رەزا شوان : گەورەترین گەندەڵی بوونی کەسی نەشیاوە لە شوێنی شیاودا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

گەندەڵی بۆتە شێرپەنجەیەکی کوشندەی ئەم سەردەمە ، بەتایبەتیش لەو وڵاتانەی کە لەلایەن چەند کەسێکەوە ، یا پارتییەکەوە دەسەڵات و پۆست و پایە گرنگ و باڵا و هەستیارەکانیان ، لە بنەماڵە و کەسوکاری خۆیان و خزمانیان قورخ کردوون و ، دەستیان بەسەر ئابووری دارایی و کۆمپانییەکان و سەرچاوەی داهاتدا گرتوون ، دایرە و دەزگاکانی حکوومەت لەژێر رکێف و کۆنترۆڵی خۆیان دایە و ، دەسەڵاتیشیان کردووە بۆماوەی بنەماڵەیی و،هێزی چەکداری داپڵۆسین و سەرکوتکردنشیان هەیە .
گەندەڵی بە گەورەتری هۆکاری دواکەوتن و ستەم و چەوسانەوە و نایەکسانی و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئیفلیجکردنی پێشکەوتن و گەشە نەکردنی ئابووری و پێشێلکردنی یاسا و دەستوور و ، بە هۆکاری بێکاری و دزیکردن و بەرتیل و ، بەفێڕۆدانی سامانی گەل دەزانرێت .
بێگومان گەورەترین هۆکاری گەندەڵیش ( بوونی کەسی نەشیاوە لە شوێنی شیاودا ) .. لە ئەمڕۆدا پۆستە باڵاکان و ، پلە و پایەی هەستیاری دەسەڵات و ، بەڕێوەبردن و بەرپرسێتی ، لە باشووری کوردستاندا قورخکراون و ، قسەکردن لەسەر گۆڕینی ئەو پایە و پۆستانە بە هێڵی سووری دەزانن . لە ئەمڕۆدا لە باشووری کوردستاندا ، زۆرن ئەو کەسانەی کە لە دەسەڵاتدان ، کاربەدەستن ، وەزیرن ، بەڕێوەبەرن ، بەرپرسن ، یا فەرمانبەرن ، کە لە پۆست و پایە و لە شوێنە گرنگ و هەستیارییەکانی دەسەڵات و بەڕێوەبردن دان .. زۆریان نەشیاو و نابەڵەد و بێتوانا و هیچ لەبارن ، نە بەگراوند و ئەزموونێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و ئیداری و بەڕیوەبردنیان هەیە .. نە پسپۆرن و نە شارەزا و لێهاتوو و سەرکەوتووشن لەو پۆستانەی کە وەریان گرتوون ، بەشێکی زۆریان خاوەنی بڕوانامەیەکی باڵای پسپۆریشن نین کە شایەنی وەرگرتنی ئەو پۆستتانەبن .. کورد وتەنی هەندێکیان لەولای هیچەوە لۆقە دەکەن .. شایەنی ئەو شوێن و پۆست و پایە هەستیار و باڵایانە نین کە وەریان گرتوون .. چونکە هیچ لەبار و بێ ئەزموونن ، زۆر دوور و نابەڵدن لە پسپۆری پۆستەکانیانەوە . لەسەر بنەمای پرەنسیپی ( نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب ) دانەنراون .. زۆریان هاتوونەتە سەر حازری .. هەندێ لەو کاربەدەستانەمان کە پۆستی باڵایان پێ سپاردوون .. نەک رۆژی لە رۆژان تەنیا دوو تنۆک خوێن ، بەڵکو تەنیا دوو دڵۆپ ئارەقیشیان بۆ کوردستان نەڕشتووە .. ئەمانە کە لە لایەن پارتە کوردستانییەکانەوە دانراون .. تەنانەت لە ناو خودی حیزبەکانی خۆشیاندا ، خاوەنی بە بەگراوندێکی سیاسی و تێکۆشان و بەرخودانی نین و ، لە سیاسەت و رێکخستنيشدا زۆر کۆڵەوار و نەزانن .. ئەمانە لەسەر بنەمای بۆماوەی بنەماڵەیی و عەشیرەتگەری و ناوچەیی و مەحسووبیەت و مەنسسوبیەت و پاشکۆیی بەرزکراونەتەوە .. زۆریان پایە بە پایە بە پایەکانی پەیژەی رێکخستنی حیزبیدا سەرنەکەوتوون .. ئەمانە لە پڕێکدا کردیانن بە کوڕێک .. یەکسەر لە ئەندامێکەوە ، بەبێ هەڵبژاردن گەیاندیانن بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی .. بۆ ئەوەی بیانکەن بە وەزیر، یا لە پۆستی باڵای دەسەڵاتدا دایان بنێن، ئەمانە نەشیا و بێتوانان و بەسەرشانی کەسانێکی کەدا سەرکەوتوون و ، لەسەر بنەمای هاوبەرژەوندی و ، پشک پشکێنەی حیزبی پۆستیان پێداون .. یا هەندێکیشیان لەبەر ئەوەی کە ( خزمی خەزووری سەپانی ماڵی شێخن ) . دانانی کەسانی نەشیاو و بۆش لە شوێنی شیاودا تاوانێکی زۆر گەورەیە .. چونکە ئەمە پێشێلکردنی مافی کەسانی بە توانا و شایستە و شیاون .. کەسانی هەلپەرست و لارەمل و بەرژەوەندی پەرست زۆرن .. کە ماستاو بۆ کەسانی کاربەدەستی باڵا سارد دەکەنەوە و ، بێشەرمانەش مامەحەییان لەبەر دەکەن و ، پێڵاویان بۆ دادەنێن و ، شانیان دەتەکێنن و هەڵیان دەنێن و پێیاندا هەڵدەدەن .. نەک هەرکەسانێک .. بەڵکو هەندێ لە راگەیاندن و میدیاکان و رۆژنامە و رۆژنامەنووسە بە کڕێگیراوەکانیش ـ لەگەڵ ئەوپەڕی رێزمدا بۆ رۆژنامەنووسانی ئازاد و ئازا و بوێر ـ ئەو رۆژنامەنووسە هەلپەرست و خۆپەرست و بەرژەوەندیپەرستانەش دەچنە ریزبەندی دەسەڵاتداران و بەرپەرسانی هەلپەرست و گەندەڵەوە .. ئەمانەنەش هۆکار و هاوکارن و، پشکیان لە گەندەڵیدا هەیە .. لە بارەی دەسەڵات و گەندەڵییەوە .
سوکـرات دەڵێ : دەسـەڵات پیـاوان گەنـدەڵ ناکــات .. بەڵکو گەر هاتـوو گەمژەکـان بخـرێنە دەسەڵاتـەوە ، ئەوان دەسەڵات گەنـدەڵ دەکـەن .
راستییەکە و ناشارێتەوە و بەبەرچاوی هەموومانەوەیە ، کە لە ئەمڕۆدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ناقڕگەی لە گەندەڵیدا نوقم بووە .. گەرچی حکوومەتی کوردستان تەنیا ناوی ماوە و ، نە کاری دیارە و نە دەسەڵاتی هەیە .. زۆر رێکەوتنی نهێنی دەکرێت کە هەر ئاگاشیان لێ نییە .؟! چونکە نە شەفافییەت و نە لێپرسینەوە و نە بەدواداچوون هەیە . ؟ باجێ ئەم گەندەڵییانەش گەلە چەوساوەکەمان دەیان داتەوە .. ئەگینا حکوومەتی کوردستان و ، کاربەدەستان ، زۆر بێباکن لەم باردۆخە ناهەموارەی کە خەڵکی تێدان .. برسی و نەبووبێ .. بێ دەرمانی و بێ چارەسەر .. بێ ئاو و بێ کارەبای .. بێ خزمەتگوزاری .. بێ نەوت و گاز .. بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری و بێکاری .. بێ مووچەیی و … هتد . دەسەڵاتداران خەمی چییانە ، خۆ ماڵ و منداڵییان برسییان نییە .. ئەوان تایبەتن و مووچەیان لێنابڕێ و ، هێندەشیان هەیە چەند خەرج بکەن پارەیان کۆتایی نایات .. ئەوان ئاو و کارەبا و نەوت و گاز و بەنزین و دەرمانیان لێنابڕێ .. ساڵی دوو و سێ جاریش دەچن بۆ تورکیا و ئەوروپا و ، لە هوتێلە حەوت ئەستێرەیەکاندا پشوودەدەن و ، خۆیان و ماڵ و منداڵیان تەخشان و پەخشان بە پارەی دزراوی گەلەکەمانەوە دەکەن .. نە دەزانن سەرما و گەرما چییە .؟ یا برسێتی و نەبوونی چییە .؟ یا قەیرانی دارایی چییە .؟ ئەوان مەستی خواردن و خواردنەوەن و ئاگایان لە نەبوونی و لە ژیانی کوللـەمەرگێی خەڵکی هەژار و نەبووی گەلەکەیان نییە .. وەکو دەڵێن ( تێـر ئاگـای لە برسـی نییە ) .. رێژەی مردن و خۆکوشتن لە کوردستاندا زۆر بەرزبۆتەوە .
کاربەدەستانی باڵا هیچ شەرم و شکۆیەکیان نییە .. سەد لۆمە بکرێن و ، سەد خۆپێشاندان بکرێ و ، رۆژانە خەڵکی بڕژێنە سەر شەقامەکان و ، بەردەم بانک و دایرەکان بگرن و ، هاواربکەن و گیرفانی بەتاڵیان پێشان بدەن و داوای مووچە بکەن .. هاواربکەن : برسیمانە .. توینیمانە .. ئاومان نییە .. کارەبامان نییە .. نەوت و گاز و بەنزینمان نییە .. خزمەتگوزاریمان نییە .. لەناو زبڵ و خاشاکدا خنکاوین .. نەخۆشین و بێ دەرمان و چارەسەرین .. گرانی و قات و قڕییە .. بێ جلوبەرگمان نییە . کام کاربەدەستی باڵامان ، کام وەزیرمان کام بەرپرسمان .. دەنگ و رەنگی خۆیان خستنە پاڵ هاوار و دەنگی خۆپێشاندەران و ، ناڕازی خەڵکی تووڕە و بێزاربوومان . ؟ یا کام وەزیرمان و کام بەرپرسی باڵامان .. چوونە ریزی خۆپێشاندەرانەوە و ، خۆیان کردن بە بەشێک لە ئەوان . ؟ بەداخەوە کە هەندێ لە پارتە کوردستانییەکانمان ، تەنیا بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان ، ناڕەزایی و تووڕەیی و خۆپێشاندانەکانی خەڵکی بێدەرتانی باشووری کوردستان دەقۆزنەوە .. دەپرسین تا ئێستا چەند وەزیر ، چەند بەڕێوەبەری گشتیمان ، چەند پەڕلەمانتارمان، چەند بەرپرسی باڵای حیزبیمان ، وەکو گوزارشتکردنێک لە بێدەسەڵاتی خۆیـان راگەیاند ، هاوپشتی و هاوخەمییان خۆیان بۆخەڵکی کوردستان دەربڕی و .. دەست لە کارکێشانەوەی خۆیان راگەیاند . ؟ کەسیان نییە .. کەمترین شت بۆ پشتگیریکردن لە ناڕەزایی و لە داوا رەواکانی خەڵکی کوردستان .. دانانە بە گەندەڵی و بە چەقبەستنی قەیرانی ئابووری و سیاسی .. دەبوایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ شەرمکردن شکستی خۆی رابگەیاندایە و ، خۆی هەڵبوەشاندایەوە .. زەمینەسازی بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی کارای تیکنوکرات خۆش بکرردایە ، لە کەسانی دڵسۆز و پسپۆری خاوەن بڕوانامەی باڵا پێکبهێنرایە .. بەبێ ئەوەی کە مەرجی هاوبەستەبوونی حیزبی بکەن بە پێوەری دڵسۆزی و شیاوی پۆۆستەەکان .. بەڵام بەداخەوە نە کاربەدەستانی باڵای دەسەڵات و ، سەرکردەکانی حیزبە دەسەڵاتدارەکان ، هەرگیز ئامادەنین کە دەست لە پۆست و لە کورسییەکانیان هەڵبگرن .. ئەوان وەکو قیر و زفت بە کورسی و پۆستەکانیانەوە نووساون و، بە هیچ کلۆجێک بەریان نادەن .. باشیش دەزانن کە جامی بێزاری و تووڕەیی خەڵکی پڕبووە و لێی دەڕژێ .. چونکە نان بڕین لەسەربڕین خراپترە .. خەڵکی لە بەڵینی درۆی دەسەڵاتداران بێزار بوونە و .. متمانەیان بە دەسەڵاتداران و بە حکوومەتەکەشیان نەماوە .
بێگومان شوانی دڵسۆز و وریا و بەئاگـا ، مەڕەکانی بە جوانی دەلەوەڕێنێ و ، لە گـورگ و لە دەعبا دەیان پارێزێ .. بەڵام گەر هات شوانەکان خۆیان گوربن ، ئەوسا چارەنووسی مەڕەکان چیدەبێت . ؟ چونکە شوانی ناپـاک زۆر لە گـورگ خراپتر و ترسناکترە .
لە کابینەیەکی حکوومەتی کوردستاندا مامۆستایەکی قوتابخانەی بنەڕەتی کرا بە وەزیری پەروەردەی کوردستان .. لە کاتێکدا کە بە دەیان هەڵگری بڕوانامەی دکتورا و ماستەرمان لە بواری پەروەردەدا هەیە .. ئەم مامۆستایە پایە بە پایە، بە پایەکانی پەیژەی سەرکەوتنی بەڕێوەبردن ( وەزیفە ) دا سەرنەکەوت ، پایەکان ( بەڕێوەبەری قوتابخانە ، سەرپەرشتیاری پەروەردە ، بەڕێوەبەری پەروەردە ، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە ، جێگری وەزیری پەروەردە ) یەکسەر کرا بە وەزیری پەروەردە . ؟ بڕوانامەکەشی شایانی ئەو پۆستە نییە .. توانا و لێهاتوویی و شارەزایی پەروەردەییشی لە ئاستی ئەو پۆستە هەستیارەدا نەبوون .. تەنانەت لە ناو خودی پارتەکەشیدا لە دەستەی پاڵادا نەبوو ، ئیتر وەکو دەڵێن ـ بە قـودرەتی قـادر ـ کرا بە وەزیری پەروەردەی کوردستان ؟ . هەر هەمان کەس لە کابینەی دواتردا کردیان بە وەزیری کشتوکاڵی کوردستان .. خەڵکینە مامۆستای سەرەتایی لە کوێ و وەزیری کشتوکاڵ لە کوێ . ؟ بۆ هیچ کوردێکی دڵسۆزمان نییە ، کە خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا بێت و ، پسپۆری و شارەزایی لە کشتوکاڵدا هەبێت ؟ بەڵی زۆرمان هەیە .. بەڵام پارتە کوردییەکان تەنها متمانەیان بە کەسانی خۆیان هەیە .. لە نێو ئەوانیشدا تەنها متمانەیان بە کەسانی بنەماڵە و خزمان و نزیکەکانی خۆیان هەیە .. یا بەو کەسانەی کە ماستاویان بۆ سارد دەکەنەوە .. جا بە لایانەوە گرنگ نییە ئەو کەسە شارەزا و پسپۆربێت .. یا خاوەنی بڕوا امەیەکی باڵا بێت ؟ گرنگ بەلایانەوە مەرجەکانی خۆیانە ؟ ئەمەیە گەندەڵێ ، ئەمەیە دانانی کەسی نەشیاو لە شوێنی شیاودا .
نموونەیەکی تر ، پزیشکێکی ئەندام سەر بە پارتێکی تری کوردستان ، یەکسەر لە خوارەوە و ، بەبێ هەڵبژاردن ، ئەمیش هەر ـ بە قـودرەتی قـادر ـ لە پڕێک کردیان بە کوڕێک .. بەرزیان کردەوە و ، کردیانە بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی و .. دواتریش کردنیان ، بە پارێزگاری پارێزگایەکی گرنگ و هەستیاری کوردستان و ، کردیشیانان بە ( سەرۆکی لیـژنەی ئاسایشی پارێزگا ) کە .. لە راستیشدا ئەم پزیشکە نە سیاسەتمەدارێکی بەڵدە و بە ئەزموونە، نە ئەزموونیشی لە رێکخستنی سیاسی و حیزبیدا هەیە ، نە کەسێکی ئیداریشە کە توانای بەڕێوەبردنی پارێزگایەکی گەورەی هەبێت .. نە پێشمەرگەیەکی قاڵەوبووی مەیدانی جەنگیش بووە ، تا بکرێت بە سەرۆکی لیژنەی ئاساییشی ئەم پارێزگایەمان .. ئایە ئەمە کەسێکی شیاوە لە شوێنی شیاودا ؟ یا کەسێکی نەشیاوە لە شوێنی شیاودایە . ؟ خۆ ئەگەر ئەم پزیشکەیان بکردایە بە ( بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگا ) کە زۆر شیاو و لەشوێنی خۆیدا بوو، یا بیان کردایە بە ( وەزیـری تەندروستی کوردسـتان ) دەمووت تا رادەیەک لە شوێنی شیاودایە .. چونکە بڕوانامەکەی و پسپۆری و شارەزایی و کارکردنی و ئەزموونی پراکتیکی لە بواری پزیشکیدا شایەنی ئەوەن کە لە دەزگاکانی تەندروسیدا پۆستی باڵای پێبدەن .. بە ڵام وەکو پارێزگاری پارێزگایەک و ، وەکو بەڕێوەبەرێ ئیداری و، وەکو سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەم پارێزگایە و .. وەکو ئەندامێکی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی پارتەکەی .. لە شوێنی خۆیدا نین و لێی ناوەشێتەوە .. چونکە ئەم دکتۆرە پایە بە پایە بە پەیژەکانی رێکخستن و کارکردندا سەرنەکەوتووە .. من مەبەستم ئەوە نییە ، کە تانە و لۆمەی کەسێ ئاراستەی ئەو دوو کاربەدەستە بکەم .. مەبەستمان تەنها هۆکارەکانی گەندەڵی و شکستییەکانی دەسەڵاتە .. تەنیا ئەو دوو کەسەشم بە نموونە هێنایەوە و ، حەزیشم نەکرد ناویان بێنم ، ئێوە باش دەزانن کە ئەو دوو کەس کێن .. ئەم دووانە نموونەن و ، لە ئێستادا بە دەیان کاربەدەستی باڵا و فەرمانبەری نەشیاومان لە پۆستە باڵاکانی دەسەڵات دان .. بە دەیانیش ئەندامی نابەڵەدی سیاسی و نەشیاوان لە ناو دەستەی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی پارتە کوردستانییەکان . لە حکوومەتی ئێستای کوردستان چەند وەزیرێکمان هەیە کە شایەنی ئەو پۆستانە نین کە وەریان گرتوون .. هەر لەبەر ئەوەی کە کوڕی فڵان بەرپرسە .. یا سەر بە بنەماڵە و عەشیرەتی فڵانن .. خەڵکی فڵان ناوچەن .. سەر بە باڵی فڵان بەرپرسن و … هتد . ئەمانەن گەورەترین هۆکاری گەندەڵی و ، ئەم قەیران و بارودۆخە نالەبارەی ئەمڕۆی باشووری کوردستان .. شەرمەزارییە بۆ پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان و ، بۆ خودی ئەو کەسە نەشیاوانەش کە شایەنی ئەو پۆستانە نین .. دەبوایە دانیان بە نابەڵەدی و بە بێتوانایی و بە نەشیاوی ناشایستەیی خۆیاندا بنایە و ، شەرمیان بکردایە کە پۆستی وەزیری وەر بگرن .. بەڵام بە لای پۆستپەرست و کورسی پەرستەوە شەرم و شوورەیی بوونیان نییە و شەرمەزار نابن .. دان بە شکستی خۆیان نانێن و ، خۆیان بە سوکرات و ئەفلاتوون دەزانن .
ئەگەر پارتە سیاسییەکانی کوردستان راستەکەن دیموکراتین و ، پەیڕەویی ئازادی دەکەن .. یا گەر راست دەکەن، کە دەیانەوێت چاکسازییەکی ریشەیی ئەنجام بدەن .. با لە پارتەکانی خۆیانەوە دەست پێبکەن .. با سەرکردە و بەرپرسەکانیان لە خودی خۆیانەوە دەست پێبکەن و .. بە خۆیاندا بچنەوە .. بەڵام کێشەکە لەوەدایە ( کەس بە دۆی خۆی ناڵێ ترشە ) .. هیچ لایەنێکیان ئامادەنین ، رەخنە و لۆمە قبووڵ بکەن و ، دان بە هەڵەکانی خۆیاندا بنێن .. هەر لایەنێک لایەنەکانی تر تاوانباردەکات و بە هۆکاری گەندەڵی دەزانێت .. لە راستیدا هەریەکە لە پارتە دەسەڵاتدارەکانی باشووری کوردستان بە قەوارەی خۆیان پشکیان لە گەندەڵی و قەیرانە ئابووری و سیاسییەکانی ئەمڕۆی کوردستاندا هەیە .. ئەوانن کە گەندەڵییان دروست کردووە و .. خۆیانی لێدەدزنەوە و .. پاکانەی خۆیان دەکەن ؟
گەلەکەمان ماوەیەکی زۆری بە حکوومەتی کوردستان دا ، بۆ ئەوەی چاکسازییەکی ریشەیی بکەن و گەندەڵێ بنبڕبکەن .. بەڵام حکوومەتی کوردستان هیچ پرۆژەیەکی ستاتیژی نییە بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی، گەندەڵیش تا دێت گەورەتر و ، بەر بەربڵاوتر دەبێت .. حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا ( قەیرانی دارایی ) کردووە بە بیانووی قەیرانەکان .. قەیرانی داراییش هەر حکوومەت خۆی دروستی کرد و لێی بەرپرسە .. تا ئەمڕۆ کەس نازانێت داهاتەکانی کوردستان لە فرۆشتنی نەوت و داهـاتی گومرگ چەندن و چۆن خەرج دەکرێن ؟ . چونکە روونی و شەفافیەت لە فرۆشتنی نەوت و داهاتەکانی کوردستان نییە و ، دەزگایەکی چاودێری و بەدواداچوونیشمان نییە ، تا لێپرسینەوە لە کارەکانی حکوومەت بکات .. خۆ گەر هەشبێت هیچ دەسەڵاتێکی نییە و ، ناتوانێت هیچ بڕیاێک بدات و .. ناشتوانێ هیچ وەزیر و کاربەدەستێکی گەندەڵکار توانبار بکا و ، بیدات بە دادگا و ، لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکەن .. ئەگینا یەکسەر چاویان لێسووردەکەنەوە و ، هەڕەشەی لە ناوبردنیان لێدەکەن .. پەڕلەمانی کوردستانیش کە بە مەرجەعی گەلەکەمانی دەزانین ، ئەویش دووپشک پێوەی داوە و سڕبووە و پەکی کەوتووە ؟ باشتر بڵێین پەکیان خستووە . ؟ ئێوە وەڵامان بدەنەوە حکوومەت بەبێ پەڕلەمان چ شەرعییەتێکی هەیە . ؟ لە ئێستادا حکوومەتی کوردستان ، حکوومەتێکی بێ هێزی شکستخواردووی بێ بەرهەمە و ، بوونی و نەبوونی وەکو یەکن .. لە کەناڵە تەلەفزیۆنەکاندا قسەی زل دەکەن و بەڵێنی زۆردەکەن .. بەڵام لێبوونەتەوە و ، هیچیان لەباردا نییە و ، هیچیشیان پێناکرێ ، بەم بەڵێن و قسانەیان ناتوانن خۆڵ لە چاوی خەڵکی کوردستان بکەن .. خەڵکی هۆشیارن و دەتوانن کاغەزی سپیش دەخوێننەوە .. من لەو بڕوایەدام کە ( تا رەجـەب سەرپاڵەمـان بێت ) بارودۆۆخی کورد و کوردستان خراپتر دەبێت باشتر نابێت .. هۆکارێکی گرنگی بێ هێزی و بێ توانایی حکوومەت و ، گەورەبوون و تەشنەکردنی گەندەڵییەکانیش لە کوردستان دا .. دەگەڕێنەوە بۆ نابەڵەدی و نەشیاوی و هیچ لەباری زۆربەی وەزیرەکانمان .. چونکە ( کەسانێکی نەشیاون و لە شوێنی شیاو ) دا دانراون .. هیچیان هیچ ماستەر پلان و پرۆژەیەکی بەرنامەداڕێژراوی ستراتیژی و زانستی ماودا نزیک و دووری چاکسازی و گۆڕانکاری و داهێنانیان نییە .. هەر ئەمەش بووە بە هۆی تەپانی ژێرخانی ئابووری کوردستان و ، بە ئیفلجبوونی کەرتەکانی کشوکاڵ و پیشەسازی و ئاوەدانی و ، بەرهەمە خۆماڵییەکانی کوردستان .. چونک بێ نەخشە و پلانین .
گوایە ئێمە بە تەمای ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانین .. ئەمە هیوا و ئاواتی هەموو کوردێکی دڵسۆز و کوردستان پەروەرە ، هیوای منداڵانی ناو لانکیشمانە . ریفراندۆم دەبێت پەڕلەمان یاسای بۆ دەربکات و ، سنووری ریفراندۆم و ، رۆژ و شێواز و، میکانیزمەکانی ئەنجامدانی ریفراندۆم دیاری بکات .. چونکە ریفراندۆم و راگەیاندنی سەبەخۆیی کوردستان خواست و بڕیارێکی کەسی، یا تەنیا لایەنێک ، یا تەنیا پارتییەکی کوردستانی نییە ، دەبێت هەموو لایەنەکان و پارتییە کوردستانییەکان هاوڕا و یەکدەنگبن لەسەر ئەم پرسە چارەنووسازەمان .. ئایا توانیومانە ناوماڵی کوردیمان رێکبخەین ؟ کۆتایی بە ململانێ و مشتومڕی نێوان پارتە کوردستانییەکانمان بهێنین . ؟ تا ئەمڕۆش بە فەرمی لە لایەن پەڕلەمانەوە ، داوا لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە کوردستاندا نەکراوە ، کە ئامادەکاری پێویست بۆ ریفراندۆم بکەن .. ئەی چ زەمینەسازییەکمان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و ، بۆ راگەیاندنی سەبەخۆیی کوردستان کردووە .. هێچ کراوە ؟
بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان ، پێویستیمان بە کردار و بە زەمینە سازی و بە یەکدەنگی هەیە ، سەربەخۆیی تەنها بە قسەی رووت و ، بە درووشمی بریقەدار نایاتەدی .. پێویستە هەموو لایەنەکان لەسەر ئەم پرسە چارەنووسازەی گەلەکەمان رێکبکەون و ، میکانزمەکانی جێبەجێکردنی تاوتوێ بکەن و ، هەموو گریمانەکانیش لەبەرچاوبگرن .. پێش هەموو شتێک پێویستە بە فەرمی بڕیار لە یەکگرتن و بە دامەزراوەکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بدەن و .. هێزی پێشمەرگە ببێت بە سوپایەکی فەرمی کوردستان و ، هاوبەستەبوونی بۆ کوردستان هەبێت نەک بۆ حیزبەکان . بوونی سۆپای کوردستان و دەستەبەرکردنی چەکی باشی بەرگری .. زۆر پێویستن بۆ پاراستنی کوردستانی سەبەخۆ .. ئەم هیوا پێویستیانەش نایەنە دی ، تا حیزبەکانی کوردستان بە راستی و بە کردار بەرژەوەندی باڵای کورد و کوردستان نەخەنە سەرووی بەرژەوەندی تایبەتی و حیزبییانەوە .. تا کوردایەتی و کوردستان پەروەریش، نەخرێتە سەرووی حیزبایەتی و حیزپەروەری .
پێویستە پۆست و پلە و پایە و دامەزراند، لەسەر بنەمای ( کەسی شیاو لە شوێنی شیاو ” دا بێت .. لەسەر بنەمای پسپۆری و لێهاتوویی و دڵسۆزی و دەستپاکی و کوردستان پەروەری بێت .. نەک لەسەر بنەمای بنەماڵەیی و عەشیرەتی و خزمێنی و پاشکۆیی بێت .. نابێت بێدەنگی و چاوپۆشی لە هەڵە و لە گەندەڵییەکانی هیچ کاربەدەستێکی باڵا بکرێت .. پێویستە یاسا سەروەربێت و، بە چاوێکی یەکسانی و دادپەروەری لە هەموان بڕوانرێت .. روونی و شەفافییەت هەبێت و، زۆر بوێرانە بە دواداچوون و لێکۆڵێنەوە لە سەروەت و سامان و ماڵ و موڵک و سەرچاوەی داهاتی کاربەدەستانی باڵا و بەرپرسان بکرێت، لەسەر بنەمای پرەنسیپی ( ئەمـەت لە کـوێ بوو .. ؟ ) پێویستە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان، هاوبەستەبوونی حیزبی نەکەن بە پێوەری دڵسۆزی و شیاوی .. زۆر هەلپەرست و بەرژەوەندی پەرست لە ریزی حیزبەکان دان، کە هیچ ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی و هیچ بەهایەکی پیرۆزیان نییە، تەنیا بۆ دەسکەوت و بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان چوونەتە ریزی ئەو حیزبانەوە .. هەر کاتێکیش کە بەرژەوەندیەکانیان نەهاتەدی و، باریان کەوتە لێژی .. هیچ پێیان شەرم نییە کە روو لە حیزبێکی تر بکەن و .. ماستاو بۆ کەسان و بۆ لایەنێکی تر ساردبکەنەوە .. پێویستە رێگری لە خۆهەڵواسین و بەرتیل و دەم چەورکـردن و مامە حەمەیی بگیرێت و .. کار بە پرەنسیپی ( پاداشـت و سـزا ) بکرێت .. پێویستە حکوومەت و حیزبەکانیش دزەکان و تاوانباران و گەندەڵچییەکان نەشارانەوە و ، نەیان پارێزن و ، داکۆکییان لێنەکەن و چاو لە تاوانەکانیان نەپۆشن .
قوورخکردنی دەسەڵات ، نا دادپەروەری و نایاسیاییە و .. هۆی چەقبەستنی ئەم دۆخە نالەبارەیە و .. هۆکاری دواکەوتن و پاشاگەردانی و شکستییە .. کاربەدەستانی باڵای کۆردستان زۆر باش ئەوە دەزانن کە جامی تووڕەیی و بێزاری خەڵکی چەوساوەی کوردستان پڕبووە و لێی دەڕژێ .. چیتر ناتوانن بێدەنگ بن و ، تاکەی پشوودرێژ و خۆڕاگربن .. ؟؟ بە داخەوە کە حکوومەتی کوردستان زۆر بێمنەت و بێباکە و.. گوێ بە ناڕەزایی و گلەیی و گازندەی خەڵکی بێدەرەتان نادات …. گەر ئەم باودۆخە زیاتر درێژە بکێشێت .. لەوانەیە شەپۆڵی زریان و تسۆنامی تووڕەیی و بێزاری و برسێتی خەڵیی کوردستان هەڵبکات و .. هەموو گەندەڵکاران راپێچ بکات و، دەست بەسەر سامان و موڵکیان بگرن .. گەر دۆخەکە بە زووترین کات چارەسەر نەکرێت .. من ئەو رۆژە بەدوور نازانم .