دکتۆر جەبار قادر : بۆچی کورد وا زوو ورە بەرئەدات و تووشی بێهوایی ئەبێت ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بادانەوەی لە ناکاوی ئەردۆگان و باشکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕووسیا، نزیکبوونەوەی هاوکاتی لە گەڵ ئێران و گۆڕینی هەڵوێستی لە مەڕ قەیرانی سوریا و ڕژێمی ئەسەد، زۆر کەس وەک زەمینەسازییەک دەیانبینن بۆ جۆرێک لە هاوپەیمانی لە نێوان ئەو وڵاتانە. ئەمەش جۆرێک لە مەترسی و دڵەڕاوکێ و تەنانەت ڕەشبینی لە لای بەشێک لە کوردان پەیداکردووە.

پێموایە ئەم هاوپەیمانییە زۆر کاتییە و ئەوەی ئەم لایەنانە کۆدەکاتەوە زۆر کەمترن لە ناکۆکییە قووڵەکانی نێوانیان. بەرژەوەندییە کاتییەکان ناتوانن جێگە بە ناکۆکییە ستراتیژییەکانی نێوان ئەم سێگۆشەیە لەق بکەن. ئەم هاوپەیمانییە کاتییە بەرگەی هەژانە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک ناگرێت. بارودۆخی لە ڕادەبەدەر ئاڵۆزی ناوچەکە، بە تایبەتی لە سوریا و عیراق و هەروەها بەرژەوەندییە ستراتیژییە ناکۆکەکانی هەر یەک لەم هێزانە لە دەمێکی کورتدا ئەو هاوپەیمانییە لە کار دەخەن و شکستی پێدێنن. هەڵبەتە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، کە هەر یەک لەم لایەنانە هەوڵنەدەن وەک کارتی بەهێز بەکاری بێنن و زۆرترین دەسکەوتی لێ وەدەست بێنن. ئەم ململانێ و پێشهاتانەش دەتوانن بە شێوەیەک لە شێوەکان زیان بە پێگە و مافەکانی کورد بگەیەنن.

لێکدانەوەی سیناریۆ و مەترسییەکان و خۆ ئامادەکردن بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەگەرە خراپەکان، کارێکی پێویستە و لە جێگەی خۆیدایە، بەڵام نابێت ببنە مایەی بێهوایی و ڕەشبینی. پێموایە کۆمەڵێ مەرج و شەرتی نوێ لە ئارادان کە وامان لێدەکەن بە ورەیەکی بەرزەوە ڕووبەڕووی ڕووداوەکان ببینەوە.

بەر لە هەر شتێک دوو پایەی گرنگ و سەرەکی لەو چوارگۆشە نەفرەتییە نووزەیان لێبڕاوە و لە کار کەوتوون، مەبەستم عیراق و سوریایە. بە بێ ئەم دوو کۆڵەکەیەش خنکاندنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان لە ئەستەم ئەستەمترە. هەرکەسێ پێی وابێت کە لەمەودوا بەغدا دەسەڵاتی نەک بە سەر کوردستاندا، بەڵکو بە سەر ناوچە سونییەکانیشدا دەبێت، ئەوە بەهەڵەدا چووە. با هەموو دونیا بالۆرەی یەکێتی خاکی عیراق و سوریا لێبدات، تازە ئەو ڕووباری خوێنەی گەلانی ئەو دوو وڵاتە لێک جودا دەکاتەوە، تەنها چوارچێوەیەکی  دیموکراتی ڕاستەقینە، کە دەرفەتی دامەزراندنی لە ئاستی سفردایە، دەتوانێت لە نێو ئەو سنوورانەدا، ئەویش بە زەبری هێزی نێودەوڵەتی، بیانهێڵێتەوە. نەک عێراقی پێش داگیرکردنی کوێت لە ئابی ١٩٩٠، بەڵکو عێراقە لە پەلوپۆکەوتووەکەی پێش ساڵی ٢٠٠٣ زیندوو نابێتەوە. سوریای پێش ٢٠١١ لە خەونێکی دەسەڵاتی خوێنڕێژی بەشار ئەسەد بەولاوە هیچی تر نیە.

نەیارانی کورد لە سەر هەموو ئاستەکان لە بارودۆخێکی خراپدان. ڕژێمەکەی ئەردۆگان لە قەیرانێکی قووڵدا دەژێت. سیاسەتەکانی ئەردۆگان کۆمەڵگەی تورکیای بە تەواوی دابەشکردووە. گرتنی ئەو هەموو خەڵکە، نانبڕینی ژمارەیەکی زۆرتر، ژێرپێکردنی مافەکانی مرۆڤ، بەرتەسکردنەوەی ئازادی بیروڕا دەربڕین، شەڕی خوێناوی لە دژی گەلی کورد لە باکور و ڕۆژئاوا و تا ئاستێک لە باشوریش، سوکایەتیکردن بە سوپا،  داتەپینی ئابوری وڵات، دیمەنی ناشرێنی تورکیا لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی و تێوەگلانی ئەمدواییەش لە شەڕی نێوخۆی سوریا، ئەمانە بەشێکن لە لێکەوتەکانی سیاسەتی ئەم دوو سێ ساڵەی دوایی ئەردۆگان. پێموانیە بەم حاڵەوە تورکیا توانای بەرپاکردنی شەڕێکی فراوانی هەبێت لە باکور و ڕۆژئاواو و باشوری کوردستان.

باری قەیراناوی ئێرانیش لە تورکیا باشتر نیە. ڕژێمی ئێران لە نێوخۆی وڵاتدا سیاسەتێکی سەرکوتگەرانە لە دژی هاوڵاتیانی پەیڕەودەکات و ئێرانی کردۆتە زیندانێکی گەورە بۆ گەلانی ئێران. لە سەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیش بووە بە مایەی ئاڵۆزی و پێکدادانی مەزهەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەمن ئەو وڵاتانەی خۆشیان بەچارەیدا دێت.

لە هەموو ئەمانەش گرنگترن بەرگری و فیداکاری گەلی کوردستانە.  ئەوە زیاتر لە سی ساڵە باکوری کوردستان لە بەرامبەر دوڵەتی تورک لە بەرخوداندایە. سەدان جار کاربەدەستانی دەوڵەت و سوپای تورکیا گفتی ئەوەیان داوە کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان لە نێوببەن. نەک هەر نەیانتوانیوە بگەن بەو ئامانجە، بەڵکو ئەو بزووتنەوەیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر بووە و زەبری کوشندە تری پێیان گەیاندووە. لەم کاتەدا تورکیا ڕووبەڕووی شەڕێکی گەرم بووەتەوە، کە تەنها ڕێگەی ڕزگاربوون لێێ ، داننانە بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا.

کێ چاوەڕوانی ئەو هەموو قارەمانێتییەی لە ڕۆژائاوای کوردستان دەکرد. گوتاری سیاسی باوی کورد ، هەمیشە بە ئەڵقە لاوازەکەی دادەنا لە بەر ئەوەی شاخ و داخی لێ نیە. ئەو گوتارەی کە حسێب بۆ توانا لە بننەهاتووەکانی مرۆڤەکان ناکات بەو شێوە ڕووکەشانە شتەکان لێکدەداتەوە. ئەوە مرۆڤەکانن دەرفەتی سەرکەوتن دروست ئەکەن، ئیدارەدانی سیاسەت و شەڕیش بە شێوەیەکی هۆشمەندانە سەرکەوتن مەیسەر دەکەن.

لەم دوو سێ ساڵەی دواییدا پێشمەرگە و شەڕڤانان لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان لە شەڕی دژ بە داعشی خوێنڕێژ، ئەزموونێکی ئەوەندە دەوڵەمەندیان لە بواری سەربازیدا بەدەستهێناوە و هەزاران چیرۆک و ئەفسانەی قارەمانێتییان تۆمار کردووە، باوەڕ ناکەم نەیاران حسێبیان بۆ نەکەن.

بە کورتی ، کورد ئەوڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی نزیک هێزێکی سەربازی گرنگە و لە هەموو پلانە سەربازی و سیناریۆ سیاسییەکاندا حسێبی بۆ دەکرێت و پەیوەندی لە گەڵ هەموو زلهێز و یاریکەرە هەرێمییەکاندا هەیە. ئەوەی هەڵوێستی کوردی لاواز کردووە ناتەبایی و ململانێی سیاسی نێوان پارتە سەرەکییەکانی کوردستانە و پەیوەندی زیانبەخشی هەندێ لە باڵەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانە بەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەتی هەرێمەکەوە.

هۆی ورەبەردانی بەشێک لە کوردان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گوتارە سیاسییە باوەی کە پشتگیری هێزی دەرەکی کردووە بە تەنها فاکتەری سەرکەوتن و بە بێ ئەو پشتگیرییە لە پەلوپۆئەکەوێت. ئەم گوتارە تڕوهاتە  قوربانی و فیداکاری لە بننەهاتووەی خەڵکی نادیدە گرتووە و کاری لە سەر نەکردووە و پەرەی پێنەداوە.

بڕادەرێکی خۆشەویست جارێک بۆی گێڕامەوە کە لە گەڵ سەرکردەیەکی سیاسی پلە یەکەمی یەکێ لە هێزە سیاسییە سەرەکییەکانی کوردستاندا باسی گرنگیدانی بە پەروەردەکردن و پێگەیاندنی هۆشیارانەی ئەندامان کردووە، کە دەبێت پارتەکەی ئەو بەڕێزە پەیڕەوی بکات، لە وەڵامدا پێی وتووە : کاکە ئەوە کەی کاری ئێمەیە ئەوە کاری کەنیسە و مزگەوتە !!!.

شۆڕشەکانی دونیا پشتیان بە هێزی گەلانی خۆیان بەستووە و خەڵکیان بۆ بەرگری لە مافەکانی خۆیان ئامادە کردووە و لە تەک ئەوەشدا هەوڵیانداوە پشتیوانی دەرەکی پەیدا بکەن. هەڵگرانی ئەم گوتارە زۆر جار وەک تاڵانگە سەیری وڵاتیان کردووە و لە کاتی هەڕەشە و پەلاماردا خەڵکیان بە بێ ڕابەرایەتی بەڕەلا کردووە و بۆ خۆیان هەڵهاتوون. ئەوڕۆ دەرفەتێکی زێڕینە بۆ هەموو ئەوانەی فیداکاری و قارەمانی دەنوێنن و داهاتوو تۆمار ئەکەن، پێموا نیە هیچ پیلان و هێزێک بتوانێت بە ئاسانی لە کاریان بخات. ئەو هێزانەشی کە خەریکی یاری بچووک و ململانێی هەرزەکارانە و شەڕە دەنووکن دیارە لە کوێ خۆیان دەبیننەوە.