رەزا شوان : چارلـز پیرۆ کەڵەئەفسانەنووسی ئەفسانەکان بۆ منداڵان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سێ کەڵەنووسەری جیهانی لە رۆژئاوادا ، ناو و ناوبانگیان بە نووسینەکانیان بۆ منداڵان گرێدراون ، ئەوانەش ( چارلز پیرۆ ) لە فەرەنسا ، ( برایانی گریم ) لە ئەڵمانیا ، ( هانز کریستیان ئەندەرسن ) لە دانیمارک .. کە هەریەکەیان بە دەیان چیرۆک و هەقایەت و ئەفسانەیان بۆ منداڵان نووسیون ..
چیرۆکەکانیان بوونەتە سامانێکی کەلەپووری جیهانی و ، تا ئەمڕۆ بایەخیان کاڵنەبووتەوە ، نەوە لە دوای نەوە چێژ و خۆشییەکی زۆر لە خوێندنەوەیان وەردەگرن .. بوونە بە مایەی شانازیش بۆ ئەو گەلانە و ، بە یادگارێکی شیرین و نەمریش بۆ خودی ئەم کەڵەنووسەرانە .
گەرچی ئەم نووسەرانە ، بە دڵپاکی و خۆڕسکییەوە چیرۆکەکانیان نووسیون ، بەڵام ئەو خاڵەی کە لە هەندێ لە چیرۆکەکانیاندا سەرنجمان رادەکێشێت ، ئەوەیە کە چەند چیرۆکێک لای هەرسێکیان هەر هەمان چیرۆکن بە کەمێک جیاوازی لە فۆرم و لە ناوەڕۆکەکانیاندا ، رەنگە هۆی ئەمەش بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ، کە هەریەکە لەم نووسەرانە ، سوودیان لە ئەفسانە لە گێڕانەوە چیرۆکە فۆلکلۆری و میللییەکانی سەر زاری داپیرەکان و باپیرەکان و خەڵکی وڵاتەکانیان وەرگرتووبن ، کە بۆ وەچەکانیان گێڕانەوە، کە بە ( چیرۆکەکانی گوێئاگردان ) یش ناودەبرێن .. بەشێکیان لە ناو گەلانی هەموو ئەورۆپادا بڵاون و ، تا ئەمڕۆش هەر گەلێک رەسەنایەتی ئەو چیرۆکانە بۆ خۆیانی دەگێڕنەوە .
هیچ کام لەم چیرۆکنووسانەش ، خەیاڵی ئەوەیان نەبووە و ، پێشبینی ئەوەشیان نەکردوون ، کە لە داهاتوودا، لە رووی بایەخی سایکۆلۆژی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و رەوشتییەوە ، بە وردی چیرۆکەکانیان هەڵدەسەنگێنرێن و ، چەندین شیکردنەوە و لێکۆڵێنەوە لە بارەیانەوە دەکرێن و .. دەستنیشانی ئەو سوود و بەها جوانەکانیان و ، خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانیان دەستنیشان دەکرێن .
چیرۆکی ئەفسانەیی ، جۆرێکە لە جۆرەکانی چیرۆک ، تا رادەیەک کورتن ، لە بنەڕەتیشدا نموونەی چیرۆکە فانتازییە فۆلکلۆرییەکانی ئەورۆپایە ، کە پاڵەوانی چیرۆکە ئەفسانەییەکانیان : کورتەباڵکان ، جادووبازان ، فێڵبازان ، چەتەوڵ و زەبەلاحان ، دیۆودرنج ، جنۆکە و رمووزن ، جادوو ، بەختیاوەری ، پیرەژنی شەڕخواز ، فریشتەی خیرخواز و … هتد .
ئەم چیرۆکە ئەفسانەییانەش ، جیاوازیان لەگەڵ چیرۆکە فۆلکلۆرییەکانی ( برایانی گریم ) ی ئەڵمانیدا هەیە ، کە چیرۆکەکانیان بەگراوندێکی میژووییان هەیە و ، جەڤەنگین و ، تا رادەیەک لە راستییەوە نزیکن .. چیرۆکە ئەفسانەییەکان بە تەواویی خەیاڵئامێزن و هەڵبەستراون ، پاڵەوانەکانی چیرۆکەکان ئاژەڵن ، ئادەمیزادن ، یا ئاژەڵ و ئادەمیزادن .. جیاوازیشیان لەوەدایە ، کە پاڵەوانەکانیانی چیرۆکە ئەفسانەییەکان ، لە توانەبەدەرن و ، ئەستەم بووونی نییە لە لایان ، ئەفسوونبازن ، بۆ نموونە لە کاتی تەنگانە و پێویستیدا ، بە سووتانی تەڵەموویەک دەستبەجێ ، نەڕە دێوێک ، یا سوپایەکی میروولە بۆ یارمەتیدان بە دەنگیانەوە دێن ، کاری بەدەر و سەرسووڕمانیان لێدەوەشێتەوە .. ئەم چیرۆکانە کارتێکردنێکی ئەفسووناویان هەیە .. بەتایبەیش لەسەر خەیاڵی منداڵان .. چونکە منداڵان لە قۆناغە یەکەمەکانی تەمەنیاندا خەیاڵین و ، بڕوا بەوە دەکەن کە ئاژەڵ و باڵندە و رووەک و خۆر و مانگ و ئەستێرەکان و هەموو شتە بێگیانەکانیش وەکو ئادەمیزاد دەدوێن ، بەو زمانەی کە ئەوان دەیزانن .. پێدەکەنن و دەگرین .. تووڕەدەبن و هێوردەبنەوە .. چاکە و خراپیشیان لە دەست دێ و … هتد .
هەندێ لەم چیرۆکانە بیرۆکەی زیانبەخشیان تێدایە و، زیان بە منداڵان دەگەیەنن وەکو : بڕواکردنیان بە جادوو و ئەفسوون ، کاری لە توانابەدەر، توندوتیژی، ترس و تۆقین، دڵەڕاوکێ ، سەرچڵی و … هتد . بەشێکی زۆریشیان : پەند و وانە ، هیوا ، بەهای بەرز ، خۆڕاگری ، کۆڵنەدان ، گەشبینی ، کۆڵنەدان ، بڕوابەخۆبوون ، کۆشش ، سەرکەوتن و یارمەتیدان ، چاکەخوازی، ئازایی و … هتد ، لە خۆگرتوون . ئەم چیرۆکانە ئاسۆی خەیاڵی منداڵان فراوانتر دەکەن ، هۆگری خوێندنەوە و ئەدەبدۆستییان دەکەن .
چارلز پیرۆ ، نووسەر و شاعیرێکی فانتازی فەرەنسییە ، کەڵەنووسەرێکی جیهانی بەناوبانگە لە نووسینی چیرۆکە ئەفسانە ئامێزەکان بۆ منداڵان ، بەڵکو بە بناغەدانەری چیرۆکی ئەفسانەیی لە جیهاندا ناسراوە .. چارلز لە سەدەی حەڤدەمیندا ، یەکێک بووە لە نوێخوازن و لە رابەرانی شۆڕشی ئەدەبی نوی لە دژی ئەدەبی چەقبەستووی کلاسیکی بوو .. ئەگەرچی چیرۆکە ئەفسانەییەکانی چارلز خۆشی بۆ منداڵان ، لە چوارچێوەی ئەدەبی کلاسیکیدان .
چارلز پیرۆ ، لە ( 12 ی / یانوەری / 1628 ) لە شاری ( پاریس ) لە خیزانێکی برژوازی دەوڵەمەند لەدایکبووە ، باوکی پارێزەر بوو ، شەش برا و خوشکێک بوون ، چارلز بچووکی خێزانەکەی بوو .
چارلز منداڵێکی زیرەک بوو .. رۆژێکیان لە قوتابخانەدا خۆی و هاوڕێیەکی لەگەڵ مامۆستایەکیاندا بەشەڕدێن ، بەو هۆیەوە خۆی و هاوڕێکەی وازیان لە قوتابخانە هێنا .. بەڵام چارلز دەستی لە خوێندنەوە و لە خۆرۆشنبیرکردن هەڵنەگرت .. کتێبی ئەنجیلی پیرۆز و مێژووی فەرەنسا و کۆمەڵە کتێبێکی بابەت هەمەرەنگەی خوێندەوە .. کە قەرەبووی دابڕانی لە قوتابخانەدا بۆ کردنەوە .
لە دواییدا چارلز پیرۆ گەڕایەوە بۆ قوتابخانە و ، لە شاری ( ئۆرلیان ) دەستی بە خوێندنی یاسا کرد و تەواوی کرد .. ماوەیەک کاری پارێزەری کرد .. چارلز پیرۆ لەگەڵ ( جـان ـ باپتیست کولبێر ) ی وەزیری دارایی فەرەنسا لە سەردەمی شا ( لویسی چواردەمین ) دا ، هاوڕێتیان خۆشبوو .. جان باپتیست زۆر بڕوای بە توانا و زیرەکی چارلز هەبوو .. لە خۆی و لە شا لویسی چواردەمین نزیکی کرردەوە .. چەند پۆستێکی باڵایان لە کۆشکی شاهانەدا پێسپار و ، ماوەی بیست ساڵ لە کۆشکدا کاری کرد ، بە تایبەتیش لە بواری راگەیاندن و پڕوپاگەندەدا .. تا لە ساڵی 1680 دا ، ناکۆکی کەوتە نێوان ( چارلز پیرۆ ) و ( جان باپتیست ) وەزیری دارایی ، بە یەکجاری لە یەکتری دابڕان .. دواتر هەموو هەموو کاتەکانی بۆ نووسین تەرخان کرد .
چارلز پیرۆ ، زانیاری پەروەر بوو ، بایەخێکی زۆری بە زانیاری و ماتماتیک و ئەندازیاری و پزیشکی و فەلسەفە دەدا .. بەڵام ئەمانە دایان نەبڕی لە سەرقاڵبوونی بە ئەدەب و نووسین .
چارلز پیرۆ لە ساڵی 1672 دا ، لەگەڵ خاتوو ( ماریا گیوشون ) هاوسەرگیرییان کرد .
لە ساڵی 1635 دا ئەکادیمیای زمانی فەرەنسی دامەزرا ، لە ساڵی 1671  دا ، چارلز پیرۆ بە ئەندامی ئەم ئەکادیمییە هەڵبژیرا ، چارلز کاراترین و بە ناوبانگترین ئەندامی ئەم ئەکادیمییە بوو .
چارلز پیرۆ لە ساڵی 1674 دا ، بۆ یەکەمین جار میوەی ( گوێـزی هیندی ) هێنایە فەرەنسا و خستییە بەردەم ئەندامانی ئەکادیمییەی زانیاری .
چارلز پیرۆ ، لە تەمەنێکی گەورەدا دەستی بە نووسینی چیرۆکە ئەفسانەییەکانی بۆ منداڵان کرد و ، لەسەر دەستی ئەم بوو کە چیرۆکی ئەفسانەیی ، چووە خانەی ئەدەبییەوە و ، وەکو جۆرێک لە جۆرەکانی چیرۆک دەقی گرت .
چارلز ، لە رێی چیرۆکە ئەفسانەییەکانییەوە ، نزیکی چوار سەد ساڵ لەمەوەبەر ، خۆی گەیاندە هەموو ماڵێک ، چووە دڵی ملیۆنان کەس لە جیهاندا و ، بوو بە خۆشەویستی هەمیشەی منداڵان .. چارلز پیرۆ ، خۆی پێشبینی و چاوەڕوانی ئەمەی لە چیرۆکەکانی نەدەکرد ، کە بەو رادەیە منداڵان و گەورەکانیش هۆگریان ببن و .. لەسەر ئاستی جیهانیشدا بەو رادەیە پێشوازیان لێبکەن و ناوبانگ دەربکەن و .. ئەو هەموو خۆشەویستیی و رێز و شکۆدارییەی پێببەخشن .. شایەنی باسیشە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی بۆ منداڵان ، لە هەموو کارەکانی تری زیاتر ناوبانگیان پێبەخشیون .
چیرۆکەکانی چارلز پیرۆ دوو مەبەست دەپێکن ، یەکەمیان چێژ و خۆشی و شادییەکی زۆر بە منداڵان دەبەخشن .. دووەمیان پەروەردەیی و ئاراستەیین و، مەبەست و ئامانجێکی پەروەردەیی و رەوشتی و کۆمەڵایەتی و بەهابەرزی و مرۆڤایەتییان تێدایە .. بۆ زاخاودانی بیر و هۆشی منداڵان، بەو هیوا و بەها و مەبەستانە .. چارلز لە هەڵبژاردنی بیرۆکە و، لە داڕشتنی چیرۆکەکانیدا، هەمیشە خواست و هیواکانی منداڵانی لەبەرچاوگرتوون و .. بە زمانێکی ساکار و ئاسان و ، بە شیوازێکی ناسک و شیرین بۆیانی نووسیون . چارلز ئیلهامی چیرۆکەکانی بە زۆری لە ژیان و لە سەرگوزشتەی راستی خۆیەوە هەڵهێنجاندوون .. ژیان و چیرۆکەکانی تا رادەیەک لە لەیەکدەچن .
چارلز، وەکو هەر چیرۆکنووسێک ، سوودی لە کەلەپوور و لە چیرۆکە فۆلکلۆری و میللییەکان وەرگرتوە .. بە شێوازێکی نوێ دایڕشتوون و ، کراسی نوێشی لەبەرکردوون .. بابەتی چیرۆکە ئەفسانەییەکانیشی ململانێن لە نیوان چاکە و خراپیدا .. چاکەش بەسەر خراپیدا زاڵ دەکات .
بەشێکی زۆری چیرۆکە ئەفسانەییەکانی چارلز پیرۆ بۆ منداڵان ، کراون بە شانۆگەری و بە ئۆپرا و بالییە و شانۆی موزیکی و .. زۆریشیان لە لایەن کۆمپانییەکانی بەرهەمهێنانی فیلمی سینەماییەوە ، کراون بە فیلمی ئەنیمەیشن، بە تایبەتیش بە شێوەی فیلمی کارتۆن دەرهێنراون .. کە سەرکەوتنێکی زۆریان لە جیهاندا بەدەستهێناون .. بە زۆربەی زمانە جیهانییەکانیش ئەو فیلمانە دۆبـلاج کراون . ئەم فیلمانەش بوونە مایەی ئەوەی کە هێندەی تر ناوبانگ و پیزانین و یادەوەری و نەمری بە چارلز و بە چیرۆکەکانی ببەخشن . بەناوبانگترین چیرۆکە ئەفسانەییەکانی کە کراوە بە زنجـیرە فیلمی کارتۆن، چیرۆکی ( ساندرێللا ) یە ، چیرۆکی ( کۆڵوانەسوور ) یش لە هەموو جیهاندا بڵاوبۆتەوە .

چیرۆکی ( ساندرێللا ) یا ( ساندرێللا و پێڵاوە شووشەییەکانی ) کە دەربارەی کچێکی جوانی شانزە ساڵانە ، کە لە تەمەنێکی بچووکدا دایکی دەمرێ .. باوکی ژنێکی تر دێنێ بۆ ئەوەی کە خـزمەتی ساندرێللا بکات .. بەڵام باوەژنەکەی کە دوو کچی خۆی هەیە ، خۆی و کچەکانی زۆر بۆ ساندرێللا خراپ بوون و ، دەیان چەوساندەوە ، وەکو کارەکەرێکیش لێیان دەڕوانی و ، هەموو ئیشەکانی ماڵەکەشیان پێدەکرد .. زۆریش ئیرەییان بەجوانییەکەی دەبرد .. بەڵام ساندرێللا بە پێچەوانەوەی رەفتارەکانی زڕدایکەکەی و زڕخوشکەکانییەوە، ئەوانی خۆشدەویست ـ دڵنیام کە ئێوەی خوێنەر تەواوی چیرۆکە دەزانن و بە فیلم کارتۆن بینیوتانە ـ کە لە کۆتاییدا ژنێکی جادووبازی خیرخواز یارمەتی ساندرێللا دەدا و .. بەخت یاوەری دەبێت و، دەبێتە هاوسەری هەڵبژێراوی شازادە .
چارلز پیرۆ ، کەسایەتییەکی چەوساوە و ستەملێکراوی خۆڕاگری نیو خێزانێکی هەڵبژاردووە ، بە ناوی ساندرێللا وە ، کردوویە بە پاڵەوانی ئەم چیرۆکەی .. بۆ ئەوەی ئەو مەبەستە بە منداڵان و زارۆکان بگەیەنێت، کە ستەم و چەوساندەوە و ناخۆشی چەند گەورەشبن، بێگومان کۆتاییان دێت .. چەوساوەکان بە خۆزگە و بە هیواکانیان دەگەن .. ستەمکارەکانیش رسوا و شەرەمەزار دەبن .
چارلز پیرۆ یەکەمین کتێبی بۆ منداڵان لە ساڵی 1679 دا ، چاپکرد و بڵاوی کردەوە ، کتێبەکەشی لەژێر ناوی ( چیرۆکەکانی دایە قـازم ) دا بوو .. بەڵام ئەم کتێبەی بە ناوی خۆیەوە بڵانەکردەوە ، بەڵکو بە ناوی کوڕە بچووکەکەی ( پیرۆ دارمانکور ) ەوە بڵاوی کردەوە ، چونکە چارلز هێشتا ترسی لە رەخنە و لە لۆمە و توانج و لە سوکایەتی خەڵکی نەشکابوو .. نووسین بۆ منداڵان تا ئەو کاتە ، مایەی ناوزڕان و هێنانەخوارەوەی پایەی ئەدەبی و ناوبانگ بوو بۆ نووسەر .. بۆیە چارلز ئەو کتێبەی بە ناوی کوڕەکەیەوە بڵاوکردەوە .. کتێبی ( چیرۆکەکـانی دایـە قـازم ) هەشت چیرۆکی ئەفسانە ئامێزی لەخۆگرتووە .. لەوانەش ( ساندرێللا ، ریش شینەکە ، شۆخە نووستووەکە ، جنۆکە ، پشیلەی چەکمەلەپێ ) ئەم کتێبە بە یەکەمین کتێبی ئەدەبی منداڵان و ، بە دەستپێکی قۆناغێکی نوێی رەوتی ئەدەبی منداڵان دەزانرێ .. ناوبانگ دەرکردنی ئەم کتێبە ، بوو بە مایەی شانازی و دڵخۆشی و هاندان بۆ چارلز پیرۆ ، بۆ درێژەدان بە نووسینەکانی بۆ منداڵان .. بە دوای ئەم کتێبەدا ، کتێبێکی تری بۆ منداڵان چاپکرد لە ژێر ناوی ( هەقـایەت و چیرۆکەکانی سەردەمی رابردوو ) کە بریتییە لە کۆمەڵە چیرۆکێکی خۆشی تر .. چارلز ترسی شکا و ، بە بێباکییەوە ئەم کتێبەی بە ناوی راستی خۆیەوە ( چارلز پیرۆ ) وە چاپکرد و بڵاوی کردەوە .. چارلـز بێجگە لە نووسینی چیرۆک کۆمەڵێک هۆنراوەی جوانیشی بۆ منداڵان نووسیون . هەروەهاش کۆمەڵێک شیعریشی بۆ گەورەکان نووسیوە .
ئەمانە ناوی گرنگترین ئەو چیرۆکە ئەفسانە ئامێزانەن ، کە چارلـز پیرۆ بۆ منداڵانی نووسیون :
1 – ساندرێللا ، یا ( ساندرێللا و پێڵاوە شووشەییەکانی ) .
2 – کۆڵوانەسوور .. ( ئەم چیرۆکە وەریان گێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی و .. فیلمە کارتۆنییەکەشی بە کوردی دۆبلاج کراوە و ، تا ئێستا چەند جارێک کەناڵە کوردییەکان پێشکەشی منداڵانیان کردووە .
3 – شۆخە نووستووەکە لە دارستاندا .
4 – ريش شینەکە .
5 – پشیلەی چەکمەلەپێ .
6 – پەنجە باڵا . یا ( پەنجە تووتە )
7 – جادووبازانی جنۆکە .
8 – کەوڵی گوێدرێژ ، یا ( شازادەی هەڵهاتووەکە ) یا ( شازادە و کەوڵی گوێدرێژ )
9 – گەوهەر و بۆقەکان .
10 – ویدۆی دەم بەپێکەنین .
11 – ریکی کاکۆڵدار .
بەشێکی زۆری چیرۆکەکانی و فیلمە کارتۆنییەکانی چیرۆکەکانی شارلز پیرۆ ، وەریان گێڕاون بۆ سەر زمانەکانی گەلانی جیهان و ، فیلمەکانیش بەو زمانانە دۆبلاج کـراون .. پێویستە ئاماژە بە ئەوەش بکەین .. کە تا رادەیەک دەسکاری دەقەکان و ناونیشانی ئەو چیرۆکانە کراون .. بەڵام بە هەمان ناوەڕۆکەوە .. بۆ نموونە ( کەڵاو سوور ) بە کوردی کراوە بە ( کۆڵوانە سوور ) یا بە
( چارۆگەسوور ) .. بە عەرەبیش کراوە بە ( لیلی والذئب : لەیلا و گورگ ) .
( کوڵوانەسوور ) یەکێکە لە چیرۆکە بە ناوبانگەکانی چارلز پیرۆ و وەریان گێڕاوە بۆ سەر هەموو زمانەکانی جیهان .. بە کورتی ئەم چیرۆکەکە باس لە کچێکی جوانکیلەی بچووک دەکات کە ماڵێ نەنکی لە سوچێکی دارستانەکەی نزیکی ماڵیاندایە ، نەنکی بە تەنیا لە ماڵێکدا دەژی .. رۆژێکیان کۆڵوانەسوور بیری نەنکی دەکا و داوای لە دایکی کرد رێی پێبدا و بچێت بۆ لای نەنکی .. دایکی رازی بوو زەمیلەیەک خواردن و میوەی دا بە کۆڵوانەسوور کە بۆ نەنکی بەرێت .. ئامۆژگاریشی کرد کە لە ڕێ لانەدات و ، قسە لەگەڵ کەسدا نەکات .. گورگێگ دێتەرێی کۆڵوانەسوور ، گورگەکە ئەوەی زانی کە کۆڵوانەسوور بۆ لای نەنکی دەچێ .. گورگەکە زوو رایکرد و چووە ماڵی نەنکی و لە دۆڵابێکدا نەنکی شاردەوە و ، جلەکانی ئەوی لەبەرکرد و ، لەسەر جێیەکەی درێژ بوو، بۆ ئەوەی کە کوڵوانەسوور هات بیگرێ و بیخوات .. بەڵام ئەوەبوو کە کۆڵوانەسوور هەستی کرد کە نەنکی نییە و گورگەکەیە .. رای کرد و هاواری کرد .. داربڕێکی لاو گوێی لێدەبێ و ، بە دەنگییەوە دیت و ، بە تەورەکەی گورگە دەکوژێت .. كۆڵوانەسوور و نەنکی زۆر سوپاسی داربڕەکە لاوەکە دەکەن و .. ئەو نيوەڕۆیەش پێکەوە نان دەخۆن .
لە هەندێ کتێبی وەرگێڕاودا ، کۆتایی ئەم چیرۆکە بە چەند شێوازێکی جیاواز هاتووە .. بەشێکیان دەڵێن گورگە نەنکی کۆڵوانەسووری لە دۆڵابەکەیدا شاردەوە .. بەشێکی تریان دەڵێن گورگەکە نەنکی کۆڵوانەسووری خوارد و ، داربڕەکە لە سکی دەریهێنا .. هەندێکی کەشیان دەڵێن گورگەکە کۆڵوانەسووری خوارد و ، داربڕەکە کە گوێی لە هاواری کۆڵوانەسوور بوو .. هات و بە تەورەکەی سکی گورگەکەی هەڵدڕی و کۆڵوانەسووری لە ورگی گورکەدا دەرهێنا .
لە چیرۆکی ( کۆڵوانەسوور ) دا ، لایەنی ئەرێنی و لایەنی نەرێنیشی تیدا هەیە .. هیوادارم کە لە دەرفەتێکدا، بۆچوونی خۆم دەربارەی هەردوو لایەنەکەی ئەم چیرۆکە روون بکەمەوە .
چارلز پیرۆی ئەفسانەنووسی چیرۆکە ئەفسانەییەکان بۆ منداڵان لە رۆژی ( 16ی / مای/ 1703 ) ، لە تەمەنی 75 ساڵیدا ، لە شاری ( پاریس ) کۆچی دوایی کرد .. چیرۆکە ئەفسانەییاکانی شایەنی ئەوەن کە تا هەتایە چارلز پیرۆ بە نەمری بمێنێتەوە و لەیاد نەکرێت .
ئەمساڵ لە رۆژی 12 – 1 – 2016 دا ، ( گـوگلە) بە بۆنەی یادی 388 ساڵڕۆژی لە دایکبوونیچارلز پیرۆوە ئاهەنگێکی گێڕا و ، پاڵەوانی چیرۆکە ئەفسانەییەکانی چارلز کران بە دروشمی گوگلە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت