سۆزدار ميدی  : ئايا كورد پاشکۆخوازە ـ بەڵێ .. كورد سەروەرە ـ نەء ؟ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمە دروشمی داگيرکەرانی كوردستانە ….. هەر ئەمەيش نەخشە و مەبەستيانە

وەرگێڕانی بە دەستكارييەوە : ئەسعەد قەرەداخی  .

—————————————————————————————–

سەير نييە كە لەناو شيری دايكياندا ، لە خوێندگا و زانکۆكانياندا فێركرابن كە گەلی بژاردەی خودان ، كورديش گەلێكی بێ زێدە ، تەنيا كوچەرن و بەس . جارێك نزيك ساڵی 2003 دەمم تەقييەوە بە ئوستاێكی زانکۆ ، يەكێك بوو لە شەيدايانی سەدام . پێیــوتم لە ديدەماندا كورد قرباط/ــە واتە ” كۆچەرييەكی دەشتەكی .

جا وەرە ئەمە ڕاوبۆچوونی  ڕۆشنبيريان بێت ، ئاخۆ دەبێت ڕای سياسەتمەدارانيان چۆن بێت؟

ئەم وشەيە ، قسەكەی ئەردەوانی ئەشكانی ” هێنايەوەيادم كە بە ‘ ئەردەشێری بابك ی وت : تۆی كوردی خێوەتـــنشين چۆن ئەو تاجی پاشاييەی من دەكەيتە سەری خۆت . لە ڕاستيدا ئەم جۆرە گوزارانە ، لەو سەردەمە دێرينانەوە دەماودەم و سينە بەسينە بۆمان ماونەتەوە وەك ميراتييەکی بەرەبابی بۆتە ئاكارێكی ئاسايی بۆ كەسايەتييە گەورەكانی كورد و گوزارەی پاشكۆ ببێتە زاراوەيەكی وا چەسپاو كە هەميشە لە هزرو بيرياندا بزرنگێتەوە و نەوێرن خۆيان بە گەورەتر بزانن لە ئاست بەرامبەرێكی داگيركەر و زڕەداگيركەردا . زۆر سەير نييە كە زۆر بە نابەدڵييەوە هەندێك نموونەی مێژوويی بهێنرێتەوە كە چۆن گوزارەی پاشكۆ نەوە نەوە پەی نەوە بە سينەياندا وەك ميراتی هاتۆتە خوارەوە و نابێت لابدەن لێی .

1 – سەڵاحەدينی ئەيوبی كورد نەژاد،  ئەم سوڵتانە مەزنە لە خزمەتی دەوڵەتی عەباسيدا بوو . زۆر بە دڵسۆزييەوە بەگژ فەرەنگەكاندا چوو . خێڵە كوردييەكانی بەدوای خۆێدا ڕاكێشا لە نێوانيانيشدا ئێزدييەكان . لە ئەنجامدا بەو پەروێزييەی گەيشت كە مێژوو زۆر بە گرنگييەوە ئاماژەی بۆ دەكات . بووە سوڵتانی كردەيی سەرانسەری خەلافەتەكە بەڵام نازناوی ” سوڵتانی بەخۆيدا نەوەك خەليفە . چونكە وا چووبووە مێشكی خەڵکانی ئەو سەردەمە نازناوی خەليفە تەنيا بە باڵای عەرەبدا بڕاوە و بەتايبەتيش هۆزی قوڕەيش .

لە چنينەوەی ئەو پەروێزی و سەركەوتنەی كە بەر كورد كەوت ، هەڵكەندنی ژمارەيەكی زۆر لە كوردی كوردستان نشين و بڵاوبوونەوەيان بە وڵاتانی خۆرەڵاتی ناوەڕاست و توانەوەيان لە كۆمەڵگا نامۆكاندا ، ئەمەيش هۆکارێكی زەق بوو بۆ هێزە ئەوروپاييەكانی سەتەی بيستەم كە دەولەتی كوردستان نەخەنە ئەجندەيانەوە .

2 – كەريم خانی زەند ی كوردنەژاد ، فەرمانڕانی گشت سەرانسەری ئێران . لە خزمەتی دەوڵەتی فارسيدا بوو . زۆر بە دڵسۆزييەوە ئەو ئاژاوە و ئاشووبەی دامركاندەوە كە سەرانسەری ئێرانی ئەو سەردەمەی گرتبووەوە. ئاسايش و ئاسوودەيی و گەشەكردنی گەڕاندەوە و كردييە پاروويەكی لووسی خۆشهەرس و ڕادەستی بنەماڵەی قاجاری كرد. هەرچەندە دەسەڵاتڕەوێكی كردەيی ئێران بوو بەڵام نازناوی ” وكيلولڕەعايای ” بۆ خۆی دانا . ئەوەندە پاشکۆيەكی سەرنەوی بوو ، نەيويست ئەو پاشکۆیەتييە كە بە ميراتی بۆی مابووەوە لەکيسی خۆی بدات . لە پاداشتی ئەو خاسكاری و دادوەرييەی كە زۆر پێی ناسرابوو ، قاجارييەکان هاتن و جڵەوی دەسەڵاتيان گرتە دەست . بە فەرمانی ئاغا محمەدی قاجاری شای نوێی ئێران ، گۆڕەكەيان هەڵتەكان و هەرچی ئێسکوپرووسكی هەبوو خرانە توورەکەيەکەوە لەژێر پلێكانەكانی هاتوچۆی كاخی گوڵستان شاری تاران خرايە چاڵەوە ، تاكو هەر كەسێك لە هاتنوچوونيدا پێی لێ بنێت . بنەماڵەی کەريم خان و هۆزی زەند يشيان بە دەڤەرەکانی دەوروبەردا پەرتەوازەكران .

ئێستايش ، ئەوەتا ئێمە لە بەروبوومەکەی دەچنينەوە ؛ سياسەتی مەزهەبی لەنێو كورددا پيادە دەکەن ( كە هەر لە زووەوە هەبووە ) تاكو شارە كوردستانييەكان نەيانپەرژێتە بوژاندنەوەی هەستی نەتەوايەتی و نيشتمانپەروەرييان . ئاخوندە سەفەوييەكان، لاوانی كورد لەسێدارە دەدەن . داوێن پيسانيان دوای کيژەكوردی پاکيزان دەکەون کە بۆ پەيداکردنی پارووی ڕۆژانە كاردەكەن .

3 – عيسمەت ئينۆنۆی كوردنەژاد، سەرەک وەزيرانی توركيا ، زۆر بە دڵسۆزييەوە لە خزمەتی دەوڵەتی توركیای نوێ بوو . دەستە ڕاستی مستەفا کەمالی ئەتاتورك بوو لەجەنگی دژ بە يۆنان و ئينگلتەرە و فەڕەنسا . كەسێكی نەخشەڕێژ و باڵادەست بوو لە سەركوتكردنی ڕاپەڕين و شۆڕشەكانی كورد لە توركيا بەتايبەتی شۆڕشە سەرانسەرييەکەی شێخی پيران ساڵی 1925زاین . لە سەردەمی سەرۆك وەزيرانيدا فەرمانی لە سێدارەدانی كوردەکان جێبەجێكرا .

لە چنينەوەی ئەو بەروبوومەی ئينۆنۆ كە بەر كورد كەوت ؛ ڕاگواستنی زۆرەملی دەيان هەزار كورد بۆ ناوچە دوورەكانی توركيا بەمەبەستی تواندنەوەيان لەنێو توركانی ئەو ناوچانەدا ، بە تورككردنی پتر لە چارەكێکی كورد . سووتاندنی هەزاران گوند و ئاوارەكردنی زێدنشينەکانی ، گۆڕێنی ناوی ئەو گوندە هەرە نزيکانەی بە شارەكان . كوشتن و زيندانیكردنی هەزاران كورد . جێبەجێكردن و فراهمكردنی دروشمی تاك وەتەن ، تاك زمان و تاك بەيداخ .

4 – نوری سەعيدی كوردنەژاد، سەرەك وەزيرانی ئێراقی تازە بنيادنراوی ئينگليز ، لە سەردەمی پاشايیدا. زۆر بە دڵسۆزييەوە لە خزمەت دەوڵەتی عێراقی تازە دروستكراودا بوو . زۆر بە توندی لە ڕووی داخوازييەكانی سەربەخۆيی و تەنانەت ئۆتۆنۆمی يش بۆ كورد ڕاوەستا . ئەو دەوڵەتەی وا ڕاگرت کە ناوی عێراق ببێتە وڵاتێكی بەهێزی عارەبی لە ناوچەكە و يەكەم دامەزرێنەری كۆمكاری عارەبی و پارێزەری مافەكانی برای عارەبەكانی بێت .

لە چنينەوەی ئەو بەروبوومەی كە بەر كورد کەوت . بەهێز و بازوی ئەم سەركردە كوردە و هاوكاری ياوەرەكوردەکانی ؛ جێبەجێكردنی بەعارەبكردنی نزيكەی سێيەكی زێدی كورد لە كوردستانی باشوور . پيادەكردنی ئەو پلانە بۆ بەعارەبكردنی ناوچەكانی ديكە . بەئەنفالكردن و زيندەبەچاڵكردن و كۆمەڵكوژييان لە بيابانەكانی ئەو عێراقە دروستكراوە . كيميابارانی هەڵەبجە و چەندين ناوچەی ديكە . وێرانكردنی هەزاران گوند و دەيان شارۆچكە و بنيادنانی دەيان ئۆردوگای زۆرەملێ .

5 – ئيبرا‌هيم هنانۆی كوردنەژاد ، تێكۆشەر و شۆڕشگێڕ لە سووريای تازە بنيادنراوی فەڕەنسا زۆر بە دڵسۆزی لە خزمەت شۆڕشی سووريدا بوو لە دژی فەڕەنسای داگيركەر . لەپێناوی دارندەكردنی شۆڕشدا هەرچی هەبوو لە ماڵ و زەوی و زار ، هەمووی فرۆشت. داوای قەرزیيشی لە سەرمايەدارانی ناوچەی حەڵەب كرد بۆ دارندەکردنی شۆڕشەكەی . پاش سەرکوتكردن و لەناوبردنی شۆڕشەكەی لەلايەن فەڕەنساوە . ئەو سەرمايەدارانەی كە پشتيوانی بوون ، پەنايان بردە داگيركەر و سكاڵايان لەسەر تۆمارکرد ، ئەويش لەبەر بێتوانايی و نەداری لە دانەوەی ئەو قەرزە زۆرە، بەبێكەسی و بێنەوازی مرد .

لە چنينەوەی ئەو بەروبوومەی هنانۆ كە بەر كورد كەوت ؛ بەعارەبكردنی گوند و شارە كوردييەكان، بە هەژاركردن و ڕاگواستنەوەيان ، بيناکردنی ئۆردوگای هاوچەرخ بۆ خێڵە عارەبە بيابان نشينەكان . نەدانی مافی هاوڵاتی بوون بە سەدان هەزار كورد. گرتن و كوشتن و ئەشكەنجەدانی هەزاران و هەزاران كورد . سڕينەوەی ناسنامەيان لە سەرانسەری وڵاتی سووريای دروستكراودا .

سەردەمی ئێستايش ، پاش نۆشينی ئەو هەموو مێژووە تاڵە ، ئەمە بارودۆخی هەر چوار پارچەكراوی كوردستانە : لە باكووری بن دەستی دەوڵەتی توركيا ، سێ پارتی سەرەكی براوەی پەڕلەمان بوون CHP و MHP و HDP. سەرۆكی هەر سێ لەو پارتە بە ڕەچەڵەك كوردنەژادن ، کەمال قلیتچدار ئۆغلو لە دايكوبابێكی كوردی زازاكی يە ، بەرنامە ڕەگەزپەرستييەكەی ئەتاتورك وا پيادەدەكات كە ئەگەر ئەتاتورك زيندوو ببوايەتەوە پێيدەڵێت : هێواش من وام نەوتووە تۆ زياتر لەمن دژايەتی كورد دەكەيت .

پارتی MHP كە هەر ناوەكەی بەخۆيەوەيەتی ، پارتێكی ئەوپەڕی ڕەگەزپەرستە و بۆڕی پارتەكەی ئەتاتوركی داوەتەوە . دەوڵەت بەهەتشلی ( دەڤلەت باغچەلی ) سەرۆكايەتی دەكات كە ئەميش لە دايكوبابێكی كوردی زازاكی يە . سەرسەختترين كەسە لە ڕووی ئەو داواكارييە ڕاشكاوانەی كە كوردانی باكوور داوای دەكەن .

ماوەتەوە پارتی HDP كە سەڵاحەدين دەمرداش هاوسەرۆكييەتی ، ئەميش كوردێكی زازاکیيە بەڵام بە شيری حەڵال هەر لە پێستی كوردی خۆيدا ماوەتەوە لاوێكی نەبەرد و چالاكە ، دووربين و سياسەتمەدارە. هەموو كوردێكی دڵسۆز ئاواتەخوازە كە لە چنينەوەی ئەو خەباتە سەختە پڕنەهامەتييە دوورو و درێژەی كوردستانی باكوور هەڵنەخزێت . خۆی لەو دڕكانە بپارێزێت كە بۆی چێنراوە و بۆيشی دەچێنرێت لەلايەن نەيارانييەوە چ لە دەوڵەتی توركيا و چ لە پارتە كوردييەكان كە هەموو كەس دەزانێت كێن ؟

با بێينە سەر خۆرەڵاتی كوردستانی ، هەر پارتە چەند پارتێكی چەكداری لێكەوتۆتەوە ، ئەمانە ددان لەيەكتر دەسوون ، هەر يەكەو بۆ بەرژەوەندی خۆی كاردەكات نەوەك بۆ بەرژەوەندی گەل و نيشتمان . ئەوە بارودۆخيانە كە دەيان بينين .

با بێينە سەر باشووری كوردستان ، لە چنينەوەی ئەو خەباتە سەختە خوێناويەی بە خۆمان كرد هەر لە شەری نەگريسی نەبڕاوەی خۆكوژی و بە كوردكوشتن . نزيكەی بيستوچەند ساڵێكە گوايە دەسەڵاتێكی سەربەخۆمان چنيوەتەوە . بەڵام دەپرسين کام دەسەڵات ؟ لە كێ بپرسين كام دەسەڵات ؟ ئايا لە دەوڵەتی ئێران بپرسين يان لە دەوڵەتی توركيا ؟

بێينە سەر خۆراوای كوردستان ، هەرگيز باوەڕ نەدەكرا ميللەتێكی تواوە لە بۆتەی بەعسی ڕەگەزپەرستدا ، ڕاپەڕێت و خۆی لەو گيراوەی تواوەنەوەيە پاكژبكاتەوە و ئەو داستانە نەبەردييە تۆماربكات كە بەدرێژايی مێژووی كورد دياردەی شۆڕشگێرێتی وای بەخۆيەوە نەبينيوە. ئەمە تاكە تاقيكردنەوەيەكە كە تاكو ئێستا بەبێ پاشکۆپەرستی مابێتەوە . ئومێدەوار و خوازيارني لە پەروەردگار چنينەوەی ئەو بەروبوومە بە فێڕۆ نەچێت . ئەو لايەنە كوردييانەی كە هەر لە قاووخی پاشكۆيەتيدا ماونەوەتەوە و لێيدەخۆن . ئەو ميراتە پڕ لە نەهامەتی و نەگبەتييە نەنێرنە ناويان تاكو بزانين ئەم خۆبەخشە دڵسۆزانە چ ئاسۆيەكمان بۆ ڕۆشن دەكەنەوە .

بەڵێ، داگيرکەرانی ڕەگەزپەرست ئاوا فێر بوون و ڕاهاتوون . وا فێربوون كە كورد لەپێناوی ئەوان و بۆ ئەوان ئافرێنراوە و هێنراوەتە دی . لای ئەوان كورد مريشكێكە هێلكە زێڕەکەی بۆ خۆيانە و گارەگارەکەی بۆ بەگژاچوونی نەيارانيانە .

بەڵی ، هەر بەو شێوازە ڕۆشنبيرييە پەروەردەبوون کە کورد دەبێت هەميشە پاشکۆپەرست بێت . خزمەتكاربێت بۆ بەڕێوەبردنی دەزگاكانيان . ملكەچی فەرمان و ئارەزووەكانيان بێت . كارگەر بێت لە سازگە و ئوتێل و چايخانە و چێشخانەكانيان . بۆياخچی و خۆبەخت و خۆبەخش بێت لە پێناوياندا .

جا ئەگەر كوردێك بەناوی كوردستان بزارێت ، ناوێكی كوردی هەڵگرتبێت ، بە كوردی بدوێت و بنووسێت ، خەريتەی كوردستانی گەورە بکێشێت ، داوای مافی نەتەوەيی لە زێدی مێژووی خۆیدا بكات و ببێتە سەروەر لە نيشتمانی خۆيدا ، خاوەنی سروشت و سامانی خۆی بێت ، هەڵگری ئاڵای كوردستانی بێت ، بە سروودی ئەی ڕەقيب خۆی بە دۆستانی جيهانی بناسێنێت ، چەك هەڵگرێت بۆ بەرگری و پاراستن لە بوون و نيشتمانی .

ئیتر چۆن ئەوان چاويان بەرايی دێت ئەو ديمەنە ببينن ؟

ئەم مافە سروشتييانە هەرگيزاو هەرگيز لای ڕەگەزپەرستان و زڕەداگيرکەران پەسەند نييە .

ئەمە ڕاستييەكە و لە مێژوودا چەندين جار بەسەرماندا تێپەربووە و بەردەواميش ڕووبەڕووی دەبێنەوە .

بەڵام دەبێت ئەمانە باش بزانن كە :

بارودۆخ هەرچۆن بێت … دەبێت كوردستان هەر ڕزگاری بێت .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت