محەمەد بەرزی : دەردی میلاک .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ساڵی 1921 دا لە لایەن بەریتانیاوە بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتی عیراق درا ، بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجومەنێکی بنەرەتی دروستکرا بۆ دەستنیشانکردنی پادشا و دانانی دەستورێک بۆ عیراق و دامەزراندنی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان بۆ بەڕێوەبردنی ئەو دەوڵەتە تازەیە . ئەو لیژنەیە لە ژێر سەرپەرشتی شارەزاکانی ئینگلیزدا کۆڵەکەکانی دەوڵەتیان دەستنیشانکرد ، کە یەکێک لەو کۆڵەکانە بریتی بوو لە دانانی میلاک بۆ هەموو دامودەزگایەک لە دیوانی پادشایەتییەوە تا پچوکترین فەرمانگەی خواری خوارەوەی .

بە کورتی میلاک ژمارە و پلە و ئەرک و سنوری مووچە و دەسەڵاتی کارمەندان دەگرێتە خۆی . ئەمە سەرباری ساڵانی خزمەت و بڕوانامە و ڕادەی شارەزایی . لە دانانی میلاکدا بەرژەوەندی گشتی لە بەرچاو دەگیرێت و ناکرێت بودجەی تەرخانکراوی میلاک لە داهاتی ساڵانەی وڵات زیاتر بێت ، ناکرێت میلاکی دەزگایەک لە سەروو پێویستی خۆیەوە بێت . بە کورتی میلاک کۆڵەکەی ڕاگرتنی هەموو دامودەزگایەکی دەوڵەتە . کاتێک پلەی بەتاڵ لە میلاکدا دەبێت ، ئەوا دەکرێت ئەو پلەیەی پڕ بکرێتەوە ، خۆ ئەگەر نەبوو ناکرێت کارمەندی تازەی بخرێتە سەر ، چونکە ساڵانە بە پێی پلەکانی ناوی بودجەی بۆ تەرخاندەکرێت . میلاک بە پێی یاسا رێکدەخرێت و زۆر وردەکاریی گرنگیش لە خۆی دەگرێت ، بۆ نموونە ناکرێت ئەندازیارێکی یاریدەدەری تازە لە پلەی ئەندازیاردا دابنرێت ، یان پاسەوانێکی تازەی بێ ئەزمون بکرێت بە پاسەوانی پێشکەوتوو ، چونکە ساڵی خزمەت و شارەزایی و سنوری مووچەی ئەو ناونیشانانە جیاوازن . بە پێی یاسا ئەندازیاری یاریدەدەر پاش سێچوار ساڵ دەتوانی پلەی ئەندازیاری وەربگرێت ئەویش بەو مەرجەی لە میلاکدا پلەی چۆڵی ئەندازیار هەبێت و ئەو کەسەش شیاوی ئەو پلەیە بێت و لە لایەن سەرووی خۆشییەوە پشتگیریی تەواوی کرابێت ، دیارە بۆ پاسەوانەکەش هەروایە .
لە دوای ساڵی 1921 وە ساڵانە هەموو وەزارەتێک و سەرتاپا دامودەزگاکانی عیراق لە لایەن لیژنەی شارەزای تایبەتەوە بە میلاکدا چوونەتەوە و بە پێی پێویست گۆڕانکارییان تێدا کردووە و لەبەر ڕۆشنایی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاشدا قەبارەی پچکۆلەکراوەتەوە و بە پێی یاسا رێکخراوە و توانیویانە میلاکی نایاب و ناوازە دابنێن و لەو بوارەشدا حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عیراق سەرکەوتووبوون . بەڵام لەگەڵ دروستبوونی حکومەتی هەرێمدا و لەبەر ئەوەی هەموو خەون و خولیا و سەودایەکی سەرکردەکانمان پاراستنی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بووە ، ئەوا شتێک نەماوە ناوی میلاک بێت ، بەمەش یەکێک لە کۆڵەکە هەرە ئەستوورەکانی کارگێڕیی وڵاتیان ڕوخاندووە بە ڕادەیەک ئەمڕۆ نە بڕوانامە و شارەزایی قورسایی خۆیان ماوە و نە ساڵانی خزمەت و سنوری مووچە و ئەرک و فەرمان . بەمەش پاشاگەردانییەکی گەورەیان دروستکردووە و کەسانی نەشیاویان بە زۆر و زۆرداری خزانۆتە پۆستی هەستیار و گرنگەوە و وڵاتیان گەیاندۆتە ئەم ڕۆژە ڕەشەی ئەمڕۆمان .
ئەوەی شایانی باسە ڕەنگە بە درێژایی مێژووی عیراق ڕستەی : ( بەدەر لە ڕێنماییەکان ) بەکارنەهێنرابێت ، چونکە رێنمایی پاشکۆ و پەرژینی یاسایە و بۆ چەسپاندن و سەروەری یاسا دادەنرێت ، کەچی سەرکردەکانی کورد بۆ سڕکردنی یاسا و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و کاولکردنی وڵاتی کورد ئەو ڕستەیەیان داهێناوە و هەزاران هەزار جار بەکاریان هێناوە . بەو ڕستەیە سەدان کەسیانکردووە بە وەزیر و ڕاوێژکار و بەڕیوەبەری گشتی ، مردووی پەنجا ساڵەی ناو گۆرستانەکانیان بە پلەی وەزیر و ڕاوێژکار خانەنشینکردووە بەبێ ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەمانە یەک سەعات کاریان کردبێت ، یان ناویان لە لیستی میلاکی فەرمانگەیەکدا هەبووبێت . بەو ڕستە ناقۆڵڵایە هەزاران هەزار دۆنم زەویان بە تاڵان بردووە . من بە چاوی خۆم میلاکم بینیوە لە ژێر پێڵاوە لاستیکە قوڕاوییەکانی سەرکردەکانی شاخدا پلیشاوەتەوە . ئەی ئەگەر وانییە ئەو هەموو بندیوارانە لە کویێوە هەڵقوڵان . ئەی ئەگەر وانییە چۆن فرووج فرۆشێکی بێ بڕوانامەی سەردەمی بەعس کراوە بە ڕاوێژکار . ئەی ئەگەر وانییە چۆن چایچی دیوانی وەزارەتێک پلەی بەڕیوەبەری چایچی بۆ داتاشراوە . یان لە چ وڵاتێکی دنیادا ژمارەی دانیشتووانەکەی پێنج ملیۆن کەس بێت ، کەچی یەک ملیۆن و چوارسەدهەزار فەرمانبەری هەبێت و تەنها 700 هەزاریشیان دەوامی خۆیان بکەن و حەوت سەدهەزارەکەی تریشیان پاڵیان لیێ دابێتەوە و بەبێ ئەوەی تەنها دڵۆپێک ئارەق بڕێژن لە لیستی مووچەدا بن . باشە ئەمە چ نەگبەتییەکە یەخەی گرتووین و میللەتەکەمانی کردووە بە میللەتێکی تەمەڵی بەرخۆر .
کاتێک لە سەدەی بیستویەکدا کورد دەبینیین بەمجۆرە سەقەتەی ئەمڕۆ حوکمڕانی دەکات بە تەواوی لە مێژووی کۆنی خۆمان دەکەوینە گومانەوە ، گومانێکی ئێجگار تاڵ بە ئاشکرا پێمان دەڵێ : حوکمرانی ئەمڕۆمان ئاوێنەیەکی باڵانمای ئەمارەتە کۆنەکانی کورد و حوکمرانییە تەمەن کورتەکانی ڕابوردوومانە ، ئەگەنا دەبێت نهێنی ئەوە چیبێت ، کە ئەمارەتەکان و حکومەتە تەمەن کورتەکان بەرگەیان نەگرت و بە زەبری زەمانە یەک لە دوای یەک ڕوخاون و تلیسانەوە و ئاواتمان نەهاتەدی و زیاتر لە دوو هەزار و حەوت سەد ساڵە نەمانتوانیوە وەک میللەتانی دنیا دەوڵەتێکی یەکگرتووی سەربەخۆ و ئاوەدان لەسەر خاکی خۆمان دابمەزرێنیین و دوور لە ترسی بۆمبای ژەهراوی و دەرد و بەڵای ئەنفال بە ئازادی و بەختیاری و سەربەرزی بژین .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت