لاوک کونجرینی : خەڵات بۆ پێشمەرگەی دێرن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

مرۆڤ گەورەترین خەڵات بە نیشتمانەکەی ببەخشێت ، بەخشینی جەستەیەتی .. کاتێک نیشتمانپەروەرێک بەمێژووی گیانبازیی لەپێناو سەرکەوتن و ئامانجی نیشتماندا گیان لەدەست نادات ، ئەوە مرۆڤێکی گیان لەدەستچووی زیندووە .

پێشمەرگە ، بەتایبەتی پێشمەرگەکانی شۆڕشی نوێ ، کاتیک قسە لەسەر شۆڕشی نوێ دەکەین ، قسە لەسەر ئەو چیهانە دەکەین بەهۆی داپۆشینی زۆرینەی مەیدانەکانی شەڕ و بەرنگاریی  لەلایەن گیانبازەکانیەوە ، ئەم ناسنامەیە بەوان دەسپێردرێت و هەر ئەوەشە لەدوای ئاشبەتاڵ بوونەتە ڕەمزی هەستانەوەو ئاشبەتاڵ بەئاشبەتاڵکردن .

لەسەروبەندی دامەزراندی شۆڕشی نوێ بەدواوە ، لە هەستانەوەیەکی تەموومژاویی دا قیادەی موقەتە هاتە ئاراوەو ، هەموو ئەو بەهانەو ڕستە ناجۆرانەی خودی ئاشبەتاڵچییەکان بۆ گەوجاندنی خەڵکی کوردستان ڕستیان هێشتا کۆتاییان بەوتنەوەی نەهینا بوو ، هەستانەوەو بەردەوامیان بەشۆڕشی ئەیلوول هێنا لەژێر ناوێکی شرمنانەو پڕ لە ئابووچوونانەدا ، دواتر حسک ـ هەروەها زەحمەتکێشان ، ئینجا حیزبی شوعی و … هتد . ئەمانە لەگەڵ بوونی شۆڕشی نوێدا دوا بەدوای یەک ڕێیان کردو و بەشێک بوون لەسەنگەری شۆڕشی نوێ و بەشێکیش بوون لە ڕێگر ، بەڵام کۆی شۆڕشەکە بەناوی شۆڕشی نوێ وە ناسراوەو دەناسرێتەوەو نوسراوە ، کە ئەمەش شەرفێکی گەورەیە گەلەکەمان بە یەکێتی بەخشیووە .

 قسەکردن  لە سەر شۆڕشی نوێ ، باسکردنە لە گیانبازی و گیان فیداکاری هێزەکەی ، کە بەمێژووی شۆڕشی کورد هاوشێوەی نەبووەو ، لە چڕی شەڕەکان و لەزۆری گیان بەخشین و لەدرێژەکێشانی بەردەوامی و تا وەدەستهێنانی ئەوەی ئەمڕۆ بەدەست هاتووە . واتا شۆڕشی نوێ نەکەوت ، کۆتایی نەهات ، ئاشبەتاڵی نەکرد ، نەبەزی و کۆڵی نەدا تا سەرکەوت .

بەرهەمی سەرکەوتنەکە ، حکومەت و پەڕلەمان و تا سنورێک ئاوەدانکردنەوەو خۆ گونجاندنە لەگەڵ ئیدارەدانی ناوچەکە و جیهان و ئاشناکردنی دۆسیەی کورد بەوان .

 لەدوای ڕاپەڕینی 1991 وە ، ئەم هێزە سەرەتاو کۆتایی داینەمۆی ڕاپەڕین بوو ، هەروەها بەپاڵپشتی ئەم هێزە حکومەت و پەڕلەمان و ئیدارەی هەرێم هاتە ئاراوەو بووە جێگای هیوا بەخش . ئەوەی جێگای سەرنجە  لەدوای ڕاپەڕین ڕێگرییەکان و لەکەدارکردنی ئەم هێزە دەستی پێکرد ، ئەویش :

1 – ئەم هێزە نەکرا بەدامەزراوەیی و بکرێتە هێزێکی نیشتمانی بەهۆی بڕیارە سیاسیە نەشیواوەکان و ڕیژەی زۆریی دژایەتیکرد لەلایەن هێزی دەرەکی و ناوخۆییەوە .

2 – ئەم هێزە بە حوکمی ڕەوش لەدوای ڕەوش و بەرژەوەندی حیزبی و ناوچەیی ناشرین کرا ، بەهۆی تێکەڵکردنی خەڵکی ناپاک و نەگووجاو لەگەڵی .

3 – ئەم هێزە بۆجارێکی تر بە هۆی دەستێوەردانی دەرەکی و نەشونمای ململانییەکان ، گلاندیان لە شەڕی ناوخۆ .

4 –  ئەم ‌هێزە گلا لە بەشداریکردنی ئیدارەو دەسەڵاتی کوردی و پێگەو فیگووری جوانی کەم بووەوە .

ڕاپەڕین جێ پێگەی ئەم هێزەی باڵاتر کرد ، بەڵام بەداخەوە بەهۆی بڕیارە سیاسییەکان وایان کرد خەڵکی ناپاک و کەسانی گومانکراوی تێبخزێنن و لەکەداریی بکەن .

لەڕووخاندنی سەدامدا ، ئەم هێزە بووە پاڵپشتێکی گرنگی سیاسی سەرکردایەتی کورد ، کە هۆکار بوو لە پشت بڕیارە سیاسیەکانەوە ، بەڵام وەک پێویست نرخی بۆ دانەنراو بەکاریان هێنا بۆ مەبەستە حیزبی و تاکە کەسییەکان .

کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان لەدوای ڕووخانی سەدام ـەوە دەستی بە دامەزرداندن کرد ، ئەگەرچی دامەزراندنی ئەم کۆمەڵەیە لایەنی باشی و خراپی هەیە ، بەڵام لایەنە باشەکەی توانی کۆی پێشمەرگە دێرینەکان لەژێر یەکچەتردا کۆبکاتەوەو ڕێکیان بخات . ناشرین ئەم کۆمەڵەیە ئەوەیە :

1 – نەیتوانی ببێتە هێزیکی خۆ بڕیاردەر بۆ هاوسەنگی هێز و هەر لەژێر کردەی حیزب مایەوە .

2 – بژاردەی حیزبی وەک بەرژەوەندی تەسک فەرامۆش نەکردوو ، هەموو بڕیارەکانی حیزبی وەک خۆی جێبەجێکرد ، ئەویش وەک خانەنشینکردنی خەڵکانی ناپاک هاوشانی هێزە شۆڕشگێرو پاکەکە .

3 –  ناعەدالەتی لە پلەوپایەی خانەنشینکردندا ، کەئەمیش دەگەڕێتەوە بۆ باڵادەستی حیزب بەسەرییەوە .

4 – خۆی لە ڕووی سترایژی نەتەوەی و یاسایی و سیاسی تا ئێستا یەکلا نەکردۆتەوە ، وەک ئەوەی لەچ ئاست و ئامانجێکدا قسەی خۆی بکات و خۆیشی ساخنەکردۆتەوە وەک هێزێک بۆ پاراستی دیموکراسی و ، خاوەنی پێگەیەکی مێدیایی گرنگیشی نییە بۆ ئەوەی لە بۆنە سیاسی و نیشتمانییەکاندا قسەی خۆی بکات .

دەکرێت ئەم خاڵانەی سەرەوە هەندێکی لە ئەستۆی ڕێبەرانی ئەم کۆمەڵەدا نەبن ، بەڵام هەندێکی لەئاستی لێپرسراوییەتی ئەواندایە .

یەکێک لە کردە جوانەکانی ئەم کۆمەڵەیە ئەوەیە بەدواچوون بۆ بژێویی ژیانی پێشمەرگە دێرینەکان دەکات و لەخەمی ئەواندایە ، هەروەها وەک پێزانین و بەرزنرخاندنی هەموو ماندوبوون و گیانبازیی و لەخۆبردووی پێشمەرگە ، هەستاوە بە بەخشینی خەڵات و هەروەها دانی ناسنامەیەک وەک بەڵگەی ڕابردووی ئەو کەسەی پێی دەبەخشرێت لە گیانبازیی و بەشداریکردن لە پرۆسەی پێشمەرگایەتی دا .

ڕۆژی 14 – 8 – 2016  کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی لقی سویسرا ، هەستا بەبەخشینی خەڵات بۆ هەشت پێشمەرگەی دێرین ، بە ئامادەبوونی مەلا جەمال لێپرسراویی پێشمەرگە دێرینەکان لە ئەوروپا ، بەندەش یەکێک بوو لە خەڵات پێ بەخشراوەکان ، سوپاس و پێزانینم هەیە . هیوادارم ئەوانەی وەک پێویست ئەو خەڵاتە دەیانگرێتەوەو شایستەن پێی تا ئێستا پێیان نەبەخشراوە ، ئەم کۆمەڵەیە سستی نەنوێنێت و خەڵاتەکەیان پێ ببەخشێت .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت