Barzani-u-Newshirwan

بەختیار شارەزوریی : بەرەی هاوسەنگی هێز و بەرەی پاوانکردنی دەسەڵات لە نێوان یارییەکانی نەوشیروان مستەفا و تاکتیکەکانی بارزانیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر لەسەر ئاستی ناوخۆ تا ئاستێک حیزبەکانی ناو دەستەڵات نەتوانن کاری سەربەخۆییانە بکەن و درێژکراوەی ستراتیژ و ئاسایشی نەتەوەیی تورکی و ئیرانی بن ، ئەو بۆ خۆی لە نێوان زۆنی زەرد و سەوزدا ململانێیەکی قورس هەیە ، کە دەتوانین بڵێین درێژکراوەی ململانێ ناوچەی و جیهانیەکانە بە بچوکی لەم هەرێمەدا ، ئەگەر یەکێتی و زۆنی سەوز وەک درێژکراوەی ئێرانی ، بەرواورد بکەین بە زۆنی زەردی پارتی و تورکی ، ئەوا ئەو کارتەی کە بەدەست ئێرانەوەیە ، کە دەکاتە زۆنی سەوز بۆ ئێرانی ، جگە لە کۆمەڵێک مهامی سەرەتایی نابێتە کارتێکی زۆر بەهێز بەدەست ئێرانەوە ، چونک ئێران ناوەندی عێراق و حکومەتی ناوەندی بەدەستەوەیە ، تەنها هێندە پێویستی بە زۆنی سەوز هەیە کە سنورەکانی بۆ بپارێزێت و نەهێڵێت ئۆپۆزسێونە کوردی و فارسییەکان چالاکی سەربازی بکەن و پەیوەندییە ئابورییەکانی بۆ پەرە پێبدات و ئاگای لە هێڵی سنوری دەسەڵاتی ئێرانی بێت کە دەکاتە ئەمدیو دێگەڵە ، لە بەرامبەردا تورکیا زۆر پێوستی بە پارتی هەیە وەک کارتی بەهێز بەکاری بهێنێت ، چونکە ناوەندی دەسەڵاتی عێراقی بەدەست تورکیاوە نیە ، بگرە دژیشی بەکار دەهێنرێت چونکە سونە لە ئێستادا سفر بونەتەوە لە عێراقدا ، کەواتە تورکیا پارتی پێویستە بۆ شەڕی ناو عێراق و پشتیوانی گەڕانەوەی سونە و شەڕی موسڵ و شەڕی کەرکوک و تورکمانەکان و شەڕی پەکەکە و شەڕی پەیەدە و پاراستنی بۆری غاز و نەوت و شەڕی ناوخۆی تورکیای کوردەکان ، هەر بۆیە بە پلان لە ماوەی داهاتودا کاریان بۆ مۆنۆپۆلکردنی کۆی دەسەڵاتەکان کرد و ئێرانیش بە گۆڕینەوەی لە گەڵ ناوەندی عێراقیدا بێدەنگی لێکرد بە مەرجێک کێشە بۆ حکومەتی ناوەندی بەغدای ئێرانی دروست نەکەن ( سەرۆکایەتی کۆماری عێراق و بێدەنگی لەبەرامبەر عەبادیدا ) ، ئەوەش دەزانین بەرژەوەندییەکانی ئێرانی و تورکی هەزاران جار گەورەترە لە بەرژەوەندی ئێران لەگەڵ ئەم هەرێمە ، وە یان تورکیا لەگەڵ ئەم هەرێمە ، بۆیە هەر کات دەچنە سەر مێزی گفتوگۆ یەکەم کارت کە دەیگۆڕنەوە و دەیفرۆشن بەیەک کارتی کوردە ، ئەمەش ڕەگێکی مێژووی هەیە ( ئەماسیە ، ئەرزڕۆم ، زەهاو ) ، وە ئیرادەی حیزبەکانی ناوخۆ بەهێزتر نیە لە بەکارتکردنی دەسەڵاتی ئەم هەرێمە لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە ، ئەمە وای کرد کە پارتی بە پلانی تورکی و بێدەنگی ئێرانی و گەلحۆیی سیاسی یەکێتیەوە ، کۆی جومگەکانی دەسەڵات داگیر بکات ( لە کوێ شەش سەرۆکایەتی تەنها سەرۆکایەتی پەرلەمان لای پارتی نیە ) دوای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان دروست بو کاری لەسەر دو تەوەرە کرد :

تەوەرەی یەکەم : ستراتیژی سەربەخۆی هەرێم :

 کە لە ئامانجەکانی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتوە ، کە هەرێم خاوەنی ستراتیژی سەربەخۆی خۆی بێت و درێژکراوەی ستراتیژی ئێرانی و تورکی نەبێت  بەڵکو وەک دو وڵاتی دراوسێ لەسەر بناغەی بەرژەوەندی هاوبەش مامەڵە بکەن ، لەگەڵ ئەمانەشدا کار بکرێت بۆ بە دامەزراوەیی کردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات ، بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی داعش و گۆڕانی هاوکێشە ناوچەیی و سەربازی و جوگرافییەکاندا ، ئەم ئامانجە پەکی کەوت و دەسەڵاتی وڵاتە ناوچییەکان زیاتر کاریان لەسەر بە پاشکۆکردنی ئەم دەسەڵاتە ناوچەییانە کرد ، ئەم ئامانجە مەودای کاردن بۆی کەوتە داهاتوی دورەوە .

تەوەرەی دووەم : هاوسەنگی هێز .

هەر لەگەڵ پاوانکردنی دەسەڵاتەکان لای پارتی و بێدەنگی ئێران لەم پاوانکردنە وەک کارت لە بەرامبەر بەغدادا ، بزوتنەوەی گۆڕان هەر لەسەرەتاوە  ڕایگەیاند کار بۆ هاوسەنگی هێز دەکات ، پارتی کەوتە داڕشتنی پلانێک کە نەهێڵێت هاوسەنگی دروست ببێت ، ئەڵبەت کە سەرۆکایەتی پەرلەمان بەدەست گۆڕانەوە بو هەوڵی بۆ درا ، بەڵام بارزانی کە زانی ئەمە بەشێکە لە هاوسەنگی هێز،  پەرلەمانی پەک خست ، ئەم پەک خستنە ئەگەر ئۆکەی وڵاتانی لە پشت نەبوایە هەرگیز نەیدەتوانی ئەوە بکات ، دوای ئەوەی کە نەوشیروان مستەفا ڕایگەیاند هاوسەنگی هێز دەگێڕینەوە هەر لەو کاتەوە بارزانی کاری لەسەر جەستەی شەق و شڕی یەکێتی کرد ، کە بتوانێت لەوێوە ئەم هەوڵە پەک بخات ، چونکە باشترین کارت بۆ پارتی کارتی باڵێکی یەکێتی بو، ئەیتوانی لەڕێ ی بەشێک لە یەکێتییەوە کە کارتی بەهێزی دەستی پارتیە بۆ ئەم هەوڵە ، نەهێڵێێت هاوسەنگی هێز سەر بگرێت ، ئەمەش لەوێوە دێت کە پێشتر ئەم باڵەی ناو یەکێتی لە ڕێی پاوانکردنی ئابورییەوە کردبوە کارتێکی بە‌هێز بۆتێکدانی یەکێتی ناو یەکێتی و بەرەی هاوسەنگی هێز و  پتەوکردنی جوگرافیای دەسەڵاتی پاونکردن و پاوانخوازییەکەی پارتی ، هەر بۆیە لەگەڵ یەکەم ڕاگەیاندنی دوای ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی و داواکردنی گەڕانەوەی هاوسەنگی هێز ، ئەم تەکتیکە لە بەرامبەر یارییەکانی نەوشیروان مستەفادا کاری لەسەر کرا ، لە ڕی ی کارتی باڵێکی ناو یەکیتی سەر بە پارتی خۆییەوە هەوڵێک درا بۆ پەک خستنی ئەم بەرەی هاوسەنگییە ، پێم وایە تا داوی شەڕی موسڵ و گەڕانەوەی سونەکان بۆ ناوەندی حوکمی عێراقی ئەم پاوانکردنە بەردەوامی دەبێت ، لەو کاتەشدا کە زەمینە هەبێت دەبێت نەوشیروان مستەفا بتوانێت ناو هەناوی ئەم بەرەی هاوسەنگیە بەهێز بکات تا بە ئامانجەکانی بگات ، لە کۆتایدا من پێم وایە دە کەس بیت و لەسەر هێڵی یەکێ لە وڵاتە بەهێزەکان کار بکەیت دەتوانیت میللەتێک داگیر بکەیت ، بەڵام میللەتێکت لەگەڵ بێت و لەسەر خەتێ لە وڵاتانی بەهێزی ناوچەیی نەبیت فەشەل دەهێنیت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت