ڕەسوڵ بۆسکێنى : کاریگەرى و ئاماژەکانى پشت کودەتاکەى تورکیا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدرەنگانى شەوى 15 ى تەموزى ڕابردوو ژمارەیەک فەرماندەى سەربازى لەتورکیا کودەتایان ئەنجامدا و لەسەرەتاى کاردا سەرکەوتنى خۆیان بەسەر تەواوى جومگەکانى دەسەڵاتى تورکیا ڕاگەیاند ، بەڵام کودەتاکە سەرکەوتو نەبوو دواى چەند کاتژمێرێک ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکى تورکیا شکستى کودەتاکەى رٍاگەیاند ، حکومەتى تورکیا کەوتە دەستگیرکردنى ئەوانەى بەشدارى کودەتاکەیان کردووە ، لەسەرەتاوە زیاتر لە شەش هەزار کەس گیران و هەندێکیان لەسەر شەقامەکان سوکایەتیان پێکرا ، لەناو دەستگیر کراواندا خەڵکى جۆراو جۆر هەبوو ، زیاتر لەو ژمارەیەش لەپۆست و کارەکانیان دوورخرانەوە ، 30 کەسیان پارێزگارى شارەکانى تورکیا بوون ، چەندین کەسایەتى و زاناى ئایینى دەستگیر کران ، دواتریش لەکۆبوونەوەیەکى جەماوەرى دا ئەردۆگان ئاماژەى بەوەدا سوپا لە کەسانى خیانەتکار پاک دەکرێتەوە ، هەر بەدواى ڕاگەیاندنەکەى دا 3 سێ هەزار جەنەڕاڵ و ئەفسەرى ناو سوپا گیران ، کە فەرماندەى لیوا و کۆمەڵێک بەرپرسى سەربازى تێدابوون ، دەستگیرکردن و سزادان تەنیا بەرپرسە سەربازیەکانى نەگرتەوە ، بەڵکو سیستەمى دادوەریشى گرتەوە و نزیکە 2754 دادوەر و داواکارى گشتى گیران ، هەر لە چوارچێوەى هەڵمەتى دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە داواکارى گشتى ئەنقەرە ، داواى کرد دەست بەسەر ماڵ و موڵکى 3 سێ هەزار و چل و نۆ دادوەر و پارێزەردا بگیرێت ، کە لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە .
ئێستا تورکیا بەسەردەمێکى تەمومژاوى دا تێدەپەڕێت و شکستى کودەتاکە قسەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا ، لەکاتێکدا سوپاى تورکیا بە دووەم گەورەترین سوپاى هاوپەیمانى باکوورى ئەتڵەسى ( ناتۆ ) دادەنرێت ، سوپا لەتورکیا دەسەڵاتى زۆر و گرنگى خۆى هەیە ، لە ساڵانى شەستەکانى سەدەى ڕابردووەوە تائێستا سەرباز و جەندرمەکان ڕۆڵى سەرەکیان هەبووە لە ئیدارەدانى دەسەڵاتى شاراوەى پشتى پەردەکان ، لەو ماوەیەدا سوپا پێنج جار کودەتاى بەسەر حکومەت دا کردووە ، هەموو جارەکانیش سەرکەوتوو بووە و حکومەتى خستووەتە ژێر کۆنتڕۆڵى خۆیەوە ، جگە لە کودەتا شکست خواردووەکەى ئەمجارە . کە بەیەک ئاماژەى ئەردۆگان لایەنگرانى ڕژانە سەرشەقام و هاووڵاتى ڕۆڵى یەکلاکەرەوەى هەبوو لە شکست پێهێنانى کودەتاکە ، بێ گوومان دەسەڵاتى گەل ( بوونى دیموکراسى ) و بوونى شەرعیەتى سەروەرى وڵات ئیرادەى هاووڵاتى زاڵ دەکات بەسەر سوپا و تانک و فڕۆکەدا ، بەڵام لەکوێى هەبوونى دیموکراسى دا ئەو ڕەشبگیر و تۆقاندنەى ئەردۆگان جێگاى دەبێتەوە ، ئەوەى لێرەدا گرنگە پەراوێزى شکستى کودەتاکەیە ، بۆیە چاودێران بەگومانەوە لە شانۆگەرى بوونى کودەتاکە دەڕوانن، یان بە هەبوونى دەستى لایەنگرانى ئەردۆگان لەو کودەتایەدا، لەو بارەیەوە دەنیز بایکاڵ سەرۆکى پێشووى پارتى گەلى کۆمارى ( جەهەپە ) لەپەیجى خۆى لەتویتەر دەڵێت : ئەو سیناریۆیە خۆیان نووسیویانە ، ناتوانن میللەت بخەڵەتێنن ، ئێوە خۆتان سوپاتان وروژاند ، سەرۆکى ئەرکانى تورکیا ، فەرماندەکانى هێزى ئاسمانى هەمووى پیاوى خۆتانە ، ئەو پیاوانە کودەتا لەکێ دەکەن ، پێم بڵێن کێ ماوە لەناو سوپادا کودەتا بکات ؟ ئیتر لێرەوە دەسەڵاتى ئەردۆکان بێ سنوور دەبێ و سوپا شکست خواردووەکەى بەکار دەهێنێت بۆ یەکلا کردنەوەى حیسابى خۆى لەگەڵ نەیارەکانى ، ئەمەش بووە هۆى جێگاى سەرنجى چاودێرانى سیاسى و ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانى تر .
هەموو ئەم ڕووداوانەى سەریان هەڵدا لەئەنجامى هەڵەى زۆرى ئەردۆگان و هەڵپەى دەسەڵات و بەرژەوەندخوازى و بەخەیاڵ خۆ بەعوسمانى زانینى ئەردۆگان بوو ،  هەر لەسەرەتاى دەسەڵاتى ئەردۆگان لەگەڵ خۆیدا ئاراستەیەکى دروستکرد ، مادام ناتوانین ببینە ئەندامى یەکێتى ئەوروپا باشتر وایە بابدەینەوە بەلاى وڵاتانى عەرەبى کە لەڕووى دین و زۆر لایەنەوە لەیەکەوە نزیکن ، سەرەڕاى ئەوەى ئەم وڵاتانە ماوەیەکى زۆر لەژێر دەسەڵاتى دەوڵەتى عوسمانى دابوون ، ئینجا بەساویلکەیى یان بەمەبەست هەندێک لەوڵاتانى عەرەبى ڕوویان کردە ئەردۆگان و بەکەسایەتیەکى گەورەى ئیسلامى لێى دەڕوانرا ، ئەمە بوارى سەرکێشیەکانى ئەردۆگانى فراوانتر دەکرد ، لەلایەکى دیکە ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانى پێشکەوتوى دنیا سیستەمى میانڕەوى ئیسلامى وەک تورکیا و هێمنى ئەردۆگان ، لەبەرامبەر شیعە و سوننەى توندڕەو و باڵادەستى و سەرکردایەتى ئێران و وڵاتانى کەنداو و ڕێکخراوى قاعیدە و گروپە توندڕەوەکانى تر ، بێ گومان لەکەشێکى وادا ئەردۆگان شانسى بەهێز ترە ، ئەم بیرە سوڵتانیە و خۆبە عوسمانى زانینەى ئەردۆگان لەماوەى ڕابردوودا کۆمەڵێک هەڵەى گەورەى لێ کەوتەوە ، دواى بێ هیوا بوون لە ئەندامێتى یەکێتى ئەوروپا بەخەیاڵى بوونە دەمڕاستى عەرەب و وڵاتانى ئیسلامى سوننە مەزهەب ، کەوتە دژایەتى کردنى ئیسرائیل و خۆ نزیک کردنەوە لە حەماس و خۆ بەخاوەن زانینى کێشەى فەلەستین، بەتایبەت تێکدانى پەیوەندى لەگەڵ ئیسرائیل و ناردنى کەشتیگەلى هاوکارى بۆ غەززە بووە هۆى کوژرانى بەشێک لەسەرنشینانى کەشتیەکان زیاتر بووە درزى پەیوەندى نێوان تورکیا و ئیسرائیل، هەڵەى گەورە ترى ئەردۆگان ئەوە بوو بەدەمڕاستى و مەبەستى پشتیوانى کردنى سوننە خۆى ئاڵاندە ڕێکخراوى تیرۆریستى داعش ، لەمەوە پەیوەندى لەگەڵ زۆرێک لەوڵاتان کەوتە ژێر پرسیارەوە ، ئەو هەڵچوونە سیاسیەى ئەردۆگان و پشتگیرى لە ئیخوان و داعش و گروپە سوننە توندڕەوەکانى تر کارێکى هەڵە بوو ئەوەتا خەریکە دەراوى ئەم کارەى بەرەو ڕووى خۆى دەبێتەوە ، هەموو ئەو خەونە خۆشانەى بووە وەهمێک لاى و خۆى زۆر بەگەورە هاتەبەرچاو لەبەر ئەوە پشتى کردە هاووڵاتیانى خۆى لە ناوەوەى تورکیا و شەڕ فرۆشتن بە نەتەوەى کوردى هاووڵاتى خۆى ، ویستى بەزەبرى هێز و چاوسوورکردنەوە بێ دەنگیان بکات ، لە ناوەڕاستى ساڵى ڕابردوو لەگەڵ پاڕتى کرێکارانى کوردستان ( پەکەکە ) کەوتە شەڕ و گەمارۆى خستەسەر شارەکانى باکوورى کوردستان ، ئەو هۆکارانە بوونە هۆى بێزاى و نیگەرانى هاووڵاتیانى تورکیا و دواتریش سەرهەڵدانى کودەتاى سەربازى و دەسەڵاتەکەى لەسەر لێوارى مەرگ گەڕایەوە و هیچ دووریش نیە لە کۆتایى دا مەرگى حکومەتەکەى پێوە بێت ، چونکە چاوەڕوان نەکراو نیە دۆخى ئاڵۆزى تورکیا لە درێژەى شەڕى پەکەکە و دژایەتى لایەنگرانى فەتحوڵڵا گویلەن و ناڕازیە ئیسلامیەکانى ناوخۆى تورکیا و دەستێوەردانە دەرەکیەکانى ئەردۆگان بووە هۆى بێزارى خەڵک و کودەتاى هێنایە بەرهەم ، بێ گومان کودەتا لە بارودۆخى ئاڵۆز و پشێوى وڵات دا سەر هەڵدەدا . ئەوەش هەڵەیەکە ئەردۆگان بەبێ باج لێى دەرناچێت ، بەهۆى چالاکیەکانى پەکەکە و ئەو هێرش و تەقینەوانەى لە تورکیا ڕوویاندا ئاڵۆزى خستە وڵاتەکەوە ، بێ گومان لە دۆخێکى وادا تورکیا لە ڕووى ئەمنیەوە بەوڵاتێکى ئارام و سەقامگیر دانانرێت ، بۆ وڵاتێکى گەشتیارى وەک تورکیا کاریگەرى گەورەى لەسەر کەرتى گەشتیارى هەیە ، کەرتى گەشتیارى بە بڕبڕەى پشتى ئابوورى تورکیا دادەنرێت . بەپێى ڕاپۆرتێکى ( بى بى سى ) لەساڵى 2014 دا 37 ملیۆن گەشتیار ڕوویان لە تورکیا کردووە ، شەشەم وڵات بووە لە چوونى زۆرترین ڕێژەى گەشتیار ، بەڵام ئەمساڵ لەسەدا 40 ى گەشتیارەکانى دادەبەزێت ، دیارە بەبێ ئابووریەکى بەهێز ئەردۆگان ناتوانێت سەرکەوتن بەدەست بێنێت ، بۆ حزبەکەشى لە هەڵبژاردنەکانى داهاتوو هەر ڕاستە ، بێ گومان دواى شکست هێنانى کودەتاکە ئەردۆگان دەتوانێت ئەوەى دەیەوێت بیکات ، بەڵام ناکرێ ئەنجامە خراپەکەشى لەبەرچاو نەگرێت .
هەرچەندە ئەردۆگان لەم کودەتایە سەلامەت هاتەدەرەوە ، بەڵام ئەم کودەتایە وریاکەرەوەیەکى باش بوو بۆ هوشیارکردنەوەى ئەردۆگان لەسیاسەتە سەرکێشیەکانى کە ئیسلامیەکان و لایەنگرانى پێ مەست کردووە ، جێگاى سەرنج بوو لەکاتى بەرەنگاربوونەوەى جەماوەر لەگەڵ کودەتاچیەکان لەناو ئاپۆرەى جەماوەر و لایەنگرانى ئەردۆگان دەیانگووت : ئەم کودەتایە دەستى ئەمریکا و ئیسرائیلى لە پشتەوەیە ، ئەمەش ئاماژەیەکە تورکیا پێچەوانەى سیاسەت کارى کردووە و پێچەوانە کارکردنیش هەر ئاوا ساکار نیە ، ڕاهێنانى هاوڵاتیان و کاربەدەستانى خۆى بەئاراستەى پێچەوانەى کار لەسەر ئەم بیر و شێوە کارکردنە هیچ باوەڕ ناکرێت ئەنجامى باشى هەبێت ، ئەمە چەندین ڕایەڵى لەژێرەوە هەیە ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیش حیسابى وردیان بۆى کردووە ، سەرەڕاى هەموو سەرکێشیەکانى بەڵام ئەردۆگان پێویستى زۆرى بەخۆرئاوا هەیە ، ئێستا تورکیا لە پاشەکشە و پەشیمان بوونەوەدایە لەسیاسەتەکانى پێشووى هەر بۆیەش لەگەرمەى ڕووداوەکاندا ئەردۆگان تەنازولى بۆ ڕووسیا کرد و داواى توند کردنەوەى پەیوەندیەکانى لە ئیسرائیل کرد ، ئەمەش هیچ گومان هەڵناگرێت حەماسى هاوپەیمان و ئەوانى تر دەکەونە پەراوێزەوە ، لەلایەکى دیکە دەیەوێ ئەو شانسە لە کورد بستێنێتەوە کاتێک ئیسرائیل ڕەوایى مافى کورد و بوونى دەوڵەتى سەربەخۆ بۆ کورد لەبەرامبەر تورکیا و جیهانى دەرەوە بەهەق دەناسێنێ ، لەلایەکى دیکە ئەگەرچى میدیا دووڕووەکانى تورکیا دژى دەوڵەتى میسر قسە دەکەن ، بەڵام ئەردۆگان لە هەوڵى ژێر بەژێردایە بۆ ئاسایى کردنەوەى پەیوەندى نێوان تورکیا و میسر ، لەکاتێکى وادا گرەو بەداهاتووى ئیخوانەکانەوە دەکا و بەرژەوەندى خۆى لەسەرووى هەموو شتێکەوە دەبینێت .
ئەم ڕووداو و کارەساتانە ئاماژەیەکە سیماى تۆڵە سەندنەوەیان پێوە دیارە ، ئاژاوەى خستۆتە وڵات و بەناوى دۆخى نائاسایى وڵات پارێزبەندى ( حێانە ) ى لەسەر ئەندام پەرلەمانە نەیارەکانى لابرد و شەڕى لەگەڵ پەکەکەدەست پێ کرد و لەلایەکى دیکەش دەیەوێ لەژێر پەردەى کودەتا هەموو خاوەن ڕاکان دەستگیر بکا و حیسابى خۆى لەگەڵ نەیارەکانى ساف بکات . ئەو کارە پەلەپروزێ و سەرکێشیانەى ئەردۆگان زۆر لە وڵاتانى دۆستى خۆیشى نیگەران کردووە ، کەناڵى دۆیتچە ڤێڵە لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت : ئەم کودەتایە گرژى گەورەى خستۆتە نێوان ئەمریکا و تورکیاوە بەتایبەت پاش ئەوەى ئەردۆگان بەفەرمى داواى لە ئەمریکا کرد فەتحوڵڵا گویلەن سەرۆکى بزوتنەوەى خزمەت کە ئێستا لە ئەمریکا نیشتەجێیە ڕادەستى تورکیا بکات. بەئەنجامدانى کودەتاکە تاوانبارى دەکات ، پێشتریش وەزیرى دەرەوەى تورکیا ڕایگەیاند پەیوەندیەکانى ئەمریکا و وڵاتەکەى کاریگەرى لەسەر دەبێت ئەگەر ئەمریکا ئامادە نەبێت گویلەن ڕادەستى تورکیا بکات . لەلایەکى دیکە جمس گلابەر بەڕێوەبەرى هەواڵگرى ئەمریکا دەربارەى ئۆپەراسیۆنى پاکتاوکردنى تورکیا ڕایگەیاند : ئەم بارودۆخە کاریگەرى لەسەر ڕووبەڕوو بوونەوەى شەڕى داعش دەبێت ، چونکە زۆربەى ئەو ئەفسەرانەى گیراون لەشەڕى تیرۆر دژى داعش بەشداریان کردووە و ژمارەیەکى زۆر لەوانەى مامەڵەیان لەگەڵ ئەمریکا کردووە دوورخراونەتەوە یا دەستگیرکراون ، گومانى تێدانیە ئەمەش نسکۆیەک دەبێت هاوکارى کردن لەگەڵ تورکەکان قورستر دەبێت . دەربارەى ئەو کوشتن و ڕەشبگیریەى لە تورکیا بەڕێوەدەچێت جۆن کەیرى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکان ڕایگەیاند : ئەوان پشتگیرى لە وڵاتى تورکیا دەکەن لەبەرامبەر کودەتاچیەکان ، بەڵام پێویستە هەموو شتێک بەیاسایى بەڕێوە بچێت و نا بێت لە دەرەوەى ئەوە ئامانجەکان بەدى بهێنرێن .
دۆخى ئاڵۆزى تورکیا و ناوچەکە کاریگەرى لەسەر داهاتووى تورکیا دەبێت ، بەڵام ئەوەى گرنگە کورد چۆن دەتوانێت ئەم بارودۆخە بەسوودى خۆى بگۆڕێت ، پێویستە سەرکردایەتى کورد واز لە ناکۆکى و وەهم و کەللەڕەقى بێنن چاو لەهەڵەکانى یەکتر بپۆشن و بیر لەداهاتووى نەتەوەکەیان بکەنەوە ، شیکردنەوەى ورد بکەن بۆ سیاسەت و جوڵەى دژەکانى کورد بەتایبەت تورکیا و ئێران لە ئێستادا بەرەو کوێ دەڕوات ، ئاماژەکانى پشتى کودەتاکە ڕۆڵى چیان دەبێت لەسەر بارودۆخى ئێستاى کورد و هەرێمى کوردستان ، چونکە دژەکان سەرەڕاى کێشە زۆرەکانى نێو خۆیان هەرکات بیانەوێ لەسەر کێشەى کورد و پەیوست بەم بابەتە لەسەر مێزى گفتوگۆ یەکدەگرنەوە ، ئەو بانگەوازەى هەندێک لەسەرکردەکانى کورد پەیڕەوى دەکەن ، ئەوان بابەتەکەیان بەجدى نەگرتووە و پێیەوە نیگەران نین ، لەوە تێگەیشتوون ئەو هەموو نیگەرانیەى لەنێوان خەڵک و لایەنە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان هەیە هى ئەوە نیە نائومێدیان بکات ، ئەوان دەزانن هەتا کار بەم شێوەیە بڕوات ، ئەم سەرکردایەتیە سیاسیەى ئێستا کورد هەیەتى نەڕاپرسى پێ ئەنجام دەدرێت و نەدەوڵەتى کوردیشى پێ ڕادەگەیەنرێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت