ئاکۆ برایم : سەرۆکایەتی حکومەت ـ ئێمە دەواممان پێدەکرێت ، ئەوە ئێوەن ناتوانن حکومەت بەڕێوەبەرن .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەڵامێک بۆ وتەبێژەى حکومەتى هەرێمە کە پێمان دەڵێت : سەفین دزەیى بۆ فەرمانبەران : دەوامتان پێ ناکرێت وازبهێنن .  لڤیـن

سەرەتا رێز و سڵاو و حورمەتم هەیە بۆ کاک سەفینى پۆشتە و پەرداخى گیرفان پڕ ، پۆست لەسەر پۆست بەنسیبى ئەبێت ، وەک و لەم وڵاتەدا کەسى دیکەى تێدا نەبێت جگە لەو ، هێندە موچە و نەسریەى زۆرە کە لیژنە و ستافى تایبەتى بۆ داناون تا وەریان بگرێت ، ئێمەش بەچوار مانگ جارێک چاوەڕێى یەک لەسەر سێى مووچەین ، بۆیە ناهەقى ناگرم کە زۆر بێمنەتانە وامان پێدەڵێت ، کە زۆر بێباکە لە گیرفان بەتاڵى و برسێتى و بێ حاڵى میللەت ، چونکە بۆخۆى هەر لەئەزەلەوە هەر کەسەرى لەهێلکە جوقاوە کوڕى بەرپرس بووە ، نەیزانیوە نەبوونى و برسێتى چى یە .
بەداخەوە بۆ بەڕێزێکى وا کە خۆى بە وتەبیژى حکومەت ئەزانێت ، لەبرى سوپاس گوزارى و دەستخۆشى و ستایشى مووچە خۆران ، ئەو دەستە واژە جوانە پێشکەشمان دەکات ، باشە کاک سەفین من بەقسەت دەکەم و واز لە دەوام دەهێنم ، دەبمە چەکدار و پاسەوانتان بۆ ئەوەى هەرچى گەندەڵى و نارەواییەک هەیە بۆتان پەردە پۆش بکەم ، ئەوەشى کەلەدژى ئێوە زارى هەڵهێنا دەمکوتى بکەم ، ئاساییە ئەبمە پاسەوانى بەردەرگاتان، ئەبمە پارێزەرى بیرەنەوتەکان ، ئەبمە پاسەوانى خاڵى گومرگەکان ، ئەبمە وتاربێژى حزب و هەرچى پۆخەڵەوات و ناقوڵایى حزبەکەتان هەیە ئارایشت ئەکەم ، بەڵام ئەى پێم ناڵێیت باب و دایکمان چى بکەن ، ئەوانێک کە پتر لەنیوسەدە لەپێناوى گەل و نیشماندا گەنجى وجوانیان بەسەر برد ؟ هەموو تەمەنى خۆیان بە دەوام و فەرمانگەبەخشى . ئەوان چى بکەن ؟ جەنابت بەرەواى ئەزانیت پاش ئەو هەموو ساڵە ئێستا لەسفرەوە دەستپێبکەنەوە ؟! خۆ ئەوان وەکو ئێمە و مانانیش نین ، بتوانن پاش دەوام پاڵ بەعەرەبانەوە بنێن و دەستگێِرى و حەماڵى بکەن .
ئافەرین وتەبێژ ، سڵاو لەخۆت و حیز و حکومەتەکەت کە ئەو بیرۆکە جوان و ناوازەت بەمێشکدا هات . ئەزانیت لەهەر وڵاتێکى ئەم دونیایەدا بویتایە لەسەر ئەو وتەیەت ئەگەر شار بەدەریان نەکردیتایە ، ئەوا بەدڵنیایەوە دادگایى دەکرایت و بۆهەتایە مافى ئەوەت نەبوو توخنى پۆست و وەزیفەى حکومى بکەویت .
وتەبێژە بلیمەت و قسە زانەکەى حکومەت ، شتێکى سروشتى و ئاساییە کە هەر وڵاتێک روبەروى قەیران بێتەوە ، بەڵام بەفەزڵ و هەول و تەقەلاى شارەزایان و پسپۆڕان زۆر بەزووى ئەو قەیرانە تێدەپەڕێنن ، هۆکارەکەى دەدۆزنەوە و چارەسەرى بنەڕەتى بۆدەکەن . بەڵام ئەوە نزیکەى دووساڵە وڵات لەقەیراندایە ، کە هۆکارەکەشەى ئاشرایە کێ یەو کێ ئەو رەوشەى خوڵقاندوە ،. کەچى زۆر دەست وپێ سپین و هیچ چارە و رێگە دەربازبویەکتان نەدۆزیوەتەوە ،. کە بەسەدان و هەزاران رێگە چارەى زۆر سانا و سادە هەیە . جانازانم بۆدرکى پێ ناکەن ؟! ،حیکمەتەکەى چى یە ؟! جەنابتى کە هەستى پێناکەیت یان ، حکومەتەکەتە ، لەئەزەلەوە سوێندى خواردوە خۆى بە کێشەو داواکارى خەڵک و میللەت سەرقاڵ نەکات . لەبرى ئەوە بیر لە بازرگانى و کرێبەستى گەورەو بکاتەوە ؟
کاک سەفین زۆر بەجدیمە وئەتوانیت تاقیبکەیتەوە ، ئەگەر دەوڵەتدارى و حکومەت و فەرمانڕوایى وەک ئەوەى جەنابتان بیێت ، بەبیلاهى بەس دواى دوام واتە لەکاتژمێر 4 بۆ شەشى ئێوارە ئەتوانم سێ چوار حکومەتى لەو شێوەیە بەڕێوەبەرم و ، یەک مسقال گلەیشم نەیتە سەر ، هاوشێوەى بەڕێزیشت قسەى خۆش شیرین بۆمیللەتى خۆش باوەڕ بکەم .
کاک سەفین دزەیى : جەنابتان لەپارتێکدا پۆستتان هەیە کە هەڵگر و پارێزەرىى چەمکى دیموکراسى یە و ، کەم تا زۆریش ئێمەى پێ فریو دەدەن ، جا مەبەستەکەم ئەوەیە لەهەموو دونیا دا هەمیشە کەمینە ملکەچى زۆرینە بووە ، لەدیموکراسیشدا شتێکى وا هەیە، جا بەو موناسەبەیەوە زۆر باش دەزانیت ، ئێمەى فەرمانبەران لەچاو ئێوە حکومەت و حزبەکەتاندا زۆرینەین ، هەروەها جەنابتان و حکومەتەکەتان کە ناتوانن فەرمانڕەوایى میللەت و خەڵک بکەن ، بۆیە واچاکترە ئێوە وا زبێنن نەک ئێمە . هیوادارم لەگەڵ حکومەتەکەتدا ئەو پرسە تاوتوێ بکەیت . ئەلف و باى دیموکراسى پیادە بکەن .
هیچم نەماوە هێندە نەبێت ، ئەڵێم رووى بابى ئەوە رەش بێت کە وەک حکومەت ئەتان ناسێت ، بەنەفرەت بێت ئەو کەسەى باوەڕتان پێدەکات ، شەرمەزار بێت ئەوەى کە جارێکى دیکە دەنگتان پێدەدات و پەنجەى خۆى پیس دەکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت