rwdaw

کارزان کۆیی : لەبری نارنجۆک ئەم وتارە دەگرمە ڕووداو .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێمە گەر ژیرانە بیر کەینەوە ، دەبێ خوێندنەوەو گلەیەکانمان تەنها لەسەر نەیارانمان نەبێ ، بەڵکو دروست وایە لەسەر هەڵەکانی خۆمان بێ ، چونکە زیاتر هەڵوێستی نادرووستی خۆمان بووە ئێمەی بەرەو هەڵدێر بردووە نەک دوژمن . وە دەبێ ئەوەش بزانین بەڕپرسی یەکەم بەرپرسان نین ، بەڵکو ئەو کاسە لێسەرەوە و ماستاوچیە ناڕۆشن فیکرانەن ، کە کٶلکە خوێندەوارن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان نیشتیمان و نەتەوە لەیاد دەکەن و لەکەناڵەکانی حیزبدا کاوێژ دەکەن . گەر وانیە ، با ئەو کەناڵەی ناوی لەخۆی ناوە بێ ڕکابەر وەڵامی ئەم پرسیارەم بۆ جەماوەر وەر بگرێ کە لە کۆتایی ئەم وتارەمدا هاتوە .

وەک ئاشکرایە لای هەموان ئێمەی کورد کلتوری پڕ شانازیمان ڕێگەمان پێ نادا سوکایەتی بە نەتەوەی تر بکەین ، بەپێچەوانەی زۆرێک لە عەرەب ، لە کەمی ڕۆشنبیری و هەستکردن بەپچوکی خۆیانەوە لەپێش هاتنی ئاینی ئیسلامیەوە تا ئێستا بەردەوام نەک سوکایەتی بەڵکو بوختان بۆ بونی نەتەوەی کوردیش دەکەن .

تازەترین بەڵگەش ئەوەتا لە 7/3/2015 ( مەیسەر بکور ) ی سووری لەکەناڵی میسر عەرەبیەدا دەڵێ : گەورەترین درۆ لەمێژودا بوونی نەتەوەی کوردە چونکە نەتەوەی کورد هەربوونی نیە لەبنەڕەتدا کورد فارسن وە هێندێکیشیان لەلای دەریای قەزوینەوە هاتوون . وەدەڵێ : کورد زمانێکی یەک گرتووی نیە تەنانەت پیتیشیان نیە و بەپیتی عەرەبی دەنووسن و بەچەند زمانێکی جیاواز قسە دەکەن . وەدەی ووت وشەی کورد واتای ( بەدو) دێ بەدوی فارسی ، واتە کەسی نەخوێندەوارو نا شارستانی فارسی . وە لە دڕێژەی قسەکانیدا چەند شەکرێکی تری شکاند ووتی بەڕێزان ( جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانیش ) بەڕەچەڵەک عەرەبن . وە لەدرێژەی قسەکانیدا وتی کوردستانی باشور خاکی عەرەبە تەنانەت ( دیار بەکر ) یش لەبنەڕەتدا خاکی عەرەبە بەڵام ئێستا لەژێر دەسەڵاتی تورکیایە .

من تێ بینیم زۆرە لەسەر ئەم قسە بزڕکاویانەی ئەم نەفامە و نەفامەکانی تر ، بەم نزیکانە لەکتێبێکمدا وەڵامی هەویان دەدەمەوە . بەڵام ئەوەی دەم خاتە پێ کەنین و جێگای پرسیارە بۆ دەبێ هەموو کورد فارس بێ وەک خۆی ئاماژەی پێ ئەدا ، بەڵام بەڕێزان جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی بەڕەچەڵەک عەرەب بن چونکە خەڵکانێکی ناسراو ڕۆشنبیرن ؟ .

من لەم لێدوانە دووڕ لەڕاستیە نیگەران نەبووم ، ئەوەی نیگەرانی کردوم نەفامی ڕاگەیاندنە کوردیەکان بوو ، کە تەنها بە ململانێی حیزبی نەبێ عەقڵیان بەهیچی تر ناشکێ . ئەوەبوو زۆر بەخۆشیەوە بانگەشەیان بۆ ئەم لێدوانە دەکرد بەبێ ئەوەی خوێندنەوە یا هەڵوێستێکیان هەبێ . بەتایبەت ماڵپەڕی ڕووداو بەمانشێت لەبری ئەوەی بنوسێ ڕەگەز پەرستێ ، یاخود ناوی بنوسێ نووسیبووی ( شرۆڤەکارێکی سوری دەڵێ بارزانی و تاڵەبانی بەڕەچەڵەک عەرەبن ) لەکاتێکدا بێژەری کەناڵی ( میسر عەرەبیە ) لەپێشەکی بەرنامەکەدا وەک مامۆستایەک بەبینەری ناساند  . بەڵام کاک ( هەڵات ڕێبوار ) ی خوێندەوار لەماڵپەڕی رووداوی پارتی لەخوێنەری کردە شرۆڤەکار .

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەو ڕەگەز پەرستە لەلێدوانەکەیدا دەڵێ : جەلال تاڵەبانی و بارزانی بەڕەچەڵەک عەرەبن . لەکاتی وەرگێڕاندا ئەو ماڵپەڕە لەبری هەڵوێست وەرگرتن تەنها بیرو هۆشیان بۆ ئەوە چووە ، چۆن ناوی تاڵەبانی پێش بارزانی هاتووە لەو لێدوانەدا ، لەبەر ئەوە لەمانشێتەکەدا وەک کاڕێکی گرنگ و هەست کردنیان بەبەرپرسیارێتی حیزبی لەکاتی وەڕگێڕاندا ناوی بارزانیان پێش تاڵەبانی خست .

ئەوەیە عەقڵیەتی ڕۆشنبیری میدیای حیزب . ئالێرەدا دەکرێ پرسیارێ ئاڕاستەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و جێگرەکانیان و بەرپرسان و هەموو ئەو ڕاوێژکارانە بکەم کە بە موچەی خوێنی شەهیدان دەژین . چۆن ڕووتان دێت باسی حکومەتی هەرێم بکەن یا ناوی حکومەتی هەرێم بێنن لەڕاگەیاندنەکانا ، لەکاتێکدا هەر یەکێ لەحیزبەکانتان دەیان کەناڵی ڕاگەیاندنی هەیە . پرسیارەکە ئەمەیە ئایە خۆتان تەریق نابنەوە ئەو حکومەتەی کەباسی دەکەن و بەمیلەتی دەفرۆشنەوە و شانازی پێوە دەکەن ئەو مافەتان پێ نەداوە یەک کەناڵی تەلەفزیونی هەبێ تەنانەت یەک گۆڤارو ڕۆژنامەشی نیە ، ئەمەش دەمان باتە سەر ئەو دوڕیانەی کە ئێوە حیزبەکانی خۆتان زۆرلا پیرۆز ترو گەورەترە لەحکومەت وە لەبری کوردایەتی ئێوە تەنها حیزبایەتی دەکەن . ئەمەش مایەی شەرمەزاریە نەک تەنها بۆ ئێوە ، بەڵکو بۆ هەموو کورد کەئێوە بوونەتە ڕابەری ، وەبێ گومان نەک من ، خوێنەریش پیاوێکی ژیرتان تیا بەدی ناکا وەڵامی ئەم پرسیارەم بداتەوە . بەس دەبێ ئەوەش بزانن هەموو کوردێکی بەشەرەف هەموو ڕۆشن فیکرێ هەموو پێشمەرگەیەکی بەئەمەک دەڵێن : بەداخەوە بۆ ئەم کوردستانە جوانە خەڵکانێکی نەزان و ناشرینی وەک ئێوە دەی بەن بەڕێوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت