان پێ دەلێ و چیمان بۆ هەلدەواسێ لە دەروازە سنوریەکانمان ..
کەواتە لە ئەنجامدا دەگەینە ئەوەى پیویستمان بە پەردوەردەیەکى باشو تەندروست هەیە تا خیانەت نەکەین تا خۆفرۆش نەبین بەرامبەر گەلەکەمان و دزى لێنەکەین و سامانە سروشتیەکانى بپارێزین و بە تاڵان نەیفرۆشین بە دوژمنەکەمان و بیر لە لێبوردەیی و گوێگرتن لە یەکتر نەک دوژمن بکەینەوە بیر لەدەستگرتن بەکورسى دەسەلاتەوە نەگرین وقاچى براکەمان بۆ دوژمن نەبڕینەوە .. بیر لە بەرژەوەندى کۆمەڵگاو گەلەکەمان بکەینەوە نەک بەرژەوەندی کەسى خۆمان وبیر لە پەتپەتێن نەکەینەوە .. کە پەروەردەت تەندروست بوو ئەوا تاکەکانى کۆمەڵگا بە حاکم و رەعیەتەوە تەندروست دەبن کە باخمان هەبوو دزیمان لێکرا پێمان دەڵێن و پاشەکەوتى موچەشمان نادزرێ دەگەڕیتەوە گیرفانمان .