Abubakir-Caf-4

ئەبوبەکر جاف : فاشیزم و ستەمكاریی ئارەزوكراو .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

@ سەرەوە سەپێنراوێك نییە ، بەڵكو ئارەزوكراوێكە .

@ سەرەوەی بیناكراو لە سەر جەهل و وەهم و ئارەزوی خوارەوە .

كە تێگەیشتین ـ خوارەوە سەرچاوەی شەرعییەتدان و ڕاگرتنی كەڵەگایی سەرەوەیە ، كە تێگەیشتین خوارەوە سەرچاوەی سەرمایەو چیرۆك هۆنینەوەو وەهم چنیینن بۆ سەرەوە ، كە تێگەیشتین خوارەوە لە هەوڵی ئیدامەدان و نوێكردنەوەی پەیمان و گرێبەستی ژێردەستەیی و كۆیلەیەتین وەك ئەوەی ئەمە ئازادییان بێت ، كە تێگەیشتین ئازادیی و ئازادیی و ئازادبوون بۆ خوارەوە تەحەمولكردنی ترس و ڕیسك و فۆبیایە ، كە تێگەیشتین ئەوە ئارەزو ئارەزوكراوێكی ناو ئیرادەو خواستی ئۆنتۆلۆژییانەی خوارەوەیە كە سەرەوەی ڕاگرتووە و شەرعییەتی مانەوەو درێژبوونەوەی پێدەبەخشێت .
كەواتە : دەبێت ڕووی دەممان بكەینە خوارەوە لە ڕەخنەگرتن و لێپێچینەوەو لێپرسینەوەو ڕاوەستانیان ، دەبێت خوارەوە تێبگەیەنین كە ئەمانە هەم سەرەوەتان ڕاگرتووە و هەمیش شەرعییەتی بوون و مانەوەیان لە سەرەوەدا پێدەبەخشن لە ناو پەیمان و گرێبەستێكی ئارەزومەندانەو بیستراودا .
فاشیزم و ستەمكاریی بەر مەبنی ئارەزووكردن و ماكینەی ئارەزوكردنی خوارەوە بینا كراوە . سەرەوە پێدراوێكی ئیلاهی و موقەدەس و پیرۆزی ئەبەدی نین لە ناو چیرۆك و سەرمایەو حیكایەتی پیرۆزی ئیلاهیدا ، ئەو ئوستورەو ئەفسانانەی سەرەوەی ڕاگرتووەو بینای كردوون دەبێت لە ئۆنتۆلۆژیای كۆیلەبوون و كۆیلەیەتی خوارەوەدا بۆی بگەڕێین . گاڵتەجاڕییە ، داوا لە سەرەوە بكەین كە ئاگایان لە خوارەوە بێت ، پوچیی و بێهودەییە داوا بكەین سەرەوە بە تەنگی خەمی ژیانی خوارەوە بن ، چونكە : سەرەوە لە ناو مەستیی و غەرقی شەهوەت و ئارەزوو مەلەزات و چێژی خۆیاندا شتێك لەمس ناكەن بە ناوی خوارەوەو غەمی خوارەوە ، لە لایەكی دیكەشەوە بە ئاگابوون لە خوارەوەو لە خەمەكانیان بە زەرەرو زیان بۆ سەرەوە كۆتایی دێت . ئەوەی ڕایگرتوون پەیوەندییگەلێكی شەرعییەتدان و هێشتنەوەو ڕاگرتنیانە وەك ئەوەی سەرەوە ناچاری و زەرورەت و قەدەرو بەخشینێكی ئیلاهی بن و بێ سەرەوە مێگەل گورگ دەیخوات . كە تێگەیشتین ، سەرەوە خواست و ئارەزووكراوێكی خوارەوەیە ، مانێڤستبوونی كۆیلەیەتی خوارەوەیە لە ناو ئیرادەو ویستی بەلیرۆزكردن و چنینەوەو هۆنینەوەی چیرۆكی سەیرو سەمەرە بۆیان ، كەواتە دەبێت خوارەوە دادگایی بكرێت . بەڵام ، پێش هەر شتێك دەبێت تێبگەین سەرەوە لە خۆیدا هیچ مانایەكی نییە ، خوارەوە لە خۆیدا هیچ مانایەكی نییە ، ئەوەی هەیە لە ناو پەیوەندییەكاندایە ، كەواتە دەبێت گومان لە پەیوەندییەكان بكەین ، تێكیبشكێنین ، درزی تێبخەین ، سەرمایەو حیكایەت و چیرۆك و شەرعییەتی ڕاگرتن و پتەوكردنی پەیوەندییەكان جێ لەق بكەین .

لێرەشەوە سەرەوەو خوارەوە لە وەهمی یەكتر ڕاگرتن دادەڕنین ، ڕایدەگەیەنین كە سەرەوە ئەكتەرو كەس نین بەڵكو زیهنییەت و ئارەزو و خواستێكی خوارەوەیە لە ئاستێكی ئۆنتۆ – سۆسیۆلۆژیدا ، ئیتر درز دەكەوێتە سەر عەرشی پڕ لە وەهم و درۆو دەلەسەو ئوستورەو ئەفسانەی پیرۆزیی و بە پیرۆزكردنی سەرەوە . بەڵام ، كە ڕووی دەممان دەكەینە خوارەوە هەرگیز بە مانای بارگاوییكردن و فوتێكردن و ئاوسانكردنیان نییە بە گوتارێكی ئیدیۆلۆژی – شۆڕشگێڕیی ئۆپۆرتۆنیست و بەكارهێنان و ئاراستە كردنیان ، واتە گوتارێك بێت و خوارەوە دژ بە سەرەوە ئاراستە بكات ، ڕێكیان بخات و ئۆرگانیزەیان بكات لە ناو كردەیەكی مێگەلیی و ڕەعییەتدا ، چوونكە ئەو كاتە بە لابردن و دابەزندن و دورخستنەوەی ( سەرەوە لە ئێستادا ) ، تەنیا جێگۆڕكی بە كەسەكان دەكرێت نەك زیهنییەت و شەرعییەت و سەرمایەكان ، لەم دۆخەدا كۆمەڵێكی دیكە دەخرێنە سەرەوەو دەچینەوە ناو هەمان كردەو ئەكتی بێماناو بێبەرهەم . دەبێت كار لە سەر خوارەوە بكەین وەك فۆرمیولەكردنیان لە ناو ئەكت و كردەیەكی وشیاریی ڕەخنەیی بەر مەبنای فكر بینا كرابێت ، كەس و هێزو گروپێك لە بری كەس و هێزو گروپێكی دیكە نەكات بە ئەلتەرناتیڤ و فریادڕەس .
سەرەوە سەپێنراوێك نییە ، بەڵكو ئارەزوكراوێكە .