شێرزاد شێخانی : تەڵەی پارتی و ئیرهابی دەوڵەت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەستپێشخەرییەتازەكەی مەكتەبی سیاسی
كێشەی سیاسی لەهەرێمی كوردستاندا سەرچاوەكەی پرسی كۆتاییهاتنی ویلایەتەكانی مەسعود بارزانییە . دوای ئەوەی هیچ دەرچەیەكی یاسایی نەما بۆ درێژكردنەوەی ویلایەتەكە ، پارتی بەكودەتایەكی سەر پەرلەمان هەوڵیدا درێژە بەویلایەتە ئێكسپایەرەكەی بارزانی بدات ، ئەمەشی بۆ چوە سەر. ئەوەتا نزیكەی ساڵێكە بارزانی لەپۆستەكەی ماوەتەوە دەسبەرنادات . بۆ چەواشەكردنی خەڵكیش لەم ساڵەدا باس لەدەیان دەستپێشخەری و پرۆژەی چارەسەری ئەكەن ، بەبێ ئەوەی بەلای پۆستەكەی بارزانیەوە بچن .. هەوڵێكی زۆریاندا پۆستەكەی دكتۆر یوسف محەمەد بەشەخسەنە بكەن لەمەشدا دیسان سەركەوتو بون .
پارتی زۆر دڵخۆشبو بەوەی گۆڕِان دەستبەرداری دكتۆر یوسف نابێت ، بۆیە لەهەمو پێشنیارو پرۆژەكانیدا تەنها جەخت لەسەر پۆستەكەی سەرۆكی پەرلەمان ئەكات ، چونكە ئەزانێ گۆڕان تەنازولی لێناكات ، بۆیە ئەوانیش كردویانە بەپێشمەرج لەهەمو گەڕەكانی وتووێژی پێنجقوڵی و هەژدە قۆڵیدا داوای لابردنی ئەكەن بەڵام بەبێ هیچ موقابیلێك . گریمان گۆڕِان رازی بو بەلادانی دكتۆر یوسف ، ئایا چارەنوسی پۆستەكی مەسعود بارزانی چی لێدێت ؟. ئایا پارتی ئامادەیە سەرۆكی هەرێم بگۆڕِێ لەبەرامبەر گۆڕِینی دكتۆر یوسف ؟. هەڵبەت ئەمە نەك حەرامە بەڵكو كوفرێكی گەورەشە لای پارتی . كەواتە گۆڕِان لەپای چی دكتۆر یوسف لابدات و ئەو تەنازولە گەورەیەش بدات ؟. ئەگەر گۆڕِان قوربانی بەدكتۆر یوسف بدات بۆ دڵرازیكردنی پارتی مانای ئەوەیە لەئەساسدا ئەویش جیددی نەبوە لەپرۆژەكانی سەبارەت بە گۆڕِینی سیستەمی سیاسی كە ئەمەش ئەبێتە شكستێكی زۆر گەورە بۆ گۆڕان لەهەوڵەكانی بۆ گۆڕینی ئەم سیستەمەو رێزگرتن لەیاسا وشەرعییەت .
دەیانجار باسم لەوە كردوە كەوا هەوڵەكانی پارتی تەنها بۆ كات كوشتنە ، سەرنج بدەن لەوەتەی ئەم كێشەیە هەیە دەیان كۆبونەوە كراوە ، بەڵام كوا نەتیجەیەكی ئەرینی؟. بێگومان تا رۆژی قییامەتیش دانوسان و گفتوگۆ لەگەڵ پارتیدا بكەن هیچ ئەنجامێكی نابێت ، چونكە ئەوان رازی نابن دەست بۆ پۆستەكەی بارزانی ببرێ ، ئیدی پێویست ناكات گوێ لەپێشنیارەكانیشیان بگیرێ ، ئەگەر چارەسەری تر هەیە بابیكەن ، ئەگینا چاوەڕێی هیچ لەپارتی نەكەن .
مەكتەبی سیاسی ئەم حزبە كۆبوەوەو بریاری خۆیدایەدەست دكتۆر فوئاد حوسینەوە ، سێ پێشنیاریان هەیە هەموشیان تەنها گۆڕِینی سەرۆكی پەرلەمانە بەبێ هیچ باسێكی پۆستەكەی بارزانی . ئەیانەوێ سەرۆكێكی شەرعی لابەن سەرۆكێكی ناشەرعی بسەپێنن ، ئەم داوایانەش لەوەتەی كێشە سیاسییەكە هەیە داوای ئەوان بوە ، كەواتە چی تازە لەپرۆژەكەی فوئاد حوسیندا هەیە؟. هەمو مەسەلەكە تەنها درێژەدانە بە كێشەكەو هیچیتر . تەنانەت لەیەكێك لەپێشنیارەكانیشا باس لەوە ئەكەن هەر بەیەكجاری پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەگۆڕان بسەنرێتەوەو بدرێتە حزبێكی سەر بەخۆیانەوە بەبێ ئەوەی هیچ حسابێك بۆ ئیستحقاقی ئینتخابیش بكەن . ئەیانەوێ سەرۆكایەتی پەرلەمان لەحزبێك بسەننەوە كە خاوەنی 24 كورسی پەرلەمانە و بیدەنە كەسێكی توركمان كە بە تەزویری 200 دەنگی ئەندامانی پارتی بوەتە پەرلەمانتار؟. ئەمەش رێك سزادانی گۆڕِانە نەوەك چارەسەری كێشەكە !!
ئەوان تەڵەیەكیان بۆ گۆڕِان داناوە تا رازی بێت بەلادانی دكتۆر یوسف ، ئینجا پەرلەمان بۆ چەند رۆژێك كارا بكەنەوە تا دو یاسا دەربكات ، یەكیان بۆ درێژكردنەوەی ویلایەتی بارزانیو شەرعییەتدان بە پۆستەكەی ، دوەمیشیان پەسەندكردنی یاسای ریفراندۆم كە ئەمەش هەردوكیان ئاوات و مەتڵەبی پارتییە ، دوای ئەوەش بەبیانویەكی ترەوە سەرۆكە تازەكەی پەرلەمان لەسەیتەرەی دێگەڵە ئاودیو بكەن و دەوڵەتی بارزان رابگەیەنن . هەڵبەتە پارتی ئێستا پێی عەیبە بەسەرۆكێكی ئێكسپایەرەوە ریفراندۆم ساز بكات چونكە رەنگە لەدونیای دەرەوەدا بەگران بكەوێتە سەریەوە بۆیە ئەیانەوێ جۆرێك شەرعییەت بدەنە مەسعود بارزانی بەتێكەڵكردنی پۆستەكەی بە مەسەلەی ریفراندۆمەوە بەحیساب ئەمە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیە ئەمەش تەنها بۆ چەواشەكارییە ئەگینا خۆیان پێش هەمو كەسێك ئەزانن وڵاتانی دونیاو ناوچەكەش بەم دەوڵەتەوە رازی نین ودژی ئەوەستنەوە .. جا سیاسیم ئەوێ ئێستا لەمە گەشتبێت وتەسلیم بەئیرادەی پارتیەوە نەبێت .

ئیرهابی دەولەت
سەرباری ئەم هەمو وەزعە شڵەژاوەی میللەتەكەمان كە هەموی بەهۆی سیاسەتەكانی پارتییەوە توشمان بوە ، سەرەرای ئەو هەمو فشارە دەرونی و جەماوەرییەی بەسەر پارتییەوە هەیە ، لەگەڵ ئەم هەمو چاوانەی دەوڵەتان ئێستا لەسەر هەرێمەكاماندایە ، كەچی پارتی بۆ یەك لەحزەش دودڵی ناكات لەكوشتنی نەیارەكانی بەرۆژی نیوەرۆو بەبەرچاوی هەمو دونیاوە رۆژنامەنوس تیرۆر ئەكات . ئەمەش بەلای منەوە ئەوپەری ئازایەتییە بۆ ئەم حزبە .
جارێ پێش هەمو شتێك هیچ میللەتێك لەدونیادا نییە حەزی لە ئازادی نەبێ . میللەت نیە لەسەر گۆی زەویدا دژی ئازادی رادەربرین بێت ، بەڵكو هەمیشە میللەتان خەبات بۆ ئازادی ئەكەن ، كەواتە هیچ میللەتێك دوژمنایەتی رۆژنامەنوس ناكات ، تەنها دەسەڵاتە تۆقی لەرۆژنامەنوس چوەو بە چەك مامەڵەی لەگەڵدا ئەكات . كەواتە هەر رۆژنامەنوسێك بكوژرێت ئەبێ پەنجەی تۆمەت بۆ دەسەڵات درێژبكرێتەوە چونكە ئەو سودمەندە لەبێدەنگكردنی دەنگەكان . سەیری كۆمینتەكانی سەر پەیجی تایبەتی رۆژنامەنوس ویداد حوسین بكەن ، ئەزانن كێ دوژمنیەتی و كێش ئەیەوێ بێدەنگی بكات . كوشتنی ئەم رۆژنامەنوسە لەدهۆك ئەو راستیەمان بۆ دەرئەخات كەوا دەستی پاراستنی پارتی بەسەر هەمو ناوچەكانی كوردستاندا بڵاوە ، لەهەولێر سەردەشت عوسمان ، لەكەركوك عەبدولسەتار تاهیر شەریف و سۆرانی مامەحەمە ، ئێستا لەدهۆكیش ویداد حوسین ، هەر قەڵاسەختەكەی سلێمانی ماوە دەستیان پێبگات ، بۆیە هیچ دوور نیە بەو ئازایەتییەوە پارتی دەست لەسلێمانیش بوەشێنێ ، ئیدی چۆن دەستی ئیتلاعات گەیشتە قاسملۆ و شەرفەفكەندی و ، دەستی سەدامیش گەیشتە حەردان تكریتی ، دور نیە دەستی پاراستن بگاتە هەمو شوێنێك ، چونكە پاراستنی پارتی ئەمرۆ بەهێزترین دەزگای موخابەراتی مییراتگری موخابەراتەكەی سەدامە لەناوچەكەماندا ، ئەبێ هەمو شتێكی لێ چاوەروان بكەین .

چەپڵەیەكی توند بۆ رێكخراوە مەدەنییەكان
چەندین ساڵە رێكخراوە مەدەنییەكان بەشێكی موعتەبەر لەبودجەی میللەت هەڵئەلوشن .. بەشێكی زۆری ئەم رێكخراوانە سێبەری حزبەكانن . هەندێكیشیان خاوەنەكانیان ئەو كەسانەن كە لەحزب یا حكومەت تەقاعود ئەبن ، كەسانێكیش لەبێكاری و خۆمەشغوڵكردن رێكخراوێك بۆ خۆیان دائەتاشن . بونی ئەمانەش هیچ كاریگەرییەكی نەبوەو نیە بەسەر وەزعی سیاسی و ئابوری و تەنانەت كلتوریشەوە . ئەوەتا لەوەتەی چاومان بەم ئەزمونە شكستخواردوە حزبییەی كوردستانەوە هەڵهێناوە تاكو ئەمرۆ دەیان و سەدان كێشەو گرفتی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی دوچاری ئەم میللەتەمان بوە ، هەر لەشەڕە ناوخۆییەكانەوە تا ململانێی سەختی حزبایەتی و خیانەتی نەتەوەیی و نیشتمانی و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی میللەت و دزینی قووتی خەڵك ، تا ئێستا ئەم رێكخراوانە چییان پێكراوەو بەرهەمیان چی بوە ؟. بونی سەدان رێكخراوی بەناو مەدەنی هیچ سودێكی بۆ میللەت نەبوە ، بەڵكو لەقووتی خەڵك بڕِدراوەو خراوەتە دەمیانەوە ، ئەگینا كەی رۆژێك لەرۆژان یەكێك لەم رێكخراونە رژاونەتە سەرشەقام بۆ خۆپیشاندان لەدژی حكومەت و نارەزایی دەربڕین لەنەبونی كارەبا كە ئەوە بیست و پێنج ساڵە بەدەستیەوە ئەناڵێنین ؟. كوا نارەزایەتییان لەئاست بێ موچەیی و قات و قڕی ؟. كوا هەڵوێستیان دژی كۆژرانی رۆژنامەنوس و تیرۆركردنیان ؟. كوا نارەزایەتیەكانیان لەدژی دزینی نەوت و بەهەدەردانی سامانی میللەت ؟. ئەگەر ئەمانە ئەركی ئەم رێكخراونە نەبێت ئەی گوایە ئەسبابی موجیبەی دامەزراندنیان چیەو بۆ ناویان لەخۆ ناوە رێكخراوی مەدەنی ؟ كام خەڵكی مەدەنییە كە ئەوان نوێنەرایەتیان ئەكەن ؟. پێموایە ئەو بودجەو پارەوپولانەی لەم رێكخراوانەدا سەرفئەكرێت ، ئەگەر بیدەنە ئازوقەو بەوەرەقەی بایەع بیدەنە میللەتەكەمانەوە ئیدی كەسێكی برسیمان نامێنێ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت