ئەحمەد ڕەسوڵ : بەڵگەنامەکانی ویکیلیکس .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سیخوڕیکردن ” بۆ هەر دەوڵەت ، دەزگا ، گروپ و دەسەڵاتدارێک بێت ” جگە لەوەی مانای تێکشکانی کەسێتی ، ڕۆح و ئیرادەی ئینسانە و لەناوچونی سادەترین مانای بوونی مرۆڤانەیە هاوکات نزمترین ئاستی جۆری ژیان و بەئامێربوونی مرۆڤ و بەتاڵبونەوە لە هەر ویژدان و هەست و هزرێکی مرۆڤانەیە .
سیخوڕی هیچ پاسا و بڕو بیانویەک هەڵناگرێت . جاسوسی کاری ئینسانە هەرە لاواز ، گەندە ، بۆگەن و داڕزیوەکانە . ئەوانەی سیخوڕی دەکەن تەنانەت ئەگەر بۆ ئامانجێکی پیرۆز !، لە پێناوی وڵات !، گەڵ !، نیشتمان !، نەتەوە ! و سەرکردە بێت ، وەک مرۆڤە لاوازە بەماشێنبوەکان کاوێژی دەکەنەوە قسەی هەرە بێمانا ، گەوجانە و سەخیفانەیە بۆ ڕەوایەتیدان بە کۆیلەیی و بێکەرامەتی خۆیان .
لەدوای بەدەسەڵات گەیشتن لە 1991 ەوە تا ئێستا ئایدیایەک سەروەر و زاڵ کراوە لە کایەی سیاسیدا بە پلەی ئیمتیاز و پلەیەک خوارتریش لە بواری ڕاگەیاندندا کە ئەویش بریتیە لە ئایدیای ” هەموو شتێک لە پێناوی خۆت “. ئەو پرەنسیپەی کە دەڵێت : لە پێناوی پلە و پۆستێک ، لە پێناوی پارە و دەسەڵاتێک یان خۆ بردنە پێشەوەیەک هەموو کەسێتی و کەرامەتت وەژێرپێ بنێ ، تەواوی نرخ و بەهای مرۆڤانەت تا دەتوانی بۆ دوور توڕ هەڵدە ، تەواوی ئیرادە و ئازادیت ” ئەگەر ئازادیەکی کەم و بچوکیش بێت ” هەرزانفرۆش کە ، هەست و ویژدانت هەڕاج کە ، لە داهێنانەکانی ئەحزابی دەسەڵاتداری بزوتنەوەی کوردایەتیە .
هەڵبەت ئەوانەی شێتانە و مەجنون ئاسا دەبنە عاشقی پارە و دەسەڵات ئەوەی لایان نرخ و مانای نامێنێت خۆفرۆشی و خیانەتە . مێژووی بزوتنەوەی کوردایەتی سیخناخە لەو خۆفرۆشی و بەکرێگراوێتیە . بەڵام ئێستا لە دوای ئاشکرابونی ئەو هەموو نامە و غەزەل گۆڕینەوەیە لەگەڵ ئەردۆگانی فاشیست بۆ کەڵەکەکردنی هەرچی زیاتری دەسەڵات و پارە خیانەت و بەکرێگیراوی گەیاندە لوتکە . هەڵبەت لە سایەی وەها نەزم و سیاسەتێکدا چاوەڕوانکراو و حەتمیە کە میدیاکار و خەڵکانی تریش هەبن سیخوڕی بۆ دەزگایەکی دڕندە و سەرکوتگەری وەکو میتی تورکی بکەن .
بونیادی سیاسەت و ستراکچەری ئەم حزبانە خۆی بەرهەمهێنی ئەو جۆرە خۆفرۆشی و خیانەتە . فەلسەفەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان خۆی لە خۆیدا لەسەر ئایدیای بەکرێگیراوێتی و خۆگرێدانەوە بە سیاسەت و ئابوری و فەلسەفەی دەوڵەتانی داگیرکەر بونیادنراوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت