شه‌ریف هه‌ژاری : ئایا ئه‌م كرده‌وه‌ تیرۆریستییانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌وروپا ڕووده‌ده‌ن ، سودی بۆ كورد هه‌یه‌ یان زیان !؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دۆزی ڕه‌وای مافخوازانه‌ی كورد ، له‌ هه‌ر به‌شێكی كوردستانی داگیركراو و تیكه‌-تیكه‌كراو و سه‌دانجار جینۆسایدكراو، دۆزێكه‌ له‌ كورترین و مكورترین تێكۆشان و شوناسیی دا داوای سیستمی دیموكراسیی و ئازادی تاك ئه‌كات .

له‌ مێژووی دۆزی‌ كورد دا‌ ، سه‌دان شێوازی تیرۆریستی له‌ دژی گیراوه‌ته‌به‌ر و ، ده‌یانجار كورد جینۆساید و پاكتاو كراون ، ده‌یانجاریش كورد ڕه‌شبگیركراون و هه‌ڵكه‌نراون له‌سه‌ر خاكی خۆیان له‌لایه‌ن ( داعشی سونه‌ی عوسمانیی و داعشی شیعه‌ی سه‌فه‌وی و داعشی شۆڤێنی ئه‌تاتورك و ڕه‌زا شا و ئه‌سه‌د ) ه‌وه ‌. وه‌لێ ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپییه‌كان ته‌نها له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی په‌رستیان بێ ده‌نگیان له‌و سه‌دان تیرۆره‌ جه‌ماوه‌رییه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌رهه‌ق به‌ نه‌ته‌وه‌ی خوێناویی مافخوراوی كورد ئه‌نجامدراوه ‌.
نه‌ك هه‌ر ئه‌وانه‌ ، بگره‌ ده‌وڵه‌ته‌ خۆراواییه‌كان بێ ده‌نگیشیان هه‌ڵبژاردووه‌ له‌ تیرۆركردنی چه‌ندان ڕێبه‌ری كورد له‌ ئه‌وروپا دا ، وه‌ك تیرۆری قاسملو و تیرۆری شه‌ره‌فكه‌ندی و ، هه‌وڵی سه‌رنه‌كه‌وتووانه‌ی تیرۆری مه‌لا مسته‌فا ، مام جه‌لال و مه‌سعود به‌رزانی له‌ ئه‌وروپا دا و ، گه‌له‌كۆمه‌ی سیخورانه‌ی ده‌وله‌ته‌ ئه‌وروپیه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌وله‌تی توركی تیرۆریست بۆ به‌دیل گرتنی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان .
كه‌وابوو ، ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپییه‌كان ته‌نها له‌به‌ر خاتری به‌رژه‌وه‌ندی په‌رستیان هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كیان نه‌ك نه‌بووه‌ له‌ باره‌ی تیرۆری جه‌ماوه‌ری ماخوراوی كورد ، به‌ڵكوو بێ ده‌نگیش بوون له‌و ده‌یانجار كاره‌ تیرۆریستییانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر خاكی ئه‌وان دژی ڕێبه‌ر و سه‌ركرده‌كانی كورد ئه‌نجام دراون، چونكه‌ وایان ده‌زانی تیرۆر ته‌نها گه‌لێكی ماخوراوی وه‌ك كورد به‌ ئامانج ئه‌گرێ و ئه‌وان ناگرێته‌وه‌ .
ئێستا كه‌ تیرۆری داعش ( كه‌ داعش توركیا و ئێران بۆ مه‌رامی خۆیان درووستیان كردووه‌ و له‌ 2014 دا له‌سه‌ر چۆنیه‌تی درووستكردنه‌كه‌ی سێ بابه‌تم نووسی ) به‌رۆكی ئه‌وانی گرتووه‌ و ، ده‌بینین ڕۆژانه‌ له‌سه‌ر خاكی ئه‌وروپا و دژی خه‌ڵكانی سڤیل و بێ گووناحی ئه‌وروپا ، كاری تیرۆریستی ئه‌نجام ئه‌درێ ، ئه‌وا به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌كی زۆرباشه‌ بۆ ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپییه‌كان كه‌ هه‌تا دیموكراسیی نه‌هێنرێته‌ ناو ده‌وله‌تانی خۆرهه‌لاتی ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌ت ( عێراق ، ئێران ، سوریا و توركیا ) ئه‌وا تا ماوه‌ تیرۆر هه‌ر ده‌مێنێ و ڕیشه‌ كێش ناكرێت ، چونكه‌ دایه‌نگای تیرۆر ده‌وله‌تانی (توركیا و ئێران) ـه‌ و زۆرینه‌ی فاكته‌كانیش ئه‌یسه‌لمێنن .
كه‌وابوو : ئه‌م تیرۆرانه‌ی كه‌ له‌ شه‌قامه‌كانی ئه‌وروپادا خه‌ڵكی بێ – گووناح ده‌كاته‌ ئامانج ، ئه‌وا له‌ ڕووه‌ سیاسیی – ستراتیژییه‌كه‌ی له‌ قازانجی دۆزی كورده‌! چۆن !؟
چونكه‌ ئیتر ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا به‌ پراكتیكی هه‌ست ئه‌كه‌ن كه‌ تیرۆر چ ڤایرۆسێكی خه‌ته‌رناكی جیهانییه‌ و پێویستیی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ جیهان پێكه‌وه‌ دژی بووه‌ستنه‌وه ‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌ ناو ده‌وله‌تانی (عێراق ، ئێران ، سوریا و توركیا ) دا ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان و ده‌وله‌ته‌ تیرۆریسته‌كان بهێڵنه‌وه ، ئه‌وا ئه‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستانه‌ وه‌ك سه‌ده‌كانی پێشوو نین كه‌ هه‌ر له‌ سنوره‌كانی قاره‌ی ئاسیا دا كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام بده‌ن . به‌لكوو به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وله‌ده‌ن ناوخۆی ئه‌وروپا بكه‌نه‌ ئامانج . به‌مه‌ش ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپی وریا ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ تیرۆر له‌ خۆرهه‌لاتی ناوه‌راست به‌تایبه‌ت (عێراق ، ئێران ، توركیا و سوریا ) دا نه‌هێڵن . پاكتاوكردنی تیرۆر و بزاوته‌ تیرۆریستییه‌كانی ( عێراق ، ئێران ، توركیا و سوریا ) ش به‌بێ دیموكراسیی كردنی ده‌وله‌تانی ( عێراق ، ئێران ، توركیا و سوریا ) نه‌بێت ئه‌وا نایه‌ته‌ بوون . كه‌وابوو ئه‌م كرده‌وه‌ تیرۆریستانه‌ی‌ ناوخۆی ئه‌وروپا واده‌كات كه‌ ده‌وله‌تانی ئه‌وروپا كاردانه‌وه‌ی جدیی و پراكتیكی و ستراتیژی‌ دژ به‌ تیرۆریستان بگرنه‌به‌ر ، ئه‌م كاردانه‌وه‌ جدییانه‌ی ده‌وله‌تانی ئه‌وروپاش له‌ دژی تیرۆریستان ئه‌وا بۆ ستراتیژ له‌ قازانجی دۆزی كورده‌ له‌ گشت به‌شه‌كان .