عیماد عەلی : کورد بەشداری رزگارکردنی رەقە و موسڵ بێ دەستەبەری مافەکانی دەکات ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم دوو رۆژەدا زۆر شتمان بۆ روون بووەوە، سیاسەتی ئەمریکا دووبارە ئەوەی دوپاتکردەوە کە هەر کاتێک ئاسایش و بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی ئەمریکا وا بخوازێت، هاورێ خۆشەویست و هاوپەیمان ناناسێـت و دوو دڵ نابێت لە پشتگوێخستنی هاوبەشەکانی ئەوەش دەرکەوت لە ئاست هاوکارە کوردەکەی لەبەرامبەر زامن کردنی هاوبەشە تورکەکەی، ئەمەش بە ئاسانی لە سەردانەکەی بایدن بە روونی دەرکەوت و، داواکردنی کشانەوەی کورد لە مەنبەج و بە فیرۆ رۆیشتنی خوێنی گەنجی کورد لە رزگارکردنی ئەو شارە چ واتایەک دەگەیەنێت، لە کاتێکدا بۆ خۆی رازیبووە ئەو شارە رزگار بکات، بەڵام بە پەیامی پە یەدە کە پاشەکشە دەکات، ئەمەش ئەگەر راست بێت هەڵەیەکی زەقە و خۆی خستۆتە شوێنی کرێگرتەییەوە و باشتر وابوو هەر لە سەرەتاوە نەپەرێتەوە بۆ رۆژئاوای فورات و داواکاریەکەی ئەمریکا بۆ رای گشتی رابگەینەێت .
رزگارکردنی موسڵ تا رادەیەک جیاوازە، بەڵام بە هەمان شێوە ئەگەر لەم دوو جەمسەرەدا کە رۆڵی روسیا و ئەمریکا بە هەماهەنگی دەردەکەوێت و کورد لە جەمەسەرێکی راگوزەری کاتیدا دانراوە لە بەرامبەر چەندین وڵاتی دووجەمسەری ستراتیجی تا رادەیەک گۆراودا، باشترین بژاردە بۆ رۆڵی کورد چۆن بێت و چ هەڵوێستێکی هەبێت لە قازانجی بەدیهێنانی ئامانجەکاندا دەبێت . ناوچە دابراوەکان لە کوردستان وا فەرز دەکەن کە ئەگەر کورد بەشداری رزگارکردنی موسڵ بکات، تەنها ئەو پرسەی لەبەر چاو بێت نەک تێکشکانی داعش یەکەم ئامانجی بێت بۆ دابینکردنی مەیدان تەراتێنی هیچ لایەنێکی ناوەکی و دەرەکی تر لەو ناوچانە کە بە هیچ شێوەیەک زەرەرەکەی لەمەی داعش کەمتر نابێت، بەڵکو دەبێت زۆر بە وردی و لەپێش هەموو شتێک یەک هەڵوێستی و یەکگرتوویی خۆی دەرخات و بچێتە مەیدانەکەوە، ئەگینا زۆر بەرژەوەندی وڵاتان هەیە کە پشتگوێخستنی کوردی کوردستانی باشوریش هیچ قورس نیە لای لەبەرامبەر شتی گرنگی تر، کە لەپێشەوەی بنەما سەرەکیەکانی ئەو وڵاتانەن و سیاسەتی خۆیان لە پێناویدا رایی دەکەن .
بۆ رزگارکردنی رەقە بیرکرنەوەی دەستەبەری زۆر داواکاری و ئامانجی دەوێت، دەبێت کورد لە رۆژئاوا بێ زامنکردنی هەمیشەیی بەرژەوەندیەکانی؛ جوڵە نەکات و خۆی نەخاتە ژێر رەحمەتی بەرژەوەندیە جیاوازەکانەوە بە تایبەتی ئەمریکاوە و دەرس و پەند لە مێژووی شۆرشەکانی کوردستانی باشورو منبەج و جەرابلس لەم رۆژانەدا وەربگرێت .
ئەریکا لە ئاست هێرشەکەی تورکیا بۆ جەرابلس کە لە وێستگەی سان بترسبۆرگ و تاران و دیمەشقەوە گوزەری کرد سەرەرای بێدەنگی و نەبونی هەڵوێستی توند لەمەر دەستدرێژیەکانی تورکیا بۆ سەر پێگەکانی کورد لەو ناوچانە، زۆر بە لاوازی دەرکەوت، ئەمەش لە قازانج و خزمەتی نەک ئەنقەرە بە تەنها بەڵکو دیمەشقیشدا بوو، تاکە لایەنێکی زەرەرمەند کورد بوون و، سەرەتای دەردانە خراپەکانی نزیکبونەوەی تورکیا و روسیا و ئیران و سوریا و بە هەمانهەنگی ئەمریکا بۆ هەموو لایەک بە جوانی دەرکەوت .
ئەوەی دەردەکەوێت کە ئەردوگانی پاش کودەتاکە ئەولەویاتی خۆی بۆ جموجوڵی عەسکەری و سیاسی بۆ لەناوبردنی کورد و داعش وەک ئامانجی ستراتیجی خۆی و قازانجێک بۆ دیمەشق و تاران و تا رادەیەک موسکۆ گۆریوە و، ئەمەش وا دەکەوێتەوە کە بە نوێنەرایەتی ئەوان ئەم ئامانجە جێبەجێ دەکات و، لاوازی لایەنەکانی تری وەک وڵاتانی کەنداو و نەیارەکانی تورکیا و بە تایبەتی کورد دەردەخات . ئەم هەنگاوانەی تورکیا و ا فەرز دەکات کە جەمسەرەکان و وڵاتەکان نەتوانن پشتگوێی بخەن لە رەفتار و جموجوڵەکانیاندا و، لەم دەرچەوە دووبارە تورکیا بە زەقی خۆی خزاندە نێو کرۆکی هاوکێشەکان و خۆی کرد بە یاریچیەکی سەرەکی لە پێشهات و گۆرانکاریەکاندا .
کورد بە م قورسایی و پێگەی خۆیەوە لە کوێی ئەم هاوکێشە و لێکدانانەدا دەبێت و چۆن رەفتار بکات و هەڵوێستی چۆن بێت .
ئەگەر ئەوە راست بێت کە لە دەرئەنجامی ئەم ململانێیەی نێوخۆی کورد و خۆ بەدەستەوە دانی بە وڵاتانی دراوسێ و جێبەجێ کردنی فەرمانەکانیان بێ هیچ دوودڵیەک فەرمانەکانیان ئەنجام دەدەن، ئەگەر زیادەرۆیی نەکەین ئەوا لە ماوەیەکی نیمچە درێژخایەنی تردا سەرەتای ئاشبەتاڵێکی تر لە هەردوو دیوی کوردستانی باشوور و رۆژئاوا دەبینین .
بۆیە، یەکەم رێگری لە جێبەجێکردنی ئەو ئەجیندا نوێیانەی وڵاتان لە ناوچەکەدا، بوونی هەڵوێستی راست و دروستی کورد خۆیەتی لەمەر هەبوونی داعش و مامەڵەکردن لەگەڵ پرۆسەی رزگارکردنی هەردوو پێگەی ستراتیجی داعش موسڵ و رەقە . بۆیە دەبێت زۆرینەی مەرجەکان پێش ئەم پرۆسانە باس بکرێن و دابین بکرێن، نەک داواکاری بچوک یان دواخاستن بۆ دوای رزگاری ئەو دوو شارە، ئەوەی پێویستە ئەمرۆ کوردانی رۆژئاوا هەروا بە ئاسانی رەقە رزگار نەکەن و نەبنە داردەستی ئەمریکا و دواتر بەرژەوەندیە نەتەوەییەکانی ئەمریکا وا بکات زۆر شتی نابەجێ بەسەریاندا فەرز بکات و تەنانەت بگاتە سازش کرن لەمەر پرسە گەورەکەی کوردا . ئێستا کاتی بە باشی خوێندنەوەی پێشهات و ئەگەرەکانە و، هەر ئێستا کورد دەتوانێت جموجوڵی سیاسی و هەڵوێستی راست بنوێنێت و هەستیاری قۆناغە وای کردووە کە هەر هەنگاوێک ئەوەندە قورس بێت، پێویستە نەک هیلاکی هەموو لایەنەکانی کورد یەک بخرێت بەڵکو ژووری پرۆسە سیاسی و عەسمەریەکان لە کوردانی رۆژئاواو و باشوور و باکوور پێک بێت ئەکەر بە نهێنیش بێت . بۆیە بەشداری رزگارکردنی موسڵ و رەقە بێ زامنکردنی مافەکان و، بە پەرشوبڵاوی و نەزانینی واقعی پاش رزگارکردن بە شێوەیەکی رەها لە زەرەری کورد دەکەوێتەوە .
بەڵام جموجوڵی سەرکردەکان و سەردانی بارزانی بۆ تورکیا لەم کاتەدا و دزەکردنی چەند هەواڵێکی نابەجێی سەرجەم لایەنەکان و ئاستی پەیوەندیە نێوخۆییەکانی کورد، هیچ ئاماژەیەک بەوە ناکەن کە گەشبین بین لەجێبەجێکردنی ئەم داواکاریە چارەنوسسازەدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت