Hasan-Husain

حەسەن حسێن : بەرەنگاری ، سیستم لە ئاوێنەدا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە میسۆلۆژیای یۆنانیدا، میدۆسا کچە کاهینێکی جوان بوو لە ناو پەرستگاکەی ئەسینادا . رۆژێك میدۆسا لە ناو پەرستگاکەدا سێکسی لەگەڵ پۆسیدۆندا کرد ، ئەسینا لەم کارە تووڕە بوو و میدۆسای کرد بە دەعەجانێك کە پرچەکانی هەموو بوون بە ماری ترسناك . بەڵام جوانییەکەی وەک خۆی مایەوە . شەڕکردن و لە ناوبردنی میدۆسا سەخت بوو ، چونکە شەڕکردن و بەرەو ڕوو وەستانەوە واتە بینینی رووخسار و چاوەکانی میدۆسا کە هەر کەسێك تەماشای چاوەکانی بکردایە یەکسەر دەبوو بە بەرد . پێرسیۆس بە هاوکاری هرمز بڕیاری دا میدۆسا لە ناو بەرێت . بۆ ئەمەش پێویستی بە چەند شتێک بوو لەوانە شمشێرێکی بەهێز و قەڵغانێکی شێوە ئاوێنەیی . لە بەرەنگاربوونەوەی پێرسیۆس و میدۆسادا ، میدۆسا سەیری پێرسیۆسی کرد ، بەڵام پێرسیۆس بە بێ ئەوەی تەماشای بکات قەڵغانە شێوە ئاوێنەییەکەی بە ڕوودا بەرز کردەوە ، میدۆسا کە خۆی لە ئاوێنەکەدا بینی ئەمجارە خۆی بوو بە بەرد و پێرسیۆیش دەست بەجێ سەری پەڕاند .
لە ئایدیا و پراتیکی بەرەنگاریدا دەتوانین قەڵغانەکەی پێرسیۆس وەك میتافۆرێك بۆ ئاوەژووکردنەوەی وێنەی سیستم و تێپەڕاندنی بەکاربهێنین . بە پێچەوانەیشەوە بەکارهێنانەوەی شێوە تەقلیدییەکانی رووبەڕوو بوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین و تەنانەت ئەنجامدانی شۆڕشیش بە بێ تێگەیشتن لە توانا ئەفسووناوییەکانی سەرمایە لە تێکدانی رەفتار ، ئەندێشەو خولیا رەسەنەکانی مرۆڤ ، ئەم بوونەوەرە و جووڵەکانی دەکەن بە بەرد و دەیخەنەوە نێو بینای سیستمەکە ( وەک جووڵانەوە و شۆڕشەکان پێشتر کردوویانە ) .
کەواتە وەزیفەی بەرەنگاری، ئاوەژووکردنەوەی گشت ئایدیا و بەهاکانی کۆمەڵگەی بۆرژوازی و پەخشکردنەوەیەتی،چەشنی نیگەتیڤی فیلم ، لەسەر رووبەرێکی کۆمەڵایەتی . لێرەدا بەرەنگاری کاردانەوە نییە، بەڵکو خودی کارەکە خۆیەتی کە ئەکتی سیاسی لە ناو کایە کۆمەڵایەتییەکاندا فراوان دەکاتەوە و رووبەری سیاسیی نوێ لەسەر ئاستی کۆمەڵگە دەخوڵقێنێت . ئەم کارە هەم بەرهەمی وشیارییە و هەمیش وشیاریی بەرهەم دەهێنێت . بەرجەستەبوونێکی وشیارانەی سوژە ( زات ) ی کارایە ( بەدەربڕینی ئالان تۆرین ) لە ناو ” بزاوتە کۆمەڵایەتییەکان و راڤە ئابوورییەکانی هاوبەشێتیدایە …. بزاوتێك کە ئاماژەیە بۆ بچڕان ( لەگەڵ رابردوو ) و هاوکات و پێداگری لەسەر کەرامەت و ئیرادەی گەڕاندنەوەی دەست بەسەرداگرتنی بەرهەمی کۆمەڵایەتی .
بەرەنگاری نەک هەر فۆرمە نامرۆییەکانی کار ، ژیان ، پەیوەندییە ئابوورییەکانی بەرهەمهێنان و ئایدیا و بەها بۆرژوازییەکان رەت دەکاتەوە ، بەڵکو فۆرم و مۆدیلی جێگرەوەی هەموو ئەمانە دەخاتە روو پراکتیزەی دەکات . هێزەکەیشی له‌ نێو بونیادی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیدایه‌و به‌ ئەوەوه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ نه‌ك له‌ ئه‌كتی سیاسی ئه‌م حزب و ئه‌و حكومه‌ت کە به‌ گوێره‌ی به‌رژەوه‌ندییە سیاسی و ئایدۆلۆژییەكانیان هه‌ڵوێست و ئاراسته‌ سیاسییه‌كانیان دەگۆڕن و دروشمێك دادەنێن و دروشمێكی دیكه‌ به‌رز دەكه‌نه‌وه‌ .

سەرچاوەکان :
مناهضة العولمة حركة المنظمات الشعبية في العالم https://books.google.iq/books?id ئالان تۆرین ، برادیغما جدیدة لفهم عالم الیوم
أماني مسعود ، مراجعة كتاب : الحياة اليومية كسياسة : كيف يغير الناس العاديون الشرق الأوسط ؟  http://dohainstitute.org/release/bc

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت