Anwar-Qadir

ئەنوەر قادر ڕەشید : دوژمنانی رۆشنایی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەو باوەڕەدا نیم هیچ میللەتێک ئەوەندەی ئێمە خوازیاری کەوتنی بەرانبەر و بێدەنگ کردنی دەنگی ئازاد و زیندەبەچاڵ کردنی مەعریفە بێت .

بڵێی سایتی شانۆکار و سایتی تایبەتی دانا رەووف مەترسیان بۆ ئاسایشی نەتەوەییمان هەبێ ؟

تۆ بڵێی نیهاد جامی و دانا رەووف سەرانی گەندەڵکار و نیشتمان فرۆشان بن و ئێمە نەمانزانیبێ ؟

یان بڵێی بەهۆی مەعریفەوە بێ کە دەرفەتمان بۆ ناڕەخسێ ببین بە دەوڵەت ؟

گۆمان لەوە ئەکرێ هاککردنی ئەو سایتە هونەریانە بە فیتی خودی شانۆکاران بێ و من ئومێدەوارم وا نەبێ و تەنیا ترسی دز و جەردەکانی حوکمڕانی بێ ، کە هەست بە مەترسی مەعریفە ئەکەن و خواستیانە بە هۆی بەناو نووسەر و هونەرمەند و میدیاکارانی داتاشراوی حیزبیی خۆیانەوە ، خەڵکی بگەوجێنن و ئەوان خیانەت بکەن و بکوژن و ببڕن و ئەمانیش پاساو بۆ کردارە قێزەوەنەکانیان بهێننەوە و راستیەکان ئاوەژوو بکەن ، دیارە ئەوان باش ئەزانن کە هوشیاری میللەت یەکسانە بە نەمانی خۆیان ، بۆیە دەست لە کەسانی رۆشنبیر و خاوەن فکری ئازاد ناپارێزن و کورسیەکانیان لەسەر پشتی مەسینە هەڵگرانیان شەتەک ئەدەن و خۆشیان ئەبن بە بەشێک لەو کورسیەی بە کەللەسەری برسی و خوێنی ئازادیخوازان بنیاد نراوە .

خۆ ئەگەر ئەو کارە ناڕەوا و بۆگەنە لە خودی شانۆکارانەوە بێ ئەوە پێویستی بە هەڵوێستەیە و بە دڵنیاییەوە ئەوانە شایستەی ئەوە نین بە شانۆکار بناسرێن ، چونکە بنەمای سەرەکی شانۆ جوانی و مەعریفەیە و جێی کەسانی بێ مۆراڵی تیا نابێتەوە ، نازانم هۆکاری ئەو کارە قێزەوەنە چیە ، بەڵام دڵنیام هەر پاساوێکی بۆ بهێننەوە ئەوە عوزری لە قەباعەت خراپترە ، ئەکرێ بڵێی چێژ لە میتۆدی بەرهەمی شانۆیی فڵان وەرناگرم ، بەڵام ناکرێ ببیتە کۆسپ لەڕێی بەرهەمهێنانی نمایشەکەی . ئەکرێ وەڵامی نووسینەکانی بدەیتەوە ، بەڵام ناکرێ ببیتە تەگەرە و رێگری لە بڵاوبوونەوەی بگریت .

ئەگەر تۆ شانۆکاریت و شانۆت خۆش ئەوێ ، ئەوە خۆت پەروەردە بکە و نمایشی لەویتر جوانتر بەرهەم بهێنە و بە بەرهەمەکانت مەنافەسەی بکە ، کەموکوڕی لە بەرهەمێکدا ئەبینی ، زانستیانە رەخنەی لێ بگرە و بە شێوازێک بینووسە کە برینداریان نەکەیت ، من ناڵێم هەموانت خۆش بوێ، بەڵام رێزی ئەوەیان لێ بگرە کە لەو شانۆیەدا خۆیان ماندوو ئەکەن کە پێویستە تۆی شانۆکار خۆشت بوێ .

ئەگەر بە تەما بیت هەموان بە ستایلی تۆ و لە روانگەی فکری تۆوە کار بکەن ، ئەوە ئەبێتە بانگەشەی مەرگی شانۆ ، چونکە جوانی هونەر لە جیاوازیەکانیایە .

بۆیە ئەوی لە پشت ئەو کارە قێزەوەنانەوەیە ، ئەبێ بە عەیبەیەکی بزانێ بە تەوێڵیەوە و ئەوەندە شەرمەزار بێ روی نەیە لای کەس باسی بکات ، چونکە ئەوەش لایەنێکە لە تیرۆر و تیرۆری رۆشنبیریش بۆگەنترین و قێزەوەن ترین تیرۆرە و ئەگەر ئیمڕۆ ئەوەت لەدەست بێ دەنگی بەرانبەر کپ بکەیت ئەوە بە دڵنیاییەوە ئەگەر دەرفەتت هەبێ پاکتاوی  جەستەییش ئەکەیت و هیچت لەوانە کەمتر نابێ کە خاوەن قەڵەمە ئازادەکانیان خڵتانی خوێن کرد .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت