محەمەد بەرزی : پشتی سەر و مافی مرۆڤ . 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەگەڵ ئەوەشدا لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا یاسا سەروەرە و ئازادی بێ سنورە و مافی مرۆڤ لە هەموو ڕوویەکەوە پارێزراوە و ماناو بەهای تەواوی خۆی هەیە ، بەڵام کاتێک کەسێک تاوانێک ئەنجامدەدات ، جا تاوانەکەی گەورەبێت یان بچووک ، دزیی بێت یان کوشتن ، تاڵانی بێت یان ڕاوڕووت ، دەزگای ئاسایشی ئەو وڵاتە لە سەر شاشەی تەلەڤزیۆنەکانەوە چەندین جار دەمووچاوی تاوانبارەکە دەخاتە بەرچاوی هاوڵاتییەکانی تا بە تەواوی بیناسن . ئەمەش چەند سوودێکی بۆ بەرژەوەندی گشتی هەیە وەک :
یەکەم : کاتێک ئەو کەسە ماوەی سزای خۆی تەواودەکات و دەگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگا ، هاوڵاتییان دەیناسنەوە و بەردەوام بە چاوی شکوگومانەوە سەیری دەکەن و خۆیانی لیێ بەدوور دەگرن ، چونکە زۆرجار تاوانبار تۆبە ناکات و تاوان لە دوای تاوان دووبارە و سێ بارەی دەکاتەوە .
دووم : دەرخستنی دەمووچاوی تاوانبار لە ڕێگای شاشەکانەوە بارێکی دەروونی ئاڵۆز و ناخۆش بۆ تاوانبار و بنەماڵەکەی دروستدەکەن و هەست بە کەمیی و شەرمو سەرشۆڕیی دەکەن ، ئەمانەش هۆکارێکن کە کەسانی تر کەمتر بیر لە تاوان بکەنەوە ، بەمەش ڕێژەی تاوان بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات .
ئەوەی سەیرە لەم هەرێمە بێ سەروبەرەی ئێمەدا ، کە نە یاسا سەروەرە و نە ئازادی بەرقەرارە و نە مافی مرۆڤ پارێزراوە ، کاتێک کەسێکی بێ پشتوپەنا تاوانێک دەکات ، گورج دەیهێننە سەر تەلەڤزیۆن و لە جیاتی ئەوەی دەمووچاویمان بۆ دەربخەن تا هەموومان بیناسیین ، کەچی بە بیانووی ئەوەی ڕێز لە مافی مرۆڤ دەگرن و تاوانبارەکەش مرۆڤە ئەوا دێن پەیتا پەیتا پشتی سەریمان بۆ دەردەخەن تا کەسمان نەیناسیینەوە ، خۆ ئەگەر تاوانبارەکە پشتوپەنای هەبێت و سەر بە دەسەڵاتدار بێت ئەوا پشتی سەریشی دەرناخەن و هەر زوو تاوانەکەشی دیزەبەدەرخونە دەکەن ، بەمەش تاوانباران لە ناو کۆمەڵگاکەماندا بزردەبن و لەوانەشە تاوانی گەورەی پڕ مەترسی بە دوای خۆیاندا بهێنن .
ئەوەی شایانی باسە حکومەتە ساواکەمان بە شانۆگەریی ( پشتی سەر ) دەیەوێت وا خۆی نیشانی دنیا بدات کە ڕێز لە مافی مرۆڤ دەگرێت و وڵات شامی شەریفە و لە بواری مافی مرۆڤدا بۆڕیی ئەمەریکا و ئەوروپایداوە و زیاتر لەوان لە خەمی مافی مرۆڤدایە ، کە دیارە هەمووشمان دەزانیین ئەمە درۆیەکی شاخدارە و تەنها خۆڵکردنە چاوی هاوڵاتییان و دنیای دەرەوەیە ، چونکە ڕاستییەکان وەک خۆر دەدرەوشێنەوە ، ئاخر هەر دوێنێ بوو لە بەردەمی زانکۆی هەولێردا و لەسەر وتارێک ناودەمی زەردەشتی فریشتەیان پڕکرد لە فیشەک ، هەر دوێنێ بوو گوڵە هەنارێکی جوان و بێگەردی وەک ( دوعا ) یان تا مردن بەردەبارانکرد ، هەر دوێنی بوو سنگی پڕ باوەڕی سۆرانی مامە حەمە و کاوە گەرمیانییان خڵتانی خوێنکرد ، کەچی لەسەر شاشەکان نە دەمووچاوێکمان بینی و نە پشتی سەری تاوانبارێک ، سەرباری ئەمانەش لە چەند ڕۆژی ڕابووردوودا و لە ناو جەرگەی شاری دهۆکدا و بە بەرچاوی خەڵکییەوە ( وەدات حسێن ) ی ڕۆژنامە نووس دەرفێنرێت و بە شەق و کێبڵ و کوتەک و بلۆک شەهیدی دەکەن ، کەچی پشتی سەری تاوانبارێکمان نەبینی . لەگەڵ ئەم هەموو تاوانانەشدا ئەوەتا سەرۆکێکی ناشەرعی لەسەر کورسییەک ڕێگا لە سەرۆکێکی شەرعی پەرلەمان دەگرێت و پەڕلەمانی میللەتێک پەکدەخات وڵات ڕووبەڕووی مەترسی و قەیرانی گەورە و گران دەکاتەوە ، ئیتر کامەیە ئازادی و کامەیە یاسا و مافی مرۆڤ ؟! .

لە تاو برسێتی و هەژاری خەڵکی بێ دەرەتانی بێ مووچە ، کە شێوی شەویان نییە دەڕژێنە سەر شەقامەکان تا داوای مافی ڕەوای خۆیان بکەن ، کەچی بە فیشەک وەڵامدەدرێنەوە . لەوانەیە ئەو تفەنگ بە دەستانە هەمان ئەو تاوانبارانە بووبن کە لە ١٧ی شوباتدا دەیان کەسی وەک ڕێژوان و زمناکۆ و سورکێو و گەرمیانیان شەهید کردبێت ، جا چونکە دەمووچاویانمان لە شاشەکانی تەلەفزیۆنەوە نەبینییوە نەمانناسیون و بەردەوام بۆ گیانی میللەتە کڵۆڵەکەمان پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگە … جا ئەگەر ڕاستدەکەن و ڕێز لە ئازادی دەگرن و بە تەنگ مافی مرۆڤەوەن ، دە فەرموو هەر چۆن ڕۆژانە لە شاشەکانی تەلەفزیۆنەوە سەدان جار دەمووچاوی سەرۆکە ناشەرعییەکە و کوڕ و برا و برازا و هەزار خزمەکەیمان پیشاندەدەن و وامان لێهاتووە لە تاریکیشدا نەجمەکانی سەرشانیان بناسیینەوە ، دە ئاواش دەمووچاوی تاوانبارانیشمان پێ نیشانبدەن تا ئەگەر سەرلەنوێ لەسەر مافی ڕەوای خۆمان و سامانی دزراوی وڵاتەکەمان و هانینی سوپای داگیرکەران بە کۆمەڵ ڕژاینەوە سەر شەقامەکان خۆمانیان لیێ بپارێزین .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت