میران محەمەد : تـکـایـه‌ ئـه‌و تـروسـکـایـیــه‌ مـه‌کـوژێـنـنـه‌وه‌ !

تکایه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ ته‌نها خوێندنه‌وه‌یه‌کی خودی به‌نده‌یه‌، هه‌رلایه‌ن و که‌سایه‌تیه‌كی به‌ڕێز هه‌ست ده‌کات خۆی تێداده‌بینێته‌وه‌ با به‌ گیانێکی وه‌رزشکارانه‌وه‌ گوێیان بۆ شلکات. گه‌ر رایان لێی بو ، با فریای خۆیان […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

تکایه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ ته‌نها خوێندنه‌وه‌یه‌کی خودی به‌نده‌یه‌، هه‌رلایه‌ن و که‌سایه‌تیه‌كی به‌ڕێز هه‌ست ده‌کات خۆی تێداده‌بینێته‌وه‌ با به‌ گیانێکی وه‌رزشکارانه‌وه‌ گوێیان بۆ شلکات. گه‌ر رایان لێی بو ، با فریای خۆیان که‌ون. خۆ گه‌ر راشیان لێی نه‌ بو با پشت گوێی خۆیانی بخه‌نو به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر رێگای خۆیان ! ئێمه‌ش له‌ نزای سه‌رکه‌وتن زیاتر به‌ولاوه‌ هیچی تر شك نا به‌ین بۆیان !

له‌ ئه‌کاونتی تایبه‌تی خۆماناندا له‌ فه‌یسبوك به‌ به‌رواری 27 – 12 – 2015  له‌ پۆستێکـماندا نوسیبومان :
# هیچ کاتێك ئه‌ونده‌ی ئه‌مڕۆ یه‌کێتی پێویستی به‌ بڕیاره‌ جه‌ریئه‌کانی به‌ڕێز مام جلال نه‌بووه !

# هیچ کاتێك ئه‌ونده‌ی ئه‌مڕۆ یه‌کێتی نیشتمانی ( نه‌ك  گۆڕان ) پێویستی به‌ پلان داڕشتنی به‌ڕێز کاك نه‌وشتروان نه‌بوه !‌

# هیچ کاتێك ئه‌ونده‌ی ئه‌مڕۆ پارتی پێویستی به‌ به‌خۆداچونه‌وه‌ و ته‌نازل و خۆ ڕاسکتردنه‌وه‌ نه‌بوه !

1 – به‌داخه‌وه‌ نه‌خۆشییه‌ کوتوپڕه‌ییەکه‌ ، به‌ڕێز مام جلالی له‌ یه‌کێتی به‌ تایبه‌تی و له‌ هه‌موان به‌ گشتی دورخسته‌وه‌ . دۆست و دوژمنانی له‌توانا و لێهاتوییه‌کانی بێ به‌ری کرد ، کاریگه‌رترین ئاسه‌وری نه‌رێنی بێ مامه‌یی که دۆخه‌که‌ی به‌و چه‌ق به‌ستوییه‌ هێشته‌وه‌و براده‌رانی پارتی ئه‌وه‌نده‌ی تر شوڵیان لێ هه‌ڵکێشا ، سڕکردنی ڕێکه‌وتنه‌که‌ی ده‌باشان بو !

دوای هێوربونه‌وه‌ی گێژاوی بێ مامه‌ییو خوێندنه‌وه‌یه‌کی واقعیانه‌ی گۆڕانکاریه‌کان ، پێده‌چێت یه‌کێتی به‌ خۆداچونه‌وه‌یه‌کی جدی کردبێت و گه‌شتبێتنه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌ ئاشتبونه‌وه‌و رێکه‌وتنه‌که‌ی ده‌باشانی مامه‌ له‌گه‌ڵ کاك نه‌وشیروان بێ حیکمه‌ت نه‌بوه‌ و باشترین ده‌رمانی ده‌رده‌کانی ئه‌مڕۆیان ،  ده‌ستخستنه‌وه‌ ناوده‌ستی به‌ڕێز کاك نه‌وشیروانه‌ .
ده‌ستیان خۆشبێت هه‌رواشیان کرد . گه‌ر دڵسۆزانه‌ پشتی یه‌ك به‌رنه‌ده‌ن هه‌ر دو لا براوه‌ن و به‌ سودی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانیش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و و قه‌ڵه‌مڕه‌وی تاك  حیزبی نامێنێت و ئاسۆی چاکسازی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ر سكکه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی گه‌ل و نیشتمان نزیكتر ده‌بێته‌وه‌ !
2 ـ وه‌رگه‌ڕانی ئاڕاسته‌ی سیاسه‌ته‌کانی حکومه‌ته‌که‌ی ئه‌ردوگان به‌ 180 پله‌ ، هه‌ڵوێسته‌ چاوه‌ڕوان نه‌کراوه‌کانی ئه‌م دواییانه‌یان و گێرمه‌و کێشه‌کان و لێکه‌وته‌و ده‌رهاویشته‌کانی کوده‌تا ئاڵۆز و گوماناوییه‌که‌ی تورکیا ، ئاڕاسته‌ ته‌ماوییه‌کانی داهاتوی حکومه‌ته‌که‌ی ئه‌ردۆگان و به‌تیبه‌تی و ناوچه‌که‌ به‌گشتی ، دانی پێدا بنێن یان نه‌نێن ، پارتی و به‌رزانیان خستۆته‌ گۆمێکی قوڵه‌وه‌ ! تازه‌به‌تازه‌ له‌ خه‌ونه‌ ئه‌رخه‌وانیه‌کانیان له‌گه‌ڵ حکومه‌ته‌که‌ی ئه‌ردوگان به‌ ئاگا دێنه‌وه ! خه‌ریکی به‌ خۆداچونه‌وه‌کی دره‌نگ وه‌خته‌ن ! هه‌رچه‌ند زۆر دره‌نگیشه‌ ، به‌ڵام هه‌نگاوێکی باش و گرینگه‌‌ بۆ خۆیان و گه‌له‌که‌مان‌ ، گه‌ر به‌ ته‌واضع و له‌خۆبورده‌یی و ئازا و مه‌ردانه‌ هه‌نگاوی جدی بۆ بنێن و ده‌س له‌و لوت به‌رزی و قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵات و زەوتکردنی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌ و وڵاته هەڵگرن . گوێ له‌ دڵسۆزانی پارته‌که‌یان بگرن و له‌وه‌ زیاتر بۆچونی راوێژکاره‌ مشه‌خۆر و ده‌م ره‌شه‌کانیان به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گرن . وه‌ك چۆن داوای حوکمی شه‌راکه‌ت له‌ به‌غدایه‌ك  ده‌که‌ن ، که‌ به  پڕۆپاگه‌نده‌ کانیان هه‌ڕه‌شه‌ی جیابونه‌وه‌ی لێ ده‌که‌ن ! با ئه‌و حوکمی شه‌راکه‌ته‌ له‌گه‌ڵ براکانی خۆیاندا دامه‌زرێنن و به‌ دڵسۆزی دڵسافیه‌وه‌ دروشمی خێروبێر و سه‌روه‌ری کوردستان بۆهه‌موان په‌یڕه‌و بکه‌ن ! بەسیەتی وژیدانتان زیندو بێتەوە ، به‌ هه‌مو لایه‌نه‌کان ئەو خەڵکە رەشوڕوتە زه‌حمه‌تکێشه‌ فیداکاره‌ کەساسەتان له‌ ترسان و له‌ برسان پڕوکان !

هه‌رچه‌نده‌ هه‌نگاوه‌کانی پارتیـه‌کان له‌ ئاشکراییدا شتێکی تر ده‌خه‌نه‌ڕو ، به‌ڵام پێده‌چێت به‌ ئاگاهاتبێتنه‌وه‌و گه‌شتبێتنه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌ ناچارن  واز له‌ گه‌لێك له‌ خه‌وه‌کانیان بهێنن، ده‌نا به‌ ته‌نیا ده‌مێنه‌وه‌وه‌ ! ئه‌و سا نه‌ك هه‌ر هیچیان پێناکرێت ، به‌ڵکه به‌ره‌و له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵات و هه‌یبه‌ت و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری و پوکانه‌وه‌ش ده‌چن ( خۆ خوێندنه‌وه‌‌ی دروست نیشانه‌ی به‌هێزیه‌ بۆ هه‌ر حیزبێك .‌ راستیه‌ هه‌نوکه‌ییه‌کان ده‌یسه‌لمێنن ئه‌م‌ خۆ خوێندنه‌وه‌یه‌ی پارتی له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا گه‌ڵێك دروسته‌ بۆ  PDK ) .

ئه‌م چه‌ند هه‌واڵه‌ی خواره‌وه‌ گه‌ر راست بن، پاڵپشتی بۆچونه‌کانمانن و به‌و ئاراسته‌یه‌ن . مایه‌ی دڵ خۆشیشن . هیوادارم هه‌مولایه‌ك به‌ ئه‌رێنی و به ئه‌هه‌مییه‌ته‌وه‌ وه‌ریانبگرن ، ئه‌و تروسـکایـیـه‌ی هه‌ڵگیرساوه‌ ‌ نـەکـوژێـنـنـه‌وه‌ و کار له‌سه‌ر په‌ره‌پێدان و سود لێ وه‌رگرتنیان بکه‌ن :
A ـ لـه‌ کوژانەوەی کایەی سیاسی و فه‌رمانی گرتن و به‌ دادگا گه‌یاندنه‌وه‌ بۆ وه‌سف و پیاهه‌ڵدانی کاك نه‌وشیروان ، کاتێك که‌سایه‌تییه‌کی دیار ده‌ڵێت : کێشه‌کانی هه‌رێم به‌ کاك مسعود و کاك نه‌وشیروان نه‌بێت حه‌ل ناکرێن . نه‌غمه‌یه‌کی ته‌واضعی پڕ په‌شیمانیه ، گه‌ر دڵسۆزانه‌ بێت جێی ته‌قدیره‌ و ئاکامی باشی ده‌بێت !

B ــ رازیبونی به‌ڕێز فواد حسێن ، که‌ کاك نه‌وشیروان وه‌ك هه‌ر هاوڵاتیه‌ك میوانداری بکات ، کاتێ کاك نه‌وشیروان بێ هیوای ده‌کات وه‌ك نوێنه‌ری سه‌رۆكی هه‌رێم  چاوی پێی بکه‌وێت ! بۆ ئه‌و پارتییه‌ی تا ئێستا ده‌مان بینی، به‌ ڕاستی ئه‌مه‌ ته‌نازولێکی گه‌وره‌یه‌! ئه‌‌مه‌ش هه‌مدیسان جێ ته‌قدیره‌ . سه‌رچاوه‌ : ئه‌کاونتی تایبه‌تی به‌ڕێز محمد گه‌ردی له‌ فه‌یس بوك به‌ به‌رواری ، 26 – 7 – 2016  ، کاتژمێر 14:22 .

C ــ خاڵێکی گریگنتر هه‌واڵێکی 27 – 7 – 2016  ی سایتی باسنیوزه‌ ، که‌ تێیدا به‌ڕێز نەجات حەسەن ، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بە ( باسنیوز ) ی راگەیاندوه‌ : بابەتی گۆڕین و نەگۆڕینی یوسف محەمەد بەلای پارتییەوە گرنگ نییە !؟ پارتی ئێستا سەرقاڵی ئامانجێکی گەورەی نەتەوەییە . گه‌ر ئه‌مه‌ بۆچونی که‌سی نه‌بێت و رای فه‌رمی سەرکردایەتی پارتی بێت ، واته‌ پارتی ئاماده‌یه‌ هێڵه‌ سوره‌ تۆخه‌که‌ی بسڕێته‌وه‌ و له‌ که‌لی شه‌یتان بێته‌ خواه‌وه‌ و حکومه‌ت و په‌ڕله‌مان وه‌ك پێش کوده‌تاکه‌ به‌گه‌ڕ بخاته‌وه‌ به‌ دکتۆر یوسفیشه‌وه‌ که‌ تا ئێستا براده‌رانی پارتی وایان نیشانده‌دا که‌ ئه‌وه‌ هه‌ر جێی باسکردنیش نه‌یه‌ !

هیوادارم ، هه‌نگاوه‌کان دڵسۆزانه‌ و له‌خۆبوردوانه‌ به‌ جدی ، حه‌کیمانه‌ و خێراتر بکرێن بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی ماڵی کورد و تۆکمه‌کردنی. با تواناکان له‌وه‌ زیاتر به‌ فیڕۆ نه‌ درێن و بخرێنه‌گه‌ڕ له‌ پێناو خۆشگوزه‌رانی هاوڵایتان و گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رامه‌تیان و به‌ده‌سهێنانی خه‌ونه‌کانیان .

ئه‌ی دڵسۆزانی گه‌ل و نیشتمانم :

هیچ کاتێك ئه‌ونده‌ی ئه‌مڕۆ کورد پێویستی به‌ یه‌کێتی و کاری ده‌سه‌جه‌معی و پلان و دیبلۆماسییه‌تی دروست و ژیرانه نه‌بوه ! هیچ کاتێك ئه‌ونده‌ی ئه‌مڕۆ کورد پێویستی به خه‌بات و جه‌ربه‌زه‌ و چاونه‌ترسان و کۆڵنه‌دان نه‌ بوه !

ئه‌‌ی نوسه‌ران ، رۆشنبیران ، دادوه‌ران ، رۆژنامه‌نوسان، ئه‌ی هه‌مو چینه‌کانی گه‌له‌ سته‌م دیده‌که‌مان، ئه‌ی سه‌رکرده‌ دڵسۆزه‌کانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستانه‌که‌مان ، قوربانتانین …… به‌سیه‌ بوغز و کینه و دوبه‌ره‌کی و سه‌دبه‌ره‌کی و خۆخۆری و خۆکوژی . به‌سیه‌ بێگانه‌ په‌رستی و مجامه‌له‌ و خۆفرۆشی و جاشایه‌تی و نۆکه‌ری . چیدی کـوڕی خۆمان مه‌که‌نه قوربانی کیژی خه‌ڵکی . ئه‌وه‌ی به‌ خوێن هاتۆته‌ ده‌ست مه‌یخه‌نه‌ سه‌ر سینی زێڕین بۆ دوژمنی برسی . هه‌له‌ و هه‌ڵکه‌وتوه‌ ، بیقۆزنه‌وه‌ ، بیپارێزن و له‌ده‌ستی مه‌ده‌ن ! هه‌وڵێ هیمه‌تێ ! بتان بینین ، فیداتانین .

 

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
میران محەمەد

ئەرشیڤی بەڕێز: میران محەمەد