رێبوار حەمەوەیس : رێکەوتنەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕان ، چى گۆڕى .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گۆڕان و یەکێتى دواى نزیکەى ساڵێک گفتوگۆ و دانوستان لە 17 ى ئایارى ئەمساڵدا رێکەوتنێکى سیاسیان ئیمزاکرد ، بە ئامانجى کارکردنى پێکەوەیى بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەو قەیرانانەى لە دواى کۆتایى هاتنى ویلایەتى سەرۆکایەتى مەسعود بارزانى لە 19ى ئابى 2015 دروستبون لەسەر هەموشیانەوە قەیرانى دارایى و پەکخستنى پەرلەمان لە 12ى ئۆکتۆبەرى 2015 دا .
خەڵکى کوردستان بەگشتى و هێزو لایەنە سیاسیەکانى کوردستان و عێراقیش جگەلە پارتى دیموکراتى کوردستان پێشوازیان لە رێکەوتنەکە کردو بەهیوابون دەلاقەیەک بێت بۆ ئاسایکردنەوەى پەیوەندى لایەنە سیاسیەکان و تێپەڕاندنى ئەو دۆخە چەقبەستوەى هەرێمى کوردستانى تێکەتوە .
جگەلەوەش زۆرێک لە کادرانى پلە جیاواز و لایەنگرانى هەردوو حزبیش هێندە خۆشحاڵبون بە رێکەوتنەکە، هیوایان دەخواست هەردوو حزب لە دەرفەتێکى نزیکدا کۆنگرەیەکى هاوبەش رێکبخەن و یەکبگرنەوە .
بەڵام دواى تێپەڕبونى زیاتر لە دوو مانگ بەسەر رێکەوتنەکە ، تەنها کار لەسەر ئەو خاڵانەى رێکەوتنەکە کراوە کە پەیوەستن بەنزیکبونەوەى هەردوو حزب ، وەک پێکهێنانى لیژنە لە فراکسیۆنەکانیان بۆ دروستکردنى ئیتیلافى هاوبەش لەئەنجومەنى پارێزگاکان وپەرلەمانى کوردستان و عێراق ، بەدەرلەوەش هەنگاوى کردارى ئەوتۆ نەنراوە بۆ جێبەجێکردنى خاڵە سەرەکیەکانى رێکەوتنەکە کە بریتین لە چارەسەرکردنى ئەو قەیرانانەى پەیوەستبە ژیان و گوزەرانى خەڵک .
بەدیوێکى تردا ، رێکەوتنەکە تا ئێستا هیچ گۆڕانکاریەکى لەسیاسەتى پارتى دیموکراتى کوردستان دروستنەکردوەو ئەو حزبە بەردەوامە لەسەپاندنى ئیرادەى خۆى بەسەر گۆڕەپانى سیاسى هەرێمى کوردستان و تاکە هێزى خاوەن هێزو بڕیار بەدەستە ، جگە لەوەش سورە لەسەر رەتکردنەوەى رێکەوتنەکەو ئامادەنیە لەگەڵ وەفدى هاوبەشی هەردوو حزبەکە کۆببێتەوە، ئەمەشى بۆچۆتە سەرو چەندین جار بەرپرسانى پارتى لەگەڵ بەپرسانى یەکێتى کۆبونەتەوە ، واتە ئەو مکوڕییەى لای گۆڕان هەیە بۆ پابەندبون بە بڕیارەکانى سەرکردایەتى هاوبەش و کۆنەبونەوە لەگەڵ پارتى لە دەرەوەى سەرکردایەتى هاوبەش لاى بەرپرسانى یەکێتى بەدى ناکرێت .
بۆ ئەوەى هەنگاوەکانى رێکەوتنەکە دوچارى چەقبەستن نەبن و ئومێدى هاوڵاتیان بە رێکەوتنەکە نەگۆڕێت بۆ نائومێدى ، پێویستە سەرکردایەتى هاوبەشى گۆڕان و یەکێتى بیر لە رێگا چارەى تر بکەنەوە بەتایبەتى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بۆ پیشاندانى رادەى پابەندبونى خۆى بە رێکەوتنەکە پێویستە چەند بڕیارێکى بوێرانە بدات ، تاکو رێکەوتنەکە بەو ئامانجانە بگات کە بۆى دیارى کراوەو سەرەتایەکیش بۆ گۆڕانکارى لەشێوازى حکومڕانى و بەرێوەبردنى هەرێم دەستپێبکات .
یەکێتى نیشتمانى کوردستان پێویستە کۆتایى بەسیاسەتى دووپێوانەیى بهێنێت و تەنها لەمیدیاکەیەوە باسى چاکسازى وکەموکوڕییەکانى حکومڕانى نەکات ، بەڵکو بەکردەوەش لە ناو حکومەتەوە هەڵوێستى جدى هەبێت لەسەر بردنى سامان وداهاتى خەڵک و سنورێک بۆ ئەو سزا سەپێنراوانە دابنێت کەبەناوى سیستمى پاشەکەوتى موچەوە بەسەر موچەخۆراندا سەپێنراوە ، هەڵبژاردنى بێدەنگیش لەلایەن جێگرى سەرۆکى حکومەت و وەزیرەکانى یەکێتیەوە ئەوە دەسەلمێنێت ، ئەو حزبە بەشێکە لە بڕیارو سیاسەتەکانى حکومەتە .
سەربارى ئەوەش ، ئەوەى دواى دوو مانگ لەناو بەرپرسانى یەکێتیدا بەدى دەکرێت بەرامبەر رێکەوتنى سیاسى گۆڕان و یەکێتى ئەوەیە کە ژمارەیەکى بەرچاویان نەک هەر لەگەڵ رێکەوتنەکە نین بەڵکو کار بۆ سەرنەکەوتنى دەکەن بەتایبەت ئەو بەرپرسانەى تاڕادەیەکى زۆر مەیلى ئەوەیان هەیە یەکێتى لەگەڵ پارتیدا رێکبکەوێت بۆ دووبارە پێکهێنانەوەى حکومەت و پەرلەمان و لەسەر شێوازى پەنجا بە پەنجاو حزبەکانى تر بەتایبەت گۆڕان و ئیسلامیەکان بخەنە دەرەوەى بازنەى دەسەڵات .
رێکەوتنى گۆڕان و یەکێتى ، لەدواى ئیمزاکردنیەوە ئەگەر هیچى نەکردبێت ، کێشەو ململانێ ناوخۆییەکانى بەرپرسانى یەکێتى لەسەر دەسەڵات و سامان سڕکردو ماڵى نەوشیروان مستەفاى کردۆتە ناوەندى کۆکەرەوەى باڵە ناکۆکیەکانى یەکێتى ، بەڵام ئەوەى تا ئێستا هەستى پێدەکرێت یەکێتى خۆى یەکلانەکردۆتەوەو لەبەرخاترى جەماوەرەکەى دڵى لاى گۆڕانەو لەبەرخاترى بەرژەوەندییە دارایى و تایبەتەکانى مەیلى لاى پارتى و حکومەتى هەرێمە .

– رۆژنامەنوس

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت