کامەران چروستانی : ئازادی تاک و نەریتی کۆمەڵگا ـ چاونوقاندنێکی دوو لایەنانە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرجەم خێزانەکە لە هۆڵەکەدا دانیشتوون و باوکەکە بە باسکردنی بابەتی جیاواز لەگەڵ میوانەکەیاندا سەرقاڵە ، کوڕ و کچە لاوەکەش زۆربەی کات سەرقاڵن بە مۆبایلەکانیانەوە و جاروبار سەرێک بەرز دەکەنەوە و سەیرێکی باوکیان دەکەن کە گوایە گوێ لە وتەی باوکیان دەگرن ، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو ئامێرەی هەر یەکەیان لەناو لەپی دەستیاندایە بەو جیهانەی دیکەیان دەبەستێتەوە . باوکەکە باس لە پاراستنی بەها و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان دەکات و جەخت لە گرنگێتی پاراستنی ئەو نەریتانە دەکات لەناو خێزان و کۆمەڵگادا .

سەرقاڵبوونی تاک بە تەکنەلۆجیا و تۆڕی کۆمەڵایەتی سەردەمەوە دیاردەیەکە هەموو جیهانی گرتۆتەوە ، هەرچی وتەی باوکەکەیە بریتییە لە بۆچوونی بەشێکی گەورەی خێزانەکانی ئێستای ناو کۆمەڵگاکەمان ، بگرە سەرجەم کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتی و ئیسلامییەکان ، کە تیایدا کەسایەتییە پارێزگارخوازەکان هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان تاک و کۆمەڵگا لەناو ئەو سنوورەدا بهێڵنەوە کە لە ڕابردوودا هەبووە ، سەرباری ئەو گۆڕانکارییەی کە بەسەر ژیانی هەموو تاکێکی ئەم جیهانەدا هاتووە ، کە تەنها ژیانی ئەو کەسەشی گرتۆتەوە کە داکۆکی لە ڕابردوو دەکات . لێرەدا چەند پرسیارێک دێنە پێشەوە ، کە نایانەوێت لە خۆیانی بکەن یاخود نایزانن کە ڕووبەڕووی خۆیانی بکەنەوە : ئایا سەرباری سەرجەم گۆڕانکارییەکانی ژیان دەتوانین بە هەمان ڕەوتی ڕابردوو بەردەوام بین ؟ ئایا ئەو سنوورەی کە خێزان و کۆمەڵگا دەیەوێت بۆ کوڕێک یان کچێک دیاری بکات سنوورەکانی لە کوێدان و ئایا دەتوانرێت بەرجەستە بکرێت ؟ ئایا ئەو مۆبایلەی بەدەست هەرزەکارێک یان لاوێکەوەیە ناتوانێت ئەو کەسە لە سنووری ماڵەکەی خۆیانەوە بەرەو کۆڵانەکە و پاشان لە گەڕەکەکە و شارەکەش بیباتە دەرەوە و بگرە بیگەێنێتە جیهانێکی فراوان ، نەک تەنها ئەوە بەڵکوو بە تەنها پرۆگرامێکی سەردەم دەتوانێت هاریکاری بکات لە وەرگێڕانی زمانی ئاخاوتنی ئەو کوڕ و کچە بۆ زۆرینەی زمانەکانی جیهان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ .

بەر لەوەی بچینە ناو وەڵامی ئەو پرسیارانە پێویستە بزانین ، ئایا مەبەستی ئێمە لە ئازادی ئەو کوڕە و ئەو کچە و هەر تاکێکی دیکەی کۆمەڵگا چییە ؟ ئایا مەبەست لە پاراستنی دابونەرتیتی کۆمەڵگا و ڕەوشت چییە ؟ ئایا لە کوێدا ئەو دوو تەوەرە یەک دەگرنەوە و لەکوێدا مەودایەک لەنێوانیاندا دروست دەبێت ؟ ئایا ئەو مەودایە چەندە ؟

کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان بە شێوەیەکی گشتی کۆمەڵگایەکی پارێزگارن و ڕەوتی ژیانی کۆمەڵگا و خێزان و تاک هەمیشە بە ئاراستەی پارێزگاریکردن لە نەرێتە کۆنەکان و بەهاکانی ڕابردووی کۆمەڵگا دەڕوات ، کە لە هەندێک باردا پاراستنی ئەو بەهایانە بە شێوەیەکی ئەرێنی بەسەر گشت لایەنەکاندا دەشکێتەوە ، بەڵام هەندێک جار هەوڵی نادروستی پاراستنی ئەو خەسڵەتانە بەبێ چارەسەر بۆ ئەو کێشانەی لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت ، بە نەرێنی دەکێشیتەوە. جیهان هەمیشە لە گۆڕاندایە و تاکە شتێک کە جێگیر بێت بریتییە لە خودی گۆڕان خۆی، بەڵام کاتێک ڕەوتی پاراستن و هێشتنەوەی کۆمەڵگا لەناو چواچێوەی ڕابردوودا خەسڵەتێکی چەقبەستوویی و دژ بە گۆڕانکارییەکانی سەردەم دەوەستێتەوە ، ئەوا بێگومان گەلێک ئاسەواری خراپ بەدوای خۆیدا بەجێ دەهێڵێت و بە نەرێنی بەسەر کۆمەڵگادا دەشکێتەوە . ئەوەی لەم کۆمەڵگایانەشدا ڕوودەدات بریتییە لە تێنەگەیشتنمان یاخود نەبوونی ویست بۆ تێگەیشتنی ئەو کەشە نوێیەی جیهانە نوێکە بۆ هەموو تاکێکی ئەم جیهانەی هانیویەتە کایەوە ، چونکە کەسایەتی پارێزگار هەمیشە هەوڵی ئەوە دەدات کە لەناو سنووری ئەو جیهانەی پێشوویدا بمێنێتەوە و بگرە گەلێک هەن کە نایانەوێت وێنای ئەوە بکەن ، کە ئازادی تاک و جیهانی نوێ گەلێک ئەو سنوورانەی بەزاندووە، کە لە پێشدا لەسەر تاک دادەنران ، بەڵکوو دەیەوێت لەناو جیهانە خەیاڵییەکەی خۆیدا قەتیس بمێنێتەوە . بەڵام بێگومان چەرخی ژیان یاسا و حوکمەکانی خۆی دەسەپێنێت ، ئەگەرچی ڕەتیشیان بکەینەوە .

وەلێ ئەمە بە هیچ شێوەیەک ئەوە ناگەێنێت ، کە ئێمە بەهای بەرز و پیرۆزەکانی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ڕادیکاڵانە لەدەست بدەین و بەرامبەر کۆمەڵگا بوەستینەوە ، چونکە هەوڵدانی گۆڕانکارییەکی نادروستانە بە هەمان شێوەی هێشتنەوەی چەقبەستووانەی کۆمەڵگا بە زیانی تاک و کۆمەڵگا دەکەوێتەوە . بەڵام واقیعی حاڵی ئێستای زۆرینەی خێزانەکانی ئەم کۆمەڵگایانە بریتییە لە چاونوقاندنێکی دوولایەنە سەبارەت بەو ڕاستییانەی لەسەر زەمینەی واقیعدا دەگوزەرێن : تاک بەهۆی سەرجەم گۆڕانکارییە ئابووری و سیاسی و تەکنەلۆجی و زانیارییەکانەوە ئەو سنوورانەی ڕابردووی بەزاندووە و لە گەلێک بواری پەیوەندیکردن و پێناسەی خوددا جیهانێکی ( ئەگەرچی بچووکیش بێت ) بۆ خۆی پێکەوە ناوە ، کۆمەڵگاش لەسەر بنەمای هەمان هۆکار گەلێک لە خەسڵەتەکانی خۆی لەدەست داوە و لە کۆمەڵگایەکی کۆمەکگەراییەوە بە شێوەیەک لە شێوەکان و ئەگەرچی لە ئاستێکی نزمیشدا بێت بەرەو تاکگەرایی هەنگاو دەنێت ، بەڵام نە تاک دەتوانێت بە ئاشکرا باس لەو جیهانە ئازادەی خۆی بکات ، نە کۆمەڵگاش دەتوانێت باس لەو گۆڕانکارییانە و لەدەستدانی ئەو بەهایانەی ڕابردووی بکات . نە تاک بوارێکی دروستی بۆ دەڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بخاتە ڕوو بە ئامانجی ئەوەی خێزان و کۆمەڵگا لەم جیهانە نوێێەدا هاریکار و ڕواێژکاریی ئەو تاکە بن ، نە کۆمەڵگاش مل کەچ دەبێت بۆ ئەم جیهانە نوێیە ، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەڵ بارودۆخە نوێکەدا بکات ، نەک بکەوێتە ناو زۆرانبازییەکی دۆڕاوەوە ، کە سەردەم و دەسەڵاتی مێژوو هەمیشە تیایدا براوەیە .

خێزان و کۆمەڵگا پێویستە یاوەری ئەم جیهانە نوێیە بن ، هاوڕێی نەوە نوێکە بن ، بزانن لە چ ڕێگەیەکەوە پەروەردەیەکی هاوچەرخ دەکەن ، چۆن پردێکی لەیەکگەیشتن بۆ ئەو کوڕ و کیژۆڵانە بنیات دەنێن ، کە پێویستیان بە چەترێکی دروستی کۆمەڵگا و خێزانە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت