جیهاد محەمەد : ئایا کاتی شۆڕشە ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە ژێر ئەم ناونیشانەی سەرەوەدا مامۆستا ” عەزیز ڕەوف ” بابەتێکی سەرنجڕاکێشی نووسیوە ،  کە ئەمە لینکەکەیەتێ : عەزیز ڕەئوف

حەزم کرد لە پەراوێزی ئەو بابەتەدا منیش سەرنجی خۆم بخەمە ڕوو !

مامۆستا عەزیز ورد بیردەکاتەوە ، سەرنجەکانی لە جێگەی خۆیدایە .

لە ڕاستیدا هەموو کات کاتی شۆرش و ڕاپەڕێنە نەک تەنها لە کوردستاندا بەڵکو لە سەرجەمی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناویندا، لە سەرجەمی وڵاتانی  داگیرکراو بە کولتووری دینیی و داگیرکراو بە حوکمی سیستمە تۆتالیتارەکان و حوکمی دیکتاتۆرەکان و بنەماڵە خێڵەکیی و دینییەکان. کە دەڵیم هەموو کات کاتی شۆڕشە بە حوکمی زەرورەتی شۆرش بۆ گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان ، بەڵام بۆ شۆرش ناکرێت بۆ گیانی شۆرشگێڕێتی لە خەڵکی ستەمدیدە و خەڵکی بەشخورا و خەڵکی چەوساوە و ستەملێکراودا سڕراوەتەوە ، ئەمە هۆکارگەلێکی خۆی هەیە وەک مامۆستا عەزیز ئاماژەی پێداوە و بەندەش دەمەوێت بەم نووسینەم پشتیوانی لە بۆچوونەکەی بکەم .

بە میکانیزمگەلێکی بە‌هێزی کولتووری دواکەوتوانەی داگیرکەر، گیانی شۆرشگێڕێتی لەلای خەڵکی ئەم وڵاتانەدا و بە تایبەتی لە کوردستاندا خەفەکراوە .

 بە بڕوای من سەرەکیترین هێزی دژە شۆڕش کولتووری خێڵەکیی و خزم خزمێنە و حیزب حیزبێنە و دین و ئاینزاکان و ستایلە جیاوازەکانی گروپ و ئەو هێزانەن کە بە ناوی دین و خوا و قورئانەوە، هەروەها بە ناوی مافە نەتەوەییەکان و قەومچێتییەوە خەڵکیان پارچە پارچە کردووە و لە یەکیانترازاندوون .

لە کاتێکدا خەڵکی ستەمدیدە و ستەملێکراو و چەوساوە و نانبڕاو و ئیسراحەت لەبەرهەڵگیراو لە ناو خۆیاندا پارچە پارچە بووبێتن و دابەشکرابێتن بە سەر خێڵ و تایفە و حیزب و هێزگەلێکی دینیی و ناسیۆنالستییدا، ئیتر شتێک نامێنێتەوە بە ناوی گیانی شۆڕشگێڕێتییەوە تیاناندا . چونکە هەرچ بەشێک لەو بەشانە وای دەبینێت کە تەنها چارەسەر گروپە دینییەکەی ئەوە یان گروپ و حیزبە خێڵەکیی و ناسیۆنالیستییەکەی ئەوە . بەم جۆرە ئەم بەشانە بەردەوام لە شەڕدان لەگەڵ یەکدیدا ، لە جیاتی ئەوەی بەشەڕبێن لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیی ستەمکار و سەرکوتکاردا .

خەڵک لەم کۆمەڵگا ناهۆشیار و نەخوێندەوارییەدا خۆی گیردۆدەی دەستی عەقڵ و بیرکردنەوەی خۆیەتی . ئێوە تەماشاکەن سەدان ساڵە شەڕی تایفەگەرێتی نێوان شیعەگەرایی و سوننیگەرایی بەردەوام خەڵک ئەحمەق و گێل دەکات . ئەمە لە کاتێکدا ئەو کۆمەڵگایانەی کە شیعەگەرایی یان سوونیگەرایی تێدا بەهێزترە و بەم ناوەشەوە جڵەوی حوکمڕانی لە دەستی دەسەڵاتی شیعەگەراییدایە ، یان لە دەستی سوننیگەراییەکاندایە، کەچی ڕەوشی ژیانی خەڵکی گشتی هیچ جۆرە پێشکەوتننێکی بە خۆیەوە نەبینیوە . لەو وڵاتانەی بە ناوی دەوڵەتی قەومییەوە دەسەڵات لە دەستی قەومچییەکاندایە بە هامان شێوە ژیانی خەڵکی هیچ جۆرە پێشکەوتنێکی بە خۆەوە نەبینیوە . چەندین نموونە لەم جۆرە دەسەڵاتە سیاسییانە لە ناوچەکەدا دیار و ئاشکران ، کە بە هێزی خەڵک و ڕاپەڕینی خەڵک یان کودەتا هاتوونەتە سەر حوکم و هەر خەڵک خۆشی بەرگرییکارە لەم دەسەڵاتانە . بۆیە شۆڕشکردن لەم کۆمەڵگایانەدا تا هەنووکە بە واتای وشەی شۆڕش نەکراوە و جارێ زەحمەتیشە وا زوو بەرپا بکرێت .

کاتێک شۆرش دەکرێت ، کاتێک گیانی شۆرشگێڕێتی لە مرۆڤەکاندا زیندوو دەمێنێتەوە کە زۆربەی هەر زۆری خەڵک  لە بەرەیەکدا کۆبووبێتنەوە ، کە ناو دەبرێت بە بەرەی گەل ، ئێستا  بە هۆکاری ئەم دابەشبوونە و لە یەکترازانەی ناو خەڵکی گشتی شتێک نەماوە ناوی گەل و کۆمەڵگە بێت .

گەل و کۆمەڵگەی کوردستان بە گشی ناڕازین لە دەسەڵاتی سیاسی ، بەڵام هەموو حیزبەکان پێکەوە دەسەڵاتی سیاسییان پێکهێناوە ، لە حیزبی شیوعیەوە کە بە درێژایی 25 ساڵی رابردووی ئەم حوکمڕانە گەندەڵەی کوردستان کە یەک وەزیری هەبووە و یەک پەرلەمانتاری هەبووە تا دەگاتە هەموو هێزە یەک لە دوای یەکەکانی ئەم حیزبانە و تا دەگاتە هەردوو زلهێزی پارتی و یەکێتی هاوبەش و بەرپرسیارن لە پارچە پارچە بوون و لێکترازانی خەڵکی کوردستان ، هەرچ حیزبێک بە گوێرەی قورسایی خۆی درێژە پێدەری ئەم دەسەڵاتە دز و گەندەڵە بووە .

هێشتا لە کوردستاندا دەسەڵاتی سیاسی و دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن بە واتای خۆی لە یەکتری جیانەبوون ، هەردوو بەرەکە تێکەڵ بە یەکبوون . تەنانەت بزووتنەوەی گۆران و هەردوو هێزە ئیسلامییەکەی یەکگرتوو و کۆمەڵ کە بە ناو لە ماوەی چوارساڵدا لە دەسەڵات جیابوون ، ئەندامان و لایانگرانی خۆیان وا پەروەردە دەکرد و رایاندەهێنان کە ئەم دەسەڵاتە کەمووکوڕیی هەیە و ئەمان هەوڵیان بۆ ئەوەیە کە چاکسازیی تێدا بکەن . ئاخر چاکسازی و شۆرش دوو شتی زۆر جیاوازن ، ئەگەر مەسەلەکە چاکسازی بێت ئەوە یەکێتی و پارتیش ئەندامان و لاینگرانی خۆیان وا پەروەردە دەرکرد کە چاکسازی بە خۆمان دەکرێت نەک بە بەرەی ئۆپۆزسیۆن ، هێز لای ئێمەیە ، دەسەڵات لای ئێمەیە ، پێوەندییە سیاسیی و دیبلۆماسییە دەرەکەییەکان لای ئێمەن و ئێمە ئەم ئەزموونە دەپارێزین نەک نەوشیروان مستەفا و مەلا عەلی و مەلا فەرەج و حیزبەکانیان. هەموو ئەمانە بوون بە هۆکارگەلێک کە خەڵک زیاتر و زیاتر سەری لێ بشێوێت و ڕاستییەکانی لێ ونبێت  و نەزانێت ڕوو لە کوێ بکات و کام لا بە بەرپرس بزانێت و لایەنی کام لایەن بگرێت ، بە تایبەتی لەو کاتەوە کە داعش دروستبوو ، ئیتر خەڵێكی زۆر بڕویان بەوە هێنا کە تەنها هێز هێزی پارتی و یەکێتیە چونکە هێزی پێشمەرگە هێزی ئەو دوو حیزبەیە نەک هێزی بەرەی ئۆپۆزسیۆن . ئەمەش وای کرد کە هەندێک لە کادرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بیر لەوە بکەنەوە کە هێزی میلیشییای دروستبکەن ، تەنانەت ئەو کادرانەی کە بە هێزی پێشمەرگەیان دەوت هێزی میلیشیایی ، هاتبوونە پای ئەم بۆچوونە .

شۆرش کاتێک دروستدەبێت ، کە گەلی کوردستانی باشور هۆشیاریی سیاسیی و کۆمەڵایەتییان بگاتە ئەو ئاستەی کە شۆرش بکەن بۆ گۆڕینی کولتوورێکی داگیرکەری سەدان ساڵ بۆ ماوە . ئەوە شۆرش نییە کە هێزێکی سیاسیی ، یان چەند هێزێکی سیاسیی بیانەوێت بە ناوی چاکسازییەوە یان تەنانەت بە ناوی شۆرشیشەوە بچنە جێگەی پارتی و یەکێتی بەڵام لە سەر هەمان داروپەردووی داڕزاو و هەمان کولتووری ئەوان و کولتوور و ستاییلی هەڵخەڵەتێنەری هێزە ئیسلامییەکاندا حوکمڕانیی خەڵکی کوردستان بکەن . لە ڕاستیدا ئەمە نە دەستاو دەستکردنی دەسەڵاتی سیاسییە ، نە شۆرشە نە گۆڕانکارییە ، بەڵکو کودەتایەکە بە ناوی گۆڕانکارییەوە . ئاخر سەرەکیترین واتای کودەتا ئەوەیە، کە هەمان عەقڵیەتی بەڕێوەبردن ، هەمان ستایلی حوکمڕانیی ، هەمان کولتووری کۆمەڵایەتیی و سیاسیی وەک خۆی دەمێنێتەوە و تەنها دەستەی حوکمڕانییەکان دەگۆڕدرێت و هیچی دیکە ، بۆیە گۆرانکاریی ئەوە نییە کە بزووتنەوەی گۆران و هێزە ئیسلامییەکان بێنە سەر حوکم ، بەڵکو گۆڕانکاریی ئەوەیە کە هێزێک بێتە سەر حوکم کە بڕوای بە هەڵتەکاندنی بنەما سەرکەییەکانی گەندەڵی و خۆسەپاندن و سڕینەوەی کولتوورە دواکەوتووە داسەپاوەکە هەبێت و لە سەر بنەمای کولتووری دیمکوراسی حوکمڕانی بونیاد بنێت . ئازدی و مافی مرۆڤ و یەکسانی ژن و پیاو و دادپەروەری کۆمەڵایەتی ببن بە پایە گرنگ و گەورەکانی دیموکراسی . سیستمی حوکمڕانی سیستمێک بێت پێکەوە ژیان و ئازادی بۆ هەموو بیروباوەڕێک دروستبکات ، بیروباوەرە دینیی و ئاینزاکان لە جێگەی تایبەتی خۆیاندا ئازاد و سەرفراز بن. هەموو حیزبێک لەم پەڕی چەپەوە بۆ ئەو پەڕی ڕاست ، لەم پەڕی دینییەوە بۆ ئەو پەڕی نادیی بە یاسا رێکبخرێت و هەمووشیان بۆیان هەبێت هاوبەشی بکەن لە هەڵبژاردنەکاندا . هەر یەکەشیان بۆیان هەبێت بە تەنها کە بوون بە خاوەنی ڕێژەی پەنجا زائیدا یەک جڵەوی حوکمڕانیی وڵات و کۆمەڵگا بگرنە دەست بە گوێرەی ئەو دەستوررە مەدەنییەی کە نووسرابێتەو یان نە نووسرابێتەوە .

هێشتا لە کوردستاندا خەڵک بە نیاز و بە هێزی گۆڕانکارییەوە دەنگیان بەرز نەکردۆتەوە ، هەموو دەنگە بەرزەکان، هەموو خۆپیشاندانەکان هەموو رێپێوانەکان، هەموو مانگرتنەکان هەموو قسەکانی رۆژنامەنووسە تیرۆرکراوەکان ، هەموو قسەی خەڵکانی رۆشنبیر خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە چاکسازییەک بکرێت و هەردوو هێزی پارتی و یەکێتی ئاوڕێک لە ژیانی گشتی خەڵک بدەنەوە و واز لە دزیی و تاڵانچێتی بهێنن ، ئاخر ئەمە کەی گۆڕانکارییە، ئەمە حەبی سەریەشەیە ، ئەمە پاڕانەوەیە ، ئەمە سواڵکردنی ماف  و سواڵکردنی ئازادی و سواڵکردنی دیموکراییتە لە هەێزگەلێکی مافیایی گەندەڵ کە لە کولتوورێکی دواکەوتووی کۆمەڵایەتیی و سیاسییدا نەبێت بەم عەقڵیەتە داگیرکارییەوە جێگەی نابێتەوە .