Ako-Ibrahim

ئاکۆ برایم : بۆ پارتى عادەتەو بۆ ئەوانى تر عیبرەتە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەسیاسەتدا دۆستایەتى و دوژمنایەتى تاسەر نى یە ، ئەوەى کەزیاتر نزیکبوونەوە لێکترازان و ناکۆکى دەخاتەوە ، بەرژەوەندییە ، هەرلەسەر ئەو بنەماو قازانجە چى پارت و ریکخراوى سیاسى یە، سیاسەتى خۆى پیادەدەکات ،، ساڵانى نەوەدەکان یەکێتى وپارتى لەشەڕێکى ناوخۆى قورسدا بوون ، کار گەیشتە ئەوەى کەپارتى دیموکرات بۆ رزگاربون لە تیاچوون پەنابەرێتە بەر سوپاى تورکیا و رژێمى سەدام و 31 ئاب بخوڵقێنێ ، کەچى پاشتر نێوانى هەردوولا ئاسایى بوویەوە ، پەیوەندییەکان زۆر بەرەو پێش چوو تەنانەت رێکەوتنامەى ستراتیژیشیان واژوو کرد .
لەوسۆنگەیەوە گەربڕوانینە رێکەوتنى نێوان گۆڕان و یەکێتى ، بۆپارتى بۆتە مۆتەکەو کارێکى قورس و هەرس نەکراو ، کەزیاد لەقەبارەى خۆى گەورەیان کردووە ، وەها گریمانە دەکات کە ئەو رێکەوتنە لەدژى ئەوانە و ، بۆ لەناوبردنیانە ، کەلەراستیدا هاوشێوەى رێکەوتنى ستراتیژی یەکەیە، بۆ هەردوولاش حەڵاڵە ، ئیدى تێناگەم بۆچى ولەبەرچى پارتى وەها سەغڵەت و تەنگەتاو بووە سەرى دونیاى لێهاتۆتەوە یەک ؟، سەرى زمان وبنى زمانیان ، بە ئەندامانى مەکتەب سیاسى و سەرکردایەتى و تەواوى راگەیاندنەکانیان باس هەر ئەوباسەیەو، پێیان وایە کە بەو رێکەوتنە ئیدى دونیا ژێراو ژوور ئەبێت ، بەدەر لەوەش ئەوەى کەزیاتر پارتى سەغڵەت وتەنگەتاو کردووە ، سەردانى ئەم دواییەى مالیکى یە بۆ شارى سلێمانى و، دیدار و چاوپێکەوتنەکانێتى لەگەڵ گۆڕان و یەکێتى ، کە ئەوەش بۆخۆى بۆتە گرفتێکى دیکەى پارتى و هێندەى دیکە سەغڵەت و تەنگەتاوى کردووە .
من تێناگەم بۆچ دەبێت پارتى بە هەڵە بیر بکاتەوە ؟ بۆچ دەبێت هەموو لێک نزیکبوون رێکەوتنى لایەنەکان لەدەرەوەى پارتى خیانەت و گوماناوى بێت ؟، کەچى بۆخۆى ئاسایى و حەڵالە و بە دەستکەوت سەفرازى ئەژمارى دەکات . لەسەرێک کاک نێچیر دەڵێت گەر مالیکى نیەتى پاک بوایە ، ئەوبوایە سەردانى هەولێرشى بکردایە ، کە ئەوە بۆخۆى دونیایەک قسە هەڵدەگرێت ،. سەرەتا وەک هەموو دەزانین مالیکى هیچ پۆستێکى حکومى نییە و ، سەردانەکەى لەچوارچێوەى حزبدا بووە ، بۆ پتەوکردن و هاوکارى و هەماهەنگى نێوان هەردولا بووە ، ئیدى چ پێویست ئەکات سەردانى هەولێر بکات ، لەکاتێکدا نێوانى پارتى و حزبى دەعوە لەوپەرى خراپیدایە .. بەدەر لەوەش وەک هەموو دەبینین رۆژانە دەیان کەسایەتى و پارت و بەرپرسى وڵاتان سەردانى هەولێر دەکەن ، کەبەشى زۆریشیان نێوانیان لەگەڵ یەکێتى وگۆڕانیشدا خۆش و پتەوە ، بەڵام نایەن بۆ سلێمانى وشارەکانى دیکە ، هیچ لایەکیش قسەناکات و بەشتێکى سادە وئاسایى دەزانن . لەوەش زیاتر تا ماوەى پێش رێکەوتنى نێوان یەکێتى و گۆڕان ، بەئێستاشەوە ،چ سەرۆکى حکومەت ، چ سەرۆکى هەرێم بەکەیفى خۆیان سەردانى وڵاتان دەکەن سەرلەبەرى شاندەکەیان ئەندامانى پارتى یە ، بۆسوێندیش یەک کەسى لایەنى ترى تێدا نى یە ، رێکەوتن و پرۆتۆکۆل ئیمزادەکەن ، یەک پرسیش بەکەس ناکەن ، تەنانەت ناوەرۆکى رێکەوتن و سەردانەکەش بۆ کەس باس ناکەن . کەچى بۆ خۆیان زۆر رەوایە و رێگە پێدراوە .بۆ لایەنەکانى دیکەش هاوپەیمانى و لێک نزیکبوونەوە عەیب و نەنگى یە.
لەبرى ئەوەى ئەو مافەش بدەن بەیەکێتى و گۆڕان بۆ رێکەوتن و لێک نزیکبوونەوە لە حزبى دەعوە ، یان هەر حزبێکى تر ، کەچى لەرێى راگەیاندنەکانیانەوە ،، ئەوە بەگوێى خەڵکى سلێمانیدا دەدەن ، کە ئەبوایە خەڵک مالیکى یان بەردباران بکردایە ، بەقسەى ئەوان شارى سلێمانى بۆتە شارى خیانەت ، بۆتە شارى ..، کە ئەمە قسەى خەڵکى عامەکە نى یە ، بەڵکو قسەى راگەیاندنکار و مامۆستایانى زانکۆیانە . سەربارى ئەوانەش ، هەرکاتێک شاندێکى ئێرانى دێتە هەرێم ، یان شاندێکى ئەمان دەچنە ئێران ، بەبێ هیچ خوێندنەوە و لێکدانەوەیەک یەکەو راست مۆرى خیانەت و ناپاکى ئەدەن لە تەویلى یەکێتى و ، بەوە تۆمەتبارى ئەکەن کە بۆ پیلان و نانەوەى پشێوییە ، کەچى لەولاوە زیاد لە 17 بنکە و سەربازگەى ئاشکراى جەندرمە و سوپاى تورک لەناو خاکى هەرێم و ، ژێر دەستى پارتیدا تەراتێن دەکەن ، سەدان دەزگاى میت و سیخوڕى لەناو هەولێر و دهۆکدان بۆ وان شتێکى سروشتى و رەواو رێگە پێدراوە ، بەوەشەوە ناوەستن شانازى بەوەوە دەکەن و بەسەرکەوتن و دەستکەوتى دەزانن وەک خۆیان باسیدەکەن ، لەکاتى هەوڵى کودەتاکەى تورکیادا ، چەکدارانى پارتى چوون بەهاناى ئەردۆگان و رزگاریان کردوە . ئەگەر ئەوە یەکێتى یان هەر لایەنێکى دیکە شتى واى باسبکردایە ، کارێکیان پێدەکرد لەرووى نەئەهات سەر بەرزکاتەوە ، سەیرەکەى ئەوەیە لەلاوە کوردەى هەش بەسەرى خۆت ، لێقەوماوانى دەستى تورکیا وئەردۆگان ماڵ و حاڵیان خاپوور بووە ، بەدەیان و سەدان کەسیان لێکوژراوە ،. یەکەم تاوانکار و پیاوکوژى دەیان کۆمەڵکوژى رۆبۆسکى و کۆمەڵکوژیەکانى ئامەد و شیرناخ و دەێرسیم ئەردۆگانە ، کەچى تۆ بچیت لە مەرگ و نعرۆ بوون قوتارى بکەیت ، بۆ ئەوەى زیاتر کورد بکوژێت ، فرۆکەى زیاتر بنێرێتە سەر قەندیل و بادینان هەرچى وڵاتە بیکاتە وێرانە . ئەوکارە یکەیت بەشانازى و چالاکى ، بەراستى سیاسەتێکى زۆر هەڵەو ساویلکانەیە ، بەدەستى خۆت دوژمنت مار لەئاگر رزگرا بکەیت بۆ ئەوەى پێتەوە بدات !
میللەت و لایەنگرانى هەموو پارتەکان ، خەڵکانى دیکەش ، لەسیاسەت وقەیرانەکانى کوردستان ، کەسەرچاوەکەى هەولێر وکورسیەکەى سەرۆکە ، بێزابوون ، ژیانیان لێ تاڵ بووە ، تەنانەت بەشى زۆرى حزبەکانى ژێردەسەڵاتى پارتیش ئەوەیان بۆروون بۆتەوە ، کەپارتى تەنها و تەنها بۆ خاترى مانەوەى خۆى لەدەسەڵات و ، یەکەمى بێ رکابەرئەوەدەکات ، بۆیە تا ئێستا چەندین جار سەرۆکى هەرێم داواى لەلایەنەکان کردوە کە بۆ پرسى ریفراندۆم و چى و چى کۆبونەوە ساز بکەن ، بەڵام یەک حزبیش وەڵامى نەداوەتەوەنە چووە بەدەنگییەوە ، ئەوە بۆخۆى جێگەى پرسیارە و هەقە سەرۆکى هەرێم وپارتى هەڵوەستەى لەسەر بکەن بەدواى هۆکارەکەیدا بچن ، کە زۆر زۆر روون وئاشکرایە . سەیرە و زۆریش مایەى تێڕامانە .
بۆچ دەبێت میللەت باجى هەڵەو چەوتى سیاسەتى لایەنێک بدات ، کە لەسەرەتاوە تاکۆتایى بەزیان بەسەریدا دەشکێتەوە ؟ . تاکەى سیاسەتى سک هەڵگوشین ؟ تاکەى قبوڵکردنى گیرفان بەتاڵى و بێ خوانى ؟، میللەت بێزابووە ، ئارامى لێ هەڵگیراوە، لەوڵاتێکدا دەژى کە پڕ لەخێرو بێرە ، کەچى هەمیشە سکبرسى و گیرفان خاڵییە ، لەولاشەوە کوڕانى بەرپرسان بۆ ژەمە نانێکى بەیانى دەچنە تورکیا و لوبنان ، یەک قات چاکەت و پانتۆڵى کاک نێچیر ، یەک ئوتومبیلى درعى کورانى کاک مەسعود بەئەندازەى مووچەى مانگێکى دەیان هەزار بێوەژن و کەم ئەندامە .  جابۆیە زۆر بەراشکاوى ئەیلێم ناهەقیان ناگرم بەخۆشمەوە کە چاوەڕوان وئومێدیان لەمالیکى و کەسانى دیکە بێت،چونکە هێندە درۆتان عەرزکردون ، هێندە میللەتتان رەتاندۆتەو،، هێندە چەواشەتان کردون ، هێندە رقیان ئەستور بووە بەرامبەرتان .کە ئێوە هێندە بێخەم بوون خەڵکتان پشتگوێ خستوە ، ئێوە لەعەرشى عەزیمن و میللەتیش لەچاڵى لەعنەتا ، بۆیە هەقى خۆیەتى کە بۆ رزگاربوون لەو قەیرانە ، بۆ بەربەردا هاتنەوەى ئاهێک ، پەنا ببەینە بەر هەرکەسێک کە بیەوێت تۆزقاڵێک ژیانمان باشتر بکات . تروسکایەک ئومێدمان پێ ببەخشێت ، گەر قەیرانەکان هەروابن و قوڵتربنەوە ـ پارتى وەک کارت و فشارى سیاسى لەدژى نەیارانى بەکارى بهێنێت ، بخوازێت میللەت پرسى وهەژار بکات ، بەدوورى مەزانن کە ئەمجارە لەگەڵ هاتنى مالیکى ، یان هەر کەسێکى دیکە کە موژدەى باشترکردنى ژیانیان پێبدات و ، هیواى ئەوەیان پێ ببەخشێت کەلە تەنگژەو تاک رەوى رزگاریان ئەکات خەڵک بە چەپڵەو شایى و لۆغان پێشوازیان لێ بکەن . من وەکو خۆم بەرەواى دەزانم کە لەپێناوى گێرانەوەى خەندە وبزە بۆسەرلێوى مناڵێک ، لەپێناوى تێرکردنى سکى برسیەک ، ئامادەم پێشوازى و خزمەتکارى شەیتانیش بکەم . جا بەتاوانبار بەخیانەتکار بەچیم ئەزانن کەیفى خۆتانە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت