عیماد عەلی : دەبێت هەڵوێستی کورد لەبەرفەرمی ناساندنی حەشدی شەعبی چۆن بێت ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دوێنێ عەبادی بریاری بە فەرمیکردنی حەشدی شەعبی هاوشانی سوپای عیراقی و بەهەمان شێوەی دژە تیرۆر راگەیاند و ، بۆ ئەو مەبەسەتە بەخۆیەوەی دەیبەستێتەوە و ، داوای کردووە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو فەرمانە کاری پێویست بکرێت ، کە فەرماندەیەک و جێگرێک و بیست لیوای دەبێت لەگەڵ هەموو پشتگیری و پێداویستیەکانی .
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەموو لایەک دەزانن عیراق لە شەرێکی سەختی دژ بە داعشدایە و هەڵوێستی حەشدی شەعبیش تەنانەت لەم کاتە نائاساییەدا بەرامبەر کورد و پێشمەرگە ئەگەر بە هەمان شێوە نەبێت ، هیچ لە روانین و هەڵوێستەکانی سوپای پاسدارانی زەمانی خۆی و ئێستاش لە وەستان دژ بە هێزە کوردستانیەکانی کوردستانی رۆژهەڵات کەمتر نیە ، ئەگەر زیاتریش نەبێت .
ئەگەر تەماشای مامەڵەی حکومەتی ناوەند بەرامبەر بە پێشمەرگە بکەین ( هۆکارەکە خودی کوردە یان ناوەندی عیراق ئەوە قسەیەکی ترە )، کە بە پێی دەستور هێزێکی فەرمیە ، کەچی دەزانین بێگوێدانی ناوەند بە هیچ شتێک و بە بێخەمی هەموو لایەک ، کە لە وەزعی ئابووری نالەباری پێشمەرگە بروانین ، لە کاتێکدا وەک شێر بەرامبەر داعش وەستاوە ، بەم شێوەیە بێت ، ئەوسا دەتوانین نیاز و مەرام و هەڵوێستی حکومەتی ناوەند بخوێنینەوە .
ئا لەم کاتەدا بەو وەزعە لاوازەوە ، دوور لە هەموو بەندەکانی دەستور، پاسدارانی شەعبیی عیراقی بە دابینکردنی هەموو پێداویستیەکەوە دابمەزرێنیت و بە هێزیی بکەیت ، پاش نەمانی داعش و ئاساییبونەوەی وەزعی عیراق، چی روودەدات .
تۆیەک لە کوردستاندا لە بارودۆخێکی ناکۆکی ئاوادا، کە لە ئامانجە ستراتیجیەکان نەروانیت و مێژووی قورباندان و تێکۆشانی میلەتەکەت بە قوربانی بەرژەوەندی شەخسی و حزبی بکەیت و هیچ بەرژەوەندیەکی باڵا لەبەرچاو نەگریت و خەتی سوورت لە زەرەر گەیاندن بە پرسەکە نەبێت ، چۆن بیر لە بابەتێکی هەستیاری وەک بنیاتنانی حەشدی شەعبی دەکەیتەوە ، کە لە دوا رۆژدا دەبێتە مۆتەکەی لەناوبردنی ئەزمونی کورد و بە هەمان شێوەی کوردستانی رۆژهەڵات وەک هێزی دەوڵەت بەسەرتەوە دەبێت و دەتوانێت لەناوتبات و ناتوانیت نقەت لێوە بێت .
ناوەندی عیراق بە خشکەیی ئەم وەزعە ناکۆکەی کوردستان بەهەل دەزانێت و بۆ خۆی قۆستۆتەوە و یاری خۆی لەنێوان هەردوو بەرەکەدا دەکات و تۆش لە دەرئەنجامی ململانێی حزبی ملکەچی هەموو بریارێکی دەبیت و دواجار دەڵێیت : ناوەند مافەکانمان دەخوات !.
ئێستا لە وەزعێکدایت نە زەمینە سازی بۆ بنیاتنانی دەوڵەتت کردووە و تا کات بروات لە زەرەری تۆ دەشکێتەوە و ، سەرجەم هەنگاوەکانی دەوروبەر بە ناوەندی عیراقیشەوە لە دژی تۆ بەرێوەدەچێت و وەزعی ئابووری خەڵکەکەش بەم شێوە بەرێوە دەچێت و، تۆش بۆ نیمچە هەنگاوێکی لەیەکتر نزیکبوونەوە ، هەزار و یەک فرتوفێڵ دەکەیت و ئەتەکێت دەکەیت و لوتبەرزی بەکاردێنیت ، ئەمە چیی پێدەڵێن ئەگەر کات کوشتن و گوێ نەدان بە میلەت و بەرژەوەندیی و داورۆژەکەی نەبێت .
تا ئەم کاتەش هیچ لایەنێکی کوردی هەڵوێستی خۆی لەمەر بەفەرمیکردنی حەشدی شەعبی دەرنەبریوە ، لەکاتێکدا بەچەندین وەزیر لەم حکومەتە بەشدارین و ، بە فەرمانی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران ئەم بریارە هەستیارە دەرکراوە .