دکتۆر سەردار عەزیز : چۆن ئەردۆگان و پوتین بەیەک گەیشتن ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەو کەسەی بەیەکی گەیاندن هەمان ئەو کەسەیە ، کە فڕۆکە تایبەتەکەی خۆی دا بە میتی تورکی بۆ دەستگیرکردنی ئۆجەلان .
زۆرن ئەوانەی بڕوایان وەهایە کە ئەردۆگان و پوتین لەیەک دەچن ، یان دەخوازن هەمان جۆر سیستەمی سیاسی لە وڵاتەکەیاندا بونیادبنێن . بەڵام هەردو لە سەر سوریا و خستنەخوارەوەی فڕۆکە روسیەکە لە لایەن تورکیاوە پەیوەندیان گەیشتە بن بەست . بەڵام لە نێوان هەردو وڵاتدا بەرژەوەندیەکی زۆر هەبو ، له ڕوی گازی سروشتی ، دروستکردنی بنکەی ئەتۆمی ، گەشتیاری و زۆر بواری تر ، بۆیە مەحاڵ بو خراپی پەیوەندیان درێژە بکێشێت .
چیرۆکی میانگیری نێوانیان له چیرۆکی دونیای نهێنێ سیخوڕی و دیپلۆماسی دەچێت . وەک هەمو چیرۆکێکی ئاڵۆز کۆمەڵێک پاڵەوانی هەیە ، بەڵام هەندێک پاڵەوان ڕۆڵەکەیان سەرنجڕاکێشترە لەوانی تر .
کەسی میانگیری سەرەکی ناوی جاڤیت چاخلارە ، کە بە ڕەچەڵەک یونانیە . ئەم سەرمایەدارە ، وەک زۆر سەرمایەداری تری تورک نزیکە لە دەسەڵاتەوە . ڕۆژانێک ئەندامی پارتی رێگای ڕاست بوە و لە رێگای ئەوانەوە چوەتە پەرلەمان . ئەم سەرمایەدارە له بواری رستن و چنینیدا بازرگانی دەکات و بازرگانیەکانی بڕێکی زۆری لە وڵاتانی ئاسیای ناوەندە , وەک ئازەربایجان و تورکمەنستان . هەروەها پەیوەندیەکەی باشی لە گەڵ روسەکاندا هەیە . بە تایبەت کەسێکی وەک رەمەزان عبداللەتیۆف کە بەرپرسی هەرێمی داغستانە .
رەمەزان پەیوەندی باشی لەگەڵ یوری یوشاکۆڤ هەیە ، که بە پێی ناوەندە زانیاریەکان ئەندامی تیمی یەکەمی پوتینە .
چاخلەر و یوشاکۆڤ بەیەکگەیشتن بە هاوکاری نوسرەتواللە نزارباییف سەرۆکی کازاخستان . لەوێوە هەوڵی باشکردنی پەیوەندی دەستی پێکرد . کاتێک بە ئەردۆگان ڕاگەیەنرا ئامادەیی خۆی لە سەری دەربڕی و ئیبراهیم کالینی ڕاسپارد بەو کارە . کالین ڕاوێژکاری ئەردۆگانە و بە ڕەچەڵەک عەرەب و زۆر دژی کوردە . هەر کە باسی سوریا بکات هەرگیز ناوی کورد ناهێنێت له نێو هەمو پێکهاتەکانی سوریادا . شایانی باسە کە چاڤیت چاغلەر دژ بە کوردە ، ئەو کەسەیە کە فڕۆکەکەی بەخشی بە میتی تورکیا هەتا پێی بڕۆن بۆ کینیا بۆ دەستگیرکردنی ئۆجەلان . له مانگی نیسانی ڕابوردوەوە هەردو کالین و یوشاکۆڤ له پەیوەندیدان که لە ئەنجامدا نامەکەی لێکەوتەوە کە ئەردۆگان پۆزشی بۆ روسیا هێنایەوە .
لە مانگی حوزەیران کاتێک پوتین له تاشقەند دەبێت ، کالین کاتژمێر 3 ی بەیانی دەچێت بۆ ئەوێ ، دوا چێکی نامە دەکرێت و پوتین لەوێ دەبێت دەیبینێت . پاشان بڵاو دەکرێتەوە .
ئەم دیدارەی رۆژی 9 ی مانگ وەها رێکخرابو ، کە پێش دیداری بیست وڵاتە گەورەکە بکەوێت ، چونکە باشنەبونی پەیوەندی و ناچاربون بە دیدار ناخۆشە . دەبینین هەر بەم مەبەستە پوتین و تیرێزا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانی دوێنی بە تەلەفون قسەیان کرد .
چەند وانەی تیادایە بۆ ئێمەی کوردی ساوا لە بواری دیپلۆماسی و ململانیی نێودەوڵەتی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت