دانیار عومەر : ژیان لەسایەی شێرپەنجەی کــورسیدا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دنیای ئێستا قـۆناغ و سەردەمێکی تەواو جیاوازە لەڕابردوو ، بەجۆرێ هیچ شتێ شایەنی مانەوەنییەتاسەر ، هەمووشتێک کـۆتاییەکی بـۆ دادەنرێ و لەو خاڵەدا ئیتر هەموو کەسێک بەسڵکردنەوەو وریاییەوە لێی دەڕوانێ ، گەر خۆراک بێت لەترسی نەخۆشی دەکرێتە سەتڵی خۆڵ و گەر بیناو پردیان کارگەبێت ئەوا پێویستی بەنۆژەنکردنەوە یاخود هەڵتەکاندن و سەرلەنوێ بنیادنانەوە هەیە بەجـۆرێ لەگەڵ سەردەمەکەیدا بگونجێ .

بەشێک لەجیاوازی دنیای ئێستە لەگەڵ ڕابردوودا ئەوەیە ، ڕابردوو بۆ هەموو شتێک بەرگێکی ناکۆتای بەبەردا دەکرد ، کە تا کاتی مانەوەی دەیخواردو بەهیچ جـۆرێ دەسبەرداری نە ئەبوون ، واتە خاڵی دەستپێک هەبوو بەڵام خاڵی کۆتایی پێنە ئەدرا ، بەڵکو لەهەناوی بابەتەکەوە سەرچاوەی ئەگرت و کۆتاییەکەی لەلای خودی بابەتەکەدایە . بەڵام دنیای ئێستە دنیای چنراو بەقەدەر نییە وەک ڕابردوو ، دنیایەک نییە کۆتایی لەهەناوی خودی بابەتەکانەوە بێت ، بەڵکو بەجۆرێکە کە هەمووشت سەرەتاو کـۆتاییەکی پێ ئەبەخشرێ و تەسلیمی قەدەر ناکرێ .
ئەم خۆ بەدەستەوەدانە بەقەدەر لە ڕابردوودا ، تەنها لەژیانی تاکەکەسیدا نەبووە . بەڵکو کـۆی پڕۆسەی ژیان بەوجۆرە تەماشای کراوە ، کایەی سیاسی و گشتی و دەستەڵاتیش جیاواز لەئێستە جێهێڵراوەو تەسلیمی ” قەدەر” کراوە . کەسی دەستەڵات پێدراو لەسەر کورسی شاهانەی دادەنیشت تا ئەو کاتەی مەرگ تەنگی پێ هەڵئەچنی دەسبەرداری دەستەڵات نەدەبوو ، لەپاش خۆیشی بەدانانی نەوە یاخود نەوەزایەکی درێژەی بە “جینی ” خۆی دەدا .
دنیای بەرتەسککراوەو لە چواچێوەنراوی ئەمڕۆمان ، تەواو جیاوازە لەو دونیا قەدەرییەی ڕابردوو ، هەموو مشت خاڵی دەستپێک و خاڵی کۆتایی بۆ دادەنرێ و پێویستە ئیتر لەو جێگەیەدا گەرخۆراک بوو ، بخرێتە سەتڵی خۆڵ یان بسوتێنرێ و ، گەر بیناو کارگەش‌ بوو ، نۆژەن بکرێتەوە یان بڕوخێنرێ ، گەریش دەستەڵات و کورسی بێت ئەوا جیاواز لە هەر بابەتێکی تـر سنورێکی فراوان لەخۆی دەگرێ و کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لەکۆی پڕۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دروست دەکات بەڕادەیەک لەسایەی ئەم دنیا بەستراوە بـەیـەکترەوە کۆی جومگەکانی ژیان توشی ئیفلیج بوون دەبێت ـ ئەگەر لەپەیکەری دەستەڵاتدا کێشەیەکی بچوک ڕووبدات .
هەرێمی کوردستانی ئێمە جیاواز لەو دنیا ” ناقەدەر ” یەهەموو شتی تێدا بەسەر دەچێ و بەخراپ بوویی دەرخـواردی دانیشتوانەکەی دەدرێ ، ئامارەکانی تەندوستی شاهیدی بەرزبوونەوەو هەڵکشانی نەخۆشین لەسایەی شتومەک و خواردنی خراپدا . لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا کـێشەی دەستـەڵات و کێشەی بەسەرچونی حکومڕانی ، لەترۆپکی دەستەڵات دا ، هیچی کەمتر نییە لەون ەخۆشیانەی تر و بگرە سەرەکیترین نەخۆشی لەئێستای کۆمەڵگەی ئێمەدا بریتیە لە ( شێرپەنجەی کورسی ) کە بەجەستەو عەقڵی سیاسیە دەستەڵاتدارەکانەوە دیارە و نزیکەی ساڵێکە کۆی ژیان لەهەرێمی کوردستاندا لەسایەی ئەو عەقڵەدا کە ئامادەی سازش و دەست بەردان نییە خەریکە بە تەواوی لەبەریەک هەڵدەوەشێت و ئەو شێرپەنجەیە وا خەریکە بەتەواوی لەتانوپۆی ژیانماندا کاریگەری نەرێنی خۆی دروست دەکات و بڵاودەبێتەوە .
مانەوەی ئەو کەسە لەسەرکورسی دەستەڵات وەک باسدەکرێ بۆ هێشتنەوەی یەک دەنگی و پاراستنی یەک هەڵوێستی نەتەوەی کوردە لەباشور ، کەچی هەموومان شاهێدی ئەوەیەن لەماوەی یەک ساڵ حکومڕانی ئێکسپایەریدا ، نەک نەیتوانیوە یەکڕیزی پبارێزێ بەڵکو بۆتە بڵاوکردنەوەی کێشەو ململانێی دیکە ، سەرباری کێشەو ململانێکانی ڕابردوو .
ڕاکێشانی بەشێک لەدنیای کۆمەڵایەتی ئێمە بەدەستی کۆمەڵە کەسانێک و هێشتنەوەی بەشی گرنگەکانی دیکە کەسود ، بە بەژەوەندی ئەوان ناگەیەنێت . ئێمەی بەرەو دۆخێک دەبات کە هەموو کایەکانی ژیانی شێواندوین بەڕادەیەک نە لەدنیای ” قەدەری ” ڕابردوداین و نەلەدنیای ” ناقەدەر “ی ئێستادادەژین ، ئەوەش ئێستا پێیدا تێپەڕئەبین پڕۆسەیەکی ئاسایی کرانەوە نییە بەرەو ئەودنیا ” ناقەدەر ” ی یە ، بەڵکو تەنها مەلەکردنێکە لەنێوان ئەو دوو هاوکێشەیەداو بەس .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت