ئومێد كەریم : مامە ڕیشەی ئێمەو ئەبو ڕیشەكەی ئەوان .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تێبینی : دەستی نوسەر ( ئومێد کەریم ) خۆش بێت بۆ نوسینەکەی . داوای لێبوردن لە خوێنەران دەکەین ، کەوا ڕەوشت ڕێگای پێنەداین ، کە وێنەیەکی پیاوی کورد مامەڕیشە بخەینەئاستی ئەم ئەبوڕیشە پیاوکوژەوە . هەروەها ئێمە پێمان وایە ، هەموو هێزەکانی سلێمانی هاوڕان لەگەڵ پیاوکوژەکەی پارتیدا ، کە قبوڵی دەکەن  یاسا پێشەل بکەن .. وتاریکورد .

لەسەردەمی شۆڕشی نوێدا ناو هێنانی سەركردەی نەمر شەهید مامەڕیشە بەس بو بۆ ئەوەی گەورەترین سەركردەی عەسكەری بەعس دڵی بكەوێتە لەرزین .. بونی مامەڕیشە لەهەر جەبهەیەك لەناوچەكانی شەڕدا كافی بو بۆ ئەوەی دوژمن قەدەمی بشكێت .. ئەم كەڵەپیاوە لەپێناو میللەتەكەیدا چەكی كردە شانو بۆ میللەت تێئەكۆشا ، دەیان داستانی قارەمانێتی لەمێژوی شۆڕشدا تۆماركرد . ئامانجی مامەڕیشەی هەڵۆكەی گەرمیان  دیفاعكردن بو لەمیللەتەكەی و لەشەڕەف و ناموسی كچانی كوردستان بۆیە چەكی كردە شان و روی لەشاخكردو ناوی خۆی وەكو قارەمانێك لەلاپەڕەكانی مێژوودا تۆمار كرد ..

ئەیوبی ئەبو ریشەی بەڵتەچیەكەی پارتیش كە ئێستا ناوێكی دیاری جیهانی تاوانكارییە لەسلێمانی و دەیان تاوانی كوشتن و تەعەدای ناموس و تیرۆرو تۆقاندنی ئەنجامداوە ، ئەویش ئامانجی خزمەتكردنی بنەماڵەی بارزانییە ، ئەم خوێندكارەی مەدرەسەی بارزانی ، سەرۆكایەتی باندێكی تیرۆریست و پیاوكوژ و تەعەداكەر ئەكات ، تاوانكارێكی دەستوەشێنی پارتییە لەنەیارەكانی بنەماڵە ، بەقسەی هەندێ كەس دەستی بەخوێنی 25 كەسی بێتاوانەوە سورەو و تەعەدای ناموسی لەچەندین كچان كردوە .

كاتێك باس لەتاوانە قێزەونەكانی ئەم پیاوە ئەكرێت ، كارو كردەوەكانی عەسابەی” ئەبو تەبڕ ” مان بیر ئەكەوێتەوە كە لەسەرەتای ساڵانی حەفتاكاندا ترسی خستبوە نێودڵی هەمو عیراقیەكانەوە كاتێك خەڵكی بەتەور ئەكوشت و پارچەپارچەیانی ئەكرد .. دواتریش دەركەوت ئەم ئەبو تەبڕە دەسtكردی دەزگای موخابەراتی حیزبی بەعس خۆی بوەو ئەفسەرێكی ئەم دەزگایە بو كاری تەسفیەكردنی نەیارەكانی بەعسی پی سپێردرابو .. ئەبو ریشەكەی پارتیش هەمان ئەركی پێسپێردراوەو ئەویش لاساییكردنەوەی هەمان كاری ئەبو تەبڕەكەی بەعسە .

لێرەدا پرسیارێك دێتە ئاراوە ، ئەو كاتەی ئەبو ریشە یەكەم تاوانی ئەنجامدا ، دواتر كردی بەدووان و سێیان ، كردی بەدەو دوانزە دەسەڵاتی یاسا لەكوێ خەوتبو ؟. بۆچی تاوانەكان گەیشتنە ئەم رەقەمە قیاسیە بەبێ ئەوەی بۆ جارێكیش بدرێتە دادگاوە ؟. هەڵبەت چاوپۆشی لەیەكەم تاوانی ئەم پیاوە رێگای بۆ تاوانەكانی تر خۆشكرد . ئێستاش كاتێك دەسەڵاتی ئەمنی یەكێتی لەسلێمانی ئەچێتە ژێرباری فشارەكانی سەرانی پارتی بۆ ئازادكردنی ئەم بكوژە دڕندەیە ، ئەبێ سەروەری یاساو هەمو ئەو دروشم و بانگەشانەی دیموكراسییەت و ئەمنیەتی هاوڵاتیان بخرێنە ناو تەنەكەی خۆڵەوە . كاتێك پارتی لەدیوانی سەرۆكەكەیەوە پارێزگاری لەسەرۆكی باندێكی كوشتن و تیرۆر ئەكات ، ئەبو یەكێتی بۆ سەلماندنی جیاوازی خۆی لەپارتی پارێزگاری لەسەروەری یاسا بكردایە ، چونكە هەرچی كارەساتی ئەم كوردستانە هەیە لەبەر نەبونی سەروەری یاسايه .. كاتێك پارتی خۆی ئەكات بەساحێبی بكوژێك ، هەقوایە یەكێتی خۆی بكردایە خاوەن میللەتێك .

ئێستا ئەم پیاوكوژە ئازادە ، سەرۆكێك و حزبێكیشی لەپشتە ، یاساش ناتوانێت لەتاوانەكانی بپرسێتەوە ، ئیدی چ جۆرە ئەمانێك لەم شارەدا بەرقەرارە ، چۆن پیاو بوێرێ لەگەڵ كچەكانیەوە بچێتە سەیرانێكی سەرشاخی گۆیژەوە .

ئەم پیاوكوژە هێزی دەسوەشێنی دەزگایەكی تیرۆریستە كەناوی پاراستنە ، گەورەترین دوژمنی ئەم دەزگایەش رۆژنامەنوس و نوسەرو شاعیرو ئەدیب و رۆشنبیرانن ، چۆن چۆنی دەسەڵاتی ئەمنی سلێمانی ئەتوانن پارێزگاری لەژیانی ئەمانە بكەن لەكاتێكدا بكوژێكی پاراستن ئازادەو سەرۆك و حیزبێك پارێزگاری لێئەكەن ؟. كام ئازادییە لەم دەڤەرەدا كە رۆژنامەنوس و شاعیرێك بتوانێ لەسایەیدا دو قسەی رەخنەگرانە ئاراستەی دەسەڵاتی دیكتاتۆری بارزانی بكات ؟. چ جوانییەك لەم دەڤەرەدا ماوە پیاوە رۆشنبیرەكان و قەڵەمە ئازادەكان داكۆكی لێبكەن ؟.

ئەم جەوە پڕ لەئیرهابەی پارتی دژ بەنەیارەكانی وا لەقەڵەمە ئازادەكان ئەكات رویان وەربگێڕنە دەریای ئیجەوە بەڵكو ئەمە خوایە نەجاتییان بێت لەدەست باندە پیاوكوژەكانی پارتی ، یا ببنە خۆراكی ماسییەكانی دەریا ، چونكە لەراستیدا لەم هەرێمەی ئێمەدا شتێكی جوان نەما ئەوان داكۆكی لێبكەن ، لەم هەرێمەدا هیچ سەروەرییەك بۆ یاسا نەما دوای ئەوەی ئەبو ریشەكەی پارتی ئازادكراو باندەكەشی دەستبەكارن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت