دکتۆر جەبار قادر : فەتحوڵا گیولەن و دەوڵەت و کورد .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەو ڕۆژەوە کودەتا سەربازییەکەی تورکیا شکستی هێناوە باسێکی زۆر لە فەتحوڵا گیولەن و بزوتنەوەکەی دەکرێت . ڕۆژانە باس وخواسی خزمەت و جەماعەت دەبیسین . میدیای تورکیا هەڵایەکی زۆری ناوەتەوە وەک ئەوەی بزوتنەوەکەی گیولەن دوێنێ دامەزرابێت . ئەم بزاڤە پەنجا ساڵە لە کار و چالاکیدایە ، زۆر جاریش بە پشتگیری ڕاستەوخۆی ناوەند و دامەزراوەی نێو دەوڵەتی تورکیا گەشەی کردووە و پەلی هاویشتووە . لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا کەم حکومەت هەبووە لە تورکیا چاوپۆشی لە کار و چالاکییەکانیان نەکردووە . بە پشتگیری ڕاستەوخۆی لایەنگرانی گیولەن ـ ئەردۆگان گەیشتە دەسەڵات . بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ وەک دوو هاوپەیمان و هاوبیر حکومەتیان بەڕێوە دەبرد .

لە وتاری پێشوودا کورتە ژیاننامەی فەتحوڵا گیولەنم پێشکەش کرد ، بۆیە لێرەدا بە پێویستی نازانم ئەو زانیارییانە دووبارە بکەمەوە . ئەو لە ساڵی 1963 ، واتا لە گەرمەی شەڕی سارددا ، هەر لە ئەرزەڕۆم کۆمەڵەیەکی ( دەڕنەکێکی ) دژ بە کۆمۆنیزم دادەمەزرێنێ بە ناوی ” خەبات لە دژێ کۆمۆنیزم ” . لە تەک کاری فەرمیدا وەک مەلا ، پێشنوێژ و وتارخوێن ، لە هەموو ئەو شوێنانەی خزمەتیان تێدا دەکات وەک ئەدڕنە ، کرکلارئێلی ، ئیزمیڕ ، مانیسا و بۆڕنۆڤا ، ناوەندی دژ بە کۆمۆنیزم دادەمەزرێنێ . لە 1975 – 1976 گەشت بە شارەکانی تورکیادا دەکات و زنجیرەیەک کۆڕ و سمینار لە بارەی ( قورئان و زانست ، وەچەی ئاڵتون ، دادوەری کۆمەڵایەتی و پێغەمبەرایەت ی، داروینیزم ) پێشکەش دەکات . لەو کاتەدا کە لە دژی کۆمۆنیزم بوو و باسی لە وەچەیەکی ئاڵتونی دەکرد ، کە خەریکە پێیدەگەیەنێت هەموو لایەک بە ئەرکانی سوپا ، دەوڵەت و تەنانەت ناتۆ و ئەمریکاشەوە پشتگیری بوون و کەس مەترسی لە کار و چالاکییەکانیدا نەدەبینی . ئاشکرایە لەو کاتەوە ڕۆژئاوا لە هەوڵی ئەوەدا بوو ئیسلامی سیاسی لە دژی کۆمۆنیزم وەک بەربەستێکی بەهێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکار بێنێت .
گیولەن لە دەسپێکەوە خۆی لە سەنگەری دەوڵەتدا بینیوە و هەمیشە داوای ئەوەی لە لایەنگرانی کردووە ملکەچی دەسەڵات و دەوڵەت بن . ڕاستە ئەو دەیویست ئەو دەوڵەتە بگۆڕێت لە دەوڵەتێکی عەلمانییەوە بۆ دەوڵەتێکی ئیسلامی . ئەو کارەشی لە ڕێگەی ستراتیژێکی گشتگیرەوە دەکرد کە لە کۆتاییدا هەموو کۆمەڵگەی دەگرتەوە . خوێندن و پەروەردەی وەچەی ئاڵتونی یەکێ لە کەرەسە سەرەکییەکانی بوو .
کاتێ گیولەن لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا کۆمەڵە و دەڕنەکی لە دژی کۆمۆنیزم دادەمەزراند ، پیاوێکی زۆر باش بوو و کەس لە گوڵ کاڵتری پێنەدوت . هەڵوێستی گیولەن لە کودەتای 12 ئەیلولی 1980 زۆر سەرنج ڕاکیشە . لە وتارێکدا لە دوای یەک مانگ ئەو کودەتایەی بە دوا قەرەقوڵ لە بەردەم کۆمۆنیزم و چەپەکان لە قەڵەم دابووو ، بە وتەی ئەو چەندین سەدە بوو خەڵک بە هیوایەکی زۆرەوە لە چاوەڕوانیدا بوون و مەهمەتچیک وەک خدری زیندە گەیشتە فریایان و ئەو ئەرکە پیرۆزەی بە جێهێنا . گیولەنیش لە بەرامبەر ئەو کارەی سوپادا دەبوایە سڵاوێکی گەرمیان لێ بکات . نووسەران باس لەوە دەکەن کە کەنعان ئێڤرەن بە قورئانێکەوە بە شارەکانی تورکیادا دەسوڕایەوە و گیولەنیش داوای لە خەڵک دەکرد ” أطاعة أولو الأمر ” بکەن . ناتۆ و ئەمێریکاش بەو هاوکارییەی هەردوولا دڵخۆش بوون . ڕێگەدانی ئێڤرەن بە خوێندنی وانەی ئاین لە قوتابخانەکان بە لای گیولەنەوە ئەوەنە کارێکی گەورە بوو ، کە بە وتەی ئەو ئەگەر هیچ کارێکی تری باشی لە ژیانیدا نەکردبێت ، تەنها ئەوە بەسە بۆ ئەوەی بچێتە بەهەشتەوە ، چونکە هەموو گەنجانی تورکیای بە ئیسلام ئاشنا کردەوە .
ئەو لە پەیوەندی توند و تۆڵدا بوو لە گەڵ هەموو کاربەدەستانی دەوڵەتدا . لە هەموو بۆنەکاندا وەک ڕابەری باوەڕمەند بانگ دەکرا و لە ڕیزی پێشەوە دادەنرا . لە سەردەمی تورگوت ئوێزالەوە لایەنگرانی گیولەن کەوتنە داگیرکردنی پێگەی گرنگ لە دەزگا و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بە تایبەتی لە بوارەکانی پەروەردە ، تەندروستی ، سوپا و پۆلیس . ئەوەی گوایە ئەوان بە دزیوە خۆیان خزاندووەتە دەزگاکانی دەوڵەتەوە درۆیەکی گەورەیە ، چونکە ئەوان بە ئاشکرا جێگەی خۆیان دەگرت . لە سەردەمی ئوێزال ، دێمیرێل ، چیلەر ، یڵماز و ئەجیڤیت لە هەموو دەزگا گشتییەکانی دەوڵەت و ژیانی ئابوری و پێگەیاندنی خاوەن کار و سەرمایەدا گیولەنییەکان لە گەشەکردن و پەلهاوێشتندا بوون .
لە ساڵی 2000 دادگای ئاسایشی دەوڵەت تۆمەتی ئەوەی دایە پاڵ گیولەن و لایەنگرانی کە لە هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامیدان لە تورکیا . ئەوان بە پێی دادگا دەیانەوێت دەست بە سەر دەوڵەتدا بگرن و دەسەڵاتێکی تیۆکراتی لە تورکیا دابمەزرێنن .
لە داواکەی داواکاری گشتی دادگا باس لەوە کراوە کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی سیستەمی دیموکراتییەوە و لە ژێر پەردەی زانست و کرانەوەدا ، لە ڕێگەی قوتابخانەکانێوە هەوڵدەدات نەک تەنها لە تورکیا ، بەڵکو لە دەرەوەی تورکیاش پێگەیەکی بەهێز بۆ خۆی و بزاڤەکەی پەیدا بکات . لە ڕێگەی بینینی پاپاوە دەیەوێت خۆی بە ڕابەری ڕۆحی موسوڵمانان بە دونیا بناسێنێت . بە پێی داواکاری گشتی ئەو لە دیدی ئایدیۆلۆژی ئیسلامییەوە کار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی دەکات . بە پێچەوانەی زۆر بزاڤی ترەوە ئەم هەوڵئەدات لە ڕێگەی چالاکی و خەباتی قانونی و توانای ئابوری و دارایی بەهێزەوە ئەنجامەکانی بەدەست بێنێت . بۆ نموونە لە ڕێگەی وەقف ، قوتابخانە و دەرسخانەکانەوە لە نێو لاواندا بنکەیەکی بەهێز بۆ خۆی پێکدێنێت . هەوڵئەدات دەزگاکانی دەوڵەت بە لایەنگرانی خۆی پڕ بکات . ئەم کەسانە لە ڕێگەی خوێندن و پەروەردەوە پێدەگەیەنێت . هەوڵی زۆریش ئەدات بۆ ئەوەی دەست بگرێت بە سەر دەزگاکانی ئاسایشدا . لە دەرەوەی تورکیاش وەچەیەکی گەنجی هاوسۆز لە گەڵ ئیسلامی سیاسی تورکیادا لە قوتابخانەکانی پێدەگەیەنێت . پڕوپاگەندە بۆ لێبوردەیی ئەکات و دەیەوێت کاریگەری لە سەر ناوەندەکای دەوڵەت دروست بکات و لەو ڕێگەوە دەستی بەسەردا بگرێت . ئەو دەمە سەردەمی کۆمار بە سەردەمی کوفر ڕادەگەیەنێت . ئەمانە بە دێ و شارۆچکەکاندا دەگەڕێن و گەنجانی زیرەک هەڵدەبژێرن و دەیانبەنە قوتابخانەکانی خۆیان ، لە قوتابخانە و ماڵی قوتابیاندا بە پێی سیستەمێکی دیاریکراو بە خێویان دەکەن و لە دژی کۆمار و ئەتاتورک پەروەردەیان دەکەن . مەبەست لە دیداری گیولەن لە گەڵ نوێنەرانی کرستیان و جوەکاندا ئەوەیە کە دەیەوێت خۆی وەک نوێنەری موسوڵمانان پیشانی دونیای دەرەوە بدات .
هەر بە پێی ئەوەی لە داواکاری گشتی دادگادا هاتووە ، بزووتنەوەی گیولەن بە سیستەمێکی مەرکەزی کار دەکات و هەموو کەس ملکەچی فەرمایشتەکانی ئەون و گەورەترین هێزی دواکەوتووخوازە لە تورکیا . بۆ گەیشتن بە حوکمی شەریعەت و قەبوڵکردنی گەنجان و سەرجەمی کۆمەڵگە بەو حوکمە سیاسەتێکی دوورمەودا بەڕیوەدەبات تا دەستی دەگاتە دەسەڵات و دەوڵەت دەخاتە بن دەستی خۆیەوە .
بە پێی ئەو ئیدیعانامەیە پەیکەری ڕێکخستنەکەی گیولەن بەم شیوەیە : سەرۆکی تەریقەت ( فەتحوڵا گیولەن ) ، دەستەی ڕاوێژکاری خزمەت لە کادیران ، ئیمامی شار ، ئیمامی ڕێکخستنەکانی خاوەن پیشە جیاوازەکان ، ئیمامی بەرپرس لە گەڕەکەکان ، ئیمامی بەرپرس لە خێزانەکان ، ئیمامی کۆنترۆڵکردنی تاکەکان ، قوتابیانی گیولەن ، ماڵەکانی ئیشق بۆ قوتابیە بێ ئەزمونەکان ، کە دەبێت لە کۆتاییدا ببنە نوێنەری دید و بۆچوونەکانی فەتحوڵا گیولەن .
هەر بە پێی ئەو داوانامەیە کە 16  ساڵ پێش ئێستا بووە ، گروپەکەی گیولەن ئەو کاتە لە تورکیا خاوەنی ئەم دەزگا و ناوەند و دامەزراوانە بووە : 88  وەقف ، 20  کۆمەڵە ، 128  قوتابخانەی تایبەت ، 218  کۆمپانیا ، 129 دەرسخانە ، نزیکەی 500 ماڵی قوتابیان ، 17 دەزگای ڕاگەیاندن ، ڕۆژنامە بە تیراژی 250 هەزار دانە ، ئێستگەی تەلەفزیۆن بۆ هەموو تورکیای و دوو ئێستگەی ڕادیۆ ، دەزگای قەرزی بێ فایز ، کۆمپانیای بیمە .
ئەو کاتە بە پێی ئیدیعانامەکە تەنها ئەستەنگ لە بەردەم ئەم بزووتنەوە سوپا مابوو ، کە گیولەن زۆر هەوڵیداوە لایەنگرانی خۆی بخزێنێتە نێو ڕیزەکانێوە . بە هۆی هەڵوێستی سوپاوە لە نێو دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش خۆیان بەهێز کردووە بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا لە دژی سوپا بەکاریان بێنێت . لە هەوڵی کودەتاکە ئەمە بە باشی بەدی کرا ، کاتێ لایەنگرانی ئەردۆگان لە دژی سوپا هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشیان بەکارهێنا . هەر بە پێی هەمان سەرچاوە گیولەنییەکان هەوڵیاندەدا منداڵانی ئەفسەرە بچوکەکان لە قوتابخانەکانی خۆیان وەربگرن و دواتر بیانخەنە نێو سوپاوە . لەو ڕێگەوە دەتوانن دەست بگرن بەسەر سوپادا . ئەمان بە تایبەتی لە قوتابخانەکانی سوپاوە دەستیان پێکرد و هەوڵی پەروەردەکردنیان دەدا . لێرەشدا وەک بینیمان یەکێک لە هەنگاوە سەرەکییەکانی ئەردۆگان لە دوای هەوڵی کودەتاکە هەڵوەشانەوەی ئەم قوتابخانە سەربازییانە بوو . تەنانەت گیولەنییەکان لە ژنهێنانی خوێندکارانی قوتابخانە سەربازییەکانیشدا ڕۆڵیان دەگێڕا ، چ بە بینینەوەی بووک و چ بە بەشداری کردن لە خەرجی ژنهێنان .
ئیدیعانامەکە پێشبینی ئەوەی کردووە کە ئەگەر کارەکان بەو شێوەیە بەردەوام بن ، ئەوا لە ماوەی دە ساڵدا بزوتنەوەکەی گیولەن دەبێتە خاوەن بڕیار لە نێو سوپادا . ئەم دادگایە لە دوای حەوت ساڵ ، واتا لە 2007 فەتحوڵا گیولەنی بێ گوناە لە بەرامبەر ئەم تۆمەتانە ڕاگەیاند . هەڵبەتە کاتێک کە دادگاکان گۆڕانکاری زۆریان تێدا کرابوو و سوپاس بەشێکی گرنگی لە دەسەڵاتەکانی لە دەستدابوو . هەموو ئەمە بە بێ دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئەردۆگان نەدەکرا .
بە گشتی لە ماوەی چارەکە سەدەیەکدا هەموو ئەوانەی گەیشتنە لوتکەی دەسەڵات لە تورکیا بە شێوەیەک لە شێوەکان پشتگیریان لە فەتحوڵا گیولەن کردووە . لەمەدا ئەردۆگان ، عەبدوڵا گیول ، بولەنت ئارینچ ، ئوێزال ، چیلەر ، ئەجیڤیت و بەیکاڵ ، ئاناپ و دەیەپە و سەهەپە و جەهەپە هەموویان لەمەدا ڕۆڵیان هەبوو .
وە نەبێت گیولەن دەستەوئەژنۆ لە بەرامبەر سوپادا دانیشتبێ و هیچ هەوڵێکی نەدابێت بۆ پەیداکردنی پێگە و کاریگەری لە نێو ڕیزەکانی . خاڵی وەرچەرخانی خۆخزاندنی گیولەنییەکان بۆ نێو سوپا لە ساڵی 1986 دا بوو . گۆڤاری نوقتە لە 28 دیسەمبەری 1986 ڕیپۆرتاژێکی بڵاوکردەوە لە بارەی 66 خوێندکارەوە ، کە لە سێ قوتابخانەی سەربازی دەرکران بە تۆمەتی ئەوەی سەر بە ڕێکخراوی گیولەن بوون . کارێکی دیکەی گیولەنییەکان دزینی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە بوو بۆ ئەوەی بیدەن بە لایەنگرانیان و لەو ڕێگەوە نمرەی باش بێنن و لەو قوتابخانانەدا وەربگیرێن . لەم ڕۆژانە لە میدیای تورکیا زوو زوو باس لەم کردەوەیە دەکرا کە ڕێک بەر لە سی ساڵ ڕوویداوە . ئەمە بەوەوە گرێدەدرا گوایە گەلێک لە ئەفسەرەکان هەر ئەوانەن کە ئەو کاتە لە ڕێگەی دزینی پرسیارەکانەوە بوون بە ئەفسەر و ئێستا خاوەن پلەی سەربازی بەرزن لە سوپا . لە زۆر لە قوتابخانە سەربازییەکان ئەو ڕاستییە دەرکەوت کە ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانیان سەر بە گروپەکەی گیولەنن . ئەمانە ئامادە دەکرێن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا جومگە سەرەکییەکانی سوپا بگرنە دەستی خۆیان .
بزوتنەوەی گیولەن لە دەرەوەی سیستەمی دەوڵەتی تورک نیە . هەمیشە هەوڵیداوە لە پەیوەندی توند و تۆڵدا بێت لە گەڵ دەوڵەتدا . لە سەردەمی تورگوت ئوێزال گروپەکەی گیولەن خۆیان بە هاوکار و لایەنگری ئوێزال دادەنا و لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە خەریکی داگیرکردنی کۆمەڵگە بوون . لە نۆڤەمبەری 1986 ڕۆژنامەی زەمانیان دامەزراند و بەو شیوەیە بوون بە خاوەن دەنگێکی بیستراو لە کۆمەڵگەی تورکیدا . لە گەڵ سیاسەتە کراوەو لیبیرالەکانی ئویزالدا خۆیان دەگونجاند و کەوتبوونە باسی پۆستمۆدێڕنیزم و دایاڵۆگ لە نێوان کولتورە جیاوازەکاندا . بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندی لە گەڵ پاپا ، پەتریارکی ئەرسەدۆکسەکان و ڕێکخراوی جوەکاندا دەکرد و دایاڵۆگی لە گەڵیاندا ئەنجامدەدا . کاتێ ئوێزال گەیشتە چانکایا و سلێمان دێمیرێل بوو بە سەرۆک وەزیران ، گیولەنیەکان هەم پشتگیریان لە پارتەکەی ئوێزال پارتی دایکی نیشتمان ( ئاناپ ) و هەم پارتەکەی سلێمان دێمیرێلیش پارتی ڕێگەی ڕاست ( دەیەپە ) دەکرد ، کە هەردووکیان دەکەوتنە ڕاستی ناوەندەوە . دوای مردنی ئوێزال و بوونی دێمیرێل بە سەرۆک کۆمار ، تانسۆ چیلەر کرا بە سەرۆک وەزیران و گروپەکەی گیولەن پێگەی گرنگیان لە نێو پارتەکەی چیلەریشدا بەدەستهێنا . لە هەموو بۆنەکاندا فەتحوڵا گیولەن لە هەشتاکان و دەسپێکی نەوەدەکاندا لە ڕیزی پێشەوە لەو نێو گەورە بەرپرسانی وڵاتدا دەبینرا .
سەیر لەوەدا بوو کە گیولەن لایەنگرێکی توندی ئەجیڤیتیش بوو کە گوایە چەپ بوو . پەیوەندییەکانی هەردوولا بە دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئیوجەلان بەهێزتر بوو .  تەنانەت لە بۆنەیەکدا دوای ئەوەی گیولەن دەچێتە ئەمێریکا دەڵێت : من دەزانم ئەجیڤیت نە نوێژی دەکرد و نە ڕۆژوی دەگرت ، ئەگەر لەو دونیا خودا مافی شەفاعەتم بداتێ ، ئەوا بە بێ دوودڵی بۆ ئەجیڤیتی بەکار دێنم . ئەجیڤیتیش لە کاتی خۆیدا بە توندی بەرگری لە گیولەن دەکرد و هەمیشە بەو جەنەراڵانەی دەوت کە باسیان لە مەترسی گیولەن و لایەنگرانیان دەکرد ، کە ئەوان باشی ناناسن و نازانن چۆن پێاوێکە . کاتێ وتە کۆنەکانیان بە بەڵگە دەهێنایەوە ، پێی دەوتن مرۆڤ دەگۆڕێت و گیولەنیش ئەو پیاوەی جاران نیە . ئەجیڤیت گومانی نەبوو لەوەی گیولەن لە گەڵ دەوڵەتدایە و لایەنگرانی هاندەدات ملکەچی ئولو لئەمر بن . هاوسەرکەشی دەیوت ئەجیڤیت زۆر سەرسام بووە بە قوتابخانەکانی گیولەن .
لە کاتی دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپیداندا دەتوانین باس لە هاوپەیمانێتی خزمەت و پارتەکەی ئەردۆگان بکەین ، هەرچەندە بە ئاشکرا ئەو هاوپەیمانییە ڕانەگەیەنرابوو لە ترسی کاردانەوەی سوپا و هێزە عەلمانییەکان . لێرە و لەوێ باس لە چوار پێنج وەزیری گیولەنی لە کابینەکەی عەبدوڵا گیولدا دەکرا . ئەمانە پەیوەندییان بە جەماعەتەوە هەبوو ، بەڵام بە ناوی پارتی داد و گەشەپێدانەوە بەشداری حکومەت بوون وەک ، حوسێن چەلیک ، یەشار یاکیش ، بەشیر ئەتەلای و عەلی باباجان . ئەمانە وەزیری ئاسایی نەبوون ، بەڵکو وەزیری کولتور ، دەرەوە ، ئابوری و دەوڵەت بوون . لێرەوە گیولەنییەکان دەستیان کراوە بوو بۆ ئەوەی دەست بە سەر هەموو شتێکدا بگرن . ئەو دەمە ئەردۆگان خۆی بە قوتابییەکی ملکەچی گیولەن دەزانی ، بەڵام ئەو دەیزانی ئەو بزوتنەوەیە چەندێ بەهێزە و دەتوانێت چی بکات ، بۆیە ئەو هێزەی بەکار هێنا تا گەیشتە ئامانجەکانی خۆی ، لە دوای ئەوە دەستی بەو هەڵمەتە کرد لە دژیان بۆ ئەوەی بە وتەی خۆی لە ڕەگ و ڕیشەوە دەریان بێنێت .
پیلانەکانی ئەرگەنەکۆن ، باڵیۆز ، کەجەکە و زۆر وردە پیلانی دیکە ، کە دواتر دەرکەوت هەمووی لە ڕێگەی پۆلیس و دادوەرەکانی سەر بە گیولەنەوە بوونە و هەموو بەڵگەنامەکان دروستکراوبوون و دوای ئەنجامدانی پاکتاوکردنەکان دەرکەوت کە کاری نایاسیی بوونە و هیچ بنەمایەکی قانونییان نەبووە . هەروەها دزەپێکردنی هەواڵ و زانیاری لە بارەی گەندەڵی کەس و کار و دەورو بەرەکەی ئەردۆگانەوە نیشانەی شەڕی کراوە بوو لە نێوان هەردوولادا .
هەڵوێستی گیولەن لە بارەی کوردەوە زۆر گشتی و ناڕوونە . وشەی کورد بە دەگمەن بەدەمیدا دێت . باس لە یەکێتی گەلانی موسوڵمان دەکات و گوایە هەمیشە لە تەک یەکدا بوونە و لە چەنەقەڵا حەسەن و حسکۆ لە پاڵ یەکدا شەهید بوونە . ئەوە دوژمنانی ئیسلامن دەیانەوێت جیاوازی بخەنە نێوان ئەم گەلانەوە و وەک لە ڕابردوودا کردوویانن بە گژ یەکدا و بۆ خۆیان وڵاتیان داگیرکردووە و فەرمانڕەواییان کردووە ، ئێستاش دەیانەوێت هەمان شت بکەن .
یەکێ لە لایەنگرانی کوردی داوای لێدەکات ، لە بەرامبەر شێواندنی هەڵوێستەکانی ئەو لە نێو کوردا ، هەندێ شت لە بارەی هەڵوێستێوە بۆ کورد ڕوون بکاتەوە . لە وەڵامدا چل خولەک قسە دەکات بێ ئەوەی بۆ یەک جاریش وشەی کورد بەکار بێنێت . باسێکی گشتی دەکات و دەیهێنێ و دەیبا و نایەتە سەر باسی کورد و دۆزەکەی . کە ئەو دڵسۆزی دەوڵەتی تورک بێت چاوەڕوان ئەوەی لێناکرێت دیدێکی جیاوازی لە بارەی کوردەوە هەبێت . هەمان ئەو قەوانە لێدەدات کە ئێمە هەموو موسوڵمانین و براین و دوژماننان دەیانەوێت بمانکەن بە گژ یەکدا .
گیولەنیش وەک زۆر لە بەرپرسانی سیاسی تورکیا بۆ ئەوەی خۆی لە ڕەهەندی نەتەوەیی ، ئەتنیکی و سیاسی دۆزی کورد بدزێتەوە ، هەوڵدەدات باری کورد بە دواکەوتنی ئابوری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەوە گرێبدات و لێکبداتەوە و بە بۆچوونی ئەو خوێندن و فێرکردنی دانیشتوان و باشترکردنی بارودۆخی ئابورییان دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی دۆزی دواکەوتنی ناوچەکانیان . لەم بوارەشدا هەڵبەتە قوتابخانەکانی خۆی هەوێنی پێشخستنن . ڕەخنە لە دەوڵەت دەگرێت کە ئەم خەڵکەی نەگرتۆتە خۆ و لە ناو دەریای گەلدا جێگەی نەکردوونەتەوە ، بە وتەیەکی دی بە باشی نەیتوانووتەوە و نەیکردوونە بە تورکی موسوڵمان . لە بۆنەیەکی دیکەدا لە بارەی کوردەوە دەڵێت دەبێت بچینە ژێر پێستیانەوە و تێکەل بە خوێنیان بین و بیانهێنینە سەر ڕێگەی ڕاست و دروست .
دوژمنایەتی خۆی بەرامبەر پارتی کرێکارانی کوردستان و بزوتنەوەکەی نەشارێتەوە . هانی حکومەتیشی داوە بە هەموو هێزێوە لە دژی بجەنگێت . بەلای ئەوەوە ئەمانە جانەوەر ، مارکسی ، بێدین و زەرادەشتی و دوژمنی ئیسلامن . بە بۆچوونی ئەو کەسانی لەو جۆرە ناتوانن مافخواز بن بۆ مافخوراوان . هەروەها ئەمانە بە وتەی ئەو دەیانەوێت تورکیا پارچە پارچە بکەن. لە بەرامبەر ئەمەشدا پەنا بۆ وتەیەکی گاندی دەبات کە گوایە وتوویەتی کردنی ئەو بە شمشێرێک بەدوو کەرتەوە ، نەک جیاکردنەوەی پاکستان لە هیند . بۆ گیولەنیش کردنی خۆی بە دوو پارچەوە ، نەک دابەشکردنی تورکیا .
ڕابەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەڵێن گیولەن لە دژی پرۆسەی ئاشتی بووە و هەوڵی تێکدانی داوە . لە کاتی جیاوازدا هەندێ وتەی لێدەگێڕنەوە کە نموونەی ڕەگەزپەرستی و توندڕەوییە . ئەو نەیشاردۆتەوە کە ڕەنگبێ لە سەرەتای لاوێتیدا هەستی ناسیۆنالیستی توندی هەبووبێت ، بە تایبەتی ئەگەر ئێمە ئەو ڕاستییە لە بەرچاو بگرین ، کە ئێستاش دەنگدەرانی ئەرزەڕۆم زۆرترین دەنگ بە پارتی نەژادپەرستی مەهەپە دەدەن .