ئەحمەد ڕەزا : تێگەیشتنی چەمک و هۆکارو دووراییەکانی کاری سیخوڕیی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەوەی لە بەڵگەنامەکانی ویکلیکسدا هاتووە ، بەدەر لە ناولێنانە نیشتیمانیی و نەتەوەییەکانی ، کە حزبە ئایدیۆلۆژیە جیاوازەکانی وڵاتێک بە مەرامی بە سزا گەیاندنی ئەوجۆرە کەسانە ناویان لێناوە : خیانەتی نیشتیمانیی و نەتەوەیی ، لە پێناسەیەکی زۆر کورتترو گشتگیرتردا سیخوڕیی کردن : هەواڵدزینە لەلایەن کەسانێکەوە دژی بەرژەوەندیی و هاووڵاتیان و ستراتیژو سیستمی فەرمانڕەوایی و سەربازیی وڵاتی خۆیەوە .. سیخوڕیی کردنیش بەرامبەر بە پاداشتی مادییە لە زۆر باردا ، یان بەکاربردنە لەژێر فشاری جۆراوجۆردا .

شانازیی کردن بە سیخوڕییەوە ، چەند دوورایی ” بعد ” ێکی ڕوونیی هەیە ، گرنگترینیان گاڵتەجاڕ بوونی سیستمی حوکمڕانیی ئەو دەسەڵاتدارێتییەیە ، کە توانای جڵەوگرتنی ئەندامانی کۆمەڵگەکەی لەدەستداوە ، جگە لەوەی هەموو متمانەیەکیش بە دیسپلینی ئەو حوکمڕانێتییە نەماوە .
لە کاتێکدا ڕووداوەکانی 31 ی ئابی 1996 ، ئەکرێت بە شانازیی و بە سەرەتایەک بۆ ئاوەدانیی وەسف ئەکرێت ، کە لە جیهاندا بە قێزەونترین نمونەی پاراستنی بەرژەوەندیی و ناپاکیی میللیی ناسرا . ئەوکات زۆر ئاساییە ، لە دروستبوونی هەر جۆرە فشارێکدا، 31 ی ئاب ، بکرێت بە هێمای شانازیی کردن و وەک بنەڕەتێک بۆ هەڕەشە کردن و نوێ بوونەوەی بەکاربهێنرێت .. کاتێک حوکمی میللیی بەسەر ناپاکدا جێبەجێ نەکرێت ، هەڵبەت بۆ شاردنەوەی شەرمەزاریی مێژوویی ناپاکیی ئەبێت بە سەروەریی .
یەکێک لە دووراییە کاریگەرەکانی تری سیخوڕیی ، ئەوەیە لەدوای بەربەرەڵا کردن بۆ ناپاکیی و خۆ پێوە بادانەوە ، ئیتر ئەو ڕەفتارە ئەخزێتە ناو تەواوی کایە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانەوەو تاکەکانی کۆمەڵگەش ئەگرێتەوە .. لێرەوە ئیتر هەوڵی گۆڕینی چەمکی سیخوڕیی کردن ئەدرێت و چەواشەکاریی لە مەدلولەکەیدا ئەکرێت .
پۆل ڕیکۆری فەیلەسوفی فەرەنسی ” 1913 – 20115 ” سەبارەت بە تێگەیشتن لە چەمکی دیاردەکان ، نمونەیەکی ئەفەریقای باشور ئەهێنێتەوە ، کە هاوڕێیەکی دادوەریی بۆی گێڕاوەتەوەو ئەڵێت : لە شەوێکدا دزێک هەڵئەکوتێتە سەر ماڵێک و پاش کوشتنی خاوەن ماڵەکە ، پارەیەکی زۆر ئەدزێت .. لەبەر ئەوەی تاوانەکە هەم کوشتن و دۆخی توندی تیادایە ، دادوەر سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرئەکات .. دزەکە توشی شۆک ئەبێت بەو سزایەو لە دادوەر ئەپرسێت : ئەمە چ جۆرە دادپەروەرییەکە سزای کوشتنم ئەدەی ؟ لە کاتێکدا من خۆم و ماڵ و منداڵم برسیی بووین و چووم لەو ماڵە بەشی پێداویستییەکانم پارە بێنم ، کابرا ڕێگیریی لێکردم و منیش کوشتم .
ڕیکۆر شۆک و سەرسوڕمانی دزەکە ، بۆ تێنەگەیشتن لە ماف ئەگێڕێتەوە ، کاتێک کەسێک بە هۆی تێنەگەیشتنەوە ، تاوانێک ئەکات ، بە بێ ئەوەی بزانێت ئەم کردارەی ئەو، پێشێل کردنی مافی گشتییە .. هەڵبەت لە یاساشدا تێنەگەیشتن بە هەنجەت وەرناگیرێت .
کەچی لە فەرمانڕەوایی هەرێمدا ، نەک هەر بە تاوان ئەژمارد ناکرێت ، بەڵکو شەرعیەتیش بە تاوانەکە ئەدرێت ، بە جۆرێک نزیک ببێتەوە لە بە مۆدێلکردنی .. دەنا مەلایەک ناتوانێت بەوجۆرە بانگەشە بۆ بەرنامەی دوژمنی خۆی و هاووڵاتیانی بکات و چەواشەکارانە خەڵک تەفرە بدات .. بانگەشە کردن بۆ ئەو دوژمنەی دروستکاری داعشە .
یەکێک لە دەرهاویشتەکانی حزب ، سیخوڕیی کردنی کەسانێکی ڕاسپێرراوە ، بەسەر حزبی ترو هاووڵاتیان و دامەزراوەکانەوە ، لەم دیزانە گاڵتەجاڕییەی ئێستای سیستمەکانی جیهاندا ، دیاردەی سیخوڕیی کردن ، بنەمایەکی کارپێکراوە بۆ تێکدان و پشێویی و هەواڵگریی بەسەر ئەوانیترەوە . لە زۆرترین باردا بە هۆی مەترسیداریی کارەکەو بەرژەوەندیی هاوبەشی وڵاتێکەوە . تاکەکانی وڵاتێک هانا نابەنە بەر دوژمن و خۆیان کارەکەیان بۆ ئاسان بکەن ، بەڵکو دوژمن لە ڕیزەکانی خەڵکی کۆمەڵگەکەی خۆی کەسانێک هەڵئەبژێرێت و بە بیانووی پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانەوە ، ئەیانخاتە بەر کارکردن . کەچی لە وڵاتەکەی ئێمەدا تاکەکانی ئێمە خۆویستانە ئەو کارە ئەکەن ، لەبەر چەند هۆکارێکی سیخوڕیی کردن ، کە دواتر باسیان ئەکەم .
پێناسەی زانستیی سیخوڕ، لەو سەرچاوانەوە کە گرنگیی بەم باسە ئەدەن ، پوخت کراوەتەوە لەم پەرەگرافەدا :
سیخوڕ ئەو کەسەیە بە نهێنیی کار ئەکا ، یان لەژێر دروشمێکی درۆینەدا ، بۆ وەرگرتنی زانیاریی دەربارەی پرۆسە سەربازییەکانی دەوڵەتە بەشەڕهاتووەکان و گەیاندنی بە دوژمن . ئەوان لە شەڕو لە ئاستیدا هەر کار ئەکەن ، بۆ پتەوکردنی بەرەی ئەو دەوڵەتەی کاری سیخوڕیی بۆ ئەکەن . یان بەکارئەهێنرێن بۆ خستنەوەی پشێویی و فیتنە هەڵگیرساندن لە نێوان ڕیزەکانی بەرەی دوژمندا ، بە مەبەستی زیان گەیاندن بە ستراتیژو کارنامەی درێژخایەنی ئەو وڵاتەدا .

ئەو هۆکارانەی وا ئەکەن تاکەکان کاری سیخوڕیی لەسەر وڵاتەکەی خۆیان بکەن :
A – ناڕازیی بوونیان لە بیروباوەڕێکی وڵات .
B – پێویستیی زۆریان بە پارە، بە هۆی هەژارییەوە .
C – ئارەزوویان بۆ ژیانی شەوانەو سێکس .
D – ناچار کردنیان لە لایەن هەواڵگریی وڵاتی بێگانەوە .

سەرچاوە :
* علم المخابرات وتعریف الجاسوسیة / موقع : المنتدی العربي للدفاع والتسلیح .
* فلسفة الارادة / بول ریکور.