شێرزاد شێخانی : لەكێشەی پۆستی پارێزگای سلێمانیدا ـ با یەكێتی وگۆڕان رێز لەیاسا بگرن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەنزیكبونەوەی وادەی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگای سلێمانی باس لەبونی كێشەیەك ئەكرێت ، گوایە لەبەر بۆشایی پۆستی سەرۆكی هەرێم ناتوانرێت مەرسومی دەستبەكاربونی دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر دەربكرێت .. من لەلای خۆمەوە هیچ كێشەیەك لەمبارەوە نابینم ، چونكە هەلومەرجی ئێستاو پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و گۆران و رێكەوتنی 17ی ئایار هەلومەرجێكی زۆر جیاوازە لەعانی هەڵبژاردن و ركابەریەتیەكەی نێوان ئەم دوو حزبە . ئەوعانی هەڵبژاردن كە ڕەوا بو مونافەسەیەكی توندیش لەنێوان هەردو كاندیدی حزبەكە هەبێت بەحەددی یەكتر شكاندنیش ، ئێستا ئەم دوو حزبە بەرەو یەكگرتن هەنگاو ئەنێن . سەركردایەتیەكی هاوبەش لەنێوانیاندا هەیە كە باڵاترین دەسەڵاتی بریاری سیاسییە لەزۆنی سەوز و نیلیدا ، بریاری سیاسییان یەكخراوە بەدەلیلی ئەوەی هەردولا لەمڕۆژانەدا وەڵامێكی یەكگرتووی پارتیان دایەوە لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخی كوردستان و بەناو دەستپێشخەرییەكەی بارزانی بۆ كۆبونەوە ، وەكو هەموشمان ئەزانین ئەمڕۆ بریاری یەكێتی بریاری گۆڕانەو بەپێچەوانەشەوە ، بۆیە ئەكرێ هەر لەئێستاوە حیسابی یەكگرتوویی ئەم دوو حزبە بكەین بەئەمری واقیع ورێگە نەدەین هیچ پۆست و پلەوپایەیەك رێگر بێت لەیەكخستنی سیاسەتی ئەم دوو حزبە .
كاتی خۆی مام جەلالی گەورەمان ئامادەبو لەپێناو مەسڵەحەتی میللەتەكەی قوربانی بەدو ساڵی یەكێتی بدات لەپۆستی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم و بیداتەوە بەكابینەكەی نێچیرڤان بارزانیەوە ، هەرچەندە بەپێی رێكەوتنی ستراتیژی مافێكی سروشتی یەكێتی بو كە دوساڵ بۆ خۆی ببات ، بەڵام پارتی ئەوەندە غیرەتەشی نەبو دو ساڵەكەی كابینەی شەشەم بۆ دكتۆر بەرهەم بەجێبهێلێ ، مامی گەورەش بەوە رازی بو لەپێناو میللەتەكەیدا .
ئێستا یەكێتی و گۆڕان ئەبێ بەهەمان شێوە تەنازول بۆ یەكتر بكەن ، بەتایبەت كە هەردوكیان بەرەو یەكگرتنەوە هەنگاو ئەنێن .. بەلای منەوە كارەساتێكی گەورەیە و زۆر بە گرانیش ئەكەوێتە سەر خودی بزوتنەوەی گۆرانەوە ئەگەر بێت و سور بێت لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە لەیەكێتی لەسەر ئەساسی رێكەوتنی سیاسی نێوانیان ، چونكە بەمە رێكەوتنە سیاسیەكەیان ئەخەنە سەروی یاساوە كە زەمانێكە گۆڕان شەڕێكی سەختی بۆ سەرورەییەكەی ئەكات ، بەواتایەكی رونتر ، مادام یاسا رێگا نادات بەبێ مەرسومی سەرۆكایەتی ئاڵوگۆر بەپۆستی پارێزگای سلێمانی بكرێت ، با گۆڕان دەستبەرداری ئەو پۆستە بێت بۆ یەكێتی ، با قوربانی بە رێكەوتنە سیاسیەكەی بدات لەپێناو سەروەری یاساو كارێك نەكات لەشێوەی پارتی كاتێك یاسا ئەخاتە ژێر پێیەكانیەوە لەپێناو بەرژەوەندی حیزبی ئامادەیە هەمو شتێكی دژ بەیاسا بكات هەر لەدەركردنی سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانەوە تا دەگاتە شەرعیەتدانێكی هەزەلیانە بە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن ئەنجومەنی شوراوە . خۆ ناكرێت گۆڕانیش وەكو پارتی هانا بۆ ئەنجومەنی شورا ببات بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەكی یاسایی هەڵبەستراو بۆ ئەم كێشەیە .
كاتێك پارتی رێكەوتنە سیاسییەكانی خۆی لەگەڵ گۆڕان و رێكەوتنە ستراتیژییەكەشی لەگەڵ یەكێتی ـدا كردە قوربانی پۆستەكەی بارزانی و دەستگرتن بەدەسەڵاتەوە ، هەق نیە گۆڕان لەپێناو پۆستێك ئامادە نەبێت بەندێكی رێكەوتنە سیاسیەكەی خۆی لەگەڵ یەكێتیدا نەكاتە قوربانی سەروەری یاسا . بۆیە پێموایە لەگەورەیی گۆڕانە ئەگەر ئەم قوربانییە بدات ، قەتیش لەو باوەڕەدا نیم ئەندامو هەوادارانی گۆڕان بەمە نیگەران بن ، چونكە هەر ئەوان بون پشتگیری رێكەوتنەكەی 17 ئایاریان كردو ئامادەشن تا یەكگرتنەوە لەپشت بزوتنەوەكەی خۆیاندا بن .
ئێستا وەزعی كوردستان بەگشتی وەزعێكی شلۆقە بەهۆی پێشێلكردنی یاساكانەوە ، ئەو وەزعە چەقبەستوەش بەوە چارەسەر نابێت پۆستی پارێزگاری سلێمانی گۆرانی بەسەردا دێت یاخود نا ، گۆڕانی گەورە كە میللەت چاوەڕێی ئەكات گۆڕینی سیستەمی سیاسییە كەهەردو حزبی یەكێتی و گۆڕانی گەیاندە حەدی رێكەوتنی سیاسی و بەرەو یەكگرتنەوەشیان ئەبات ، بۆیە لەپێناو دەسكەوتی گەورەتر با گۆران پۆستەكە لای یەكێتی بهێڵێتەوە بەیەكەوە ئەركە گەورەكەیان جێبەجێبكەن نەوەك خۆ مەشغوڵكردن بەپۆستی پارێزگاوە ، خۆ پۆستەكەی ئێستای دكتۆر هەڤاڵ هیچی كەمتر نیە لەروی قانونیەوە لەپۆستی پارێزگار ، بەڵكو ئەو ئەنجومەنەی ئەو سەرۆكایەتی ئەكات زۆر گەورەتریشە لەپۆستی پارێزگار بەحوكمی ئەوەی لایەنی چاودێرو لێپرسینەوەیە ، ئەمەش رێك ئەو متمانەیەیە كە میللەت پێیبەخشیوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت