زمناکۆ ئیسماعیل : بۆ دکتۆر عەلی قەرەداغی ، پەیامبەرەکەی جەنابی سوڵتان .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەرلەوەی سەربکێشین بۆ نێوەڕۆکی ئەم گوتارەم ، راسپاردەیەکم هەیە بۆ بەرێزتان ، بەهیوام راسپاردەکەم وەک خۆی جێبەجێ بکەیت ، لەم گوتارەدا بێجگەلەوەی چەند پرسیارێکم بۆ تۆ وەک زانایەکی ئاینی هەیە ، لەهەمانکاتدا چەند پرسیارێکیشم بۆ سوڵتان ئەردۆگانیش وەک دەسەڵاتدار و کەسێکی نزیک لەتۆ خستۆتەڕوو ، بەهیوام لەزاری تۆوە ئەو چەند پرسیارەم بە سوڵتان بگات ، ئەگەر بتوانن ئەو چەند ووشەیەم بدەن بە گوێی سوڵتان ئەردۆگاندا، ئەوکات بە قەولە دینییەکەی ( افضل الجهاد ) ت کردوە ، ئەی لەحەدیثدا پێغەمبەری ئیسلام نافەرموێت ( افضل الجهاد کلمة حق عند سلطان جائر ) ؟! باشترین جیهاد ووتنی ووشەی راستیە بەراوبەر بەسوڵتانی ستەمکار ، کەواتە ئەو جیهادە لەدەست خۆتمەدەو ئەو ئەمانەتیەم بگەیەنە بەسوڵتان ئەردۆگانی ستەمکار .

تۆ وەک زانایەکی ئاینی ئەگەر حەزت لەسیاسەتکردنە ، تێکەڵ بەچینی هەژاربەو پشت لەگەلەکەت مەکە، ئەگەر ناتوانیت ببیت بەشۆڕشگێڕو رابەرایەتی شۆڕش بکەیت وەک شێخ عەبدوڵڵای نەهری و شێخ مەحمودو شێخ سەعیدی پیران و قازی ، ئەوا دژایەتی شۆڕش مەکە، ئەگەر بەووشەیەکیش بێت ، یاخود ئەگەر ناتوانیت وەک پێشنوێژی مزگەوتی زەهاو مەلا ( نادر عەلی ) بیت ، کە هەمیشە لەنێو خۆپیشاندەرو چینی داخوازیکاری نێو شەقامدا دەبینرێت لەسلێمانی، هیچ نەبێت وەک ئایەتوڵڵا ( سیستانی ) بە ، کەفەتوای حەرامبونی خوێنی کوردیداوە بەدەستی شیعەکان ، واتە دەرگایەکی ماڵوێرانبونی داخستوەو هەزار دەرگای خێری بەسەر کوردو شیعەدا کردۆتەوە ، ئەگەر ئیشی تۆ ریگری نەبێت لەماڵوێرانکردنی گەلەکەت ، ئیدی ئیشی ئێوە چییە ؟! تۆ لەسەرەتای شەڕی تورک بەراوبەر بەکورد هەوڵی ئاشتەوایت نەدا ، کە خوێنی هەزاران کورد بەناهەق رژا ، ئێستا کورد تۆی بۆ چییە کە هەوڵی ئاشتەوایی خۆت بخەیتەگەڕ؟! سوڵتان ئەردۆگان بەناوی دینەوە خوێنی کوردی لەباکور رشت ، ئەرێ کورد موسڵمان نیە ؟! ئەگەر موسڵمانە بۆ بەناوی دینی ئیسلامەوە لەلایەن دۆستەکانتان ماڵی ووێران دەکرێت ؟! ئەی تۆ وەک زانایەکی ئاینی بۆ هەوڵی وەستاندنی ئەو ماڵووێرانیەت نەدا کە بەناوی دینەوە بەسەر کورددا دەسەپێنرێت؟! بەڕاست هیچ کات لەخۆتت پرسیوە کورد لە چ ئاستێکی موسڵمان بوندایە ؟! ئەی لەخۆتت پرسیوە کوردبون پێش دینە یان دین پێش کوردبونە؟! ئەگەر دین پێش کوردبونە ، دەبێت لە کوێ خەلافەت راگەیەنراو دەوڵەتی ئیسلامی دروستبو ، تۆ لەوێ بیت و پشت لەنەتەوەکەت بکەیت ، بەڵام ئەگەر کوردبون پێش دین بێت ، دەبێت ( لکم دینکم ولی دین ) هەڵبژێریت و گوێ بەدینەکانی دیکەی نێو کوردستان نەدەیت ، ئەوکات هەڵوێستەکانت نیشتیمان پەروەرانە دەبێت ، یاخود هیچ نەبێت دژە نەتەوەکەت نابێت و لەبەرژەوەندی پان ئیسلامیزمی تورکی لێدوان نادەیت .
تۆ زانایەکی ئاینیت ، بۆ ئەوەی گومانەکان بڕەوێنیتەوەو یەقینت هەبێت ، دەبێت پرسیار لەلات دروست ببێت ، هیچ کات پرسیوتە ئەردۆگان موسڵمانە یان گومڕایە؟! ئەی گومانت لەموسڵمان بونی ئەردۆگان بۆ دروست نەبوە ؟! ئەگەر موسڵمانە بۆ کورد دەکوژێت ؟! من دەمەوێت لە زاری جەنابتەوە ئەوە ببیستم و بزانم، هیچ کات لە ئەردۆگانت پرسیوە چۆن لەکورد دەڕوانێت ؟! ئەو کوردی باکور وەک موسڵمان دەبینێت یان وەک لادەر لەدین ؟! ئەگەر موسڵمانن بە چ پاساوێک لەناویان دەبات و بە چ فەتوایەک رەشەکوژییان دەکات ؟! ئەگەر سوڵتان موسڵمانە دەبێت حوکمی کوشتن لەقورئاندا بزانێت چییە ، ئەرێ بەراست ئەوە ئایەتی خوای گەورە نییە کە دەفەرموێت ( من قتل نفسا بغیر نفس او فساد فی الارض فکانما قتل الناس جمیعا ومن احیاها فکانما احیا الناس جمیعا ) سورەتی المائدە ئایەتی 32 واتە هەرکەسێک بێتاوانێک بکوژێت ، کەخراپەی نەکردبێت ، وەک ئەوەیە کەگشت خەڵکی سەر زەوی بکوژێت ، هەرکەسێک بێتاوانێک رزگار بکات ، وەک ئەوەیە کە هەمو خەڵکی سەر زەوری رزگار بکات “.
من دڵنیام پرسیاری ئەوەشت نەکردوە ، لەسەر دەستی سوپاکەی ئەردۆگاندا چەند کەس بریندار بون و چەند کەس کەمئەندام بون ؟! یاخود چەند گەنج لەپێناوی بەرگریکردن لەخاک و نەتەوەو نیشتیمانەکەماندا بەناهەق کوژراون ؟!
یان نەتپرسیوە سوپاکەی ئەردۆگان بۆ مزگەوتی کورد دەسوتێنێت ؟! تۆ دەزانیت لەماوەی 6 مانگی رابردودا سوپاکەی سوڵتان لە شارو شارۆچکەکانی ( گەڤەر و جزیرێی بۆتان و ئامەد و فارقین و جولەمێرگ و هەکاری ) 28 مزگەوتیان سوتاندوە ، ئەی خوای گەورە لە سورەتی ( التوبە ) و لە ئایەتی 18 دا نافەرموێت ( انما یعمر مساجد اللە من امن باللە والیوم الاخر واقام الصلاة واتی الزکاة ولم یخش الا اللە فعسی والئیک ان یکونوا من المهتدین ) . واتە هەر ئەوانە بۆیان هەیە مزگەوتەکان ئاوەدان بکەنەوە ، کە باوەڕیان بەخوداو بە رۆژی دوایی هەیە ، نوێژ دەکەن و زەکات ئەدەن ، لەخوا نەبێت لەهیچ شتێکی دیکە ناترسن “. پێچەوانەی ئەو ئایەتەی قورئان ، هەر کەسێک مزگەوت بڕوخێنێت و بیسوتێنێت وەک سوپاکەی ئەردۆگان ، واتە نوێژکەر نین و باوەڕدار نین بە رۆژی دوایی ، کەواتە لەخواش ناترسن ، کەواتە لێرە بەدواوە ئەو تێڕوانینەت لەلا دروست نابێت کە ئەوە سوپاکەی ئەبرەهەیە مزگەوت دەسوتێنێت یان سوپاکەی ئەردۆگانی بەناو موسڵمان ، ئایە کاولکردنی مزگەوت و سوتاندنیان دژ بە قورئان نییە؟!
ئەی سوتاندنی ماڵی هاونیشتیمانیانی کوردو تاڵانکردنیانو زەوتکردنی خاکەکەیان دژ بەئایەتی خوای گەورە نییە ، ئەوە ئایەتی خوای گەورە نییە لە سورەتی المائدە ئایەتی 38 دەفەرموێت ( والسارق والسارقة فاقطعوا ایدیهما جزاء بما کسبا نکالا من اللە واللە عزیز حکیم ) هەرکەسێک دزی بکات ، نێر بێت یان مێ ، جیاوازییان نییە لەسزادانیاندا ، دەبێت هەردو دەستیان ببڕێتەوە ، ئەوەش تەمێ کردنە لەخواوە دەنێردرێت بۆیان ، بەتەنها خوداش خاوەن دەسەڵات و زانایە .
ئەی نەتپرسیوە بەهۆی شەڕەنگێزی سوڵتانەوە ، چەند کچ بێوە ژن بوەو چەند منداڵ هەتیو کەوتوەو چەند دایک یان باوک جەرک سوتاو بوە؟! یاخود نەتپرسیوە سوپاکەی سوڵتان چەند منداڵی هەتیو دەکوژن ؟! جەنابی دکتۆر هیچ ئامارێکت لەلایە لەسەر دەستدرێژی سیکسی لە گرتوخانەکانی تورکیا بۆ سەر کچان و ژنانی کورد ؟! دڵنیام نەخێر، بەتەنها لە ماوەی 6 مانگی شەڕی کورد و تورک نزیک بە 34 کچی کورد لەگرتوخانەکانی تورک دەست درێژی سێکسی کراوەتە سەریان ؟! ئەگەر سوڵتان ئەردۆگان موسڵمانە دەبێت ئایەتی 190 ی لە سورەتی البقرە خوێندبێتەوە کە خوای گەورە لەبەشێکیدا دەفەرموێت ( ولا تعتدوا ان اللە لا یحب المعتدین ) نابێ لەجەنگدا دەستدرێژی بکەن ، خودا لەدەستدرێژی کەران خۆش نابێت . ئەی ئەوە تەعداکردن نەبێت ئاخۆ چی بێت جەنابی پڕۆفیسۆر؟!.
بە هۆکاری ئەوەی ئابوری ناسیت دەبو پرسیاری ئەوەش بکەیت و بزانیت، بەهۆی کوشتوبڕەکانی جەنابی سوڵتان ئەردۆگانەوە زەرەرمەندی ئابوری لەناوچە کوردییەکانی باکوری کوردستان چەندە ؟! دەزانیت لەچەند شارو شارۆچکەیەک گەلی کوردمان لەباکور پێویستیان بەهاوکاری ماددییە بۆ بونیاتنانەوەی ماڵە روخاوەکانیان ؟! ئەی چەند منداڵ بێ شیربون و چەندیان بێ نان و چەندیان بێ خوێندن؟! دڵنیام ئەوەشت زانیوە کە پاش جەنگ نەبونی روو لەمرۆڤەکان دەکات ، ئاخۆ چەند کچ لەنەبونی جەستەی خۆی دەدات بەپارویەک نان ؟! ئەی چەند تازە بێوەژنی کورد جەستەی دەفرۆشێت و سێکس دەکات ؟! ئەی ئەوە بڵاوکردنەوەی تاوانکاری ( فاحیشە) نییە لەسەر زەوی؟! ئەی خوای گەورە نافەرموێت ( ولا تقربوا الزنا انە کان فاحشة وساءسبیلا ) سورەی الاسراء ئایەتی 32 واتە – توخنی داوێن پیسی و زینا مەکەون ، داوێن پیسی بەدرەوشتیەکی زۆر نالەبارە و رێبازێکی ناهەموارە . دەی ئەوە نییە بەهۆی جەنگەوە سوڵتان ئەردۆگان خەلک دەنێرێت بەرەو زینا، هەر ئەویشە خەڵک بەرەو فاحیشە رەوانە دەکات ، کەواتە سوڵتان خودی خۆی داوێن پیسەو بەدرەوشتە ، چونکە هۆکارە بۆ بڵاو بونەوەی ئەو دیاردەیە .
خۆ دڵنیام کە نەشتپرسیوە ، چەند مامۆستای ئاینی هاوپیشەت یان چەند فەقێ و خوێنەری دینی ، لەو باکورەی سەرو نیشتیمان، رقیان لەئیسلام هەڵگرتوەو دور کەوتونەتەوە لەدین ، بەتەنها لەبەر ئەوەی سوڵتان ئەردۆگان بەناوی دینەوە سەرو ماڵ و ژن و منداڵ و نان و خاک و مزگەوت و قورئان و خوێندنگە و کوچە بەکوچە و گوند بەگوندیان لێ زەوت دەکات و داگیر دەکات .
خۆ دڵنیاشم لەوەی رۆژێک لەرۆژان بیرت لەوە نەکردۆتەوە پەیوەندی بە سوڵتان ئەردۆگانەوە بکەیتو لێی بپرسیت ، بۆ ئاگر لەماڵی خەڵک بەرئەدەن، بۆ کچ و کوڕی خەڵک دەکوژن و بۆ مزگەوت دەسوتێنن و بۆ قورئان دەخەنە ژێر پێلەقەی جەندرمەکانتان .
دڵنیام کە نەتپرسیوەو هۆکاری پرسیار نەکردنەکەشت ئەوەیە ، کە تۆ خەون بەهەڵسانەوەی ئیمبراتۆریەتی عوسمانی دەبینیت ، دەتەوێت لەو ئیمبراتۆریەتە ببیت بە موفتی یاخود ببیت بە پەیامبەری سوڵتان ، من رۆژنامەنوسم و سەروکارم لەگەڵ ووشەو ئاماژەو تێڕوانینەکاندا هەیە ، لەپەیامە بڵاوکراوەکەت ئەوەم بەدیکرد کەلە رۆژی جەژندا خستەڕوو ، کە لەسەر شاشەی تی ڤی داوات لە خەڵک دەکرد ، بۆ گەشتوگوزار ڕوو لەسەیرانگاو ناوچە گەشتیارییەکانی تورکیا بکەن ، بەخۆمم گوت ” ئەری بەراست تۆ بڵێی دکتۆر عەلی قەرەداغی نەبوبێت بە وەزیری گەشتوگوزاری دەوڵەتی تورک “.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە تۆ لەپەیامێکدا ، داوای ئاشتی و نێوانگیری دەکەیت لەنێوان دەوڵەتی تورک و شۆڕشگێڕانی پەکەکە ، ئەرێ بەراست زوو نییە بۆ نێوەندگیریکردن ؟!، ئایە سوڵتان بەگوێت دەکات ؟!، نەدەکرا جەنابی دکتۆر سەرەتای دروستبونی ئەو شەڕە نێوەندگیری بکەیت ؟!، یاخود ئەوکات لەبار نەبو بۆ جەنابی سوڵتانو وەک ئێستا باری نەکەوتبوە لێژی ، ئەگەر 6 مانگ لەمەوبەر ئەو نێوەندگیرییەت بکرادایە ، دەبویت بەرزگارکەری خوێنی هەزار و 83 مرۆڤی بێتاوانی کورد ، کەبەدەستی جەلادەکانی تورک کوژراون ، بێجگە لەڕزگارکردنی سەدان جەندرمەی سوپاکەی تورک کە بەدەستی گەریلاکانی پەکەکە کوژراون و ئەوانیش مرۆڤن و خوێنی کوشتنیان ئۆباڵی سوڵتانە ، من رۆژنامەنوسێکی گەڕیدەم و لەڕێگای رۆژنامەنوسەکانی باکوری کوردستانەوە بەردەستم کەوتوە کە هەزار و 83 کەس لە بۆردومانی سوپاکەی سوڵتان ئەردۆگان پاکڕەو ( شەهید ) کراون ، هەر ئەو سوپا نەفرەتییەیان نزیک بە 4 هەزار و 302 کەسی بریندار کردوە، کە تیایدایە دەست یان قاچی پەڕیوەو کەمئەندام بوە ، خۆ هەر ئەو سوپایەش بوە نزیک بە 20 شارو شارۆچکەی بۆردومان کردوە ، ئەو سوپایەش بوە کە نزیک بە 3 هەزار ماڵی کوردی نەدارو نەبوی سوتاندوەو دەستدرێژی سێکسی کردوەو مزگەوت و نەخۆشخانە و خوێندنگەشی سوتاندوە .
تۆ ئەگەر 6 مانگ لەمەوبەر نێوەندگیریت بکردایە یان هەر هیچ نەبوایە فەتوای حەرامکردنی ئەو شەڕەت بدایە و وەک زانایەکی دینی هەڵوێستی خۆتت هەبوایە ، لەسەر جبەجێکردنی ئەحکامە دینییەکانی وەک کوشتن و دزیکردن و زیناکردن و تەعەداکردنی سوپاکەی سوڵتان بەراوبەر بە کورد ، ئێستا تۆ مەرجەعی سونی بویت نەک پەیامگەری سوڵتان .
لەبری ئەوەی بانگەشەی چون بۆ گەشتوگوزاری دەکەیت ، هەڵوێستت بەراوبەر بەدۆزی کورد بنواندایە لەباکوری کوردستان ، ئێستا رابەرو مەرجەعی نەک کورد بویت ، بگرە مەرجەعی سونە دەبویت لەناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوین ، تۆ لەکاتێکدا گەلەکەت لەبرساندا دەمرێت و لەژێر بۆردومانی تۆپ و بۆمبەکانی سوپاکەی سوڵتاندایە ، لەهەوڵی ئەوەدایت بەپارەی گەشتیاری ، ئابوری تورک ببوژێنیتەوە ، بەڵام ئەو بەو پارەیە سوپای پێ بەهێز دەکات و پارەکەش ئەدات بەچەک و بە بۆمبو بەسەر جەستەی خەڵکی بێتاواندا دەیبارینێت ، لەهەمانکاتدا دەیان بێگوناهی کوردی پێدەکوژێت ، ئەی ئەوە تاوان نییە و ناراستەوخۆ تۆش بە قەتڵکردن تاوانبار نابیت ؟!
تۆ لەکاتێکدا بانگەشەی چونی دونیای ئیسلامی دەکەیت بۆ گەشتوگوزار بۆ تورکیا، ناڕاستەوخۆ خەڵک هانئەدەیت بچن بۆ کەناراوەکانی ئیستەمبوڵ و ئەنتاڵیا و ئالانیا و مەڕمەڕە ، چونی گەشتیارانیش بۆ ئەو جێگایانە ، بەدەرنیە لەخۆخاڵیکردنەوەی سێکسی ، بەدەرنییە لەچونیان بۆ باڕو دیسکۆو تایترۆخانەکان کە لەیەک خولەکەدا 80 کەس سێکسی ناشەرعی لەو جێگایانەی تورکیادا دەکەن ، ئەی ئەوە تاوان نییە و تۆش شەریکە تاوانکار نابیت ؟!
ئەوەندەی خزمەتی پانیزمی ئیسلامی تورکی دەکەیت ، دەبو فەتوای تاوانباربونی داعش بدەیت ، ئەوەندەی خزمەت بە جەنابی سوڵتان ئەردۆگان دەگەیەنیت ، دەبو وەک زانایەکی کوردی ئیسلامی دەستدرێژی سیکسی داعشت حەرام بکردایە ، کەکردیانە سەر کچە ئێزیدییەکانی گەلی کورد ، بەڵام هیچ کات ئەوەمان لەزارتەوە نەبیست ، ئەوەندەی باس لەبوژاندنەوەی ئابوری تورک دەکەیت ، دەبو باست لەبوژاندنەوەی ئابوری هەرێمی کوردستان بکردایە ، هیچ نەبوایە بچوتایە بۆ لای سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەوڵی ئاشتەوایت بدایەو ئیشت بکردایە بۆ گەڕاندنەوەی سەرۆکی پەڕلەمان و کاراکردنەوەی پەڕلەمان ، بەڵام بەرژەوەندیت لەوەدا نەبو ، ئەو هەوڵەت نەخستەگەڕ، دەبو بچیت بۆ لای سەرۆکی هەر پێنج حیزبە گەورەکەی هەرێم و داوای ئەوەت لێبکردنایە ، کە چیتر خەلک ماندو نەکەن و لەپێناوی ململانێی سیاسیاندا ، خەلک توشی قەیران و برسێتی نەکەن ، بەڵام بەرژەوەندیت لەوەشدا نەبو ئەوەشت نەکرد ، کەواتە تۆ لەلای من و هەزاران گەنجی وەک من ، بەتەنها پەیامگەری سوڵتان ئەردۆگانیت و بەپێی بەرژەوەندی کەسێتی کار دەکەن ، هەتا هەنگاوەکانت بۆ بەرژەوەندی هاونیشتیمانیان و هاوڵاتیان نەخەیتەگەڕ ، خەڵکێکی زۆرتر دەکەن بەنەیاری خۆتان ، کار وابڕوات ووردە ووردە بەرەو داڕوخانی کەسایەتی هەنگاو دەنێن ، ئەگەر باوەڕت بەرۆژی دوایی هەیە ، یان گوتەی باش بڵێ یاخود بێدەنگبە ، چونکە پێغەمبەری ئیسلام فەرمویەتی ( من کان یٶمن باللە والیوم الاخر، فلیقل خیرا او لیصمیت ) ئەوەندەی من گوێبیستی چەند گوتاریکت بوم ، سەرجەم گوتەکانت بەرژەوەندخوازانە بون ، ئەو دەربرینانەت ئەوەندەی خزمەتکردنبوە بە پان ئیسلامیزمی تورک ، ئەوەندە خزمەتکردن نەبوە بەنەتەوەکەت ، ئەگەر لە دەربرینی بۆچونەکانتاندا ، ناتوانن گوتاری چاکە بگەیەنن ، ئەوا بێدەنگبن ، چونکە تۆ زانای ئاینیت ، بەهۆی ئەوەی خاوەن پایەی دینین ، ووتەکانتان جێگای بایەخن و تێڕوانینی لەسەر زیاترە .
لەیادی نەکەیت کەچویت بۆ لای سوڵتان ئەردۆگان ، ئەو چەند پرسیارەی ئێمەی لێبکە و ئاستی موسڵمانبونی بخە ژێر پرسیارەوە ، ئێمەش ئاستی نەتەوەیبونی تۆ دەخەینە بەر تێڕوانینمانەوە .
تێبین ی: ئەو داتایانەی کە وەرمگرتون لەسەر باکوری کوردستان ، سەرجەمیان نا فەرمین و لەرێگای رۆژنامەنوسانی باکوری کوردستانەوە وەرمگرتوە .

زمناکۆ ئیسماعیل