ڕەسوڵ بۆسکێنى : کێ تەمەنى پێشمەرگەى خانەنشین قەرەبوو دەکاتەوە ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئادەمیزاد گیانى خۆى لەهەموو شتێک خۆشتر دەوێ ، هەموو بیر و توانا و سەروەتى خۆى دەخاتەکار بۆ ئەوەى ژیانى بەردەوام بێ و ئاسوودە بژى ، هەموو شتێک دەخاتە پێش مەرگى خۆى ، تەنیا شتێک کەلە ژیانى خۆى خۆشتر دەوێ و ژیانى خۆى دەخاتە پێش مەرگى و بۆى دەبێتە پێشمەرگە نیشتمانەکەیەتى ، لە پێناوى نیشتمان دا هەزاران لاوى کورد بوونە پێشمەرگە و بەشانازى و سەربەرزیەوە گیانیان بەم نیشتمانە خۆشەویستە بەخشیوە ، هیچ لاشیان گرنگ نەبووە لەدواى خۆى دایک و بابێکى پیر بەجێ دێڵێ لەمنداڵیەوە بەخێویان کردووە ، بەهیوا بوون ڕۆژێک کە پیر بوون لەبەر ڕۆڵەکەیان بحەسێنەوە و بیان ژێنێ ، یاخود ژنێکى بەدبەخت و کۆستکەوتوو چەند منداڵێکى بەسەردا بەجێ دێڵێ ، یان ئەگەر بەخت یاوەرى بوو لەژیانى پێشمەرگایەتى دا ڕۆژێک دێت پیر دەبێت و تواناى نامێنێ و لەماڵەوە خانەنشین دەکرێت ، لەخەباتدا بیرى لەهیچ کام لەم شتانە نەدەکردەوە ، تەنیا هەوڵى پاراستنى نیشتمانەکەى داوە .
زۆربەى خانەنشینانى ئەمڕۆ و پێشمەرگە و تێکۆشەرانى دوێنى زیاد لەماوەى تەمەنى خانەنشینى یاسایى خزمەتى گەل و نیشتمانەکەیان کردووە ، لەشەوڕەوى تاریکەشەوى ئەنگوستەچاو سەدان شەقیان لەبەرد هەڵداوە ، وەنەوز و خەونۆچکە بردونیەوە، زەوى ڕاخەر و ئاسمان پێخەو و قۆنداغى تفەنگ سەرینیان بووە ، بۆ نان و پێخۆرى ژەمەنانێک چەندین قسەى مزر و تاڵیان پێدراوە ، بەم حاڵەوە تەمەنى جوانى و یاسایى خانەنشینیان تێپەڕاند و تەمەنەکەیان لەسەر لوتکەى خەبات و خەیاڵدانى خۆیاندا پاشەکەوت کرد ، جەنابى سەرۆک کێ ئەم تەمەنەیان بۆ قەرەبوو دەکاتەوە ، جەستەى کەسیرەى سەرماى ناو بەفر و ئەندامى لەشى پێکراو بەگوللە و پارچەى تۆپى دوژمن لەناو کام هۆبەى تەندروستیدا قەرەبوو دەکرێتەوە ، دەبوایە ئەوانەى پێشنیار بۆ پاشەکەوت و بڕینى مووچەى خانەنشینانى پێشمەرگە دەکەن ئارەقى شەرمەزارى بەتەوێڵیان دا بهاتایە خوارەوە، ئەگەر کەسوکارى شەهید و کەم ئەندام و خانەنشینان باجى ئەو هەزاران وەزیر و ئەندام پەرلەمانەى بەشان تەکاندن خانەنشین کراوە ، ئەوانە بەهەڵبژاردنى حزبى هاتوونەسەرکار ، دواى تەواو بوونى کار دەبوایە بگەڕێنەوە شوێنى ڕابردوویان ، لەجیاتى ئەوە بەپارەى خەیاڵى خانەنشین کراون ، یاخود ئەو هەموو وەزیر و جێگر وەزیر و بەڕێوەبەرى گشتى و ئەفسەر و لیوا و … هتد خانەنشین کراوانەى بەبێ ئەوەى ڕۆڵ و خزمەتى کارەکەیان دیبێ ، لەسەر بڕیارى ئێوە پارەیەکى زۆر و خەیاڵى مفت وەردەگرن ، گاڵتەشى بەو پێشمەرگە کەم ئەندام و دەست و قاچ پەڕیوانە دێت ، کەلە چاوەڕوانى مووچەدا ڕۆژەکان دەژمێرن .
کەسوکارى شەهید و ئەنفال و کەم ئەندامانى سەنگەر و خانەنشیان لە دنیا و وڵاتانى هاوشێوەى ئێمە دەستى حورمەت و ڕێزلێنانیان لەم سێ توێژە ناوە ، بۆ خەبات و گیان فیدایى خاک و نەتەوە حیساب بۆ تەمەن و بارى تەندروستى و دەرونیان دەکرێت . ڕێزلێنانى تایبەت لەلایەن حکومەتەکانیان بەیاسا ڕێکخراوە ، بەڵام لەنیشتمانى ئێمەدا بوونەتە توێژێکى ڕیسوا و لەگەڵ تانە و تەشەرى خەڵکدا بەدەست نەبوونیەوە دەناڵێنن ، بەگاڵتەکردن و بەپێشێل کردنى یاسا بڕیار لە بژێوى و چارەنووسى تێکۆشەرانى گەلەکەمان دەدەن .
جەنابى سەرۆک ئەو توێژە خاوەن مافانەى ئاماژەمان پێدا لەمانگى هەشتى پارەوە واتە لەماوەى یەک ساڵدا سێ مووچەیان وەرگرتووە ، ئەمە لەولاترى پاشەکەوت و نیوە موچەیە ، ئایا ئەمە مووچەپێدانە یاخود سوکایەتى و بێ ڕێزى کردنە بەخەباتى ڕابردوویان ، یا لەجیاتى ئەو ڕێز و خەڵات پێدانەیە لەوڵاتان بە هاوشێوەکانیان دەدرێت ، و سەرەڕاى پێدانى مووچە پێداویستى تەندروستى و قەرەبووى خزمەتگوزارى تایبەت بە بارى تەندروستیان پێ دەدرێت .
ئەو پێشمەرگەى لەپێناوى گەل و نیشتماندا گیانى دەبەخشێت ، ئێستا کوردستان بەهۆى ناو و ناوبانگى ئەو پێشمەرگە ناسراوە ، ئەوان لە سوکایەتى پێ کردن بەولاوە چیان لێ چنیوەتەوە ، تەنانەت کاتێ پیردەبێ و خانەشین دەکرێت بژێوى منداڵەکانى پێ نادرێت و ژیانیان مسۆگەر ناکرێت ، لەکاتێکدا پێشمەرگە پارێزەرى نەوت و سەروەت و سامانى زۆرى ئەم وڵاتەیە ، ئەوان بەچاوى خۆیان ڕاستیەکان دەبینن ، جەنابى سەرۆک ئەو پێشمەرگەى ئێستا لەبەرەکانى جەنگە و سنوورەکانى وڵات دەپارێزێ دەزانێت بەیانى کە خانشین کرا بەم شێوەیە سوکایەتى بە هەستى دەکرێت و منداڵەکانى لەبەر بژێوى بێناز دەکەون ، چۆن تواناى ئەوەى هەیە بەردەوام بێت ، چۆن تواناى ئەوەى هەیە دەنگ بەڕیفراندۆم بدات ، چۆن دەتوانێ پایەکانى دەوڵەتى سەربەخۆى کوردستان دابنێت ، ئێوە ئەوانە لەهەموو کەس باشتر دەزانن ، ئەى ئەم کەمتەرخەمیە لەپاى چى .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت