زمناکۆ ئیسماعیل : میدیای هەڵمەتبەر ، دیوە راستەقینەکەی میدیای کوردی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

میدیا بەتەنها ئامرازێکی گەیاندن نییە ، بەڵکو رەهەندێکی بزوێنەرو کارتێکەرە ، بەهۆی جوڵەی بەردەوام و  گەیاندنی خێرای هەواڵو زانیاری و بابەتەکانی ، میدیا ئاستێکی پەیوەندیدار لەنێوان خۆی و وەرگر دروستدەکات ، ئاستێکی وەها تابتوانێت ، رۆڵی سەرەکی ببینێت ، لەئاراستەکردنی تاکی وەرگر بەمەبەستی ، دروستکردنی هۆشیاری گشتی و رۆشنبیرکردنی کۆمەڵگاو خستنەوەی پەروەردەی کۆمەڵایەتی و بەخشینی زانیاری بەکەسی وەرگر ، بەوەش رەهەندی کارتێکردن دێتە ئاراوە .

ئەرکی ئەخلاقی میدیا ، پێکەوە گرێدانی تاکە لەکۆمەڵگاو وابەستکردنیانە بەکاری پیشەیی خۆی ، ئەم پێکەوە گرێدانە دوو بنەمای جیاواز لەخۆیدا دروستدەکات لەیەککاتدا ، واتە میدیایەکی دیاریکراو ، دەبێت بەبابەتیبونی هەواڵو زانیاری و بەرنامەکانی ، خوێنەر یان بینەر یاخود بیسەری خۆی والێبکات ، کە تامەزرۆی وەرگرتن بێت ، لەهەمانکاتدا بەو چەناڵەش وابەستەو گرێدراو بێت.

کەسی وەرگری بابەتەکانی میدیا لەبەردەم دوو ئەگەردا بابەتی میدیای پێدەدرێت ، یان لەسەرچاوەیەکەوە ( دەگوازرێتەوە ) و بەکەسی وەرگر دەگەیەنرێت .

یاخود لەئاستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ( ئاراستەی ) دەکرێت و پێی دەگەیەنرێت .

میدیای سەرکەوتو لەو دوو ئەگەرەدا ، دەبێت ئاستی ( گواستنەوە) ی هەواڵ و زانیاری و بابەتی میدیای بەرزتر بێت بۆ وەرگر ، وەک لەوەی کە ئاستی ( ئاراستەکردن ) ی بەرزتر بێت ، بەڵام لەهەرێمی کوردستاندا ، ئاستی ئاراستەکردن بەرزترە وەک لەئاستی گواستنەوە ، لێرەدا ئاراستەکردنەکەش بەمەرامی حیزبی بەکاردێت ، بەوپێیەی زۆربەی میدیاکانی هەرێمی کوردستان بەهەرسێ میدیای بینراو بیستراو خوێندراو گرێدراوی حیزبین ، یاخود میدیای سێبەری حیزبن ، بەمیزاجی سەرەک حیزب و ئەندامانی حیزب ئاراستە دەکرێن ، ئەوەش لەبەرژەوەندی بیروبۆچون و ئایدۆلۆژیای حیزبی بەکاردێت ، تەنها بەشێکی کەم لەبابەتە میدیاییەکان بەمەبەستی بەرژەوەندی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی بەکاردێت ، واتە پێشینە لەگواستنەوەو ئاراستەکردندا ، لەنوکی هەرەمی حیزبەوە دادەسەپێت بۆ خوارخۆی و بۆ هاوڵاتی ، نوکی هەرەمی حیزبی کوردیش ، لەسەرەک حیزبەوە دەستپێدەکات و پلەبەپلە بەئەندامانی سەرکردایەتی و ئەندامانی مەکتەبو لقو مەڵبەندو مەکۆو یەکە سیاسییەکانی حیزبدا دەچێتەخوار خۆی ، ئەگەر شەوێک سەرەک حیزب و ئەندامەکانی جەویان نەبو یاخود دۆخیان نالەبار بوو ، ئەو شەوە میدیای ئەو حیزبە بەکاردەهێنرێت ، بۆ تێکدانی دۆخی گشتی هاوڵاتی و هاونیشتیمانیانی هەرێمی کوردستان ، دڵنیاتان دەکەمەوە کە میدیای سەرجەم حیزبەکان بەو جۆرە کاردەکەن بەراوبەر بەهەموان ، سەرجەمیان ماکینەی دروستکردنی دونیا ناشیرینەکەی حیزبن لەسەری تاکی کورد ، هەر ئەوەشە وایکردوە کە هەمیشە تاکی کورد ووڕبێت ، ووڕبونێک کەلەدۆخی ناهەوسەنگیدا ژیانی دەگوزەرێنێت .

لێرە بەدواوە میدیا ئاستێکی دیکە بەخۆوە دەبینێت ، دەبێت بەمیدیای هەڵمەتبەرو سیناریۆ دروستکەر ، لە 25 ساڵی رابردو هەتا ئێستا، تاکی کورد چەندینجار بەر ئەم جۆرە میدیایە کەوتووە ، میدیایەک کە لەسەر بنەمای میزاجی سەرۆک حیزب و ئەندامانی حیزب کاردەکات ، میدیایەک پڕپڕە لەدروستکردنی هاشوهوشی سیاسی و ژاوەژاوی کۆمەڵایەتی ، میدیایەک حیزبی شۆڕشگێڕ بیباتە بەڕێوە ، جگە لەمیدیای هەڵمەتبەرو دۆخ تێکدەری هاونیشتیمانیان ، هیچی دیکەی لێ نایەتە بەرهەم ، بەدرێژایی سەردەمی شەڕی ناوخۆ ، جوت حیزبی یەکێتی و پارتی کاریان بەسیاسەتی میدیای هەڵمەتبەر کردوە ، میدیای خۆیان بەکارهێناوە ، بۆ فوکردنە لایەنگرانیان و بەریەکخستنیان ، میدیایەکبوو کە پڕبوو لەشکاندنی یەکترو تەشهیرو ناوزڕاندنو سوکایەتیکردن بەیەکتر ، پاش رەوینەوەی شەڕی ناوخۆو هاتنە ئارای رۆژنامەی ئەهلی و دروستبونی میدیای ئەهلی ، حیزب بۆ ئەوەی گەمەکان لەبەرگی شۆڕشگێری بهێنێتەدەرو بانگەشەی بەدیموکراسیبون بکات ، هەڵسان بەدروستکردنی میدیای سێبەر ، ئەرکو ئامانجی میدیای سێبەریش ، هەم رەخنە گرتنە لەحیزبەکەی خۆی بەزمانی گوڵ ، هەم تانەدان و رەخنەگرتن و شکاندنە لەحیزبی رکەبەرکاری بەزمانی چەکوش ، هەم لەگەندەڵی هەرێم ئەدات بەمەبەستی سوکایەتیکردن بەئەزمونی سیاسی هەرێم ، هەم بەسەرۆک حیزب و پیاوانی ژمارە یەکی حیزبەکەشیدا هەڵدەشاخێت ، بەمەبەستی جوانکردن و داپۆشینی گەندەڵییەکانیان ، ئیدی ئەم جۆرەش لەمیدیا هەم هەواڵو زانیاری دەگوازێتەوەو دەیگەیەنێت بەهاونیشتیمانیان ، لەهەمانکاتدا گواستنەوەی هەواڵو زانیاریش لەبەرژەوەندی حیزبەکەی بەکاردەهێنێت ، بەمەبەستی ئاراستەکردنی کۆمەڵگا ، کەئەوەش بەوویستی حیزبو رەفیق حیزبیەکانی سەروخۆی پێی دەکرێت ، ئیدی ئەم جۆرە لەمیدیا وەک ماکینەیەکی شکاندن و جوانکردن ، کارەکانی بەڕێدەکات ، ئەگەر کەسێکی مەبەست بێت بیشکێنێت ، دەیشکێنێت و شەرم لەکەس ناکات ، خۆ ئەگەر کەسێکیشی مەبەست بێت جوانی بکات ، گەورەی دەکات و لەسەر شاشەکەی دەیکات بەپاڵەوان و حیساب بۆ کەسیش ناکات ، هەر کەسێکیش لەسەرەوەی حیزبی خاوەنی ، داوای لەسێدارەدانی فکرو بیرو بۆچونی کرا ، ئیدی ئەو میدیایە ناشیرینی دەکات و سیناریۆشی بۆ دروستدەکات.

ئالێرەوە هەڵمەتی ناوزڕاندن دەست پێدەکات ، هەڵمەتێک کە کەمجار مرۆڤ دەتوانێت خۆی لەبەردا بگرێت ، ئامانجی ئەم جۆرەش لەمیدیای سێبەر ، دروستکردنی مرۆڤی قوڕمیشکراوە ، جۆرە مرۆڤێک کەگەرەکیانە لەخۆیان بچێت ، لەسەروی خۆیانەوە بیریان بۆ بکرێتەوە ، لەسەروی خۆیانەوە ئاراستەی ژیانیان بکرێت و لەسەروی خۆشیانەوەو بەداخوازی حیزب و سەرۆک حیزب ژیانی بگوزەرێت .

خۆ جۆرە میدیایەکی دیکەش لەم هەرێمە نەگریسەی ئێمە هاتە ئاراوە ، کەپێی دەگوترا میدیای ئۆپۆزسیۆن ، ئەم جۆرە لەمیدیا هەمو کارێکی هەژاندنی کەشی گشتی بوو بەبیانوی رەخنەگرتن لەدەسەڵات ، لەهەمو شتێکی نزیک لەدەسەڵاتی ئەدا ، بەمەبەستی پاکردنەوەی ڕێگا بۆخۆی، تاشوێن پێکانی ئۆپۆزسیۆنبونی خۆی جێگیر بکات ، ئامادەبون وەک ئەرکێکی هەواڵی خۆپیشاندانەکانی 17 شوبات بگوازنەوە ، بەڵام ساڵێک و 11 مانگ پاشتر ، کەخۆپیشاندان لەشارۆچکەیەکی هەژارنشینی وەک سەیدسادق هاتە ئاراوە ، کەهەمان داواکاری خۆپیشاندەرانی 17 شوباتیان هەبوو ، میدیای ئۆپۆزسیۆن ئامادەنەبون بەهەمان ئاستی خۆپیشاندانەکانی 17 شوبات کار بۆ گەیاندنی داواکارییەکانی خۆپیشاندانەکانی سەیدسادق بکەن ، ئامادەبون ناشیرینی و گەندەڵییەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم بخەنە بەرباسو لێتێژینەوە ، بەڵام ئامادە نەبون زانیاری لەسەر بەرپرسی گەندەڵی نێو حیزبەکانیان بدرکێنن.

رەنگە میدیای ئەهلی کەمترین تاوانی ئەو کەشەی بەر بکەوێت ، کە من وەک میدیای هەڵمەتبەر ناوزەدی دەکەم ، هۆکاری سەرەکی ئەوەش ، پەیوەستە بەمامەڵەی قورسی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەگەڵ میدیای ئەهلی و دروستکردنی کەشی بەربەرەکانێ ، کە زەقترین کێشە روبەڕوی میدیای ئەهلی دەکەنەوە ، بریتیە لەهەبونی کێشەی دارایی و رێگریکردن بەمەبەستی دەستنەگەیشتنیان بەزانیاری گشتی و زانیاری تایبەت ، لەکەیسەکانی نەوت و گەندەڵی و سەروەت و سامانی بەرپرسانی حیزبی و حوکمی ، بێجگەلەو ململانێ سەختەی ، کە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم دەیکەن ، بەراوبەر بەمیدیای ئەهلی ، لەدەربڕینو بۆچونی ئازاد ، کە بێگومان ئەو رێگرییانەش کاریگەری دەبێت لەسەر گەیاندنی زانیاری و بابەتی میدیای و ئاراستەکردنی کۆمەڵگا بەرەو هۆشیاری گشتی .

ئیدی لەپاش 25 ساڵ دەسەڵاتداری کوردی ، ووشەیەک دێتەئاراوە ، کە پێی دەڵێن میدیای کوردی ، بەڵێ ئائەوەیە میدیای کوردی ، فەوزا لەگەیاندن ، یەک لەشکری گەورەی ملهوڕی سیاسیش لەپشتیەتی بۆ ئاراستەکردن و یەکتر شکاندن ، واتە شتێکی زۆر کەم دەمێنێتەوە ناوی زانیاری گشتییە ، مشتێک لەخەروارێک دەمێنێتەوە ناوی گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییە ، لەوەبەدواش سەرجەم بابەتە میدیاییەکان ئاراستەی بەرنامەو ئەجێندای کاری حیزبین ، لەوجۆرە کارە حیزبیانەش نا کەپەروەردەی نەتەوەیین ، بەڵکو لەوجۆرە کارە حیزبیانەی کەبەناوی پەروەردەی نەتەوەیی پەروەردەی حیزبی دەکەن ، ئەمەش لەکاتێکدایە کەسەرجەم میدیا سێبەرو حیزبییەکانی هەرێم ، بودجەیان لەلایەن ئەو حکومەتەوە بۆ دابین دەکرێت، کە رۆژێک گەندەڵەو رۆژێکیش بەتەڵ، واتە کە نێوانی حیزبەکان باشبوو ، هەرێمی کوردستان شامی شەریفەو سەرەک حیزبەکانیش فریشتەی شۆڕشن ، هاوڵاتیانیش بەشانو باڵی ئەوان گەیشتوین بەم رۆژە روناکە ، بەڵام کەنێوان حیزبەکان خراپبوو ، یەکتر تۆمەتبار دەکەن بەکۆنە بەعسی ، بەجاشو قەزەم و پیاوی تۆرانی ، بە نەوت دزیی هاوبەشی قاسم سولەیمانی ، بە خیانەتکاری سەردەمی شاخ و بە پیاوە مینگنەکەی قەتەر و سعودو ئالی عوسمانی ، ئالێرەوە ژەهر دەکەنە سەری کۆمەڵگا ، بەجۆرێکی وەها کەمەبەستیانە لەرێچکەی میدیاوە هاونیشتیمانیان بەیەکدابدەن بۆئەوەی کەس ئاگاداری چەتەگەری حیزبەکان لە بودجەی حکومەت نەمێنێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت