نه‌وزادی موهه‌ندیس : به‌ره‌و ڕێكخستنه‌وه‌ی نێو ماڵی كورد .

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

به‌داخه‌وه‌ له‌ ئێستادا و ماوه‌ی ساڵێك زیاتره‌ نێو ماڵی كورد له‌م به‌شه‌ی كوردستاندا و ته‌واوی كوردستانی كه‌وره‌شدا له‌وپه‌ڕی دۆخی ناجێگیری و شڵه‌ژاوی و لێكترازان و دڕدۆنگی و دوور له‌یه‌كه‌، به‌هۆی ناكۆكی و ململانێ‌ سیاسیه‌ ناڕه‌واكانه‌وه‌ له‌سه‌ر پۆست و پله‌ و ئیمتیازات و ده‌سكه‌وتی كه‌سی و حیزبی بچووك به‌رانبه‌ر نه‌بوونی په‌رۆشی و خه‌مخۆری بۆ مه‌سه‌له‌ گه‌وره‌كه‌ی نه‌وته‌وه‌ و نیشتیمان، به‌تایبه‌تیش له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیار و پۆِ له‌ مه‌ترسی و گۆڕانكاریه‌دا كه‌ ته‌واوی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینی پیادا گوزه‌ر ده‌كات، به‌ره‌و داڕشتنه‌وه‌یه‌كی نوێ‌ و خۆڕێكستنه‌وه‌ی نێو ماڵه‌كان و گۆڕانكاری له‌ سنور و جوگرافیاكان و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ سیاسی و ئابوری و سه‌ربازیه‌كان، كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌وڵاتانی ناوچه‌كه‌ هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن و هه‌موان سه‌رقاڵی خۆڕێكخستنه‌وه‌ی نێو ماڵی خۆیه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی گۆڕانكاریه‌ سه‌پێنراوه‌كاندا خۆی بگونجێنێت و تا ئه‌وه‌نده‌ی پێی ده‌كرێت به‌رژه‌وه‌ندی وڵات و كۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌ڵاته‌كانیان بپارێزن و مانه‌وه‌یان بۆ كاتێكی درێژتر مسۆگه‌ر بكه‌ن .
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج و تێڕامانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌نها كورده‌ نێومالێكی شه‌پڕیوو تێكچووی سیاسی و ئابوری و سه‌ربازی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌ و هه‌وڵێكی جدیش هه‌ستپێناكرێت به‌ره‌و چاره‌سه‌ر و دۆزینه‌وه‌ی ده‌رچه‌یه‌ك بۆ ئه‌م دۆخه‌ قه‌تیس و پڕ مه‌ترسیانه‌.به‌ڵام خۆش به‌ختانه‌ هه‌موان به‌سه‌ركرده‌ و حیزبه‌سیاسیه‌كان و خه‌مخۆری جه‌ماوه‌ری گه‌له‌كه‌شمانه‌وه‌ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ چیدی ئه‌م دۆخه‌ نابێت به‌رده‌وام بێت و پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موان هه‌ریه‌كه‌ له‌ پێگه‌ و قورسایی خۆیه‌وه‌ هه‌وڵی لێكنزیكبونه‌وه‌ و خۆڕیكخستنه‌وه‌ و پێكه‌وه‌نانی هاوپه‌یمانی و ته‌كه‌تولی سیاسی گه‌وره‌ و به‌هێز و پته‌وتر بنێن، بۆئه‌وه‌ی لانی كه‌م بتوانرێت له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ ئه‌و دابه‌شبونه‌ زۆره‌ی جه‌ماوه‌ر و نێوماڵی كورد به‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو ئاڕاسته‌ و بۆچوونه‌ سیاسیه‌ جیاوازانه‌دا وه‌لاوه‌ بنێت كه‌ته‌نها مه‌سه‌له‌ی میله‌ته‌كه‌مان زیانی پێده‌گات له‌به‌رامبه‌ر هه‌ندێ‌ ده‌سكه‌وتی بچوكی كه‌سی و حیزبیدا بۆ سه‌ركرده‌ و ده‌ستڕۆیشتوه‌كانی ناو حیزبه‌كان .
به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ له‌ئێستادا ئه‌و ئاڕاسته‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ زاڵه‌ كه‌ ده‌بێت چیدی ئه‌و دابه‌شبونه‌ لانیكه‌م بچوكبكرێته‌وه‌ به‌قازانجی میله‌ته‌كه‌مان و ڕێكخستنه‌وه‌ی نێوماڵه‌كه‌ی . ئه‌وه‌تا له‌ 17/6/2015دا یه‌كه‌م هه‌نگاوی پراكتیكی به‌و ئاڕاسته‌یه‌ هه‌ڵنرا له‌نێوان یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ سیاسیه‌ی كه‌ واژۆیان كرد ، كه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ بۆخۆی هه‌نگاوێكی گه‌لێك كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر ته‌واوی دۆخه‌سیاسیه‌كه‌ی كوردستان و هه‌موانیشی هاندا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مان هه‌نگاو هه‌ڵنێن له‌نێوان ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی كه‌ مێژوو و خه‌بات و بۆچوونی فكری و ئایدۆلۆژیان لێكه‌وه‌ نزیكه‌ و ده‌توانن پێكه‌وه‌ كاری هاوبه‌ش و گه‌وره‌و كاریگه‌ر بكه‌ن بۆ خزمه‌تی مه‌سه‌له‌ گه‌وره‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان . ئه‌م ڕێكه‌ه‌تنه‌ سیاسیه‌ جوڵه‌یه‌كی باشی سیاسی خسته‌ نێو كوردستان و بوه‌ هۆی كردنه‌وه‌ی ده‌رچه‌یه‌كی ڕوونتر به‌ره‌و چاره‌سه‌ریه‌كان.ئاشكرایه‌ هه‌موو ڕێكه‌وتنێكی سیاسی له‌نێوان هه‌ردوو لایه‌نێكی سیاسیدا بچووك یان گه‌وره‌ كاریگه‌ری باشی ده‌بێت له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی درز و لێكترازانه‌كان و جیاوازیه‌كان و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی توندوتۆڵكردنه‌وه‌ی ڕیزه‌كان و زیادكردنی ئومێده‌كانیش به‌ ئاینده ‌.
له‌ئێستاشدا لێكتێگه‌یشتن و نزیكبونه‌وه‌و یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و حیزبی ئاینده‌ جارێكی تر و هێنده‌ی تر به‌ قازانجی ڕێكخستنه‌وه‌ و پته‌وكردنه‌وه‌ی نێوماڵی كورد ته‌واو ده‌بێت ، بۆیه‌ به‌ڕای به‌نده‌ له‌م قۆناغه‌دا زۆر پێویسته‌ هه‌موو حیزب و ڕه‌وت و بزوتنه‌وه‌ سیاسیه‌كانی تریش هه‌مان هه‌نگاو بنێن ، بۆ نمونه‌ چه‌په‌كان له‌یه‌ك به‌ره‌دا كۆببنه‌وه‌ و ڕاستڕه‌و كۆنه‌پارێزه‌كانیش له‌به‌ره‌یه‌كی تردا و لیبڕاڵ و دیموكرات و سۆسیالیته‌كانیش له‌به‌ره‌یه‌كی تر و ئیسلامیه‌كانیش له‌به‌ره‌یه‌كی خۆیاندا كۆببنه‌وه‌ ، به‌م شێوه‌یه‌ كۆمه‌ڵگای كورده‌واری له‌م به‌شه‌دا لانی كه‌م دابه‌ش ده‌بنه‌ سه‌ر چه‌ند به‌ره‌یه‌كی كه‌می پوخت و به‌هێز نه‌ك وه‌ك ئه‌مه‌ی ئێستا زۆر و بۆری و جیاوازی زۆر كه‌ بونه‌ته‌ زیاتر تێكدان و لێكترازانی نێوماڵی كورد .
دواتریش ده‌كرێت هه‌ریه‌كه‌ له‌و به‌رانه‌ خۆیان ساغ بكه‌نه‌وه‌ و زیاتر نزیكببنه‌وه‌ له‌ به‌ره‌ گه‌وره‌ و به‌هێزه‌كانی تر كه‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و نفوزن و له‌ قۆناغی سێهه‌میشدا به‌ڕای به‌نده‌ پێویسته‌ له‌ باشووری كوردستاندا دووبه‌ره‌ی گه‌وره‌ و به‌هێزی سیاسی هه‌بێت و له‌ نێوانیشیاندا به‌ره‌یه‌كی هاوسه‌نگ ڕاگر هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ له‌ تاكڕه‌وی و بۆمانه‌وه‌ی زیاتر له‌ پێویستی ئه‌و دووبه‌ره‌یه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدا بگرێت و كاریگه‌ری خۆی هه‌بێت له‌سه‌ر ڕه‌وتی گۆڕانكاری و بڕیاره‌كاندا ، وه‌ك هاوشێوه‌ی سیسته‌می دیموكراسی به‌ریتانی كه‌ تاڕاده‌یه‌ك سیسته‌می دوو حیزبی پیاده‌ ده‌كات و له‌نێوان ئه‌و دووحیزبه‌شدا چه‌ند حیزبێكی بچووك هه‌ن كه‌ ده‌توانن ببنه‌ هۆكاری ڕاگرتنی به‌ڵانس له‌نێوانیاندا و هه‌میشه‌ بونه‌ته‌ هۆكاری گۆڕانكاری له‌ده‌سه‌ڵاتدا و گۆڕانكاری له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا .
له‌ئێستادا له‌باشوری كوردستاندا ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت به‌ره‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئاینده‌ و له‌به‌رامبه‌ریشدا پارتی و ئه‌و هێزانه‌ ده‌بینرێت كه‌ له‌ خولگه‌ی ئه‌ودا ده‌سوڕێنه‌وه‌ و به‌مه‌ش دوو حیزبی سیاسی گه‌وره‌ی جیاواز له‌ فكر و ئایدۆلۆژیا خۆیان ساغ كردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ به‌لای به‌نده‌وه‌ گرنگه‌ خۆساغكردنه‌وه‌ و كۆكردنه‌وه‌ و خۆڕێكخستنی به‌ره‌ی حیزبه‌ ئیسلامیه‌كانی كوردستانه‌ له‌ به‌ره‌یه‌كدا وه‌ك به‌ره‌ی سێیه‌می هاوسه‌نگی ڕاگر له‌نێوان ئه‌و دوو هێزه‌ گه‌وره‌یه‌دا و به‌م شێوه‌یه‌ ده‌كرێت بناغه‌یه‌كی ساغڵه‌می سیاسی له‌سه‌ر بنه‌مایكێبڕكێی دیموكراسی و هه‌ڵبژاردنی پیاده‌ بكرێت و هه‌نگاوی دڵخۆشكه‌رانه‌ش بنرێت به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر و نێوماڵی كورد به‌م هه‌نگاوه‌ زیاتر تۆكمه‌تر و پته‌وتر ده‌بێت و ده‌توانێت ڕووبه‌ڕووی هه‌موو مه‌ترسیه‌كان ببێته‌وه‌ و له‌م قۆناغه‌ ڕاگوزه‌ره‌دا بتوانێت به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی كورده‌وای بپارێزێت ، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ نابێت چاوه‌ڕوانی فریادڕه‌سێكی ده‌ره‌وه‌ی كورد بین بۆئه‌وه‌ی یه‌ك و یه‌كگرتویی نێوماڵی كوردمان له‌سه‌ر سینیه‌كی زێڕێن پێشكه‌ش بكات ، چونكه‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك هێنده‌ی كورد خۆی دڵسۆز و خه‌مخۆر نیه‌ بۆیه‌ ئه‌ركی له‌ پێشینه‌ی كورد خۆیه‌تی به‌سه‌ركرده‌ و حیزب و ڕێكخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌كان و جه‌ماوه‌ریشه‌وه‌ كه‌ هه‌موان هه‌وڵی ئه‌م ڕێكخستنه‌وه‌ و یه‌ك و یه‌كگرتوه‌ی كورد بده‌ن و باشووری كوردستان بكه‌نه‌ نمونه‌یه‌كی زیندوو بۆ به‌شه‌كانی تریش و دواتریش خۆڕێكخستنه‌وه‌ی نێو ماڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی كورد و كوردستان له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌ و نیشتیمانی كوردستانی گه‌وره‌ ، ئاشكراشه‌ ته‌نها به‌یه‌ك ویه‌كگرتووی كورد هه‌میشه‌ گره‌وی بردۆته‌وه‌ و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌میشه‌ گه‌وره‌ترین زیانی پێگه‌یشتوه‌ له‌ ئه‌نجامی لێكترازان و دور له‌یه‌كتری و شڵه‌ژاوی نێو ماڵه‌كه‌یه‌وه ‌.

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
نەوزادی موهەندیس

ئەرشیڤی بەڕێز: نەوزادی موهەندیس