عیماد عەلی : یەکگرتنەوەی یەکێتی و ئایندە هیچ شتێک بە میلەتەکە دەبەخشێت ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەک لەنوسینێکی پێشتر باسم لەوە کرد کە یەکێتیی فیکر ( الوحدە الفکریە ) لە نێو هیچ لایەنێکی کوردستانی بوونی نیە ، ئێستاش دەتوانین لەو روانگەوە یەکگرتنی یەکێتی و ئایندە بخوێنینەوە . بێگومان زیاتر لەوەی باسی شتی تر بکەین دەڵێین ، بەرژەوەندی شەخسی و حزبیە کە ئەم نزیکبونەوە و کارەی فەرز کردووە . بەخۆم بۆ زیاتر لە سی ساڵ کادر و رێکخستنی ئەم دوو حزبە بووم ، باش ئاگاداری بیکردنەوەی سەرکردایەتی ئەم حزبە و یەکێتیشم و دەتوانم هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەم .
قەیرانی سیاسی و ئابووری ئەمرۆی کوردستان ئەوەندە قوڵە ، هەر هەنگاوێکی سیاسی گەورە بێت یان بچوک بەهەر شێوەیەک ، لەم رۆژەدا بنرێت ، نغرۆ دەبێت و هەموو لایەنەکانی قازانج و زیانەکانی بە روونی ناخوێنرێتەوە . بەڵام رێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد هەرچۆنێک بێت باشترە و ، لە رووی کۆی گشتی بارودۆخی نێوخۆی کوردستان و دوبارە تێاهەڵچونەوە و یەکگرتن و نزیکبونەوە لە پێناو راستەرێکردنی تەرازوی هێز بە هەموو ئامرازێک دەکرێت لایەنی ئەرێنی باشتر بێتو ، لەوانەش یەکخستن و یەکگرتنەوەی هێزە پەرشوبڵاوەکان قازانجی گشتی دەبێت . لێرەدا قسەمان لەسەر فرەیی و جیاوازی بیروبۆچونەکان نیە بە قەد ئەوەی ئایا بەم حاڵەتەی حزبە بچوکەکان تێیدان چیان پێ دەکرێت و ، ئەگەر لەم قۆناغەدا کارێکی ئەوتۆ بکەن، پاڵنەر بێت بۆ قورسکردنی تای تەرازوی بەرەی پێشکەوتنخوازی لەبەرامبەر بەرەیەکی موحافزکاردا ، کارێکی خراپیان کردووە ؟ بە تایبەتی رۆڵی حزبە بچوکەکان جگە لە پاڵپشتی یەکێک لە زلهێزەکان ، لەم قۆناغە دورودرێژەی پێشودا ، هیچ شتێکی تریان پێ نەکرا و ، ناتوانن هەڵوێستێک وا دەربرن کە کێشەکان یەکلایی بکەنەوە و قازانجێک بە میلەتەکە بگەیەن لەهەر بوارێکدا بێت .
وەزعی سیاسی کوردستان لەم قۆناغەدا وا فەرز دەکات کە هێزە لەیەک نزیکەکان زیاتر کۆببنەوە و خۆیان لە بەرەیەکی یەکگرتوی هاوشان ببیننەوە . ئەگینا بارودۆخە بابەتیەکەیە کە رێگەیان پێ نادات رۆڵی خۆیان بگێرن ، جەمسەرگیری و ململانێی ناوچەکە و پەیوەندیە دەرەکی و ناوەکیەکان و بەرژەوەندیە قوڵە ناوچەیی و جیهانیەکە ئەوەندە زاڵە ، بوون و رۆڵی سەرجەم حزبە بچوک و وردیلەکانی سریوەتەوە .
ئەوەی دیارە ، کە بە ئاشکرا هەڵوێستی ئەم حزبانە بەسەر دوو بەرەدا دابەشکراوە ، ئەگەر بە رەزامەندی و بۆچونی خۆشیان نەبێت ، ئەمەش بۆ قۆناغێکی دوورو درێژی تر بەردەوام دەبێت و هیچ ئاسۆیەک نیە کە لە کێبرکێکەدا جێگۆرکێ بکەن و بتوانن جێگەی یەکێک لە زلهێزەکان لەق بکەن . بۆیە دەکرێت بڵێین چوار رێگە لەبەردەم ئەم حزبانەدا هەیە و هیچی تر :
1 – هەوڵی یەکگرتنەوەی نێوان خۆیان بدەن و قورساییەک دروست بکەن و خۆیان فەرز بکەن و بەرەیەکی سێیەمی جیاواز دروست بکەن کە ئەمەش دوورە لە جێبەجێکردنەوە ، لەبەر ئەوەی لەهەموو بوارەکاندا لەژێر رکێفی زلهێزەکاندان و ئازاد نین لە برایار داندا ، ئەمەش لەبەر چەندین هۆکاری تایبەتی خۆیان ، لە پێشەوەی هەموو هۆکارێک ، باری ئابووری و مادی و چونێتی بەرێوەبردنی کاری ریکخراوەیی و سیاسی خۆیان . تۆ تەماشای بزوتنەوەی گۆران بکە کە بەو شێوەیە هاتە مەیدان ، سەرەرای خۆ دوور گرتنی لە کاری بیروقراتی و ئۆفیسکاری ، بەڵام وەزعەکە خۆی فەرز کرد و باری ئابووری بزوتنەوەکە بوو کۆمەڵێک هەڵوێستی لەسەر فەرزکرد ، کە ئەگەر ئەم حاڵەتە نەبوایە کۆمەڵە هەڵەیەکی ئاشکرای نەئەکرد . لەوێشەوە هەڵسەنگاندن بۆ حزبە بچوکەکان بکە .
2 – یەکگرتنیان لەگەڵ یەکێک لە زلهێزەکاندا بە پێی نزیکی لە بیرو بۆچون و سیاسەت و مێژوو ، قازانج بە بارودۆخی سیاسی کوردستان و ستراتیجیەتی کارکردنی هەر لایەنێک و لەوێشەوە بە گەلەکە دەبەخشێت .
3 – خۆ سرکردنی ئەم حزبانە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و چاورەێکردنی قۆناغێکی تری لەبار بۆ هاتنەوە مەیدان .
4 – خۆ هەڵوەشانەوە و رێگەدان بە تاکەکانیان هەر رێگەیەک بگرنە بەر ، ئەمەش ئازایەتی دەوێت ، چونکە زیاتر بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو دەگیرێت و ، ئەک کارە زۆر دوورە لە رەفتاری ئەم حزبانەوە ، لەبەر ئەوەی زۆرینەیان لەکاروکردەوەکانیاندا هەمیشە لە هەوڵی دۆزینەوەی ریگایەک دەبن بۆ خۆقوتارکردن و زامنکردنی بەرژەوەندیە تەسکەکانی تاکە کەسەکان، بەتایبەتی سەرکردەکانیان .
بۆیە نزیک بونەوە و یەکگرتنەوەی حزبە کەمکاریگەرەکان ، یان بڵێین بچوکەکان لە دەرئەنجامدا باری نێوخۆیی کوردستان بەرەوە رێکخستنەوە دەبات و ، خەڵک لە دیاریکردنی هێزەکان پشت بە کۆمەڵێک فاکتەری دیاریکراو دەبەستێت و خەڵکی بێلایەنیش روو لە زیادبوون دەکات ، کە کارێکی زۆر تەندروست و سروشتی ژیانی میلەتانە . هەموو کەسێک لەوباوەرەدایە تەنانەت بریاری خۆ هەڵوەشانەوەی هەر حزبێک شەریفتر و دڵسۆزانەترە لەوەی ببیت بە سێبەری حزبێک و، زلهێزێک بۆ مەرامی خۆی بەکاری بهێنێت . خەڵکیش لەجیاتی ئەوەی دەستی ئاشەوان بلێسێتەوە ئاشەکە بلێسێتەوە مەردانە ترە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت