دکتۆر جەبار قادر: بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دژی کورد لە ساڵی 1987 لە بەر ڕۆشنایی ـ بەڵگەنامە فەرمییەکانی عیراق ، بەشی دووم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەدام حوسێن بە چەکی کیمیاوی لە کورد درا:
بەڵگەنامەکان بە ڕوونی دەریدەخەن کە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە دژی کورد بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەدام حوسێن بووە. ئەو نووسراوە ڕەسمییانەی لەم بارەیەوە لە سەرۆکایەتی کۆمارەوە دەرچوونە و ڵۆگۆی ئەوێ و ئیمزای سکرتێری تایبەتی سەدامیان بەسەرەوەیە ئەم فاکتە پشتڕاست ئەکەنەوە. بەڵگەنامەکان ئەوەش دەردەخەن کە بە بێ پرسکردن بە سەرۆکایەتی کۆمار و ڕەزامەندی خودی سەدام حوسێن کەس نەیوێراوە بیر لە بەکارهێنان، نەخشەدانان و جێبەجێکردنی ئەو پەلامارە کیمیاوییانە بکاتەوە. کەسانی وەک وەفیق سامەڕایی پێشنیاری ئەم تاوانەیان کردووە، بەڵام لە کۆتاییدا وردترین وردەکارییەکانیان خستووەتە بەردەستی سەدام و ئەو فەرمانی داوە چی بکرێت. بەڵگەنامەکان ئەو میکانیزمانەش دیار ئەکەن کە سەرۆکایەتی کۆمار لە بەریگرتوون بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە ترسناکە لە دژی کورد و بزووتنەوە سیاسییەکانی. بەڵگەنامەکان باسی مەودا ترسناکەکانی ئەو پەلامارانە و کۆی فەرمانگە و دەزگا سەربازی و هەواڵگرییەکان دەکەن کە بەشدارییان لە ئەنجامدانیاندا کردووە. با رێگە بدەین بەڵگەنامەکان بە خۆیان لە سەر تاوانانە بدوێن.
نووسراوی زۆر نهێنی، تایبەت و بەپەلە کە لە سەرۆکایەتی کۆمار دەرچووە و ئێمزای سکرتێری سەرۆکی کۆماری بەسەرەوەیە، بەژمارە (953/ 965 ك) لە ڕێکەوتی 39/3/1987 و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی گشتی کراوە، لە خانەی بابەتدا نووسراوە ( ب/ بەکارهێنانی چەکی تایبەت). کاربەدەستانی سەربازی و ئەمنی بەعس بۆ شاردنەوەی دەستەواژەی چەکی کیمیاوی هەمیشە دەستەواژەی چەک و تەقەمەنی تایبەتیان بەکارهێناوە (عتاد خاص). ئەو کۆدەش دواتر هەر لە رێگەی نووسراوەکانی خۆیانەوە ئاشکرا دەبێت. لە نووسراوەکەدا هاتووە: نووسراوتان ژمارە (ش3/ق2/ 6885) لە 25 / 3 / 1987 “ڕەزامەندی وەرگیرا گورزەگە بوەشێنرێت بە مەرجێک بەرئەنجامی هەبێت… لە بەر ئەوەی مەبەست تەنیا ئەوە نیە زیان بگەیەنن بە تێکدەران. کاری پێویست بکەن بە هەماهەنگی لە گەڵ لەشکری پەیوەندیدار، بەر لە وەشاندنی گورزەکە ئاگادارمان بکەن. لە گەڵ ڕێزدا. سکرتێری سەرۆک کۆمار).
نووسراوەکە بە دەسخەت ئەم پەراوێزەی بە سەرەوەیە: بۆ ئاگاداربوونی بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری سەربازی لە ناوەڕۆکی نووسراوەکە، کە تایبەتە بە بەکارهێنانی (تەقەمەنی تایبەت)، لە چاوەڕوانی فەرمانی جەنابین بۆ ناردنی نووسراوەکە بۆ یاریدەدەرێتی یەکەم بۆ کاری پێویست. هەرچی پەراوێزی هۆبەی سێیەمە پێویستی هەماهەنگی کردن لە گەڵ ئەرکانی سوپا دووپات دەکاتەوە، بەو پێیەی ئەو فەرمانگەی بەرپرسە. بەخەتی دەستیش پێداچوونەوە بە نووسراوەکەدا کراوە سەبارەت بە بابەتەکە و ڕەزامەندی سەرۆکایەتی کۆمار. هەروەها هۆبەی سێیەم لە پەراوێزەکەیدا داوای هەماهەنگی لە گەڵ لێژنەی تایبەتدا کردووە بۆ ئەوەی لە سەر وردەکارییەکان ڕێک بکەون و کاتەکە دیاربکەن و بەر لە جێبەجێکردنی سەرۆکایەتی لێ ئاگادار بکەنەوە. هەموو پەراوێزەکان ئیمزای ئەفسەرە بەرپرسەکانیان بەسەرەوەیە بێ ئەوەی ناوەکانیان بنووسرێن. بەڵا ڕێکەوتیان لە سەرە و ڵۆگۆی سەرۆکایەتی کۆماری عیراقیان هەڵگرتووە (بڕوانە بەڵگەی ژمارە 1).
لە نووسراوێکی دیکەی زۆر نهێنی، تایبەت و بەپەلەدا، کە لە سەرۆکایەتی کۆمارەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا نێردراوە و ئیمزای سکرتێری سەرۆکی کۆماری بە سەرەوەیە بە ژمارە (953/1016ك) و لە ڕێکەوتی 2/4/1987 ئەم چەند وشەیە دەخوێنینەوە ( سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا، بابەت/ بەکارهێنانی چەکی تایبەت. ئاماژە بە نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی گشتی ژمارە(7371) لە ڕێکەوتی 31/3/ 1987، گورزەکە ناوەشێندرێت بەر لەوەی لە چۆنێتی بەرئەنجامەکانی ئاگادارمان نەکەنەوە. لە گەڵ ڕێزدا. ئیمزا سکرتێری سەرۆک کۆمار). وێنەیەکی نووسراوەکە بۆ بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی گشتی نێردراوە بۆ زانین و ئاماژە بە نووسراوی سەرەوە کراوە. پەراوێزەکان پێشنیاردەکەن فەرمان بە هۆبەی سێیەمی هەواڵگری سەربازی بدرێت، کە پیدەچێت ئەو کاتە وەفیق سامەڕائی سەرۆکی بووبێت، بۆ ئەوەی کاری پێویست و بەدواداچوونی بۆ بکات. ( بڕوانە بەڵگەنامەی ژمارە2)
ئەو بەڵگەنامانە دەریدەخەن کە پێشنیاری لێدانی کوردستان بە چەکی کیمیاوی لە بنەچەدا لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازییەوە بووە، بە تایبەتی هۆبەی سێیەم، کە هۆبەی تایبەتمەند بوو بە ئێران و بە وتەی خۆیان باکوری عیراق، چونکە نووسراوی زۆر نهێنی و تایبەت کە لە سەرۆکایەتی کۆمار دەرچووە و ئیمزای سکرتێری سەرۆک کۆماری بەسەرەوەیە بە ژمارە ( 7/ج2/ 808/ک) لە ڕێکەوتی 12/3/1987 دەق ئاوا دەڵێت: بەڕیوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی گشتی، ب/ زانیاری. ئاماژە بۆ نووسراوتان ژمارە(م1/ش3/ق2/5809) لە ڕێکەوتی 10/3/1987، بەڕێز سەرۆکی فەرماندە فەرمانیدا کە بەڕێوەبەرایەتییەکەتان لێکۆڵینەوە لە گەڵ پسپۆران بکات سەبارەت بە وەشاندنی گورزێکی لەناکاو لە بنکەکانی “پاسەوانانی خومەینی لە ناو بارەگاکانی تێکدەرانی لقی یەکی تاقمی بارزانی بە تەقەمەنی تایبەت” لە ڕێگەی یەکێک لەم ئامرازانەوە: هێزی ئاسمانی، فڕۆکەوانی سوپا یا تۆپ. چی پێویستە بیکەن … ئاگادارمان بکەنەوە. لە گەڵ ڕێزدا. سکرتێری سەرۆک کۆمار. نووسراوەکە پەرواێزێکی لە سەرە کە ئاراستەی یاریدەدەری یەکەمی بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری سەربازی کراوە و لەم نووسراوە ئاگادار دەکاتەوە و پێشنیار دەکات هۆبەی سێیەم یەکسەر دەست بکەن بە لێکۆڵینەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو فەرمانەی سەدام حوسێن و هیچ ڕێگرییەکیش نیە کە هەماهەنگی لە گەڵ (م/5) بکەن سەبارەت بە بابەتەکە بۆ ئەوەی کەڵک لە زانیاری و شارەزاییان لەو بوارەدا وەربگیرێت. هەروەها پێشیان دەڵێت کەوا وێنەیەک لە نووسراوەکە هەڵگیراوە بۆ ئەوەی بەڕێوەبەری گشتی لێی ئاگادار بکرێت. (بڕوانە بەڵگەنامەی ژمارە 3).

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت