محه‌مه‌د به‌رزی : میوانه‌که‌ی سه‌رۆک .

ڕۆژێکی خۆشی به‌هار ، دکتۆر که‌ریم لە ئەمەریکاوە گه‌یشته‌ سلێمانی و هاوڕیێ یه‌کی خۆشه‌ویستم  یاوه‌ری بوو . هه‌ر هه‌مان ڕۆژ یه‌کترمان ناسیی و به‌ ڕوویه‌کی گه‌ش و زمانێکی  زۆر شیرینه‌وه‌ […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

ڕۆژێکی خۆشی به‌هار ، دکتۆر که‌ریم لە ئەمەریکاوە گه‌یشته‌ سلێمانی و هاوڕیێ یه‌کی خۆشه‌ویستم  یاوه‌ری بوو . هه‌ر هه‌مان ڕۆژ یه‌کترمان ناسیی و به‌ ڕوویه‌کی گه‌ش و زمانێکی  زۆر شیرینه‌وه‌ ووتی : ناوم که‌ریمه‌ ، کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانم و زیاتر له‌ چل ساڵه‌ له‌ ئه‌مه‌ریکادا ده‌ژیم  و بڕوانامه‌ی دکتۆرام له‌ بواری  ئابوریدا  هه‌یه‌ و  ده‌مێکه‌ چه‌ند پڕۆژه‌یه‌کی ئابوری گرنگم  بۆ ئه‌م کوردستانه ‌ ئازیزه‌ی خۆمان ئاماده‌کردووه‌ ،  ماوه‌یه‌ک به‌ر له‌ ئێستا به‌ دیداری جه‌نابی سه‌رۆک  شادبووم  و  باسی ئه‌و پڕۆژانه‌م بۆ کردووه‌ ، جه‌نابیان به‌و پڕۆژانه‌ سه‌رسامبوون و حه‌زیانکرد  بێم بۆ سلێمانی ،  جا ئه‌وه‌تا  ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر بانگێشتی به‌ڕێزیان لێره‌م و خوا یاربێت سبه‌ینێ  ده‌چمه‌  خزمه‌تی و به‌ درێژیی باسی هه‌موو ئه‌و پڕۆژانه‌ی بۆ ده‌که‌م  ، که‌ دڵنیام کاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابوری  ئه‌م  نیشتمانه‌ جوانه‌مان دەبێ … ئێمه‌ش به‌ دڵ  هیوا و ئاواتی سه‌رکه‌وتنمان بۆ خواست  .  پاشان حه‌زیکرد پیاسه‌یه‌ک به‌ ناو شاردا بکه‌ین .  یه‌که‌م جێگا که‌ سه‌رنجی دکتۆر که‌ریمی ڕاکێشا  کارگه‌ی جگه‌ره‌ بوو  ،  بۆیه‌ ووتی  : ئه‌رێ ئه‌م کارگه‌یه‌ به‌ تووتنی خۆماڵی کارده‌کات ؟ .  هاوڕیێکه‌م له‌ وه‌ڵامدا ووتی : ده‌مێکه‌ تووتنی خۆماڵیمان نه‌ماوه‌  و  ئه‌م کارگه‌یه‌ش  بیست ساڵی ته‌واوه‌ کارناکات و فه‌رامۆشکراوه‌ ..

دکتۆر  ئه‌م  وه‌ڵامه‌ی  به‌لاوه‌ سه‌یر بوو  بۆیه‌ ووتی : ده‌ی باشه‌ خۆ تووتنی کوردستان باشترین تووتنی دنیایه‌ ،  ئیتر هۆکاری ئیشنه‌کردنی دەبێ چیی بێ ؟…  ئێمه‌ش ووتمان هۆکاره‌که‌ی لای حکومه‌ته‌ و تۆش سبه‌ینێ سه‌رۆک  دەبینی ،  که‌ هه‌ر هه‌‌موو حکومه‌ت به‌ ته‌نها له‌ خۆیدا کۆبۆته‌وه‌‌ و دەتوانی ئه‌و پرسیاره‌ی  لیێ بکه‌یت .. ئه‌ویش ووتی : دڵنیابن باسی گرنگی ئه‌م کارگه‌یه‌ی  بۆ  دە‌که‌م  ،  چونکه‌ژیانی هه‌زاران هه‌زار  ماڵه‌ جوتیار و کرێکاری کورد  به‌م  کارگه‌یه‌وه‌ به‌ستراوه‌  ،  ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی  جموجۆڵێکی گه‌وره‌ش  دە‌خاته ‌ ناو بازاڕه‌وه‌ …  دوای ئه‌م قسانه‌ ڕوومانکرده‌ سه‌رچنار و به‌کره‌جۆ .  له‌سه‌ر جاده‌که‌ی به‌کره‌جۆ و له‌ دووره‌وه‌   کارگه‌ی شه‌کری بینی و داوایکرد دابه‌زین  تا ته‌ماشایه‌کی بکات .  هه‌ر که‌ ڕاوه‌ستاین ووتی : ئه‌ی ئه‌م کارگه‌ گه‌وره‌یه‌ کارگه‌ی چییه‌ ؟.. منیش ووتم :  ئه‌مه‌ کارگه‌ی شه‌کره‌ .. ئنجا پرسیاریکرد : ڕۆژانه‌ چه‌ند ته‌ن شه‌کر ده‌ردە‌کات ؟..  له‌ وه‌ڵامدا ووتم :  له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵه‌کانی هه‌شتاوه‌ یه‌ک کیلۆ شه‌کری ده‌رنه‌کردووه‌ ‌ و ئه‌مڕۆش کراوه‌ به‌ گۆڕه‌پانی یاریی و هۆڵی گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕکێ‌ ..

ئه‌م قسانه‌ وا دکتۆریان نیگه‌رانکرد ماوه‌یه‌ک حه‌په‌سا ،  ئنجا ووتی : ئه‌ی له‌ کاتی خۆیدا به‌چیی  کاریده‌کرد ؟.. هاوڕیێکه‌م وه‌ڵامی دایه‌وه‌ : ئه‌م کارگه‌یه‌ وا دروستکرابوو  له‌ ساڵیکدا  دوو مانگ  له‌سه‌ر  چه‌وه‌نده‌ر کاربکات و ڕۆژانه‌ دوو هه‌زار ته‌ن چه‌وه‌نده‌ر بکات به‌ دوو سه‌د و نه‌وه‌د ته‌ن شه‌کریی سپی ،  واته‌ له‌و دوومانگه‌دا ‌ پێویستی به‌ سه‌دوبیست هه‌زار ته‌ن چه‌وه‌نده‌ر بوو .  کاتێک وه‌رزی چه‌وه‌نده‌ریش بەسەردەچوو  حکومه‌تی به‌عس شه‌کری خاوی له‌ وڵاتی کۆباو به‌رازیله‌وه‌ بۆ دە‌هێناو سپی دەکرده‌وه‌ ،  ڕۆژی وا هه‌بووه‌  له‌ شه‌کری خاو پێنج سه‌د ته‌ن شکری سپی ده‌رکردووه‌و  نزیکه‌ی هه‌زار کرێکار و فه‌رمانبه‌ر کاریان  تێدا کردووه‌  ،  ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و جوتیارانه‌ی لە زەوییە بە پیتوبەرەکەتەکەی شارەزوردا سه‌رقاڵی چاندنی چه‌وه‌نده‌ر بوون ..  ئه‌م قسانه‌ وا دکتۆر که‌ریمی په‌ستکرد دەتووت ته‌ورێکی تیژ به‌ر ڕۆحی که‌وتووه‌ ..  بۆیه‌  ووتی : سبه‌ینێ که‌ له‌گه‌ل جه‌نابی سه‌رۆکدا  کۆبوومه‌وه‌  باسی گرنگی ئه‌م کارگه‌یه‌ی بۆ دە‌که‌م و پێشی دە‌ڵێم : ناکرێت  کارگه‌یه‌کی وا بکرێت به‌ گۆڕه‌پانی  یاری و هۆڵی گۆرانی ،  به‌ڵام دە‌کرێت گۆڕانکاری تێدا بکرێت و بکرێت به‌ کارگه‌ی تر .  پاشان به‌ره‌و سلێمانی گه‌ڕاینه‌وه‌ و له‌ به‌رده‌می سایلۆکه‌دا  گردێکی زۆر گه‌وره‌ گه‌وره‌ی  گه‌نمی  بینی که‌ له‌سه‌ر ئه‌رزه‌که‌ی  ڕۆکرابوو .. گورج پرسیاریکرد : ئه‌ی باشە ئه‌و هه‌موو گه‌نمه‌ بۆ ئاوا ڕۆکراوه‌ ؟ .  ئێمه‌ش ووتمان : ئه‌و سایلۆیه‌ش سیی ساڵه‌ ته‌واو نه‌کراوه‌ و  له‌به‌ر نه‌بوونی جێگا ،  ساڵانه‌ گه‌نمه‌که‌ی ئاوا  له‌سه‌ر زه‌وی ڕۆ دەکرێت  ..  ئه‌ویش ووتی : ئاخر چۆن ئه‌و هه‌موو گه‌نمه جوانه‌‌ له‌ ناو قور و لیته‌ و باران و سه‌گ و پشیله‌ و ته‌یر و توردا ڕۆدەکریێ…  ئێمه‌ش ووتمان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ش لای حکومه‌ته‌ و جه‌نابیشتان سبه‌ینێ  له‌گه‌ڵ  حکومه‌تدا  کۆدە‌بنه‌وه‌ و  دە‌توانن باسی ئه‌مه‌شیان بۆ بکه‌ن ..  دکتۆر که‌ریمیش ووتی : دڵنیابن هه‌ر وا دەکه‌م … که‌ سایلۆکه‌مان به‌جێهێشت کاک که‌ریم هیچ ‌ شه‌وق و ڕووناکییه‌ک له‌ ڕوویدا نه‌مابوو .

به‌یانی دکتۆر که‌ریم  به ‌ په‌رۆشه‌وه‌ ته‌له‌فوونی  بۆ  نووسینگه‌ی سه‌رۆک کرد و پیی ووتن :  من دکتۆر که‌ریمم ،  میوانی سه‌رۆکم و  له‌سەر خواستی خۆی لە ئه‌مه‌ریکاوه‌ هاتووم ، جا تکایه ئه‌مڕۆ‌  چ کاتێک بێم بۆ دیده‌نی ؟ . له‌ وه‌ڵامدا پییان ووت : ئه‌مڕۆ سه‌رۆک کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌ عه‌ره‌به‌کانی عیراقدا هه‌یه‌ و ناتوانێت  که‌س ببینێت .. ڕۆژیی دوایی دکتۆر که‌ریم هه‌مان داوای له‌و نووسینگه‌یه‌ کرده‌وه‌ ، ئه‌وانیش ووتیان : ئه‌مڕۆش ناتوانێت که‌س ببینێت ، چونکه‌ سه‌رقاڵی ڕێکه‌وتنه‌‌ ستراتیژییه‌که‌ی نێوان یه‌کێتی و پارتییه‌‌ ..  به‌ کورتی پێنج ڕۆژ له‌سه‌ر یه‌ک ته‌له‌فوونی دە‌کرد و هه‌ر ڕۆژه‌ی به‌ بیانوویه‌ک ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ دروست نه‌دە‌بوو .  ڕۆژی شه‌شه‌م له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ته‌له‌فون بۆ ئه‌و نووسینگه‌یه‌ بکات ، ته‌له‌فوونی بۆ ئێمه‌ کرد و به‌ دڵ ووتی :   تکایه‌ حه‌زدە‌که‌م بتان بینم  .  کاتێک گه‌یشتینه‌ لای ئاگر له‌ چاوه‌کانی دە‌باری و به‌ ته‌واوی بێ هیوا بوو بوو  ،  ئنجا‌ داوایکرد سه‌ردانێکی بازاڕ بکه‌ین به‌ نیازی ئه‌وه‌ی قاتێک جلی کوردی بکڕێت و ووتی :   زۆر ده‌مێکه‌ حه‌زم له‌ به‌رگێکی کوردییه‌ و دە‌مه‌وێت له‌ ئاهه‌نگه‌کانی نه‌ورۆزی ئه‌مه‌ریکادا له‌به‌ریان بکه‌م ..

چووین بۆ بازار و کاتێک ئه‌و هه‌موو قاتانه‌ی بینی به‌ به‌رده‌می دوکانه‌کاندا هه‌ڵواسراوبوون ، ده‌مووچاوی تۆزێک گه‌شایه‌وه‌ و ووتی : به‌رگدروی سلێمانی ده‌ستوپه‌نجه‌ ڕه‌نگینن و کاتی خۆی باوکم زۆر حه‌زی له‌و به‌رگانه‌ دە‌کرد ، که‌ به‌ده‌ستی وه‌ستا شاره‌زاکانی  سلێمانی تەواودەکران.. ئێمه‌ش ووتمان :  ئه‌و به‌رگانه به‌ ده‌ستوپه‌نجه‌ی ‌ به‌رگدروی سلێمانی نه‌کراون‌ ،  به‌ڵکو قوماشه‌که‌ی و کون و قۆپچه‌کانیشی به‌ دروستکراوی له‌ وڵاتی چینه‌وه‌ هاتوون‌ ..  به‌م قسه‌یه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌نه‌بوو دکتۆر که‌ریم  شێت نه‌بێ  ، ئنجا ووتی : ئه‌ی به‌رگدرووه ده‌ستڕه‌نگینه‌کانی‌ ئه‌م شاره‌ چییان لێ به‌سه‌رهاتووه ؟ . ئێمه‌ش وتمان له‌ بێ کاری زیاتر دە‌بێ چییان لێبه‌سه‌رهاتبێ .  دکتۆریش سه‌رێکی  له‌قاند و ووتی : له‌م شاره‌دا دیمه‌نی وا دە‌بینم  تا سه‌ر ئێسقان ئازارم  دە‌دات ، باشه‌  که‌س هه‌یه‌ وڵاتی خۆی ئاوا وێران بکات ؟.

پاشان ووتمان دە‌توانی سبه‌ینێ که‌ له‌گه‌ڵ سەرۆکدا  کۆبوویته‌وه‌ باسی کێشه‌ی به‌رگدرووه‌کانیشیان  بۆ بکه‌یت ، دکتۆر که‌ریم وا ئاسمانی له‌به‌رچاو تاریک بوو بوو  دە‌تووت ئه‌هریمه‌ن به‌ کوته‌کێکی قورس له‌ کاژه‌ڵاکی سه‌ریداوه‌  و به‌بێ ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌ک بکات ، یان قاتێک بکڕێت ، به‌ دڵێکی شکاوه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئوتێل .  بۆ به‌یانییه‌که‌ی له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ته‌له‌فون بۆ نووسینگه‌ی سه‌رۆک  بکاته‌وه‌ ، ڕووی له‌ فرۆکه‌خانه‌ی سلێمانی کرد ، له‌ فرۆکه‌خانه‌ش تووشی خه‌مێکی گەورەتر بوو ،  کاتێک له‌ ڕیزدا وه‌ستابوو و چاوه‌ڕوانی کێشانی جانتاکه‌ی دەکرد ، فه‌رمانبه‌رێکی به‌رده‌می ترازووه‌که‌ به‌ به‌هانه‌ی قورسیی جانتاکه‌ی‌ داوای سێسه‌د دۆلاری له‌ دکتۆر کرد ..  ئه‌ویش وه‌ک بروسکه‌ له‌ سه‌ری دابێ ڕاچڵه‌کی ،  بۆیه‌ و ووتی : له‌ ئه‌مه‌ریکاوه‌ تا ئێره‌ هاتووم ، نه‌ جانتاکه‌م قورس بووه‌ و نه‌ دۆلارێکیان لیی وه‌رگرتووم و  نه‌ له‌ سلێمانیش کراسه‌ شڕێکم  کڕیوه‌ . فه‌رمانبه‌ره‌که‌ گوێی لیی نه‌گرت و سوور بوو له‌سه‌ر داواکه‌ی ، پاشان دکتۆر ووتی : من میوانی سه‌رۆکم .  فه‌رمانبه‌ره‌که‌ بە بزه‌یه‌کی گاڵتە ئامێز‌ەوە  ووتی :  کاکی خۆم‌ جانتاکه‌ت  قورسه‌ و ئه‌مه ‌ فه‌رمانی حکومه‌ته‌ و ئێمه ‌ جێبه‌جێی دەکه‌ین …

لیره‌دا ئێمه‌ش گورج  چووین به‌ هانای دکتۆره‌وه‌  ،  ئنجا سێسه‌د دۆلاره‌که‌ی بۆکرا به‌ سه‌د دۆلار . دکتۆر که‌ریم به‌م  داشکاندنه‌ وه‌ک شێتی لێهات و هه‌موو تووکی له‌شی هه‌ستا و به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ره‌که‌ی ووت : جا ئه‌گه‌ر به‌ ڕاستی جانتاکه‌م بای سێسه‌د دۆلار قورسه‌ ئاخر چۆن چۆنی دە‌یکه‌ی به‌ سه‌د دۆلار ؟  .  ئێمه‌ش تۆزێک دکتۆرمان هێورکرده‌وه‌ و هێنامانه‌وه‌  سه‌رخۆی ،  به‌ڵام  تا سه‌ر مۆخ نیگه‌ران بوو  .  پاشان  به‌ر له‌ ڕۆیشتنی به‌ دڵێکی شکاوه‌وه‌ ووتی : نیازم وابوو خزمه‌تێکی که‌می وڵات و میلله‌ته‌که‌ی خۆم  بکه‌م  ،  به‌ڵام کاتێک ناوه‌رۆک گه‌نده‌ڵ دەبێت  ،  ئه‌وا که‌للـەی پڕ له‌ پڕۆژه‌ی خۆڕایی که‌ریم  و هه‌زاره‌های وه‌ک که‌ریم  به‌های که‌للـەیه‌کی  پووت ناهێنێت و  نه‌شم دە‌زانی  ئه‌م وڵاته‌ ئه‌وه‌نده‌ کاول و وێرانه‌ …  ئای  له‌و کاته‌دا چه‌ند جه‌رگم  ژانی دەکرد بۆ ئه‌و میوانه‌ زانایەی  سه‌رۆک ، که‌ نه‌یدەزانی چۆن چۆنی له‌ ته‌ریقیدا شکستی خۆی  داپۆشێ ،‌ به‌ درێژایی ئه‌و شه‌وه‌ درێژه‌ش له‌گه‌ڵ ئازاره‌کانیدا تلم دەدا و  نه‌مدەزانی خه‌مه‌کانی دکتۆر که‌ریم قورستره ،‌  یان خه‌مه‌ گه‌وره‌کانی ناخی ئێمه‌ .

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
محەمەد بەرزی

ئەرشیڤی بەڕێز: محەمەد بەرزی