Barzani-u-Ardogan

نەبەز گۆران : سیخوریكردن بۆ ئالی عوسمان .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەو بەڵگەنامانەی لە وارگەی ( ویكلیكس ) بڵاو بوونەوە ، ئازاری زۆربەمانی دا . كاتێك بەڵگەنامەكانی سیخوریكردن بڵاو دەكرێنەوە ، مرۆڤ لەبەردەم ئەو رۆحە سەرگەردان و پەرتەوازە و لاوازەی ، هەندێك لە كارەكتەری كوردیدا ، توشی شۆك دەبێت. ئەبێت لەخۆمان بپرسین ، ئەم رۆحە لاوازە چییە لەناو بەشێك لە كارەكتەری كورددا ، هەمیشە خۆی دەبەستێت بە ئەوی بێگانەوە ؟ ئەم رۆحە تێكشاوە چی لە جیهانی كورد دەوێت ؟ ئەم رۆحە خۆهەڵواسە بە ئەویترەوە، چۆن لە ژیان دەروانێت ؟

بەڵگەنامەكانی سەر سیخورەكان ، بەردەوام رووبەرووی كۆمەڵێك پرسیاری جەوهەریمان دەكەنەوە ، كە هێشتا وەڵامێكی دروستی ئەو پرسیارانەمان دەست نەكەوتووە . گومان لەوەنیە ، مێژووی تازەی ئێمە ، بەشێكە لە مێژووی ئەو رۆحە لاوازەی كە خۆی بەستووەتەوە بە دەرەوە . خۆبەستنەوەكەیشی لەرێگای خراپترین جۆرەوە بووە ، كە سیخوریكردنە بەسەر میلەت و حیزب و دەزگاكانی خۆیەوە ، بۆ بێگانەكان !
كاتێك تەماشای مێژووی حیزبی كوردی دەكەین ، لەگەڵ مێژووەكەیدا ، سیخوریكردن پانتاییەكی زۆر داگیردەكات . ( سیخوریكردن بەو واتایەی، لەماڵەكەی خۆت، زانیاری بۆ بێگانەكان ببەیت ) ئەم مۆدێلە ، مۆدێلێكە لە دروستبوونی حیزبی كوردییەوە ، هاتوەتە ناو ژیانی سیاسیی و كۆمەڵایەتیمانەوە . مۆدێلێكە هەمیشە ئامادەیی هەبووە ، لەگەڵ ئەوەشدا حیزبی كوردیی ، نەك قسەیەكی لەسەر وەستاندنی نەبووە ، بەڵكو خۆشی بووەتە دینەمۆیەك بۆ برەودان پێی !
گەر بەڵگەنامەكانی ( ئێران ، سعودییە ، قەتەر ، توركیا ،عێراق ، ئەمریكا و … هتد ) بەتەواوەتی لەسەر ژیانی سیاسیی كورد بڵاوبكرێنەوە ، لێوان لێودەبێت لەو سیخوریكردنە . ساڵانی (1991) ساڵانی خۆیەكلایكردنەوەی كوردبوو . ساڵانێك بوو ، حیزبی كوردیی دەكرا ، لەنێوان رۆحە لاواز و خۆبەدەستەوە دەرەكە و ، رۆحە بەشكۆكەدا ، بریارێكی جوامێرانە بدات . كەچی ، لەبەرامبەر ئەوەدا ، بریاری بەخشینی دا . بەخشینەكەی بۆ ئەوەنەبوو ، وەك بەخشندەیەك دەركەوێت ، بەخشینەكەی بۆ داپۆشینی بەشێكی مێژووەكەی خۆشی بوو .
كاتێك بەخشین بۆ ئەوانە دەكرا هەموو تەمەنی خۆیان لە پێناو ( بەعس ) خەرجكردبوو ، دژی شوناسی كوردبوون بوون ، ئیدی تایپی سیخوریكردن بۆ بێگانەكان ، بوییە تایپێكی ئاسایی . دادگاكان نەیانتوانی ، ببنە خاوەن بریاری یەكلایكردنەوەی ، پاك و پیس . حیزبیش لە ترسی دەركەوتنی مێژووە وێرانەكەی خۆی، بەخشینی كردە پەردەی خۆحەشاردان .
بۆیە زۆر ئاساییە ، لە هەموو چركەساتێكدا ئەو رۆحە لاواز و پەرتەوازەیە ، سەرهەڵبداتەوە و خۆی ببەستێتەوە بەدەزگایەكی سیخوری وڵاتانی دراوسێ ‌. چ ئێران بێت ، یان توركیا ، یان سعودییە و قەتەر و عێراق .
ئەم رۆحە لاوازە ، نمونەیەك نیە بۆ ناساندنی كۆمەڵگەی كوردی . ئەم رۆحە نمونەیەكە بۆ ناساندنی دیوە تاریكەكەی كۆمەڵگەی كوردی . ئەوە یاسا و سیستەمە ، رێگری لەم رۆحە لاوازە دەكات ببێتە سێبەری بێگانە . كە یاسا و سیستەم خۆیان بەشێك بوون لەو سێبەرە ، ئیتر ئەم رۆحە لاوازە دێتەوە ناوە و ، لەپێناو مشتێك ژیان ، خۆی دەكاتە كەرەستەی ئەوی تر .
بەڵگەنامەكانی ئەم دواییەی وارگەی ( ویكلیكیس ) بەئاگا هێنانەوەی هەموومانە ، كە لەناوماندا رۆحێكی لاواز هەیە ، گەر لە رێگای یاساوە رام نەكرێت ، ئەم رۆحە لاوازە ئامادەیە لەپێناوی خۆیدا ، شكۆی كۆمەڵگەیەك سەرەو ژێربكات . سیخوریكردن بۆ ( میتی توركی ) ( ئیتلاعاتی ئێران ) ( ئیستیخباراتی عێراق ) بووەتە دیاردەیەك ، زۆر بێباكانە دادگاكان لێدەروانن ! حیزبەكان تەماشای دەكەن ! كۆمەڵگەش پێی برینداردەبێت . راستكردنەوەی ئەو رۆحە ، كە خۆی دەداتە دەست دەزگا سیخورییەكانی دراوسێكان ، بە نەفرەتی كۆمەڵگە چارەناكرێت ، بە مامەڵەی یاسایی چارە دەكرێت .
ئیشی كۆمەڵگەنیە ئەم فایلانە یەكلایی بكاتەوە ، ئیشی دادگا و دامودەزگاكانی حوكومەتە ( ئەگەر حوكومەت خۆشی بەشێك نەبێت لەو رۆحە لاوازە تێكشاوە ) كاتێك دەبینین لەبەرچاومانەوە ، سیخورەكانی دوێنێ‌ و ئەمرۆ ، بوونەتە پاڵەوانی ناو میدیاكان ، دەكرێت چاوەرێبكەین ، سیخورە ئاشكرابووەكانی ئەمرۆش ، سبەی ببنە پاڵەوان .
ئەگەر دەزگایەكی وەك دادگاكان ، لە رێگای یاساوە ، دیوارێك بۆ وەستاندنی ئەم رۆحە تێكشاوەی بەشێك لەكارەكتەری كوردیی دروست نەكات ، بێگومان ئەم كۆمەڵگەیە رووبەرووی خراپتر دەبێتەوە .
سیخورەكانی دەزگاكانی ( میت و ئیتلاعات ) بەهۆی تێكشكانی رۆحیانەوە ئازاریان پێناگات ، كە سیخوری دەكەن . چونكە ئیدی ئەوان رۆحێكیان تێدا نەماوە ، هەست بە روخانی شكۆی بكات . لێ‌ بەو كارە بەدەیان ئازاری كۆمەڵگە و ئەو شكۆیە دەدەن ، كۆمەڵگە هەمیشە پێی دەژیت .