نەبەز گۆران : هۆڤیەتی مرۆڤ لە سەدەی نوێدا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیمەنی كاس بوون و سەرسامبوونەكەی ( عمران ) دیمەنی سەرسامبوونی منداڵێكی خۆڵاوی و خوێناویە ، لەبەردەم هۆڤیەتی مرۆڤدا . ئەشێت بۆ چەند رۆژێك ئەم دیمەنانە مرۆڤەكان ناچار بكات ، هەستی بەزەییان بجوڵێت و ، میهرەبانییەكەی ناخیان بەئاگا بێتەوە . بەڵام ئەوەی جێگەی ئومێد نیە ، هەستی بەزەیی مرۆڤ و میهرەبانییەكەی درێژە ناكێشێت و جارێكی كە دڕندەكەی ناخی دەست دەكاتەوە بە وێران كردن .
هەڵەیەكی گەورە دەكەین پێمان وابێت : سەردەمی نوێ‌ مرۆڤی نوێی دروستكردوە. لەوەش هەڵەتر ئەوەیە ، پێمانوابێت مرۆڤ لە شوێنێكدا دەست لە دڕندەكەی ناخی بەردەدات و ژیان جوان دەكات . ئەوەی لەم سەردەمەدا روودەدات ، ئەو هۆڤیەتیەیە لەگەڵ سروشتی مرۆڤدایە و لێرە و لەوێ‌ سەرهەڵدەداتەوە .
شارەكان و ، سروشتە جوانەكانی زەویی و ، ژیریەتی نەیانتوانی مرۆڤ فێربكەن ، لەبری وێرانكاری بیر لە ژیانێكی ئارام بكاتەوە . كرۆكی ئەم هۆڤیەتیەش پەیوەندی بە سێ‌ شتەوە هەیە .
یەكەم : سروشتە دڕندانەكەی مرۆڤ هەمیشە بە ئاگادێتەوە .
دووهەم : بە ئایدۆلۆژیاكردنی ئایینەكان و فیكرەكان .
سێهەم : كلتوور
بەبێ‌ دەسكاریكردنی ئەم سێ‌ كۆڵەكەیە ، زەحمەتە دەسكاری مرۆڤ بكرێت . چەقی كێشەكانی دونیا خودی مرۆڤ خۆیەتی . ئەوەی لە مرۆڤ نەترسێت ، گەمژەیەكی تەواوە . لەناو كۆی گیاندارەكانی سەرزەوی ، گیاندارێك بوونی نیە لە مرۆڤ ترسناكتربێت . ئەو عەقڵ و هەست و غەریزانەی دراون بە مرۆڤ ، مەترسیدارترین پێدراوی سەرزەوین .
ئێستای رۆژهەڵات ئێستایەكی بێرەحمە . ( هەڵەبەتە هیچ كات لە رابردوشدا رۆژهەڵات جێگای ئومێد و ژیانی جوان نەبووە و ، هەمیشە شوێنی بێحورمەتیكردن بووە بە بەهاكانی مرۆڤ ) لەم ئێستایەدا ئێمەی تێیدا دەژین ، ئێستایەكە رۆژهەڵات كراوەتە شوێنی كۆكردنەوەی جانەوەرە درندەكانی سەرزەوی كە لە بەرگی مرۆڤدا دەردەكەون . شوێنی تاقیكردنەوەی خراپترین شێوازی مەرگ . جۆری خاڵیكردنەوەی چەكە كۆنە دروستكراوەكانی دەستی مرۆڤ . شوێنی یەكلایكردنەوەی ئایدۆلۆژیا ئایینیەكان و فیكرەكان و ، دیوە تاریكەكەی كلتوور .
ناكرێت ئومێد بخوازین چارەنووسێكی باش بەسەر شوێنێكدا دێت ، ئایدۆلۆژیاكان گرنتربن لە بەهای ژیان . لە هەرشوێنێك ئایدۆلۆژیا بوییە ڕەنگی جیاكردنەوەی مرۆڤەكان ، لەو شوێنەدا هەموو شتێك هەبێت ، بەهایەك نیە بۆ ژیان .
مرۆڤ بۆ ئەوەی نەبێتە بەشێك لەو ئایدۆلۆژیا ئاینی و فیكریانەی مەكینەی هاڕینی بەهاكانن . گرنگە لە گۆشەنیگایەكی ترەوە سەیری دونیا و بوون بكات .
مرۆڤ بۆ ئەوەی هەمیشە دڕندەكەی ناخی بخاتە گەڕ ، ئایدۆلۆژیایەك دەدۆزێتەوە تا لە رێگای ئەو ئایدۆلۆژیایەوە ، پشت لە مرۆڤ بوونی خۆی بكات . ئەوەی ئێستا ئێمە ڕۆژانە دەیبینین و دەرگیری دەبین ، بەشێكی بچوكی ئەو هۆڤیەتیەیە لە رێگای ( ڕۆژنامەنووسەكان ) ـەوە ، دێتە بەر دیدەمان . دیارە ئەوەی ئێمە دەبینین بەشە دیار و كەم ترسناكەكەیە . ئەوەی دەبێت بینینین و بەتەواوەتی دەرك بە ترسناكیەكەی بكەین ، لەناو خودی مرۆڤ خۆیدایەوە و، ناگاتە لای ئێمە . گەر ئەو بەشە نادیدەیە بگاتە لای ئێمە ، ئیدی تەفسیرێك نامێنێتەوە بۆ هۆڤیەتی مرۆڤ .
كاتێك لە مرۆڤ نائومێد دەبین ، نائومێدیەكەمان جوانترین جۆری نائومێدیە . جۆرێكە لەو نائومێدییەی بەهای تێدایە ، ژیانی تێدایە . دیمەنی وێنەكانی ( عمران ) ی منداڵ ، هیچ كات منی توشی شۆك نەكرد . چونكە ئەزانم لە پشت ئایدۆلۆژیاكانەوە ئەوەی چاوەڕواندەكرێت لە مرۆڤ ، ئەو جۆرە دیمەنانەیە . ئەو دیمەنانە شوێن دەستی مرۆڤە لەسەر زەوی . ئەشێت ئەو منداڵە سەرسام بووبێت بە هۆڤیەتی مرۆڤ ، ئەشێت كاس بووبێت لەبەردەم بێحورمەتیەكانی مرۆڤ . ئەشێت لە شوێنێكدا دەستی بەژیانكردبێت ، ئایدۆلۆژیەكان گرنگتربن لە بەهای مرۆڤەكان . گوناهی ئەو نیە سەرسام و كاسە . گوناهی ئێمەیە هێشتا خۆمان ناناسین چ جانەوەرێكی بێكەڵك و پیسین لەم سەرزەویە .

هۆڤیەتی : وشەیەكی كوردی پەتیی كرمانجیە . بەمانای وەحشیەتی و دڕندەیی دێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت